ئیلۆن مەسک پلانی خۆی بۆ کڕینی تویتەر هەڵپەسارد

ليست هناك تعليقات


ئیلۆن مەسک پەیامی جیاواز لەبارەی هەوڵەکانی بۆ کڕینی کۆمپانیای تویتەر دەنێرێت؛ پەیامەکانی گوشارێکی زۆریان لەسەر پشکەکانی پلاتفۆرمەکە دروستکردووە و گومانەکانیشی زیادکردوون لەوبارەوە کە ئایا هەنگاوەکەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت یاخود نا.

بەرەبەیانی رۆژی هەینی 13-05-2022 ئیلۆن مەسک رایگەیاند، پلانەکەی بۆ کڕینی کۆمپانیاکە "بە شێوەیەکی کاتی" راگیراوە. ئەوەش پرسیاری زۆری لەبارەی داهاتووی کۆمپانیاکە و کارکردنی وروژاند و بووە هۆی دابەزینی پشکەکانیشی بە رێژەی 25%.

دوو کاژێر دوای ئەوە، مەسک کە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلایە، تویتێکی دیکەی کرد و گوتی، پابەندە بە هەوڵەکانی بۆئەوەی ببێتە خاوەنی کۆمپانیاکە؛ ئەم تویتە جووڵەیەکی دایەوە پشکی کۆمپانیاکە، بەڵام بە درێژایی رۆژی هەینی بەهای کۆمپانیاکە رووی لە دابەزین کرد و دواتر بە لە دەستدانی 10%ی بەهاکەی جێگیر بوو.

هەرچەندە بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی بەکاربەران نرخی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیاریدەکەن، بەڵام لێکۆڵەرانی ئابووری ئەم پەیامەی ئیلۆن مەسکیان وەکو خواست بۆ پاشگەزبوونەوە لە مامەڵەکە یان داواکردنی نرخێکی کەمتر بۆ کڕینی پلاتفۆرمەکە لێکداوەتەوە.

ئانجێلۆ زینۆ، لێکۆڵەری ئابووری لە پەیمانگەی CFRAی ئەمریکی دەڵێت، "هەرگیز گومانمان لە توانای ئیلۆن مەسک نەبووە و دەزانین کە دەتوانێت ئەو کارە بکات، بەڵام دەکرێت بۆچوونیشی بگۆڕێت."

ئەو لێکۆڵەرە دەڵێت، ئەم جووڵەیەی ئیلۆن مەسک "پێگە"ی پێدەدات و وا دەکات بتوانێت داوای نرخێکی کەمتر بکات بۆ کڕینی کۆمپانیاکە و ئەگەر بە دڵیشی نەبوو، دەتوانێت لە هەنگاوەکەی پاشەکشە بکات.

ئەم جموجوڵانە کێشەی بەڕێوەبردنی خستووەتە نێو کۆمپانیای تویتەر و دامەزراندن لە کۆمپانیاکە سڕکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی تویتەر دەڵێت، "چاوەڕوان دەکەم مامەڵەکە دابخرێت؛ دەبێت خۆمان بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادە بکەین."

ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهانە و داهاتەکەی بە 232$ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەو سەرمایەدارە لەلایەن دڵخوازەکانیەوە وەکو "بلیمەت" و لەلایەن رەخنەگرانیشیەوە وەکو کەسێکی "لەخۆبایی و تینووی دەسەڵات" دەبیندرێت.

ئیلۆن مەسک بەشێکی زۆر لە رەخنەگر و لایەنگرانی بە راگەیاندنی هەواڵی کڕینی تویتەر تووشی شۆک کرد؛ ئەو کڕینی تویتەر بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە کە بریتین لە فەراهەمکردنی ئازادیی گوتار لەو تۆڕە و بەرزکردنەوەی قازانجی ساڵانەی کۆمپانیاکە.

رۆژی سێشەممە 10ی ئایار، ئیلۆن مەسک گوتی، قەدەخەی بەکارهێنانی تویتەر لەسەر دۆناڵد ترەمپ لادەبات. ئەو گوتەیە لە کاتێکدایە، لە کانوونی دووەمی 2021 کۆمپانیای تویتەر بەکارهێنانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتیەی لە دۆناڵد ترەمپ قەدەخەکرد. هۆکاری ئەو قەدەخەکردنەش هێرشکردنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا بوو لە کانوونی یەکەمی 2021دا.

لە یەکەم تویتدا رۆژی هەینی لەبارەی گەڕانە دواوە لە رێککەوتنەکە، ئیلۆن مەسک گوتی، تویتەر 229 ملیۆن بەکاربەری هەیە و 5%ی ئەو ژمارەیە هەژماری ساختەن. بەشێک لە چاودێرانی ئابووری پێیانوایە، هەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هەژماری ساختە لە تویتەر هۆکاری هەڵپەساردنی مامەڵەکەیە لەلایەن ئیلۆن مەسکەوە؛ هەندێکیشیان دەڵێن، ئاماژەکردن بە هەبوونی هەژماری ساختە تەنیا ستراتیژی ئیلۆن مەسکە تاوەکو بیانووی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی نرخی سەرەتایی مامەڵەکە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif