قەیرانی ئابووریی لوبنان لە دۆخێكی سەختدایە

ليست هناك تعليقات



نەخێر بۆ دەسەڵاتی بانکەکان، نەخێر بۆ دەسەڵاتی تایفی، بەڵێ بۆ بونیادنانی وڵات،" ئەمە درووشمی خۆپێشاندەرانی لوبنانە کە ئێستا لە قەیرانێکی ئابووریی سەختدا دەژین.

قەیرانەکەی لوبنان، بە یەکێک لە سێ گەورەترین داڕمانی ئابووری وڵاتان هەژماردەکرێت لە ساڵی 1850ـەوە تاوەکو ئێستا، بۆیە شەقامەکانی بەیرووت، خۆپێشاندەریان لێنابڕێ. 

مونیر مالایب، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "مافیا ئەم وڵاتە ئێمەی کۆنترۆڵکردووە. ماڵەکانیان لێدزین، ئێمەیان لە برسا کوشت، ریسوایان کردین و تەواوی وڵاتەکەیان تاڵانکرد، بۆچی دەبێت هێشتا بێدەنگ بین؟"

بە گوێرەی ئاماری بانکی جیهانی، ئابووریی لوبنان لە ساڵی 2021ـدا بە رێژەی 58.1% داکشاوە. لەو ساڵەدا تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی بۆ 20 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە. 

بە مەبەستی رزگاربوون لە قەیرانەکە، لوبنان لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە گفتوگۆدایە تاوەکو سێ ترلیۆن دۆلار وەک هاوکاری بدرێتە وڵاتەکە.

غەسان خەماس، راوێژکاری دارایی و نەختینەیی دەڵێت، "لەم قۆناخەدا ئەوەی گرنگ بێت هاوکاریی دارایی نییە، بەڵکو چاکسازی ئەو شتەیە کە دەبێت بکرێت."

کەرتی بانکیی لوبنانیش بەهۆی یاسای سنووردارکردنی راکێشانی پارە، متمانەی هاووڵاتییانی لەدەستدا؛ بەرپرسان کۆی زیانە داراییەکانی کەرتی بانکی بە 69 ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.

غەسان خەماس ئاماژە بەوەش دەکات، "یەکێک لە چاکسازییەکان پەیوەستە بە کەرتی بانکییەوە. چونکە ئەو کەرتە تەنیا پەیوەست نییە بە گەڕاندنەوەی پارەی خەڵکی، بەڵکو پەیوەستیشە بە گێڕانەوەی متمانە بە ئابووریی لوبنان، چونکە لە سەردەمی هاوچەرخدا هیچ ئابوورییەکی چالاک بەبێ کەرتێکی بەهێزی بانکی نابێت."

رێژەی هەژاری لە لوبنان گەیشتووەتە 70%. لە ساڵی 2019ـەوە پاوەندی لوبنانی زیاتر لە 90%ـی بەهاکەی لەدەستداوە، 4ـی نیسانی 2022ـش، حکومەت مایەپووچبوونی خۆی راگەیاند.

بەپێی ئاماری حکومەت، کۆی قەرزەکانی لوبنان لە تەمموزی 2021ـدا گەیشتە 97 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار. لە ئاداری 2020ـشدا، حکومەت بێتوانایی خۆی لە دانەوەی 90 ملیار دۆلاری قەرز راگەیاند.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق