بۆریس جۆنسن: دەستبەرداری 'ئالوودەبوون' بن بە وزەی رووسیا

ليست هناك تعليقات



بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، سەرکردەکانی رۆژئاوا هەڵەیەکی مەترسیداریان کرد کاتێک هێشتیان پووتین لە لکاندنی کریمیا بە وڵاتەکەی، بەبێ سزا تێپەڕببێت و زیاتر پشتیان بە نەوت و گازی رووسیا بەست.

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەشڵێت، "کاتێک پووتین لەکۆتاییدا دەستی بە جەنگە قێزەونەکەی کرد لە ئۆکراینا، دەیزانی کە جیهان ناتوانێت بە ئاسانی سزای بدات".

ئەمڕۆ 19ـین رۆژی دەستپێکردنی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینایە، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بەو جەنگە، بەڵام هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون. ئەوەش ئاوارەبوونی ئۆکراینییەکانی زیاتر کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکاریی رووسیا لە ئۆکراینا، زیاتر لە سێ ملیۆن ئۆکراینی ئاوارەی وڵاتان بوون و لەو ژمارەیەش نیوەیان منداڵانن.

بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تاوەکو ئەوکاتەی رۆژئاوا لەڕووی ئابوورییەوە پشت بە پووتین ببەستێت، ئەویش هەرچی لەدەستی بێت بۆ قۆستنەوەی ئەو پشت پێبەستنە دەیکات.

لەکۆتایی قسەکانیدا، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دان بەوەدا دەنێت دەستبەرداربوونی رۆژئاوا لە نەوتی رووسیا "ئازاربەخش" دەبێت.

لێدوانەکەی جۆنسن بەر لە چەند رۆژێک لە سەردانەکەی بۆ سعودیە دێت، کە بڕیارە لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆببێتەوە و باس لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمی نەوتی سعودیە بۆ شوێنگرتنەوەی نەوتی رووسیا بکەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif