علی حمەساڵح بە چەندین بەڵگەی قورئانیەوە ڕوودەكاتە موسڵمانان

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانتارێكی كوردستان ڕوو دەكاتە موسڵمانان و دەڵێت: تۆ کە پشتیوانی ستەمکارێکی، ڕۆژێک دێت لەسەر ئەوەی هاوکاربویت بۆ ئەوەی زوڵم و ستەم لە سەدان هەزار کەس بکرێت ڕادەگیرێت!

علی حمە ساڵح، پەرلەمانتاری چالاك و سەربەخۆی پەرلەمانی كوردستان لە بابەتێكیدا ڕووداكاتە موسڵمانان و بە چەندین بەڵگەی قورئانی مەترسی گەورەی پشتیوانی زاڵمان دەخاتە ڕوو و بۆ موسڵمانان، ئامانج لەم نوسینەی ئەو پەرلەمانتارە دوور خستنەوەی خەڵكە لە پشتیوانی ستەمكاران

دەقی نوسینەكەی علی حمەساڵح وەك خۆی

لە بارەی پشتیوانی یان بێدەنگی لەستەمکار

دڵنیام دەیان مامۆستاو کەسی شارەزا دەتوانن لە من باشتر بنوسن لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام ئەم دەربڕینانە بەشێکی گەورەیە لە ناخ و باوەڕی خۆم، سەرەتا وەک بیرھێنانەوەو پێداچونەوەیەک بە ھەڵوێست و ڕەفتارەکان خۆم و پاشان موسوڵمانان..

ئەوەی باوەڕی بەوە نیە قورئان نێردراوی خودا نیە، ئەم نوسینە بۆ ئەو نیە تاوەکو ڕەخنە بگرێت لێی..

دەیان ھەزار موسڵمانی کورد نوێژ دەکات و ڕۆژو دەگرێت، بەڵام بە ھەڵوێست یان نوسین تەنانەت ساختەکاری و ھەڕەشەکردن لەخەڵک پشتیوانی دەسەڵاتی ستەمکار دەکات..

تۆ کە پشتیوانی ستەمکارێکی، ڕۆژێک دێت لەسەر ئەوەی هاوکاربویت بۆ ئەوەی زوڵم و ستەم لە سەدان هەزار کەس بکرێت ڕادەگیرێت!

خودا کە ڕاتدەگرێت، دەفەرموێ: وَقِفُوهُمْ ۖ إِنَّهُم مَّسْـُٔولُونَ (الصافات - 24)!

بوەستە تۆ بەرپرس بویت! هۆکار بووی هەزاران کەس برسی بن! سەدان کەس بە ناڕەوا زیندان بت.. تاوەکو کۆتایی!

ستەمکار.. ئەو کەسەیە حەقی ئەوانی دیکە دەخوات..

ستەمکاری گەورەش، ئەو کەسەیە، ھێزو دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاردێنێت بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و بردنی داھات و زەوی وڵات بۆ بەرژەوەندی خۆی و کەسوکاری، بە ناڕەوا سزای خەڵک دەدات..

خودای گەورە لە قورئاندا ٢٨٩ جار وشەی ستەم(الظلم) ی بەکارھێناوە، یەک جار وشەی مانگی ڕەمەزانی بەکارھێناوە و ١٤ جار وشەی ڕۆژوگرتن، ٦٧ جاریش وشەی نوێژ (الصَّلاة)..

ئەمە مانای وانیە کە نوێژوو ڕۆژوو گرنگ نین ، بەڵکو خودا فەرزی کردوەو ھیچ گفتوگۆیەکیش ھەڵناگرێت.. بەڵکو مەبەست مەترسی گەورەی ستەم و سزاکەیەتی..

خودا لە دوبژاردەی داوە بە مرۆڤ ئیمان دەھێنت یان کافر دەبێت، چونکە ئەوە پەیوەندی بە خودی مرۆڤەکە و ڕۆژی دوایی و سزاو بەخشندەیی خودا ھەیە(واتە سنوری مرۆڤ خۆیەتی)، بەڵام بۆ ئەم دونیایە خودا ھیچ بژاردەیەکی بۆ ستەمکاران نیە..

فەرمویەتی: فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر.{الكهف ٢٩}

بەڵام نەیوتوە: فمن شاء فليظلم ومن شاء فليعدل..

چونکە لە ئەنجامی ستەمدا کۆمەڵگا تێدادەچێت و ستەملێکراو و ستەمکار ناتوانن پێکەوە بژین و ستەمکار ڕێگا نادات ستەملێکراو ژیانی ھەبێت.. بەڵام لە سیستمێکی دادپەروەرانەدا خەڵک بە ئیمان و کوفرەوە پێکەوە دەژی..

خودا ھەڕەشەی لە کۆمەڵگا و وڵاتێک ناکات بە لە نێوچون، لە بەرئەوەی بەشێکی نوێژ یان ڕۆژوو ناگرێت..

بەڵام بۆ ستەمکاری ھەڕەشەی لەنێوچون لە ستەمکار و ستەملێکراو دەکات.. 

خودا دەفەرموێ : وَاتَّقُوا فِتْنَةً لَا تُصِيبَنَّ الَّذِينَ ظَلَمُوا مِنْكُمْ خَاصَّةً ۖ وَاعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ. {الأنفال ٢٥}

واتە: خودا فیتنەو ئافات تەنیا تووشی ئەوانە ناکات ستەمیان کردوە، تووشی ئەوانەش دەبێت ھاوکاری ستەمکاربون، تەنانەت ئەوانەش لەبەرامبەر ستەمدا بێدەنگیان ھەڵبژاردوە..

ڕەنگە کەسێک بڵێت: ئەو چیرۆکانەی لە قورئاندا ھەن لە ژیانی ئەمڕۆماندا نیە، نا یەمەن و لیبیاو سوریا نمونەی ئەمەبوون..

واتە: ھەموی پێکەوە دەسوتێت، چونکە ھیچ ستەمکارێک دروستنابێت ئەگەر خەڵکێک نەبێ قبوڵی نەکات.. ئەگەر خۆت پشتت دانەنێی کەس سواری پشتت نابێ..

ئەی کەی ڕودەدات؟

وَلَا تَحْسَبَنَّ اللَّهَ غَافِلًا عَمَّا يَعْمَلُ الظَّالِمُونَ ۚ إِنَّمَا يُؤَخِّرُهُمْ لِيَوْمٍ تَشْخَصُ فِيهِ الْأَبْصَارُ {ابراهيم ٤٢}

واگومان مه‌به که خوا بێ ئاگایه له‌و کاروکرده‌وه‌یه‌ی سته‌مکاران ده‌یکه‌ن، به‌ڕاستی خوا سزاکه‌یان دوا ده‌خات بۆ ڕۆژیك که چاوه‌کانیان تیایدا ئه‌بڵه‌ق ده‌بن..

حوکمی پشتیوانی ستەمکاران.

خودا بۆ تاوانی زۆر گەورە نەفرەتی بەکار ھێناوە..

{وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَىٰ عَلَى اللَّهِ كَذِبًا ۚ أُولَٰئِكَ يُعْرَضُونَ عَلَىٰ رَبِّهِمْ وَيَقُولُ الْأَشْهَادُ هَٰؤُلَاءِ الَّذِينَ كَذَبُوا عَلَىٰ رَبِّهِمْ ۚ أَلَا لَعْنَةُ اللَّهِ عَلَى الظَّالِمِينَ{ هود ١٨}

بۆیە سزای گەورە بۆ نەفرەت لێکراو و ئەوانەشە پشتیوانیان دەکەن..

خودای گەورە بەڕوونی وتوویەتی نە پشتیوانی ستەمکاران بکەن و نەپشتیشیان پێببەستن، چونکە سزاکەی ئاگری دۆزەخە..

دەفەرموێت: وَلَا تَرْكَنُوا إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ وَمَا لَكُم مِّن دُونِ اللَّهِ مِنْ أَوْلِيَاءَ ثُمَّ لَا تُنصَرُونَ.{هود ١١٣}

لە سورەتی (الأعراف) چەند شوێنێکی تردا باسی گفتوگۆی ستەمکار و پشتیوانی ستەمکاران کراوە، سزای شوێنکەوتەی ستەمکاران دوو قاتە، سزای ئەوەشی شوێنی کەوتوە دووقاتە. لە بری خۆی و ستەمەکانی و ئەوانەشی کە خەڵەتاندونی..

شوێنەکەوتوانی ستەمکاران لە بری تاوانی خۆیان و دروستکردنی ئەو ستەمکارانە، دوو جار سزا دەدرێن..

تاوانی ستەمکاران و پشتیوانەکانیان زۆر گەورەیە، لەبەرئەوەیە پاداشتی ئەوانەی کە تەنیا قسەی حەق بەرامبەر ستەمکاران دەکەن زۆرە، پێغەمبەر درودی خودای لەسەر بێت بە باشترین جیھاد ناوی ھێناوە: أفضلُ الجهادِ كلمةُ عدلٍ عند سلطان جائرٍ" رواه أبو داود، والترمذي، وقال: حديث حسنٌ..

گەورەی قسەی حەق…

گەورەی قسەی ڕاست بەرامبەر ستەمکار لەوێدایە.. ئەگەر کەسێک ئیماندار بێت بەرامبەر دەسەڵاتێکی ستەمکار قسەی راست بکات بۆ بەرگری لە مافی گشتی، پلەی شەهیدی هاوتای ئیمامی حەمزیە.. کە "سيد الشهداء" ە..

قال النبيُّ صلى الله عليه وسلم يوماً لأصحابه مُبيناً أهمية قول كلمة الحق: «سيد الشهداء حمزة، ورجل قام إلى إمام جائرٍ فأمره ونهاه فقتله»!

جابزانە زوڵم چ تاوانێکی گەورەیە!

راستە خودا لە قورئاندا ھاوبەشی دانانی بە ستەمی گەورە داناوە، ئەمە ستەمە لە نەفسی خۆت..

ستەمی دوەم بەرامبەر دەوروبەرتە لە خێزانت یان لە دوکانت دەیکەیت. ستەمی سێیەم لە ھەموو کۆمەڵگا دەکرێت ستەمی حوکمڕان و شوێنەکەوتوەکانیانن..

کەواتە:

کە نوێژ و ڕۆژوو دەکەیت باوەڕت وایە قورئانیش نێردراوی خودایە، چۆن پشتیوانی کەسێک دەکەیت دزی لە ھەموو کۆمەڵگا بکات، لەسەر مافی گشتی خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلار بن و ھەزاران ھەتیویش بێ گوزەران..

مەڵێ نازانم کێ ستەمکارە، چونکە چاو بکەیتەوە دەیبینیت، باوڕداڕی ڕاستەقینەش ھەمیشە پرسیار دەکات..

عبدالله ابن مسعود، خودای لێڕازی بێت دەڵێ: " لو أنّ أحدَكم عبدَ ربّه سبعين عاماً بين الكعبة ومقامِ إبراهيم ثم أتى يوم القيامة وهو يُحبُّ ظالماً، حُشر معه في نار جهنّم.

حەفتا ساڵ خودا پەرستی لەو شوێنە پیرۆزەدا بکەیت، ئەگەر ستەمکارێکت خۆش بوێت، لەگەڵ ئەو حەشر دەکرێیت..

ئەو موچە نایاسای و بندیوارەی وەریدەگریت بەشێکی گەورەی زوڵمە، چونکە لە پارەی گشتی بە ناڕەوا پێتدەدرێت، بۆ ئەوەی پشتیوانی ستەمکارێک بکەیت.

عەلی حەمە ساڵح



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif