كاریگه‌ری‌ وشكه‌ساڵی‌ له‌سه‌ر عیراق

ليست هناك تعليقات


 بورهان شێخ ڕەئوف‌

عیراقییه‌كان رووبه‌ڕووی زۆر كێشه‌و گرفت بوونه‌ته‌وه‌، به‌ هۆی‌ گۆڕانكارییه‌كانی‌ كه‌شو هه‌واوه‌، له‌ بابه‌تی‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما و كه‌می‌ باران بارین و كه‌م ئاوی‌ شۆره‌كات بوونی‌ خاك و زیادبوونی‌ خۆڵبارین، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ش به‌ربه‌ستن بۆ گه‌شه‌پێدان و باشتركردنی‌ دۆخی‌ گوزه‌رانی‌ خه‌ڵك .

به‌ بیابان بوون كاره‌ساتێكی‌ ژینگه‌یی تره‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ له‌سه‌ر كه‌رتی‌ كشتوكاڵ هه‌یه‌ و به‌رهه‌می‌ ناوخۆیی‌ جوتیارانی‌ عیراقی‌ سنووردار كردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ئاكامی‌ بڕین و گۆڕینی‌ زۆری‌ رێڕه‌وی‌ ئاوی‌ رووباره‌كان و بنیاتنانی‌ به‌نداوی‌ گه‌وره‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو رووباری‌ دیجله‌و فورات، له‌ لایه‌ن ئێران و توركیاوه‌، له‌ كاتێكدا ده‌زانین 70% سه‌رچاوه‌ی‌ سامانی‌ ئاوی‌ عیراقن، هه‌ندێك ناوه‌ندی‌ هه‌واڵ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ته‌نها هۆكار دروستكردنی‌ به‌نداو و گۆڕینی‌ رێڕه‌وه‌ی‌ رووباره‌كان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌نقه‌ره‌ و تاران وه‌كو فشاری‌ سیاسیش بۆ سه‌ر به‌غدا به‌كاری‌ دێنن، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌شه‌ كاربه‌ده‌ستانی‌ توركیا نكوڵی‌ له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌ردوو رووباری‌ دیجله‌ و فورات نێوده‌وڵه‌تی‌ بن، ده‌ڵێن ئێمه‌ش مافمان له‌ نه‌وتی‌ عیراقدا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان مافیان له‌ ئاوی‌ ئه‌و رووبارانه‌دا هه‌بێت .

هه‌ر له‌ ئاكامی‌ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ژینگه‌ییانه‌شه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ته‌ندروستی عیراق له‌ 5/5/2022 رایانگه‌یاندووه‌ به‌ سه‌دان كه‌س به‌ هۆی‌ خۆڵبارینه‌وه‌ سه‌ردانی‌ نه‌خۆشخانه‌كانیان كردووه‌ و تووشی‌ ته‌نگه‌نه‌فه‌سی‌ بوون، هه‌ر به‌ هۆی‌ ئه‌و خوڵبارینانه‌شه‌وه‌ هێڵی‌ ئاسمانی‌ عیراق هه‌موو گه‌شته‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ عیراق راگرتبو، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی‌ هاتوچۆی‌ عیراقیش هۆشداری‌ به‌ شۆفێران دابوو كه‌ زۆر وریابن به‌ هۆی‌ كه‌می‌ ماوه‌ی‌ بینین به‌هۆی‌ ته‌پ و تۆز و خۆڵبارینی‌ زۆره‌وه‌ .

عیراق ئێستا له‌ ریزی‌ ئه‌و پێنج وڵاته‌دا پۆلین كراوه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهان كه‌ به‌ره‌و رووی‌ به‌ بیابانبوون و گۆڕانكاری‌ كه‌شوهه‌وا ده‌بێته‌وه‌، به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵی‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ پله‌كانی‌ گه‌رما كه‌ له‌ وه‌رزی‌ هاویندا هه‌ندێك جار ده‌گاته‌ سه‌رووی‌ په‌نجا پله‌ی‌ سه‌دی، هه‌ر تایبه‌ت به‌م بابه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌ كاروباری‌ ته‌كنیكی‌ وه‌زاره‌تی‌ ژینگه‌ی‌ عیراق هۆشداری‌ دا له‌ زیادبووونی‌ گه‌رده‌لوولی‌ خۆڵبارین له‌ دوو ده‌یه‌ی‌ داهاتوودا كه‌ ساڵانه‌ 272 رۆژ غوبار و خۆڵبارین بێت، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی‌ 2050 دا بگاته‌ 300 رۆژ خۆڵبارین .




چاره‌سه‌رچیه‌؟

چاره‌سه‌ری‌ پێویست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ره‌كانی‌ سه‌وزایی‌ فراوان بكرێت له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی‌ عیراق به‌ شێوه‌یه‌كی‌ چڕ بۆ به‌رگرتن له‌ ته‌وژمه‌كانی‌ باو گه‌رده‌ولوولی‌ خۆڵین، هۆكارێكی‌ سه‌ره‌كی‌ گۆڕانكاری‌ كه‌شوهه‌وای‌ عیراق، خراپ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ژینگه‌ی‌ وڵاته‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسایی‌ و كارگیڕیشه‌وه‌، لاوازی‌ رێكار و توانای‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ .

له‌ كۆتاییدا عیراق كارتی‌ فشاری‌ زۆره‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ردوو وڵاتی‌ ئێران و توركیا به‌كاری‌ بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ر به‌و سیاسه‌ته‌ بگرێت كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئاو له‌گه‌ڵ عیراقدا په‌یڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ عیراق بازاڕی‌ سه‌ره‌كی‌ ساغكردنه‌وه‌ی‌ كاڵای‌ توركی‌ و ئێرانیه‌، ده‌كرێت ئه‌و كارته‌ به‌كاربهێنێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق