شەڕی ئۆکراینا جارێکی دیکە پرسی ئاسایشی ئەوروپای هێنایەوە بەرباس

ليست هناك تعليقات


وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، شەڕی ماریۆپۆل نموونەیەکی روونی ئەو جۆرە شەڕانەیە کە بە شەڕی گەمارۆکان ناسراوە و ئەو شارەی ئۆکرایناش نزیکەی یەک مانگە گەمارۆدراوە.

ژان لو دریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە 27-3-2022 لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دەوحە رایگەیاند، یەکێک لەو جۆرە تاکنیکانەی ئێستا لە جەنگدا بەکاردەهێندرێت بریتییە لە گەمارۆدانی ئەو شوێنانەی خەڵکیان تێدایە و ماریۆپۆلیش نموونەیەکی روونی ئەو شارانەیە بەو جۆرە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، گەمارۆدانی شوێنی ژیانی خەڵک تاکنیکێکی زۆر خراپی جەنگە، چونکە تێیدا هاووڵاتیانی سڤیل دەکوژرێن و لەنێو دەبردرێن.

ژان لو دریان ئاماژەی بە دۆخی شەڕی ئۆکراینا کرد و رایگەیاند، رووسیا لە بەرەی شەڕدا بە ئامانجەکەی نەگەیشتووە و جەختی لەوەشکردەوە کە بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆئەوەی لە رێگەی دیپلۆماسییەوە کێشەکە چارەسەر بکەن و کۆتایی بە شەڕەکە بهێندرێت.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناش کرد و گوتی، دەستپێکردنی ئەم شەڕە جارێکی دیکە پرسی ئاسایش و سەقامگیریی ئەوروپای هێنایەوە بەر باس.

لە 24ی مانگی شوباتدا هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە نەوەستاوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا یەکێکە لەو سەرکردانەی کە تەواوی هەوڵەکانی خستوەتەگەڕ بۆئەوەی شەڕەکە بوەستێت؛ ماکرۆن هەوڵی زۆریشی دا بۆئەوەی شەڕەکە هەڵنەگیرسێت، بەڵام لەو ئەرکەیدا سەرکەوتوو نەبوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif