شەست ساڵە، ماندو نەبووە!

ليست هناك تعليقات


 سەردەشت حەمەساڵح
-
دوژمنانمان سەبارەت بە ئێمە راستیان وتوە، کورد بکوژەو ببڕە، بە سڵاوێک بیریان دەچێتەوە!

لە مێژودا، کورد لە یەک دەرگاوە توانراوە قەڵای بگیرێ، ئەویش دەرگای خۆخۆرییان بووە!

رکابەری حزبەکان بۆ دیموکراتی و بۆ ململانێی بەدەستھێنانی زۆرینە نەک کارێکی باش و ئاساییە، بەڵکو گرنگیشە، بۆ ئەوەی سیستەم یان دەسەڵات بۆگەن نەبێ.. بەڵام ئەوەی لێرە دەبینرێ بۆ ئەو پێناوە نییە! دەی دیارە دەستی دوژمن تا کوێ ھاتوە.

ھەندێک بەقسەی تورک و فارس و عەرەب بڕوا دەکەن! لێ بڕوا بە کوردەکەی خۆمان ناکەن. ئەوەش رکابەری ناشەریفانە بەرھەمی ھێناوە.

بۆ منێک کە یەکێتیم بڤەیە بڵێم کاک مەسعود، مامۆستا عەلی باپیر، مامۆستا سەڵاحەدین و کاک شاسوار کەسێکی باش یان کارێکی باشیان کردوە! بەپێچەوانەشەوە بۆ لایەنگری ئەوانی تریش ھەمان ھەڵوێست بڤەیە!

پێویستە ئێمە سوتەمەنی نەبین بۆ لێکترازان و دروستکردنی دیواری رق و دوژمنایەتی ناوخۆ، ھەروەھا ھەڵەپۆشی نەک حزبەکانی تر، بەڵکو حزبی خۆشمان نەبین. رەخنە بگرین و ھەڵوێستی بەردەواممان ھەبێ بۆ باشکردن نەک بۆ تێکدان و لەناو بردن؛ ئیمامی شافیعی جوانی فەرمووە «کاری ئێمەیە نەخۆشی لەناوبەرین نەک نەخۆش».

من لێرەوە پێزانین بۆ شەست ساڵ پێشمەرگایەتی بەرێز مەسعود بارزانی دەردەبڕم و بایی ئەوەندەم لەسەر بیستوەو خوێندۆتەوە کە وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد رێزی لێ بگرم.

کارەساتەکە لەوەدایە خودی پارتییەکان ناتوانن کاک مەسعود بۆ نەوەی ئەمڕۆ پێناسە بکەن، ناتوانن خەبات و ماندوبون و دەستکەوتی ئەو سەرکردەیە وەربگێڕن بۆ تێگەیشتنی گەنجی ئێستا!

ئەو زاتە لە دوای نسکۆ چۆتە ژێر باری قورسی ھەستانەوەو دروستکردنەوەی حزبەکەیان، کە رەنگە ئەو دێڕە لای ھەندێک ئاسان بێت و لە چەڵەمەو بەربەست و دژوارییەکانی ئەوێ رۆژێ تێ نەگا. نەوەی نوێ ئەو رۆژگارە قورسانەی نەخراوەتە بەرچاو، کە چۆن کەسێک توانی جارێکی تر شۆڕشێکی وەھا گەورەی خراو ھەستێنێتەوەو بیگەیەنێتە ئەو ئاستەی نەک لە کوردستان بەڵکو لە عێراقدا حزبی یەکەم بێ. ئەرکێکی ھێند قورس و شاخ تەپێن دەبێ بگەیەنرێتە خەڵکی کە ئەوکاتەی کاک مەسعود خەریکی کۆکردنەوەو دروستکردنەوەی حزب و مەفرەزەو کەسایەتییەکان بووە لە ئاوارەییدا کە نارەحەت و مەحاڵ و چەند گران بوە، سەرباری ئەوەش نەخۆش کەوتن و مردنی مەلا مستەفای باوکی کە بڕست بڕ بووە، دواتر رێکخستن و ئیدارەدان و ئیدامەدانی ناکۆکی ناو سەرکردەکان و ھەروا لەژێر چاودێری چڕی ساواک و پاشان کۆچی دوایی کاک ئیدریس بارزانی برای، ئینجا ناکۆکی ناو حزبە کوردییەکان و جەنگی ھەڵاوگیرساوی شاخ و زۆر کاری تەواو گەورەو گرانتر کە بە نوسینێکی ئاوا تەواو ناکرێ دەبێ بەشێوازی ئەمڕۆ بخێرێنە ئەندێشەی تاکی ئەمڕۆ، کە بەھۆی نادروستی و ناعەدالەتی حکومەتەکانی ھەرێمەوە پێیان وایە کاک مەسعود یان ھەر جوامێرو تێکۆشەرێکی تر ھیچیان نەکردوە!.

من ئەگەر لەبەر ھیچ شتێک قسە نەکەم لەبەر ھێشتنەوەی پێشمەرگەو ھەڵنەوەشاندنەوەی دەبێ سوپاسی بکەم. بەرێز نەوشیروان مستەفا بە دەمی خۆی باسی کردوە کە کاک مەسعود لە دوای روخانی صەدام حسێن و لە کۆبونەوەیەکدا توند بەروی زاڵمای نوێنەری سەرۆک بوش و بریمەر حاکمی عەسکەری عێراقدا تەقییەوەو وتی گەر نیازی ئەوەتان ھەیە ئێستا ئێرە جێدێڵم و سەربەخۆیی رادەگەیەنم.... دواتر زاڵمای دەچێتەدەرەوەو دێتەوە دەڵێ سەرۆک بوش دەیەوێ قسەت لەگەڵ بکات، کاک مەسعودیش دەڵێ قسەی لەگەڵ ناکەم، شەرمەزاری لای ئەوبم باشترە وەک لای مییلەتەکەم. ئەو ھەڵوێستەی وایکرد کە عێراق لە نیشتمانی عەرەبییەوە بکرێت بە بەشێک لە جامیعەی عەرەبی و پێشمەرگەش وەک خۆی بمێنێتەوەو لە دەستوردا ئەوەی کاک مەسعود سەپا.

یەکێک لە کارە مێژویی و گەورەکانی ریفراندۆم بوو، کە بەگژ جیھاندا چوەوەو قسەی خۆی بردەسەر. داخەکەم زۆر بەلاڕێدا دەبرێ و بۆ کەسانێک چەند ساڵێکی دەوێ ھەتا تێدەگەن لەبایەخ و گەورەیی ریفراندۆم.

مەکگۆرک و ئێران و تورکیاو عەرەبو ھتد.. حەقی خۆیانە دژی سەربەخۆیی کوردستان بن، چونکە بەرژەوەندی وڵاتەکانیان بەوجۆرە دەخوازێ، ئەوەش بۆ کاک مەسعود رەوایە کە کورد سەربەخۆبێ و لەھەڕاجی ئەو ھەموو بەرژەوەندی خوازانە بپارێزرێ. بەداخەوە بەھۆی ناتەبایی سیاسی ناوخۆوە ئەوە رویدا کە بینیمان، ئاخر تۆ کە دەچی بۆ بازاڕ ھێندەی حساباتی گیرفانت بازاڕیت پێ دەکرێ، ئیتر بۆ ئەو شانازییە دەکرێ بە گلەیی و رەخنە لە کاک مەسعود.

جیھان و وڵاتان بۆ پرسی گەورە روو لەو پیاوە دەکەن، جەنابیان دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی ھەرێم بوون، بەڵام وڵاتان دەستبەردای ئەم سەرکردەیە نابن. با دوو نمونەی ئەمەشتان پێ بڵێم، یەکەمیان، چەند ساڵێک لەمەوبەر: لە شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش کە سەرەتای مەترسی بوو بۆ سەر جیھان، ھەر زوو رویان لەبارزانی کردو داوایان کرد روبەڕوی ئەو بەڵایە ببنەوە، ئەوەبوو ھاوشانی یەکێتی نیشتمانی یەکەم شکاندنی داعشیان پێشکەشی جیھان کردو پێشمەرگە پایەی بەرزبۆوە.

دووەمیان، ئەمڕۆی عێراقە: داوا لەو زاتە کراوە گرێی عێراق بکاتەوە، کە ئەنجامەکەی چەند رۆژی داھاتو دەبینرێن.

من لەم نوسینەدا شتێکم نەوتوە وانەبێ، حەقم بەوە نییە کە کێ پێی خۆشەو کێ پێی ناخۆشە، من نوسەرم و دەنوسم، ئەسڵەن ئازایەتی نییە لێرەوە بەردی زل بۆ ئەوبەر بھاوم. 

لە کۆتایدا شیعرێکم پێشکەش بەوانە دەکەم کە تێناگەن و ئاستی کۆیلایەتییان ھێڕی کردون و باسکردنی راستیش تابۆیە لەلایان و تەنانەت نەتەوەییانە دیدگایان نییە، ھەروەھا بەوانەش کە لەسەرم دەخوێنن.

ھەرکات زانیم لەسەرماو گەرما، دەبی بە بەرگم
بەردت خستە سەر بەرد، حەقتە گوێت بۆ دەگرم
بەڵام دەمت درێژبێ و بێ بەرھەم 
گوێی پێنادەم، جێگاتە ژێری پێم..











ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif