تورکیا یاداشتنامەیەکى ناڕەزایی دەداتە عێراق

ليست هناك تعليقات



وەزارەتى دەرەوەى تورکیا هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراق لە ئەنقەرە بانگهێشت دەکات و یاداشتنامەیەکى ناڕەزایی پێدەدات، ئەوەش لە بەرامبەر کاردانەوەى چەند رۆژى رابردووى حکومەتی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنى سەربازیى تورکیا لەنێو هەرێمی کوردستان. 

21ـى نیسانى 2022، ئانژۆ بیلگیچ، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەڵسوڕێنەرى کاروبارى باڵیۆزخانەى عێراقیان لە ئەنقەرە بانگهێشتى ئەو وەزارەتە کردووە و یاداشتننامەیەکى ناڕەزاییان پێداوە، ئەوەش لە بەرامبەر کاردانەوەى بەرپرسانى حکومەتى عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی سوپاى تورکیا بۆسەر پێگەکانی پارتى کرێکارانى کوردستان - پەکەکە لە نێو هەرێمى کوردستان. 

گوتەبێژەکەى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا دەڵێت، پێشتر زۆر هەوڵیانداوە بۆ هەبوونی هاوئاهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە و ئۆپەراسیۆنەکانی دیکەش، بەڵام وەڵامێکى گونجاویان دەستنەکەتووە و دەشڵێت: "هەروەک چۆن پەکەکە مەترسییە بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانیى تورکیا، ئاواش بۆ سەر یەکپارچەیی خاکى عێراق مەترسییە".

وەزارەتى دەرەوەى تورکیا رایگەیاندووە، ئەو هەنگاوە وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بانگهێشتکردنى عەلی رەزا کوناى، باڵیۆزى وڵاتەکەیان لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى عێراقەوە بووە. 

18ـی نیسانی 2022 سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆنى وشکانی و ئاسمانى لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤەشین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. 

دوای ئەوە وەزارەتی دەرەوەى عێراق ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەى تورکیا دەربڕى و بە پێشێلکردنى سەروەریی خاکى عێراق ناویبرد. 

تورکیا دەڵێت، ئەو هەنگاوەی بەگوێرەى ماددەى 51ـى جاڕنامەى نەتەوەیەکگرتووکانە بۆ بەرگریکردن لە خۆى و دەشڵێت: "سەرەڕاى بێئەنجامى هەوڵەکانمان بۆ هاوئاهەنگى لەگەڵ عێراق، تورکیا ئامادەى هاریکارییە لە دژى تیرۆر".


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif