محەممەد بن زاید بە سەرۆکی ئیمارات هەڵبژێردرا

ليست هناك تعليقات


ئەنجوومەنی باڵای ئیماراتی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا و بەپێی ماددەی 51ـی دەستووری ئەو وڵاتە؛ محەممەد بن زایدی بە سەرۆکی ئیمارات هەڵبژارد.

ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی ئیماراتی یەکگرتوو ناسراو بە "وام"، رۆژی شەممە 14.3.2022، رایگەیاند: "ئەنجوومەنی باڵای ئیماراتی یەکگرتوو ئەمڕۆ بە بەشداری دەسەڵاتدارانی هەموو میرنشینەکانی ئیمارات لە میرنشینی ئەبوزەبی کۆبووەوە، دواتر ئەنجوومەنەکە محەممەد بن زایدی بە سەرۆکی ئیمارات هەڵبژارد. بەمەش محەممەد بن زاید بووە سێیەم سەرۆکی ئیمارات دوای باوکی و براکەی".

هەروەها محەممەد بن زاید بووە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، لەپاڵ ئەوەی کە بووە دەسەڵاتداری میرنشینی ئەبوزەبی.

ئەو پێشهاتە دوای رۆژێک هات لە کۆچی دوایی خەلیفە بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی ئیمارات و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە لە تەمەنی 74 ساڵیدا.

ئەمڕۆ شەممە 14-05-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئیمارات، لە هەژماری خۆی لە تویتەر پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی شێخ محەممەد بن زاید کرد.

لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پیرۆزبایی لە برای ئازیزم لە بەڕێز شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان دەکەم بۆ هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی." هەروەها دەشڵێت، "هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە ئەرکەکانیدا."

لەو پەیامە پیرۆزباییەیدا کە ئاراستەی شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیماراتی کردووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوا دەخوازێت گەلی ئیمارات لەژێر سەرکردایەتیی ژیرەکەیدا؛ ئاسایش، ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی بەرقەرار بێت و دەشڵێت، "چاوەڕوانی هاوکاریی زیاتر و کاری هاوبەشی نێوانمانین."

شێخ محەممەد بن زاید کێیە؟

شێخ محەممەد بن زاید، سەرۆکی نوێی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو لەدایکبووی ساڵی 1961 لە میرنشینی ئەبوزەبی، شێخ محەممەد بن زاید لە ساڵی 2004ـەوە جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات بوو، پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئیمارات.

شێخ محەممەد بن زاید بە هۆکاری چالاکبوونی ئیمارات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ناودەبرێت، لەپاڵ ئەوەی کە ئەندازیاری دروستکردنی پەیوەندییە لە نێوان ئیمارات و ئیسرائیل، محەممەد بن زاید دەرچووی ئەکادیمیای ساندهێرستی سەربازیی بەریتانییە و پلەی فەریقی لە سوپای ئیمارات بەدەستهێناوە.

باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە یادەوەرییەکانیدا سەبارەت بە شێخ محەممەد بن زاید دەڵێت: "ئەو ژیرترین دەسەڵاتداری وڵاتانی کەنداوە".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif