علی حەمە ساڵح هەموو شتێکی ئاشکراکرد

ليست هناك تعليقات


عه‌لى حه‌مه‌ساڵح هه‌موو ڕاستیه‌كانى دابه‌شنه‌كردنى موچه‌ى ئاشكراكردو جه‌ختیشیكرده‌وه‌، مانگى ڕابردوو هه‌روه‌ها ئه‌م مانگه‌ش، داهات زۆر زیاتر بووه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى پێویسته‌ بۆ دابه‌شكردنى موچه‌، ده‌شڵێت:"به‌حساباته‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌ت بێت، هێشتا پاره‌ زۆر زۆره‌، به‌ڵام موچه‌ دابه‌شناكه‌ن".
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێرى شارپرێس ئاماده‌یبوو ڕایگه‌یاند، "به‌داخه‌وه‌ حه‌زم ده‌كرد ئه‌م به‌ڵگانه‌ له‌په‌رله‌مان باسبكه‌م، به‌ڵام په‌رله‌مان ئاماده‌نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌بكات‌و به‌رپرسانى حكومه‌تیش ئاماده‌نیین بێنه‌ په‌رله‌مان‌و ڕونكردنه‌وه‌ بده‌ن".

وتیشى:"ئه‌مڕۆش كه‌ حكومه‌ت كۆده‌بێته‌وه‌، به‌ناوى خه‌ڵكى كوردستانه‌وه‌، ئه‌م به‌ڵگه‌و زانیاریانه‌ ده‌خه‌مه‌ڕوو به‌هیواى ئه‌وه‌ى وه‌ڵامێكى جدییان بۆ ئه‌م به‌ڵگانه‌ هه‌بێت كه‌ ده‌یانخه‌مه‌ڕوو، چونكه‌ نه‌ك موچه‌، به‌ڵكو ده‌توانرێت پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزاریش جێبه‌جێبكات".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكراشیكرد، "مانگى ڕابردوو 12 ملیۆن‌و 443 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت كه‌ ڕۆژانه‌ 444 هه‌زار به‌رمیل ده‌كات، به‌ 18 كه‌شتى باركراوه‌و فرۆشراوه‌و له‌41% بۆ ئیتاڵیا بووه‌و 14%ى بۆ یۆنان‌و 13%ش بۆ بولغاریاو 8%یشى بۆ ئیسپانیا چووه‌".

زانیاریی زیاترى ئاشكراكردو وتى:"تێكڕاى نرخى نه‌وتى برێنت بۆ مانگى ڕابردوودا 97 دۆلار بووه‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان به‌(-9) فرۆشتووه‌، هاوكات 175 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هى كێڵگه‌ى خورمه‌ڵه‌یه‌، كه‌ له‌39%ى نه‌وته‌كه‌ ده‌كات، هیچ كۆمپانیایه‌كى بیانیی لێ نییه‌، به‌كرێى بۆریی‌و داشكاندن‌و به‌هه‌موو مه‌سروفاتێكه‌وه‌ 25 دۆلار ده‌ڕوات كه‌ چوار ئه‌وه‌نده‌ى نه‌وتى كه‌ركوكه‌".

عه‌لى حه‌مه‌ساڵح ئه‌وه‌شى وت:"ته‌نها داهاتى خورمه‌ڵه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 352 ملیۆن دۆلار، وه‌كو وتم هیچ كۆمپانیایه‌كى بیانیی لێ نییه‌ به‌شێكى پاره‌كه‌ى بۆ چووبێت، به‌ڵكو ته‌نها كۆمپانیاى كار له‌وێ كارده‌كات، كه‌ له‌2007وه‌ ئه‌و له‌و كێڵگه‌یه‌ كارده‌كات، ماناى تێدایه‌ ته‌نها خورمه‌ڵه‌ 352 ملیۆن دۆلار بێت‌و به‌هه‌موو نه‌وتى هه‌رێمیش بوترێت 350 ملیۆن دۆلار له‌داهاتى نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "به‌گوێره‌ى قسه‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمیش بێت كه‌ به‌شێكى زۆر له‌پاره‌كه‌ بۆ كۆمپانیاكان ده‌چێت، هێشتا 271 ملیۆن دۆلار داهاتى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌، واته‌ به‌گشتى ته‌نها پاره‌ى نه‌وت 915 ملیار دینار بووه‌، له‌كاتێكدا موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران 874 ملیارى پێویسته‌، به‌گشتیش له‌مانگى ڕابردوودا 40 ملیار دینار پاره‌ زیاده‌ له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، ئه‌ى داهاتى ناوخۆ چى به‌سه‌رهات؟".

ئاماژه‌ى به‌داهاتى ئه‌م مانگه‌ش كردو ڕایگه‌یاند، "بۆ ئه‌م مانگه‌ش به‌گوێره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌كان تێكڕاى نرخى نه‌وتى برێنت 125 دۆلار كه‌متر نابێت بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، به‌مه‌ش نه‌وتى خورمه‌ڵه‌، 100 دۆلار له‌هه‌ر به‌رمیلێك ده‌مێنێته‌وه‌، واته‌ به‌گشتیی ده‌كاته‌ 525 ملیۆن دۆلار، كێڵگه‌كانى تروز به‌حساباته‌كانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمیش بێت، دیسانه‌وه‌، كۆى گشتى پاره‌كه‌ كه‌ بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ 418 ملیۆن دۆلار ده‌كات، هه‌ر به‌گوێره‌ى حساباته‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تیش بێت، داهاتى ئه‌م مانگه‌ 500 ملیار دینارى زیاتره‌ له‌موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، دیسانه‌وه‌ ده‌ڵێم ئه‌ى داهاتى ناوخۆ؟".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق