دكتۆر بەرهەم ئەم پەیامەی ئاراستەی گەلی عێراق و پەرلەمانتاران كرد

ليست هناك تعليقات



سەرۆک بەرھەم پەیامێک ئاڕاستەی گەلی عێراق و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، سەبارەت بە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

سەرۆک بەرھەم: پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار ره‌مزی یه‌كڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی راسته‌قینه‌ بێت نەک ژێردەست بێ.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بەرھەم:

بسم الله الرحمن الرحيم

وَقُلِ اعْمَلُوا فَسَيَرَى اللَّهُ عَمَلَكُمْ وَرَسُولُهُ وَالْمُؤْمِنُونَ

صدق الله العظيم

ھاووڵاتیانی ئازیز..

خوشك و برایانی به‌رێز؛ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران..

له‌م ساته‌ هه‌ستیاره‌ مێژووییه‌دا کە وڵاتەکەمان بەناو دووانەی دەرفەت و دژواریدا تێده‌په‌ڕێت، كاندیدبوونی خۆمتان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار پێڕاده‌گه‌یه‌نم، بە روونیش لەوە تێدەگەم كه‌ لە ئه‌ستۆگرتنی ئه‌م ئه‌ركه‌‌، شه‌ره‌فێكی مه‌زن‌ و به‌رپرسیارییه‌تییه‌كی گه‌وره‌یه‌.

ویژدانم ئاسودەیه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له‌ ساڵانی رابردوودا له‌سه‌ر شانم بوون، هه‌میشه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گەلەکەمم له‌به‌رچاو گرتووه، ئه‌و ئه‌ركانه‌ی هه‌موو ھاونیشتیما‌نیان به‌ عه‌ره‌ب و كورد و توركمان و مه‌سیحی و شه‌به‌ك و ئێزدی و سائیبی كار بۆ سه‌رخستنی ده‌كه‌ن‌... ھەردەم ئامانجمان هێنانه‌كایه‌ی دادپه‌روه‌ری بووه‌ بۆ هه‌موو رۆڵەکانی گەل، لە سۆنگەی وڵاتێکی به‌هێزی خاوه‌ن توانا، وڵاتێک؛ كه‌ رێز له‌ ھاونیشتیمانییە‌كانی بگرێت و بتوانێت به‌رجه‌سته‌ی پێگه و رۆڵه‌ مێژووییه‌ شیاوه‌كه‌ی جارانی له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌دا بكاتەوە، به‌ دڵنیایشه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م رێچكه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و هه‌رگیزا و هه‌رگیز لێی لاناده‌ین.

به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان...

ئێوە ھەڵبژاردەی گەلن لەپڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی پێشوه‌ختەدا‌، ئه‌م ئه‌ركه‌شمان وه‌ك وەڵامدانه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی شه‌قام و گه‌نج و لاوه‌كانمان ئه‌نجامدا، كه‌ هه‌ستیان به‌ بوونی سته‌مكاری دەکرد و‌ بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروستیان بە پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌یی دەزانی، حوکمڕانیەک؛ كه‌ له‌ ئیراده‌ی گەلەوه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت و هیچ کۆتوبەند‌ و راسپارده‌ و ده‌ستتێوه‌ردانێكی ئه‌م و ئه‌وی تێدا نه‌بێت و گه‌ل خۆی سه‌روەر و خۆی بێت.

بەدڵنیاییەوە گه‌نج و لاوه‌كانمان له‌ به‌سڕه‌ و ناسڕییه‌ و نه‌جه‌ف و بەغدا و سلێمانی و هه‌ولێر و موسڵ و ئەنبار و کەرکوک و دیوانیە و دھۆک و دیالە و شه‌نگال، خاوه‌ن یه‌ك هیوا و ئاوات و خولیای هاوبه‌شن، كه ئەویش‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌‌ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه‌ی ئازاده.‌ کەواتە لەم ھەلومەرجە دژوارەدا کە نیشتیمانەکەمانی پیادا تێدەپەڕێت و گەلەکەمان لەسەرانسەری وڵات چاوەڕوانی بەدیھاتنی داخوازیەکانیەتی، لەم پێناوەدا بەرپرسیارێتیەکی مێژویی و کاری لێبڕاوانەمان لەسەر شانە... ئەم خولەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش واچاوەڕوانی لێدەکرێت، کە پەرلەمانێکی ئازاد و نمونەیی و راستەقینە بێت، پەرلەمانێک دەربڕی ئیرادەی گەل و بەدیھێنەری داخوازی و چاوەڕوانییە رەواکانی رۆڵەکانی نیشتمان بێت.‏

له‌م ساته‌وه‌خته‌ سەختانەدا کەهێزه‌ چه‌كداره‌ قاره‌مانه‌كانمان له‌ سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه نه‌به‌ردانه‌ به‌رده‌وامن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و ھەڵمەتەکانی ریشه‌كێشكردنی شانه‌ نوستووەکانی‌ تیرۆرستان، كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌من و ئاسایشی گه‌ل و وڵاته‌كه‌مان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌، لەیەک کاتدا لەبەردەم كۆمه‌ڵێك بەربەست و بەدەستھێنانی دەسکەوت و چاوەڕوانی شایستەی جۆراوجۆرداین، كه‌ ناكرێت نادیده‌یان بگرین و ناشبێت دوایان بخه‌ین، لەم رووەوە پێویسته‌ كه‌موكوڕیییه‌ بنچینەییه‌كانی كۆی سیسته‌می حوكمڕانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بە ئاراستەی بەدیھێنانی گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ،‌ كه‌ پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش پته‌وتر بكات، بۆئەوەی ده‌وڵه‌تێك بنیات بنێین، کە خاوه‌ن سه‌روه‌ری ته‌واوی خۆی بێت و بتوانێت مافی سەرجەم هاووڵاتییانی بپارێزێت و سه‌روره‌ی یاسا بسه‌پێنێت و کۆنتڕۆڵی چه‌ك تەنھا له‌ده‌ستی خۆیدا بێت.

پێویسته‌ قۆناغی ئاینده‌ قۆناغی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌نده‌ ده‌ستوورییانه‌ بێت كه‌ به‌ ئه‌زموونی كار ده‌ركه‌وتووه‌ هۆكاری ته‌نگژه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی وڵاتن، وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنێكیش بۆ داواكارییه‌كانی شه‌قام و رێزگرتن له‌ كۆده‌نگی نیشتمانی، سه‌رۆكایه‌تی كۆمار لیژنه‌یه‌كی له‌ شاره‌زایانی ده‌ستووری له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكان پێكهێنا، دواتریش نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی سه‌راپاگیرمان سه‌باره‌ت به‌و‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ ده‌ستوورییانه‌ ئاماده‌كرد، كه‌ بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی نیشتمانی به‌نده و کاریش دەکەین بۆ تێپەڕاندن و سەرخستنی‌.

لێرەدا بێگومان گه‌نده‌ڵیش بەڵایە‌كی دیكه‌ی مه‌ترسیداره،‌ كه‌ پێویسته‌ یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ به‌ره‌نگاری ببینه‌وه‌، ئه‌م ئافاته‌ مه‌ترسیداره،‌ به‌ به‌رده‌وامی خۆی نوێ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر به‌و سامان و پاره‌ی به‌تاڵان بردوویه‌تی، ده‌یه‌وێت ئیراده‌ی‌ گەلەکە‌مان بشكێنێت و لاوازی بكات، بۆیه‌ ده‌بێت بێ دوودڵی به‌ ویستێكی پۆڵاینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌. لەڕاستیدا جه‌نگ لەدژی گەندەڵی، جه‌نگێكی نیشتمانییه‌ و بێ سه‌ركه‌وتنیش تیایدا دۆخی وڵات پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە نابینێت، پێویسته‌ له‌و شەڕەدا سه‌رچاوه‌كانی گه‌نده‌ڵی وشك و بنەبڕ بكه‌ین و پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانیش بگێڕینه‌وه‌. له‌و پێناوه‌شدا پڕۆژه‌یاسای "گێڕانه‌وه‌ی پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانی گه‌نده‌ڵی و داهاته‌كانی" مان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردووه‌ كه‌ رێوشوێنی هه‌نووكه‌یی و كرداری تووندوتۆڵی له‌خۆگرتووه‌، له‌ ئاینده‌شدا رێوشوێنی دیكه‌ی به‌دوادا دێن، كه‌ له‌توانایان دایه‌ پاره‌ به‌تاڵانبراوه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بگێڕنه‌وه‌ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت، به‌ پاڵپشتی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ به‌ڕێزه‌ش ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ په‌سه‌ند ده‌كه‌ین و میكانیزمه‌كانی ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ.

ئه‌و جه‌نگه‌ی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌ستمان داوه‌تێ، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پێویستی‌ خۆده‌ربازكردنی وڵاته‌كه‌مان له‌ سیسته‌می ئابووری به‌رخۆر و پاراستنی دیجلە و فوڕات و ده‌رامه‌ته‌ سروشتییەکان و ژینگەکەشمان، له‌م پێناوه‌شدا "پڕۆژه‌یاسای بوژاندنه‌وه‌ی وادی رافیده‌ین" مان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ و پلانمانە بیكه‌ینه‌ ستراتیژێکی نیشتمانی، بەئامانجی‌ بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری وڵاتەکەمان.

به‌ڕێزان ئه‌ندامانی ئەنجومەنی نوێنەران...

پێویسته‌ سه‌رۆك كۆمار ره‌مزی یه‌كڕيزى و شکۆمەندی وڵات و پارێزه‌ری ده‌ستوور بێت، سه‌رۆكی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت، سه‌رۆكێكی راسته‌قینه‌ بێت نەک ژێردەست بێ، ئەم نیشتیمانە کە خاکی رافیدەین و چیاکانی کوردستان و شارستانیەتی ئور و سۆمەر بابل و ئاشورە.. خاکی پێغەمبەران و چاکەخوازان و مەرجەعیەتە بەڕێزەکانە شایەنی سەرۆکێکی شایستەیە.

هه‌روه‌ك ده‌مناسن و ناسیوتانم و ئاشنای كار و چالاكییه‌كانمن، به‌ هه‌موو هێز و توانای خۆمه‌وه‌ و به‌ پشتیوانی دڵسۆز و خه‌مخۆرانی وڵات، له‌ سۆنگەی دیدێکی نیشتمانییه‌وە ئه‌ركه‌كانی خۆم ئه‌نجامداوه‌‌، وێڕای ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته جۆراوجۆره‌‌كان، لەسایەی ھیچ بارودۆخێکدا رێگه‌م نه‌داوه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بكه‌وێته‌ خزمه‌ت ئه‌جێندایه‌كی نانیشتمانی، له‌ ئان و ساته‌ هه‌ره‌ سه‌خت و دژواره‌كاندا، هه‌وڵمداوه‌ وڵاته‌كه‌مان له‌ گێژاوی ململانێی خوێناوی ناوخۆیی ده‌رباز بكه‌م، دوای ساڵانێكی دوور و درێژی حوكمڕانی له‌م وڵاته‌دا، ھەستم به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئەم گەلە خاوه‌ن حوكمڕانییه‌كی باش بێت و له‌ ئاشتی و ئارامیدا بژیت، حوكمڕانییه‌ك كه‌ پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی له‌سه‌ر بڕیاری نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ بنیات بنرێت.

من لە چیا سەرکەشەکانی كوردستان، لە سەماوە و کەربەلا و سەلاحەدین و بابل و واست و عەمارە و ھەڵەبجەوە ھاتووم، ده‌مه‌وێت دووباره‌ شه‌ره‌فی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرم، ھەروەک چۆن له‌ خولی رابردوو به‌ بڕیارێكی سه‌ربه‌خۆی نیشتمانی ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێبڕا و ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارم گرته‌ده‌ست، باوه‌ڕی ته‌واویشم به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ عێراقێکی فیدڕاڵی و یەکڕیزی ده‌ستووری، تاكه‌ رێگای بنیاتنانی وڵاته‌كه‌مانه‌، به‌غدای پایته‌ختیش هه‌موومان كۆده‌كاته‌وه‌، هه‌ر لە بەغداشەوە ده‌توانین سه‌رجه‌م كێشه‌ و گیروگرفته‌كانمان یه‌كلایی بكه‌ینه‌وه‌... چونكه لەڕاستیدا‌ به‌هێزی به‌غدای پایته‌خت، به‌هێزی به‌سڕه‌ و ئه‌نبار و موسڵ و كوردستانیشە.‌

ئێمه‌ سه‌ركه‌وتوو بووین له‌ تێپه‌ڕاندنی زۆرێك له گرێكوێره‌ و ئاستەنگەكانی به‌رده‌ممان، عێراقمان له‌ وڵاتی مه‌ڵبه‌ندی كێشه‌ و ململانێكانەوە‌ كرده‌ خاڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌‌، له‌سه‌ر ئه‌م ره‌وته‌ش به‌رده‌وام ده‌بین، هه‌روه‌ك به‌ڵێنم داوه‌ و خۆشتان ده‌مناسن، له‌گه‌ڵ خودا و خۆم و گەلەکەم راستگۆ ده‌بم، به‌ هه‌موو هێز و تواناشمەوە كار بۆ بنیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی سه‌قامگیری خاوه‌ن توانا و دادپه‌وه‌ر ده‌كه‌م.

سه‌ری رێز و نەوازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی وڵات داده‌نه‌وێنم كه‌ له‌ پێناو ئازادی و دیموكراسی و شكۆداری و به‌رگریكردن له‌ نیشتمان گیانی خۆیان به‌خشی.

په‌روه‌ردگاری مه‌زن عێراق و گەلەکەمان له‌ هه‌موو به‌ڵا و ناخۆشییه‌ك بپارێزێت.

دووباره‌ سڵاو و رێزم قبوڵ بفه‌رموون.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق