نەخۆشخانە گەورەكە

ليست هناك تعليقات

 



فارس نەورۆڵی
-
نەخۆشیە کوشندەکان و نەخۆشخانە گەورەکە! 
جەستەی مرۆڤ هەمیشە لەبەردەم ئەگەری نەخۆش كەوتن و لەدەستدانی ئەندامەكانیدایە، هەر بۆیە مرۆڤ هەر لە ژیانی سەرەتاییەوە بۆ ئێستا هەمیشە یەكێك لە خەمەكانی گەران و بیركردنەوەیە لە چارەسەری هەر نەخۆشیەك كە جەستە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش وای کردوە زانستی پزیشکی لە پێشکەوتنی بەردەوام دابێت، تا ئەوڕادەیەی هەرئەندامێکی جەستەی مرۆڤ پسپۆری لەسەر وەرگیراوە تا ئاستی جوانکاری لەڕوخساری مرۆڤ دا.

بەڵام ئەونەخۆشییەی تائێستا چارەسەری نەکراوە و دەكرێت وەك هەر نەخۆشیەكیتر زیانی گەورە لە تاك و كۆمەڵگەش بدات ئەویش نەخۆشیەكانی ئەخلاقە و ئەقڵ و بیرکردنەوەیە، نەخۆشی ئیرەیی و چەندڕوییە. 

ئەم نەخۆشییە ترسناکە ڕۆژ بەڕۆژ لە فراوانبوندایە و هێندە تەشەنەی کردوە کۆمەڵگای کردوەتە نەخۆشخانەیەکی گەورەی بێ چارەسەر، ئەی ئەوەنیە:

۱. بەشێک لەمرۆڤەکان ئەوەندە چاودێری ئەوانی دیکە دەکەن، ئەوەندە سەرقاڵی ئەوانی دیکەن، نیوهێندە ئەوەندە ئاگایان لەخۆیان نیە.
بۆیە هەمیشە نا ئارام و قەلەقن، گاریگەری لەسەر نائارام کردنی ئەوانی دیکە دروست دەکات، ئەی مەگەر ئەمە نەخۆشی نیە؟ 
۲. لەجێگایەک لە کۆبونەوەیەک یان لە مەجلیسێکدا دانیشە ئەوەندە موجامەلەی یەکدی دەکەن دەڵێی لەدورگەی دور لەدرۆدا دەژین. هەرئەوەندەیەکێکیان لە دانیشتنەکە دورکەوتەوە ئیدی زمانی بەدی هەمووی لێدەکەوێتە کار، ئەمەنەخۆشی نیە چییە؟ 
۳. پۆستێک لە فەیسبوک دابنێ، بێ ئەوەی بیخوێننەوە جوێن بارانی دەکەن، ئەمە نەخۆشی نیە چییە؟ 
۳. ناتوانی قسەیەک بکەیت هەر لەمەجلیسەکەدا ترش وخوێی دەکەن و بەمەسج دەینێرن بۆچەند کەسی دیکە وەک ئەوەی قسەت بۆڕەشەبا کردبێ و ئەویش دەیگوازێتەوە بۆهەمودرەختەکان، ئەمە نەخۆشی نیە چییە؟ 
٤. مۆبایلێکی بەدەستەوەیە لەبری ئەوەی وێنەی مانادار بچرکێنێ تەنها لە بۆسەدایە بۆ ئەوەی وێنەیەکی نامۆ بەکۆمەڵگای ئەوی دیکە بچرکێنێ و بینێرێ بۆزۆرترین شوێن بۆشکاندنی ئەوی دیکە، ئەمە نەخۆشی نیە چییە؟ 

٥. کەچاوی پێت دەکەوێ بەزمانی گوڵ قسەت بۆدەکات هەرکەدورکەوتیتەوە زمانی دەبێتەدڕک ئەمەنەخۆشی نیە چییە ..

لێكەوتەی ئەو دیاردانەی سەرەوە كاریگەری نەرێنیان لەسەر جەستەی كۆمەڵگە زۆر زیاترە لەو نەخۆشیە ئاساییەكانی جەستەی مرۆڤ كە تاك گیرۆدەدەكەن، دواجار گیرۆدەبوونی كۆمەڵگە بە هەندێك نەخۆشیەوە تەواوی كایەكانیتریش پەك دەخەن

بۆیە ئەم جۆرە نەخۆشیانە بەئاسانی چارەسەر ناکرێن و لە چوارچێوەی پسپۆریەكانیشدا نین و نەشخراونەتە چوارچێوەی نەخۆشی دەروونی ئەگەرچی هەموو ئەو خاسیەتانەی سەرەوە باسكران جۆرێك لە نەخۆشین و پێویستیان بە چارەسەر هەیە چونکە لە هەر کۆمەڵگایەک زۆرینە بوونە هەڵگری ئەم نەخۆشیانە ئەوە دەکرێ پێی بوترێت نەخۆشخانەگەورەکە!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق