گۆڕانی کەشوهەوا یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسە

ليست هناك تعليقات



کۆڕبەندی ساڵانەی جیهانیی لە داڤۆس بە بەشداریی نزیکەی 2500 سەرکردە و کەسایەتی جیهانی دەستیپێکرد، لەنێویاندا کەسایەتییە دیارە ئابوورییەکان.

ئەمساڵ سەرنجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە لەسەر ئۆکراینایە و سەرانی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی کۆکردووەتەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە. وەک پەیامێکیش بۆ دژایەتیی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، ئەمساڵ هیچ بەرپرسێکی رووسی بانگهێشتنەکراوە.

بۆرگێ برێند، سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، "ئەمساڵ بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانمان لەپێناو ئۆکراینا کۆکردووەتەوە، رۆژی چوارشەممە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا، جێگرەکەی و وەزیری دەرەوە کۆدەبینەوە و 70 بەڕێوەبەر بەشدار دەبن، باسی ئەوە دەکەین چۆن کەرتی تایبەت دەتوانێت پشتیوانیی ئۆکراینا بکات. ئێمە زۆر راشکاوین لەوەی ئەمساڵ ساڵی بەشداریی ئابووریی رووسیا نییە".

بەپێی خەمڵاندنەکان، تائێستا زیانە ئابوورییەکانی هێرشەکەی رووسیا زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بووە. 

هاوشان لەگەڵ جەنگی ئۆکراینا، پرسە ئابوورییەکانی دیکەش تەوەرێکی دیکەی کۆڕبەندەکە دەبن؛ گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی نرخ، وشکەساڵی و قەیرانی ئاسایشی خۆراک.

بۆرگێ برێند، سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، "بابەتەکانی دیکەی کۆڕبەندەکە بریتین لە گۆڕانی کەشوهەوا و خاوبوونەوەی گەشەی ئابووریی جیهان کە دەبێت خۆمان بەدووربگرین لەوەی بووژانەوەیەکی خاو سستییەکی ئابووریی نوێ دروستبکات، چونکە ئامرازی زۆر کەممان لەبەردەستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی سستییەکی نوێ".

نرخی خۆراک لە مانگی ئاداردا بە رێژەی 33٪ و، نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیش 40٪ بەرزبوونەتەوە، وشکەساڵیش دۆخی زۆربەی وڵاتانی ناهەموارکردووە و رووبەڕووی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە. 

ئاژانسی کەشناسیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، 7 ساڵی رابردوو گەمترین حەوت ساڵی جیهان بوون. لە داڤۆس، هەوڵ بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری قەیرانەکان و دۆزینەوەی رێگەچارە دەدرێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق