کاریگەری ئابووری لەسەر ئەخلاقی تاك

ليست هناك تعليقات



سەردەشت محمد
-
واقعی ئابووری دەوڵەتی عێراق و کاریگەری ئەم واقعە لەسەر ئەخلاقی تاک ئەوەمان دەخاتە بەرچاو، کە ئەخلاقی تاک لە ڕووە ئابووریەکەوە راستەوخۆ پەیوەندی بە سەرچاوەی داهاتی نەتەوەییەوە هەیە.

مەبەست لە داهاتی نەتەوەیی ئەوەیە، کە داهاتی نەتەوەیی هەر وڵاتێک ئاستی ئابووری ئەو وڵاتە دەنوێنێت و ڕادەی پێشکەوتن و گەشەسەندنی دەردەخات، بە بەراوورد لەگەڵ وڵاتەکانی تردا.

بەپێی بودجەی ساڵی 2021، ئاشکرایە سەرچاوەی داهاتی دەوڵەتی عێراق (80٪)ی پێکهاتووە لە فرۆشتنی نەوت. واتە کەرت و سێکتەرەکانی دیکەی فەرامۆش کراوە! ئەگەر کەرتی کشتوكاڵ بە نموونە وەربگرین نەک ناتوانین وەک سەرچاوەیەکی ئابووری باش پشتی پێ ببەستین، بەڵکو پێویستیە ناوخۆییەکانیش پڕ ناکاتەوە و ئەم واقعە بۆ حکومەتی هەرێمیش ڕاستە.

بەشێوەیەکی گشتی ئەم ئابووریەی عێراق کە فرە چەشن نیە پێمان دەڵێت، کە حکومەت تەرکیزی لەسەر تاک و تواناکانی تاک نیە! حکومەت لە دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوتدا لە هەموو سێکتەرەکانی تر چالاکترە و لەڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە ژیانی دانیشتوانەکەی ڕێکدەخات. هەتا ئێرە مەبەستم بوو سەرچاوەی داهاتی تاک بخەمە ڕوو و پەیوەندی ئەخلاقی تاک گرێ بدەین بەو سەرچاوەی داهاتەوە.

پەیوەندی ئەخلاقی تاکی عیراقی لای دکتۆر علی وەردی لە دوو ڕوودا خۆی ئەنوێنێ. یەکێکیان یاخود بەشە کەمەکەی زادەی تێکۆشان و هەوڵی شەخصی تاکە، کە ئەمە لە ئێستادا لەلایەن مامۆستایانی ئاینی و ووتاربێژان و ڕاهێنەرانی گەشەپێدانی مرۆیی زۆر تەرکیزی دەکریتە سەر، کە بڕوایان وایە و دەڵێن پیویستە تاک خۆی بەرە پیش ببات یان خۆی چاک بکات و بێ ئاگان لەوەی، کە ئەخلاقی تاک بەشە گەورەکەی خۆی لە زادەی واقعە کۆمەلایەتییەکاندا دەبینێتەوە، واتە ئەو واقعە ئابووریەی کە تاک تیایدا دەژی!

بۆیە دکتۆر عەلی وەردی پێی وایە، کە سەرچاوەی ئابووری عێراق، وەک کۆمەڵگا کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر هەڵسوکەوتی تاک و بیرکردنەوەی تاک و ئەخلاقی تاک و هتد...

شارەزایانی بواری فەلسەفەی ئابووری پێیان وایە، ئەگەر هات و دەوڵەتێک ڕیژەیەکی زۆر لە ئابووریەکەی لە فرۆشتنی نەوت و غاز و سەرچاوە سروشتیەکانەوە دەست بکەوێت، تاکەکانی کۆمەڵگا ڕۆڵیان نابێت لە بەرهەم هێنانی داهاتی وڵاتەکەیان و، تاک بێ بەرهەم و بێ بایەخ و بێ سوود دەبێت و تاکەکان نرخی خۆیان لە دەست دەدەن! کە دوو جۆر لە داڕمان ڕوو لە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا دەکاتەوە:

داڕمانی یەکەم، خەڵک و تاک لای حکومەت نرخی نامیێنێت، واتە ئەگەر خەڵک هەبن یان نەبن، وڵات جێبهێڵن و ڕوو لە هاندەران بکەن یان بمێننەوە نە داهاتی وڵات بە خەڵک کەم دەکات، نە زیاد دەکات! بەڵکو ئەوەی داهاتی وڵات زیاد و کەم دەکات، بازاڕی جیهانی و زیادبونی نرخی نەوت و سوتەمەنیە!

داڕمانی دووەم، بریتیە لە داڕمانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگا وەک داڕمانێکی سایکۆلۆژی! تاک کاتێک هەست دەکات بەشدار نیە لە ئیش و کاردا، یان ئەگەر بەشداریش بێت، بە جدی کار بکات یان نەیکات هیچ بەرهەم زیاد ناکات، یاخود هیچ زەرەرێک ڕوونادات. تاک لەم جۆرە سیستەمە ئابووریەدا هەست دەکات ژیانێکی بە مانای نیە!

بۆیە گرنگە تاک ڕۆڵی هەبێت و سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت فرە چەشن بکرێت. کە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەخلاقی تاک، ئەخلاقی تاک بە مانا ڕۆژهەڵاتیەکەی نا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif