لەبەر منداڵەکانمان ناچار بووین کۆچ بکەین

ليست هناك تعليقات


بەشێکی زۆر لە ئۆکرانییەکان ئەمساڵ هیچ رێوڕەسمێکی جەژنی هەستانەوەیان سازنەکرد، دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام گرنگترین بژارەی بەردەم ئەوانە، بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران تا رۆژی24ی نیسان، پێنج ملیۆن و 264 هەزار 767 کەس ئۆکرانیایان بەجێهێشتووە.

یەکێک لە کۆچبەرە ئۆکراینییەکان ژنێکی بەتەمەنە بە ناوی لودمیلا کە گریان بووەتە بەشی دانەبڕاوی ژیانی ئەم رۆژانەی، ئەو تەمەنی چوار ساڵان بوو کاتێک جەنگی جیهانیی دووەم دەستیپێکرد، ئەوکات ناچار نەبوو وڵاتەکەی جێبهێڵێت، بەڵام ئێستا لە تەمەنی 85 ساڵیدا بۆ یەکەمجار هەموو شتێکی جێهێشتووە و جیاوازتر لە هەمیشە یادی ئیستەر یان جەژنی هەستانەوە دەکات.

لودمیلا ڤۆلکیڤێسکا، خەڵکی کۆرۆستێنە و دەڵێت، "ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ماڵی خۆمان، ئێمە کارمان هەبوو، چۆن ئەگەری شەڕ لە ئۆکرانیا هەبوو؟! ئێمە چ گوناهێکمان کردووە؟ هیچ ناوچەیەکمان داگیرکردووە؟ ئەو منداڵانەی کە کوژران چییان کردبوو؟ ئێمەی بە تەمەن چیمان کردووە؟ ئەوان گێچەڵمان پێدەکەن، بەتەمەنەکان دەکوژرێن، بە برسیەتی بەجێدەهێڵڕێن لە شوێنێک کە نە ئاو هەیە، نە خواردن و نە رووناکی". 

لودمیلا و کوڕەکەی لە ماڵێکدا دەژین کە بنەماڵەیەکی پۆڵەندی بۆ ماوەیەکی کاتی پێی داون، دوای 10 رۆژ ئەوە دووەم ماڵە کە دەبێت چۆڵی بکەن، سەرگەردانییەک کە نازانن تا کەی بەردەوام دەبێت.

بۆ یادکردنەوە جەژنی هەستانەوە چوونەتە کەنیسەیەکی ئۆرتۆدۆکسەکان لە وارشۆ، ئەم دوو دایکە و کوڕەکانیان 20 رۆژە شاری لۆبۆتین لە 12 کیلۆمەتری خارکیڤیان جێهێشتووە، ئەمساڵ جگە لە داگیرساندنی مۆم و ئاواتی کۆتاییهاتنی شەڕ هیچ کۆبوونەوە و جەژنێکیان نابێت.

ئاناستازیا، ژنە کۆچبەرێکی دیکەیە و خەڵکی لۆبۆتینە، ئەو دەڵێت، "لە ماوەی ئەم شەڕەدا هەر لە ماڵەوە بووین، ئێمە هیوایەکی گەورەمان هەبوو کە بە زووترین کات ئەمە کۆتاییدێت. بۆ نموونە، ئێمە باوەڕمان وابوو کە بەیانی هەموو شت باشتر دەبێت، ئێمە براوە دەبین و بە گفتوگۆ چارەسەری دەکەین، بەڵام دوای 40 رۆژ بینیمان هەموو شت خراپتر و ترسناکتر دەبێت و هەموو رۆژ نیگەرانتر دەبووین. بۆیە بڕیارمان دا لەبەر منداڵەکانمان ئۆکرانیا بەجێبهێڵین تا ئەوان بتوانن ئارام بنوون". 

ئیرینا یارمۆلیوک، ژنە کۆچبەرێکە و دەڵێت، "بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام هێشتا ناتوانین، ئێمە سوپاسگوزاری هەموو ئەو پۆڵەندییانەین کە یارمەتیمان دەدەن. ئێمە دەمانەوێت هەموو دنیا ئێمە ببینێت و گوێی لێمان بێت". 

70٪ـی ئۆکرانییەکان ئۆرتۆدۆکسن و زۆربەی ئەوا یەکەمجارە ناچارن لە دەرەوەی کەنیسەکانی وڵاتی خۆیان یادی هەستانەوە بکەنەوە، یادێک کە بۆ ئەوان واتای بوون لەگەڵ بنەماڵەکانیان دەگەیێنێت، بەڵام ئێستا زۆربەیان بە تەنیا ماونەتەوە و ناچارن لە وڵاتی جیاواز ئەم یادە بکەنەوە.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif