پارتی پارێزگارانی بەریتانیا تووشی شکست دەبێت

ليست هناك تعليقات



بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و سەرۆکی پارتی پارێزگارانی ئەو وڵاتە دان بەوەدا دەنێت کە لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئەمجارەدا، پارتەکەی بەشێکی جەماوەرەکەی لەدەستداوە. 

بۆریس جۆنسن لە کاتی سەردانیکردنی قوتابخانەیەکی ناوچەی ئوکسبریج، رۆژی هەینی 6-5-2022 گوتی، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بۆ پارتی پارێزگاران "لە هەندێ ناوچەی وڵاتەکە سەخت بوون".

بە گوێرەی ئەنجامی بەرایی دەنگدانەکە، پارتی پارێزگاران کۆنترۆڵی ژمارەیەک ئەنجوومەنی گرنگی شاری لەندەنی پایتەختی لەدەستداوە. 

پارتی کاری بەریتانیا کە ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکیی ئەو وڵاتەیە و لە لایەن کەیر ستارمەرەوە سەرکردایەتی دەکرێت، لە چەند ناوچەیەکی دیاری لەندەن زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا و پارتی پارێزگارانی بەزاند، لە کاتێکدا کە پارتەکەی جۆنسن ماوەیەکی درێژ بوو لەو ناوچانەدا باڵادەستبوو، لە نێویشیاندا ئەنجوومەنی واندسوێرز و وێستمینستەرز. 

تاوەکو ئێستا تەنیا نیوەی دەنگەکانی ئینگلتەرا هەژمارکراون. چاوەڕێدەکرێت ئەنجامی سکۆتلاند، وەیڵز و باکووری ئێرلەندا تا کۆتایی رۆژەکە بگەن. 

چاوەڕواندەکرێت کێبڕکێی ئەنجوومەنی شاری بێلفاستی باکووری ئێرلەندا، بۆ یەکەمین جار، لە بەرژەوەندیی پارتێکی نەتەوەپەرستی ئێرلەندی کۆتایی بێت، ئەوەش لێکەوتەی دەستووریی گەورەی بۆ شانشینی یەکگرتووی خاوەن چوار نەتەوە دەبێت.

یەکێک لەو پارتانەی کە پێشبینیدەکرێت سەرکەوتنی گەورە لەم هەڵبژاردنە خۆجێییانەدا بەدەستبهێنێت، پارتی شین فەینە (Sinn Fein) کە پێشتر باڵی سیاسیی گرووپی چەکداریی "سوپای کۆماریی ئێرلەندا" بوو؛ ئەو پارتە سوورە لەسەر یەکگرتنەوەی باکووری ئێرلەندا لەگەڵ کۆماری ئێرلەندا، یەک سەدە دوای دابەشکردنی. 

بە پێی ئەنجامە بەراییەکان، سەرکەوتنی پارتی کار بەو جۆرە گەورە نییە، لە کاتێکدا ئەو پارتە هەوڵدەدات سوود لەو قەیرانی تێچووی ژیان و هەڵەکانی بۆریس جۆنسن و رەخنەکانی دژی وەربگرێ، لە نێویشیاندا پێبژاردنی جۆنسن لە لایەن پۆلیسەوە لە بەرامبەر بەشداریکردنی لە ئاهەنگێکی مەیخواردنەوەدا لە کاتی قەدەخەی گشتیدا. 

جۆنسن دەڵێت، تاوەکو ئێستا ئەنجامەکان "تێکەڵاون" و بەرپرسیارێتیی دۆخی پارتەکە لە ئەستۆی خۆی دادەنێت. 

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئێمە شەوێکی سەختمان لە هەندێ ناوچەی وڵات بەڕێکرد، بەڵام لە لایەکی دیکەوە، لە ناوچەکانی دیکەی وڵات هێشتاش دەبینن پارێزگاران بەرەو پێش دەڕۆن."

بەڵام ستارمەر لە کاتی سەردانیکردنی بارنێت لە باکووری رۆژئاوای لەندەن کە پارتی کار تێیدا کۆنتڕۆڵی ئەنجوومەنی لە پارێزگاران سەندەوە، ستاییشی ئەنجامەکانی کرد و بە "وەرچەرخانێکی گەورە" ناویبردن. 

سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکە بە پشتیوانانی گوت: "کاتێک کە بابەتەکە دێتە سەر لەندەن، بە دەگمەن گوێت لێ دەبێت ئەو ناوانە لە سەر زارمان لابچن. واندسوێرز! چەندین ساڵ بوو دەیان گوت 'ئێوە هەرگیز واندسوێرز لێمان ناسەنن.' بەڵام ئەوەمان کرد! وێستمینستەرز! ئەوە ئەنجامێکی ناوازەیە."


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif