کورد هیچ نوێنەرێکی لە حکومەت و پەرلەمان نییە

ليست هناك تعليقات



زیاتر لە 10 نەتەوەی جیاواز لە وڵاتی لوبنان دەژین، یەكێك لەو نەتەوانە كوردە. سەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانی دیکە نوێنەریان لە حکومەت، پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەوانی ھەیە، تەنیا کورد نەبێت. 

بەپێی ئامارە نافەرمییەكان، ئێستا زیاتر لە 100 هەزار كورد لە لوبنان دەژین، زیاتر لە 50 هەزاریان لە بەیرووتی پایتەختی ئەو وڵاتەن. مێژووی نیشتەجێبوونی كورد لە لوبنان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 800 ساڵ پێش ئێستا و یەكەم كۆچی كورد بۆ ئەو وڵاتە لە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ كورد ونترین نەتەوەی لوبنانن لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە.

سەباح ئیبراھیم، کوردێکی دانیشتووی لوبنانە و تەمەنی 65 ساڵە، ئەو لە دایکبووی لوبنانە و خاونی پێنج منداڵە، کەچی وەک سەتان کوردی دیکە بێ وڵاتینامەیە، نەھامەتی و دەردەسەرییەکانی کوردانی لوبنان تەنیا وڵاتینامە نییە، وەک سەباح دەڵێت، ھێشتا بەشێک لە خەڵکی لوبنان بە چاوێکی کەمتر سەیریان دەکەن. 

سەباح ئیبراھیم مەلا بە رووداوی گوت، "ئەوان بە ئێمە دەڵێن ئەمانە کورمانجن، بەڵام ھەموویان وانین، کاتێک لە دەرەوە بین و بە کورمانجی قسە بکەین، دەڵێن ئەوانە کورمانجن، یانی بۆچی وادەڵێن؟، ھێشتا ئەو نەفەسەیان ھەیە بەرامبەر بە کورد، بەڵام نەک ھەموویان، زاوای من لوبنانییە و ئێمەشی زۆر خۆشدەوێ، ھەموویان وانین، بەڵام بەشێک لە لوبنانییەکان دەڵێن، ئەمانە کورمانجن و ھیچ نازانن، نەخێر ئێمە ھەمووشتێک دەزانین." 

بەپێ ئاماری کەنیسەی دێر کورد، نزیکەی 300 هەزار كوردی لوبنان لە كۆتاییەكانی ساڵی 1970 بەدواوە بەهۆی ئاڵۆزییەكانی لوبنان و شەڕی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و خراپیی باری ئابوورییەوە، بەرە و ئەوروپا و ئەمریكا كۆچیان كردووە. كوردانی لوبنان هەرچەندە ئێستا زیاتر لە 75٪یان وڵاتینامەی لوبنانیان هەیە، بەڵام كوردبوونیان بە تەواوی پشتگوێخراوە لەڕووی نوێنەرایەتیكردنی سیاسییەوە. ئەوان لەسەر سوننە هەژمار دەكرێن و زیاتر لە 50 هەزار دەنگیان بۆ سوننە دەڕوات، بەڵام نەك خاوەن كورسیی پەرلەمان و ئەنجوومەنەكان نین، بەڵكو لەو سیستەمە تایفییەی لوبناندا تەنانەت بە فەرمانبەری ئاساییش دانامەزرێندرێن.

بەھائەدین حەسەن، دامەزرێنەری کۆمەڵەی خێرخوازی باس لەوە دەکات، "ئێمە سوننەین و لەسەر سوننە ھەژمار دەکرێین، ھەموو کەمینەکانی دیکەی نا موسڵمان لێرە یارمەتییان دەدرێت، بەڵام بەداخەوە 365 رۆژ ئێمە کوردین، تەنیا رۆژی ھەڵبژاردن ئێمە دەبینە سوننە و برای ئەوان، سەرۆک بە خۆی دەزانێ کە دۆستەکانی لە لوبنان زۆرن، من تکا دەکەم لە سەرۆک بارزانی و سەیدا نێچرڤان و سەیدا مەسرور کە کوردانی لوبنان و کوردانی سووریا لە لوبنان لەبیر نەکەن." 

كوردانی لوبنان هەژارترین نەتەوەی لوبنانن، زۆربەیان شاگردی خەڵكی دیكەن یان خاوەن كاری زۆر بچووكن، ئەوان گلەیی لە حکومەتی لوبنان ناکەن و دەڵێن، ھۆکاری نەھامەتییەکانی کوردانی لوبنان تەنیا نەبوونی یەکڕیزی کوردە لەو وڵاتە.

جیھان حەسەن، کاری دۆبلێری دەنگ دەکات و لە لوبنان و ئاماژە بەوە دەکات، "زۆربەی کوردانی لوبنان لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایە تێکەڵبوون و بوونەتە بەشێک تێیدا، بەڵام کاتێک دێیتە سەر پرسی سیاسەت، نەخێر تەواو پشتگوێ خراوین، پشتگوێخستنەکەشمان تەنیا تاوانی دەوڵەت نییە، بەڵکو تاوانی خۆشمانی تێدایە وەکو پێمگوتی زۆر پەرتەوازەین، ھەریەکە و سەرقاڵی خۆی و گرووپەکەی خۆیەتی." 

ئەو گەڕەک و ناوچانەی بوونەتە شوێنی نیشتەجێبونی کورد لە بەیرووت، تاوەری برانجن، تاوەری حەموود، زووقاق بڵات، زواحی، خەندەق غەمیق، بیر حەسەن و زیاتر لە 10 گەڕەك و شوێنی دیکە. کوردانی لوبنان دەڵێن، پشتی شیعە، ئێرانە. سوننە وڵاتانی كەنداو پشتیوانیانن، كریستیان و نەتەوە و ئاینزاكانی دیكەش پشتیان بە وڵاتانی رۆژئاوایی گەرمە، تاكە نەتەوەیەك كە سەرەڕای بێبەشییان لە سەرەتاییترین مافەكانیان، ئەوانن كە وەك بێكەسترین نەتەوەی لوبنان ماونەتەوە.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق