گفتوگۆی ناو ئۆتۆمۆبێلەکە

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی 
-
زۆرجار لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی سیاسی و کۆمەڵایەتی نائاسایدا جوڵەیەک و کردارێکی ئەرێنی و ئەقڵانی و ئاسایی مانادار، دەتوانێ دۆخە لە گرژیەوە بگۆڕێت و سەردێڕی هەواڵەکان بکاتەوە بە دڵخوازی خەڵك. لێرەوە کەشێکی ئارام دەڕەخسێت تا دۆزینەوەی ڕێگایەکی هاوبەش، لەم دۆخەدا خەڵک چاوەڕێی کرداری سەرکردانەن بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی گەر مامەڵەیەکی دروستی لەگەڵ نەکرێت مەترسیدارە، ئەمەش پێویستی بە هەنگاوێکە کە دڵنیایی بداتە خەڵك، 




وەک دەڵێن، لە پشت هەر وێنەیەکەوە چیرۆکێک هەیە، بۆیە کاتێك سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئۆتۆمۆبێلەکەی خۆی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەباتەوە فڕۆکەخانەو جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی لەتەکدایە، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە دەکرێ لەکەشێکی دۆستانەدا باسیان لە مەترسییەکان و چارەسەری کردبێت لەدەرەوەی پرۆتۆکۆڵ و ڕەسمیاتی سەر مێزی گفتوو گۆ، کاتێك سێ کەس لە ئۆتۆمبێلێکدا دەبن ڕەنگە گرنگترین قسەکان دۆستانەتر بدەن بە گوێی یەکدیدا و هەر ئەو قسانەش دەبنە قسەی دڵ، دڵێك کە دەخوازێت خەڵکەکەی بگاتە کەناری دڵنیایی، 




دەرکەوتنی ئەم وێنە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان حیکایەتێکی جوان بۆ خەڵک باس دەکات، پێماندەڵێت لەو کاتەی جیاوازیەکان فراوان دەبن و دۆستەکان لێك دوور دەکەونەوە، هونەری سەرکردایەتیکردن دەرگا داخراوەکان دەکاتەوە و تەپوو تۆزی سەر دڵەکان دەتەکێنێ و چەندین دەرگا بۆ دۆستایەتی و چارەسەر دەخاتە سەر پشت، سەرۆکی هەرێمیش هەر وایکرد، بە دەم شۆفێریکردنەوە بە خەڵکی وت: هەرچەندە بەربەستەکان سەختبن دەتوانین بۆ دوورترین ڕێگا بڕۆین و ئاراستەی ڕێگاکان بکەین و ورد ورد ڕێ بكەین، پێی وتین هەندێك جار متمانە لە سەرزەمینی گفتووگۆ سادەکاندا سەوز دەبێت و دەبێتە پانتایی پێکەوەژیانێکیتر.




نێچیرەڤان بارزانی جیاواز لە هەموان، زۆر ئاسان ئەو گرێیانە بەدەست دەکاتەوە کە کەوتوونەتە ددانەکان، ئیدی ئەوە پێناسەی یارو نەیارە بۆ ئەو، کە دەتوانێ بە جوڵەیەك هیوا بگێڕێتەوە، هەر ئەو هیوایەیە کە لە ئێستادا خەڵك پێیوایە گفتوگۆی ناو ئۆتۆمۆبێلەکە بەشێك لە بەربەستەکان دەشکێنێ و هێزەکان بە متمانەیەکی زیاترەوە لەسەر مێزی گفتووگۆکان کۆدەکاتەوە تا پێکەوە نەخشەڕێی وەرزێکیتری ئارامی دابڕێژن، چ لە عێراق و چ لە هەرێم.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق