كاریگەری نووسین لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گەلان

ليست هناك تعليقات


 
سەعد مەلا عەبدوڵڵا گوڵپی
-
ئەوروپا پێش شۆڕش، لەلایەن نووسەران و بەتایبەت مارتن لۆسەر ئامادەكاری بۆ دەكرا بۆ خۆشكردنی ئاگرێكی ڕزگاركەر و ڕاوەدوونانی تەخت و كورسی ستەمكارانی ئەو سەردەمە.

ئامادەكارییەكانی ئاگر بریتی بوون لەنووسین و بڵاوكردنەوە و هاندانی هاووڵاتیان تاكو بە ئاگابێنەوە لە ئاست ئەو ستەمەی لێیان دەكرێت، هەر ئەو نووسینانەش بوون، بوونە هۆكاری لەدایكبوونی ئەوروپایەكی نوێ و بونیادنانی شارستانییەتێكی نوێ كە تا ئێستا بەروبوومەكەی لەزیادبووندایە.

هەرچەندە بەو شارستانیەت و فەرهەنگ و كلتورەی ئەوروپا ڕازی نیم و پیایدا هەڵنادەم، چونكە پێموایە هەموو شارستانیەتێك بەبێ تۆكمەبوونی لایەنی كۆمەڵایەتی، بابەتێكی ئیسفنجییە و دواجار دووچاری پسان دێت، ئێستاش ئەوە بە چاوی سەر دەبینین، كە لەگەڵ هەموو پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیا، بەڵام لە ئاست كۆمەڵگەدا دەستەوسانن و گیرۆدەی چارەسەركردنی ئەو بێ بەهاییە بوونەتەوە كە پێمانوایە چارەسەرەكەی لە ئێستادا گەڕانەوەیە بۆ ئیسلام، یان پیادەكردنی بەهاكانی ئایینی ئیسلامە.

ئەوەی مەبەستمە لێرەدا باسی بكەم نووسین و بۆچوونەكانی مارتنە كە توانی خەڵك هان بدات و بیانوروژێنێت تاكو كۆتاجار توانیان سەركەون بەسەر ستەمكاراندا، بەڵام لەم هەرێمی كوردستانە سەدان مارتنمان هەیە و بەردەوام خەریكی نووسینن، بەڵام نەیانتوانیوە نەك هەستی هاووڵاتی بوروژێنن لەبەرانبەر ستەمی ستەمكاران، هەرچەندە ئێستا بەراورد بەسەردەمی مارتن لۆسەر جیاوازییەكی زۆریشی هەیە لەبابەتی گەیاندن و ڕاگەیاندن، بەڵام ئەو هێزە شاراوەیەی لەنووسینەكانی مارتنی پێشوو هەبوو لە نووسینی مارتنەكانی ئێستا نییە و لاوازە.

هۆكارەكەی دوو خوێندنەوەی بۆ دەكرێت، یان ئەوەتا مارتنی پێشوو خۆی یەكلاكردووەتەوە بۆ ئامانجەكەی و تەنانەت هاوسەرگیریشی نەكردووە و هەموو هەوڵێكی بۆ دژایەتی ستەمكاران خستووەتەگەڕ، ئەمەش وایكردووە بێمنەت بێت لە هەموو بەربەستە سیاسی و دارایی و كۆمەڵایەتییەكان، بەڵام ئەوەی دەبینرێت مارتنەكانی ئێستا هەر یەكەیان بەشێوەیەك وابەستە بوون و كاریگەرییەكان نییە، بەشێوەیەك یان وابەستەی حزبن، یاخود وابەستەی ئایدیایەكی چەقبەستووی دواكەوتوون كە جیاوازن لە ئایین و ئایدییای زۆرینەی خەڵكی هەرێم، یان هەندێكیشان مارتن لۆسەرانە هاتوونەتە پێش، بەڵام لەكۆتاییدا بۆ مشتێك دۆلار خۆشیان و بۆچوونەكانیشان فرۆشتووە.

بۆچوونێكی دیكەش ئەوەیە كە دانیشتوانی ئەوروپای سەردەمی مارتن لۆسەر، دەروازەكەی مارتنیان بەهەڵێكی ڕاست و دروست زانیوە بۆ دەربازبوونیان لەستەمكاران و كاریان بۆ كردووە، بەڵام دانیشتوانی ئێستای هەرێم دەروازەی مارتنە ڕاستەقینەكانی ئێستا بەو شێوازە بە چارەسەر نازانن و گوێی پێ نادەن، چونكە چەندین ساڵ نووسین هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئاساییكردنەوە و باشبوونی ڕەوشی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێم نەبووە، بۆیە پێویستە مارتنەكان جۆرێكیتر لە دەرگای دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە بدۆزنەوە بۆ ڕزگاربوونی هاووڵاتیان لە قەیرانەكان، چونكە هەمیشە دۆزینەوەی چارەسەر باشترە لە خۆبەدەستەوەدان، چونكە دواجار هەمووان زیانمەند دەبین.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif