ئارام سەعید
-
هەرماڵێک بگەڕێیت زیاتر لە 50 ئامیری کارەبایی و میکانیکی و ئەلکترۆنی تێدایە، ژیانمان تێکھەڵکێشی ناویان بووە، رۆژانە چەندەھا ڤیدیۆ و ریکلام دێنە بەرچاومان، هەموو ئەمانە کارێکی کردوە ئەرکی ئەو تەکنەلۆژیایانە زیاد بکات و کاریگەری ڕاستەوخۆ و قوڵ لەژیانمان بکات ئەگەر لە رابردودا فۆڕمێک لە کۆیلەداربوون خزمەتی کردبێت ئێستا فۆڕمێکی تر ھەیە کە ئەویش ڕۆبۆتە، کەواتە ئەوەی گۆڕاوە پەیوەندی ئێمەیە بە ئامێرەکانەوە لە ئاستە جیاوازەکانی بەکارھێنانی لە فەزای چواردەورمان، ئەو جیاوازیەی لەنێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکاندا هەیە لەئاستی مەتریاڵی و تەکنەلۆژیەوە ئەوەیە رەنگە ئامێرەکانیان لە رووی کوالیتیەوە جیاواز بێت دەنا لە ئاستە مەتریاڵیەکەیەوە ھەمووان خاوەنی تەکنەلۆژیای زیرەکن.
ئەوەی ناتوانین لێی رابکەین تەکنەلۆژیایە لەجیاتی راکردن لێی دەبێت بەوریاییەوە مامەڵەی بکەین و دەرگیر ببین لەگەڵیدا .... تازە گەڕانەوە نیە بۆئەو جیهانەی رابردوو ( ناتوانین جیھانی پێش تەکنەلۆژیا دوبارە بکەینەوە)، دەورەدراوین بە تەکنەلۆژیا و زانیاری بەردەوام، شاشەکان لێوان لێون لە ھەواڵ و مەسرەفکردنی بەردەوامی زانیاری ... لە ئاستێکدا ئاسانکاری زۆریان بۆ کردوین، بەردەوام ژیانمان لە ھەندێک ڕووەوە ئاسانتر دەکەن... لەسەردەمێکدا دەژین شۆڕشەکان بە درۆن کۆتاییان پێ دەهێنریت و دەتوانن لەرێگەی ئامێرەکانەوەو لە دورەوە کوشتاری گەورە بکەن...خۆپیشاندانەکان بە دیجیتاڵ میدیا سەرکوت دەکرێن سەرەرای کاری راستەوخۆی هێزە ئەمنیەکان...
بەگوێرەی ئامارێک کە ماڵپەری ستاتیستای فەرەنسی ساڵی ٢٠١٩ لە فەرەنسا ئەنجامداراوەو ئەو بەشداربوانە تەئکیدیان کردۆتەوەو کە ئەو سەعاتانە بە دیار تەلەفونی سمارت یان کۆمپیوتەر یان ئایپادەکانیانەوەن..
بەکارهێنانی شاشە بەپیی سەعاتەکان بەم شێوەیەیە:
٪٨ یەک سەعات و کەمتر
٪٥٥ دوو سەعات بۆ ٤ سەعات
٪٢١ پێنج سەعات بۆ ٧ سەعات
٪ ١٦ هەشت سەعات و زیاتر
بۆروبەروبونەوەی کاریگەریەکانی ئەو تەکنەلۆژیایە لە ٩-٣-٢٠١٩ هەرسێ ئەکادیمیای زانست و پزیشکیی و تەکنەلۆژیا لە فەرەنسا لەراپۆرتێکی دورودرێژدا کە ٢٧ لاپەرەیە بەناوی (مناڵان، هەرزەکاران، خێزانەکان و شاشەکان)چەند بەرپرسیارێتیەک دەخاتە سەر مامۆستایان و دایکان وباوکان بەرامبەر مناڵەکانیان کە تیایدا سەرەرای باسکردنی لایەنە خراپەکانی زۆربەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایە باس لەلایەنە باشەکانیشی دەکات.
هەربۆیە گرنگە ناوەندە ئەکادیمی و زانستی و پزیشکیەکانی کوردستان گرنگی و بایەخ بەو راپۆرتە بدەن و رێنمایی و پەیڕەو لێکۆڵینەوەی گرنگ بکەن لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ شاشەکان.
لەو راپۆرتە فەرەنسیەدا لەرووی تەندروستیەوە باسی کاریگەری روناکی و تیشکی شاشەکان کراوە بۆ مناڵان و ئەو دابڕانەی دروستی دەکات لەلای مناڵ، هەروەها دواکەوتنی لە خوێندن بەهۆی یاریەکانەوە، پاشان چۆنیەتی مامەڵەی خێزان بۆ مناڵانی بەر لە ٣ ساڵ و دواتر ٣ ساڵ تا ١٠ سال و بەشی سێهەم لە ١٠ ساڵانەوە تا ١٧ ساڵ کە چۆن و بە چ ریسایەک مامەلە لەگەل شاشەکاندا بکەن، لە کۆتاییدا بۆ گەورەسالان.
لەراپۆرتەکەدا و دوای ئەو رێنماییانەی باسکراون نوسراوە" راستە زۆر لایەنی نەرێنی هەیە کەپێویستە دایکان و باوکان و مامۆستایان ئاگاداری بن بەڵام ئامانج ئەوەنیە گەیشتن بەشاشەکان سنوردار بکرێت، بەلکو تا ڕادەیەکی زۆر گرنگە بۆمناڵانی بچوک لەگەڵیان بین چونکە بەکارهێنانی ئەو شاشانە بەشێوەیەکی گونجاو کاریگەری ئەرێنی زۆری هەیە بۆ مناڵان و توانای بیرکردنەوەو گەشەی کۆمەلایەتیان زیاد دەکات. کەواتە لەجیاتی ئەوەی شتێکیان لێ بشارینەوە کە راکردن لێی مەحاڵە باشتر وایە هاوەڵیان بین لەبەکارهێنانەکاندا تا زامنی ئەوە بکەین لەدۆخێکدا بژین لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایە کە تەندروستیان پاریزراوبێت"
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق