قوباد تاڵەبانی كە مێك فراوانتر

ليست هناك تعليقات




عوسمان عەبدوڵا  گوڵپی
-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆك و کەسی یەکەمی ئیدارەی سلێمانی و کەسی دوەمی حیزبەکەی

لە پارچە ڤیدیۆیەکی چەند چرکەیەیدا دەڵێت( کەسم نەکوشتوە و ناشیان کوژم، دزیم نەکردوە و ناشیکەم، زەوی کەسم داگیر نەکردوە و ناشیکەم) ئەم قسانەی قوباد تاڵەبانی وەك تاك قبوڵکراو و جێگەی باوەڕن، بەڵام بۆ کەسێك کە کە کەسی یەکەمی ئیدارەکەی و کەسی دوەمی حکومەتی هەرێمبێت، دەتوانم بڵێم تێنەگەشتنە لە بەرپرسیارێتی، خودی وشەی بەرپرس یان مەسئول بە واتای ئەوە دێت کە مرۆڤ بەرپرس دەبێت لە هەموو ئەو شتانەی کە لە چوار چێوەی بەرپرسیارێتیەکەیدا ڕوو دەدات

بۆیە پێویستە قوباد تاڵەبانی ئەوە بزانێت، حاڵەتی کوشتن وەك تاوان دیاردەیەکی جیهانیە، بەڵام بەڕێزیان بەرپرسن لە ئیجرائاتکردن لە بەرامبەر هەموو ئەو کوشتنانەی لانیکەم لە سنوری دەسەڵاتی ئەودا ڕوو دەدەن، دەستگیرکردن و حکومدان و ڕێگریکردن لەدەستوەردانی حیزبی لە دادگاکان و بە سزاگەیاندنی تاوانباران گەرچی لە حیزبەکەی خۆشیدابن، بەوە دەلێن بەرپرسیارێتی، نەك ڕازیبوون بەوەی کە کەسی نەکوشتوە.

هەر لەو چەند چرکەیەدا قوباد تاڵەبانی دەڵێت(دزیم لە کەس نەکردوە و ناشیکەم) دەستپاکی سیفاتێکی باش و جوانە، بەڵام بۆ مرۆڤی بەرپرس تەنها ئەوە کافی نیە کە خۆی دزی ناکا، بەڵکو دەبێت ڕێگە نەدا هیچ کەسێك نە لە دەوروبەری و نەلە سنوری دەسەڵاتیدا دزی بکات، هەر کەسێك دزیکرد سزای بدات، دزی واتە گەندەڵی، واتە بەکار هێنانی داهاتی گشتی بۆ بەرژەوەندی شەخسی، واتە بردنی پارەی میللەت بۆ بەرپرسەکان، بەرپرس دەبێت لێپرسرابێت بەرامبەر هەموو دزیەکان، بۆیە پێویستە بیرکردنەوەی قوباد تاڵەبانی بە ئاراستە شەخسیەکەدا نەبێت بەڵکو لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بێت، کاتێك دەزانێت لە گومرگەکان لە فەرمانگەکان داهاتی گشتی دیار نیە و لێی دەدزرێت، ئەو ڕۆڵی بەرپرسیارانە بگێڕێت و دەستەکانی دزیکردن ببڕێت، ئەبێت ئەو زۆر وردبێت لەسەر داهاتی گشتی و ڕێگە نەدات بەناوی کۆمپانیایی جیاواز و مەرزی فری و چی و چیەوە پارەی وڵات بۆ ژمارەیەك کەس یان حیزبیش بدزرێت تا لەملاشەوە خانەنشینان لە بەردەم بانقی خاڵیدا سەرە نەگرن.

ئەو دەڵێت(زەوی کەسم داگیر نەکردوە و ناشیکەم) بەڵام پێویستە کاك قوباد بزانێت کە هەموو ئەو زەویانەی لە سنوری ئیدارەکەیدا داگیردەکرێن و دەخرێنە خزمەت بەرپرسانەوە زەوی داگیرکردنە، ئەو مەغزەنانەی کە لە باشترین شوێنی شاردا لابەلا دەخرێنە نێو چوارچێوەی وەبەر هێنان و بەرپرسەکان سودمەندن لێی جۆرێکە لە داگیرکردن و بەرێزیان لێی بەرپرسن تا ئەوکاتەی بڕیار بەدەستن.

هەموو ئەو زەویانەی کە دەکرێنە نیشتەجێکردن و بەگران دەفرۆشرێنە بە هاوڵاتیان و بەرپرسەکان لەگەڵیان شەریکن لە چوارچێوەی داگیرکردنە (زەوی هەژارەکان بۆ خزمەتی بەرپرس و سەرمایەدارەکان) من دەزانم ئەو پێویستی بە زەوی داگیرکردن نیە، بەڵام بێدەنگ بوون و چاوپۆشی لەوانەی کە زەوی و موڵکی گشتی بە هەدەردەدەن و لە وەبەر هێنانی وەردەگرن و دوای دەیفرۆشنەوە و لەگەڵ بەرپرسەکان پارەکەی بەشدەکەن یان لە بەرامبەر زەویە کەدا دوو باڵەخانە بە موفت وەردەگرن، هەموو بەرپرسیارێتیەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی بڕیار بەدەستی یەکەمن، لانیکەم لەو کاتەوە کە مرۆڤی بەرپرس پێی دەزانێت و ئاگادار دەبێت.

بەرپرس کاتێك دەتوانێت لە خزمەت خەڵکەکەیدا بێت کە وەك شەخس بیر نەکاتەوە بەڵکو چوار چێوەی بەرپرسیارێتیەکەی فراوانتر بکات، تەماشایەکی دەوروبەرەکەی بکات و بزانێت چیان هەیە؟ چۆنیان دەستکەوتوە؟ دەبێت بپرسێت خزمەکانی گەر قۆستنەوەی پێگە و بەرپرسیارێتی نەبێ بەچی بوونەتە ملیۆنلێر؟ چۆن بوونە خاوەن کۆمپانیا و سیتی و مۆڵ؟ دەبێت وردبێتەوە لەوەی چۆن پلەدارێکی ئەمنی یان بەرپرسی حمایەکان کاك فڵان و کاك فیسار بەچ ڕێگایەك بوونەتە ملیۆنلێر، گەر ڕێگای نایاسایی و گەندەڵی و سەرانە و ڕیدانی مەرز و فرۆکەخانەکان نەبێت؟

لە کۆتایدا خوازیارم قوباد تاڵەبانی بەم جۆرە بیربکاتەوە بڵێت( کەسم نەکوشتوە و سزای ئەوانەش دەدەین کە خەڵك دەکوژن، دزی ناکەم و سزای ئەوانەش دەدەین کە دزی دەکەن و گەندەڵن، زەوی کەسم داگیر نەکردوە و ڕیگەش نادەین کەس زەوی داگیربکات و لەسەر موڵکی گشتی ببێتە ملیاردلێر

ڤیدۆ ٨ چرکەییەکەی قوباد تاڵەبانی، کە کردمە بنەمای ئەم نوسینە 







ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif