ئاماژەکانی سەرهەڵدانەوەی بەعس لە عیراق

ليست هناك تعليقات



بڵێسە جەبار فەرمان
-
یەکێک لە خەسڵەتەکانی مرۆڤایەتی خۆ بەجیاواز زانین و خۆ بە باشتردانان و لە هەندێ رووەوە خۆسەپاندنە بەسەر کەسانی تردا.

ئەم خەسڵەتانە لە کوڕەکانی ئادەم و حەواوە سەری هەڵداوە و تا مرۆڤایەتی هەبێت بەردەوام دەبێت.

لە ئەزەلەوە ئەم جەدەلە هەبووە و جۆرێک بووە لە جەنگ و خۆسەپاندن و سڕینەوەی بەرامبەر.

ئەم جەنگەش لە قابیل و هابیلەوە کە کوڕی ئادەم و حەوا بوون دەستی پێکردووە. قابیل خۆی بە باشتر دادەنا و غیرەی ناخی بووە هۆی ئەوەی براکەی خۆی بکوژێت.

ئەم جەنگ و دژایەتییە لە تاکەوە گوازراییەوە بۆ گروپ و خێڵ.

دواتر خواستی جیاواز بوون و باشتر بوون لە نەتەوە و ئاین و ئاینزا جیاوازەکان لە چوارچێوەی حزبدا رێکخرا.

نازیی ئەڵمانی و نەتەوەیی فاشی ئیتالیا

لە مێژووی نزیکدا حزبی نازی ئەڵمانی و حزبی نەتەوەیی فاشیستی ئیتالی و حزبی ئەپارتایتی ئەفریقای باشوور، لە چەند نموونەیەکی ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەن.

حزبی نازییەکان هەموو ئەو کەسانەی کە بە دیدی ئەوان رەگەزی ئارین بە باشتر دەزانی لە هەموو رەگەزەکانی تر. ئەم شێوازی بیرکردنەوەیەی نازییەکان یەکێک بوو لە هۆکارەکانی هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم و لەناوچوونی 55 ملیۆن مرۆڤ لە هەموو نەتەوە و ئاینزاکان.

لە ئەفریقای باشوور حزبی ئەپارتایت دوای 100 ساڵ چەوساندنەوەی رەشپێستەکان بوونە هۆی لەناوبردنی هەزارەها مرۆڤی رەشپێست.

ئەم حزبانە توانیویانە ئەو خواستانەی لە مرۆڤ دایە بۆ خۆ بە باشتر زانین و چەوساندنەوەی بەرامبەر بەکاربهێنن و بیکەنە بەرنامە و نەهجی حزبەکانیان و لەو رێگایەوە سیاسەتی پاکتاوکردن پەیڕەو بکەن دژ بە لایەنەکانی تر .

قەدەغە کردنی نازییەکان

دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، لە رێگای یاساوە حزبی نازییەکانی ئەڵمانیا و فاشییەکانی ئیتالیا قەدەغە کران. 

لە ئەڵمانیا بە یاسا ناوی ئەدۆڵف و هیتلەر و هەندێک لەو کەسانەی ببوون بە کارەکتەری سەرەکی حزبەکەی هیتلەر قەدەغە کرا.

زۆرێک لەو ناوانەی کە لە رایخی سێیەم دەرکەوتبوون و بەشێک بوون لە سیاسەتی ئەو رژێمە، خێزانەکانیان ناچارکرا کە ناوی خێزانیان بگۆڕن و بەو شێوەیە ئەو ناوە دیارانەی مێژووی رایخی سێیەم بۆ هەمیشە لەناو چوون و سڕانەوە.

دەستەواژەکانی حزبی نازی و سروودەکانیان و هێماکانیان بە پێی یاسا قەدەغە کرا.

بۆ نموونە شوبهاندنی یەکێک بە هیتلەر یاخود شوبهاندنی هەڵسوکەوت و سیاسەتی حزبێک بە رایخی سێیەم بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

وشەی هۆڵۆکۆست بێجگە بۆ لە ناوبردنی یەهودییەکان بۆ هیچ شتێکی تر نابێت بەکار بهێنرێت.

کتێبی ماین کەمپف کە هیتلەر نووسەرەکەی بوو بە هەمان شێوە قەدەغە کرا.

نازییەکان ئێستا سەریان هەڵداوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی حزبی نازی بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، دوای 70 ساڵ لە لەناوچوونی ئەو حزبە لە زۆرێک لە هەرێمەکانی ئەڵمانیا سەریان هەڵدایەوە و توانیان بە ناوی جیاواز و شێوازی کارکردنی جیاواز کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن.

ئەم حزبە نوێیانە لە بیرکردنەوە و نەهجی سیاسی لە ژێر کاریگەری حزبی نازیدان بەڵام لە یاسا قەدەغە کراوەکان لانادەن و مۆڵەتی حزبییان هەیە.

ئەم حزبانە راستە مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام لە ژێر چاودێرییەکی زۆر توند دان و بە شێوازی دیموکراسیانە رێگری لە گەشەسەندیان دەکرێت.

هەربۆیە بەشداری سیاسیان لە چەند کورسییەکی پەرلەمانی تێناپەڕێت.

لێکچوونێک لە نێوان نازییەکان و بەعسییەکان

ئەگەر بێین و باسی عیراق و حزبی بەعس بکەین دەبینین کە لێکچوون هەیە لەگەڵ حزبە نازی و فاشیست و نەتەوەپەرستەکاندا.

حزبی بەعس لەو بڕوایەدا بوو کە نەتەوەی عەرەب باشترینی نەتەوەکانە و دەبێت بەسەر نەتەوەکانی تردا زاڵ بن، بۆ ئەم مەبەستەش ئایینی بۆ سەپاندنی بەرژەوەندییەکانی بەکاردەهێنا.

هەوڵی دەدا ئومەی عەرەبی یەک بخات و دروست بکات. 

بە دروشمی «أمة عربية واحدة ذات رسالة خالدة» هەوڵی سەپاندنی یەک حزب و یەک میللەتی دەدا. دژی فرە حزبی فرە بۆچوون بوو.

بەهەموو شێوەیەک دژەکانی خۆی لەناو دەبرد. بۆ ئەم لەناوبردنەش ئایەت و سورەتی قورئان و فتوحاتی ئیسلامی بەکاردەهێنا. سەرەتای دروستبوونی ئەم حزبە بە حزبێکی تاڕادەیەک چەپ ناسێنرا، بەڵام دواتر نەهج و بەرنامەی گۆڕدراو بوو بە حزبێکی نەتەوەپەرستی.

دوای روخانی رژێمی سەدام حسێن، حزبی بەعس هەڵوەشایەوە، بەڵام لەناو نەچوو.

بەعسییەکان پۆست و پلەیان هەیە 

هەندێک یاسا دژ بە حزبی بەعس دەرچوێنران لە پەرلەمانی عیراق و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام لە زۆر شوێنی عیراق ئەندامانی ئەم حزبە هەن و شانازی بە بیروبۆچوونیانەوە دەکەن. 

بە پێی یاسا ئەندامانی حزبی بەعس بۆیان نییە بەشداری ژیانی سیاسی وڵات بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش دەزگایەک پێکهێنراوە ریشەکێشکردنی بەعس یا لێپێچینەوە و دادوەری کە لە رابردووی ئەو کەسانە دەکۆڵێتەوە کە خۆیان بۆ پلە و پۆستی سێ دەسەڵاتەکەی حکومەت دەپاڵێون.

ئەوەی ئێستا لە عیراق و هەرێمدا بە دیدەکرێت پابەند نەبوونە بە یاسا و کەمتەرخەمی ئەم دەزگایانەیە.

ئەوەتا دەبینین هەندێک لە ئەندامانی حزبی بەعس و جاش و خۆفرۆشەکان لە ژێر قوبەی پەرلەمانن و لەناو دامودەزگای حکومەت و تەنانەت لە مەکتەب سیاسی حزبەکانیشدا هەن.

کەمتەرخەمییەکی زۆر هەیە لە لایەن هەردوو حکومەتەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی مێژوو.

نموونەی بوونی ئەندامانی حزبی بەعس و نەوەی بەعسییەکان زۆرن، بەڵام دەرکەوتووترینیان کتێبەکەی سوڵتان هاشم بوو لە پێشەنگای نێودەوڵەتی سلێمانی نمایشکرا و کوڕی سوڵتان هاشمە کە ئێستا لە پەرلەمانی عیراقە.

سوڵتان هاشم یەکێک بوو لە دڕندەترین کارەکتەرەکانی حزبی بەعس و سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفالی دەکرد.

سوڵتان هاشم وەزیری بەرگری ئەو کاتی رژێمی بەعس بوو، بە پلان و بەرنامە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدی دژی گەلی کورد دەکرد.

ئەمە مەترسییەکی گەورەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی بەعسە.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەوەیە ئەمانە نە خۆیان لە حزبی بەعس بێبەری کردووە و نە هەوڵیان داوە لە ژێر ناوی ترەوە خۆیان نوێبکەنەوە. 

زۆر بێشەرمانە و بێباکانە دەستیان بە سیاسەت و بانگەشە بۆ حزبی بەعس کردۆتەوە.

ئەوەی جێگای داخە کە ئێمەی کوردیش کەوتوینەتە ژێر کاریگەریی جوانکردنی روخساری بەعسی فاشی و بچوککردنەوەی تاوانەکانیان دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆسایدکردنی گەلەکەمان.

هەندێک لە حزبە ئیسلامییە سیاسیەکان پێیان باشە جێنوسایدی گەلەکەمان بە ناوی ئەنفالەوە بسڕنەوە لە دیدگای هەڵەی حەماسەتیان لەسەر سورەتی ئەنفال.

کە بەعس ئایین و دەزگاکانی دەوڵەتی بۆ رەوایەتیدان بە تاوانەکە بەکارهێنا، رۆژانە وشەی ئەنفال بۆ شتی لاوەکی بەکاردەهێنرێت و شوبهاندنی سیاسییەکان بە بەعسی و بەعس ئاسا لە ترسناکی و دڕەندەیی ئەو هێزە لە زهنییەتی تاکەکان کەم دەکاتەوە. 

پەند لە مێژووی گەلانی تر وەرناگرێ لەم رووەوە و لەسەر رێگای دووبارە بوونەوەی مێژوو و سەرهەڵدانەوەی بەعس کاردەکرێت.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif