ماکرۆن دەستبەکاردەبێتەوە

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ شەممە 14-5-2022 ئیمانوێل ماکرۆن بە شێوەیەکی فەرمی لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا دەستبەکاردەبێت. بڕیارە لە مانگی داهاتووشدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەبچێت.

لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسادا کە لە 24ـی مانگی نیسان بەڕێوەچوو، ئیمانوێل ماکرۆنی 44 ساڵ بە بەدەستهێنانی 58.54٪ـی دەنگەکان بەسەر ماری لوپێنی رکابەریدا سەرکەوت، بەڵام هێشتا زۆرینەی پەرلەمانی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو ئەجێندایەی جێبەجێ بکات کە کە بانگەشەی بۆ دەکرد.

هەریەکە لە ئۆدرێ ئازۆلای، بەڕێوبەری گشتیی ئاژانسی یونیسکۆ و ئێلیزابێز بۆرن، وەزیری کاری فەرەنسا دوو خانمە بەربژێری سەرەکین بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران. چاوەڕواندەکرێت هەفتەی داهاتوودا بەربژێری ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی فەرەنسا لە 12 و 19ـی مانگی حوزەیران بە دوو گەڕ بەڕێوەبچێت و تێیدا شەش پارت و هاوپەیمانێتی کێبڕکێ لەسەر 577 کورسیی پەرلەمانی دەکەن و بردنەوەی 289 کورسی پێویستن بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبهێنرێت.

ژمارەیەک لە پارتەکان لەژێر دروشمی "بەیەکەوە"ـی ئیمانوێل ماکرۆن بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن. پارتە چەپەکانیش لەسەر ئەوە رێککەوتوون لەژێر چەتری هاوپەیمانێتییەکەی ژان میلانشۆ بچنە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکەوە. پارتی گردبوونەوەی نیشتیمانیی ماری لوپێن و پارتی کۆمارییەکان بە هاوپەیمانێتییەک کێبڕکێ دەکەن.

ماکرۆن لەگەڵ هەڵبژاردنەوەیدا رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە بارەی بازرگانیکردن و سیاسەتی ئەوروپا و باج کەمدەکاتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد، چاکسازی لە بوارەکانی ژیانی خەڵکیدا دەکات و گرنگی بە ژینگە دەدات.

ئیمانوێل ماکرۆن کە پێشتر وەبەرهێنانی لە سیستمی بانکیدا کردووە، بەڵێنیداوە شێوازێکی نوێ لە سیستمی بانکیدا جێبەجێ بکات کە وەکو خۆی دەڵێت، بەشێوەیەک نەبێت جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەژار و دەوڵەمەندا هەبێت.

لە پرسی سیاسەتی دەرەوەدا، ماکرۆن دەستی کراوە دەبێت و بەڵێنی داوە کە کار لەسەر بەهێزکردنی یەكێتیی ئەوروپا بکات.

ئیمانوێل ماکرۆن لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دا، لەلایەک هەوڵی داوە بۆ وەستاندنی شەڕ وەکو پردێک نێوەندگیری نێوان هەردوو وڵات بکات و سەردانی مۆسکۆی کردووە و لەگەڵ پووتین کۆبووەتەوە؛ لەلایەکی دیکەوە، پاڵپشتی تەواوی فەرەنسای بۆ ئۆکراینا دەربڕیوە و تاوەکو ئێستا 2 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری دارایی پێبەخشیوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif