ئوسترالیا وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیرانی دیاریکرد

ليست هناك تعليقات



سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی دیاریکرد.

رۆژی یەکشەممە 10-4-2022 سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کانبێڕای پایتەختی وڵاتەکەی راگەیاند، کە دەیڤید هێرلی، نوێنەری سەرۆکی وڵات رۆژی 21ـی ئایاری ئەمساڵی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پەسند کردووە.

سکۆت مۆریسن، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا گوتی: "دەزانم ئوستراڵییەکان بە کاتێکی سەختدا دەربازبوون. دەشزانم کە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ئوسترالیا رووبەڕووی ئاڵنگاریی تووند دەبێتەوە. بەڵام زیاتر لە هەر شتێک، دەزانم کە لە باشترین وڵاتی جیهاندا دەژین، زیاتر لە هەر کاتێکیش لەبارەی داهاتوومانەوە و دەستکەوتەکانی گەلی ئوسترالیا گەشبینم."

گرنگترین مژارەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئوسترالیا بریتین لە هەژموونی ئابووریی چین، گۆڕانی کەشوهەوا و پەتای کۆرۆنا.

پارتە پارێزگارەکەی مۆریسن چاوی لە چوارەم خوولی سێ ساڵیی پەرلەمانی وڵاتەکەیەتی. هەرچەندە راپرسییەکان وانیشاندەدەن کە هاوپەیمانێتیی لیبراڵی مۆریسن لە دواوەی پارتی ئۆپۆزیسیۆنە، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 دا سەرەڕای ئەوەی کە پێشبینییەکانی دەنگدان وایان نیشاندەدا کە پارتی کرێکارانی نێوانڕەوی چەپی ئۆپۆزیسیۆن پێش پارتی مۆریسن دەکەوێت، پارتی مۆریسن توانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان بەدەستبهێنێت و سەرۆکایەتیی حکومەت بگرێتە دەست.

بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئوسترالیا 17 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە و دوایین راپرسی نیشانیدەدات کە هاوپەیمانێتییەکەی مۆریسن 46٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، لەبەرامبەردا پارتی کرێکارانی ئۆپۆزیسیۆنیش 54٪ـی دەنگەکان.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif