قەیرانی ئۆکرانیا چۆن کۆتایی دێت

ليست هناك تعليقات



باسکردنی خەڵک بەگشتی لەسەر ئۆکرانیا دەربارەی پێکدادانەکە، بەڵام ئایا ئێمە دەزانین بەرەو چی دەڕۆین؟ لەژیانمدا چوار شەڕم بینیوە کە بەپەرۆشی‌و گورجوگۆڵی گەرم‌و پشتگیریی خەڵک دەستیانپێکردوە، بۆ هەر هەمویان نەمان دەزانی چۆن کۆتایین دێت. لەسێ لەو شەڕانەی کە پشگیریمان کرد تاکلایانە کشاینەوە. گرنگی سیاسەت لەوەدایە چۆن کۆتایی دێت نەک چۆن دەستپێدەکات.

زۆرجار پرسی ئۆکرانیا وەک پرسێکی یەکلاکەرەوە خراوەتەڕوو، ئایا ئۆکرانیا لەگەڵ ڕۆژهەڵات یاخود ڕۆژئاوادا دەبێت، بەڵام ئەگەر ئۆکرانیا ئەیەوەێت بمێنێت‌و گەشە بکات نابێت پۆستی لایەک بێت دژ بەلایەنەکەی تر، بەڵکو وەک پردێك لەنێوانیاندا کاربکات.

گەر ڕوسیا بیەوێ ئۆکرانیا بەناچاری بکاتە دەوڵەتێکی پاشکۆی خۆیی‌و جارێکی تر سنورەکانی ڕوسیا بگۆڕێت، مۆسکۆ خولەکانی مێژوی خۆی دەربارەی فشاری دولایەنە لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریکا بەناچاری دوبارە دەکاتەوە.

دەبێت ڕۆژئاوا لەوە تێبگات کە ئۆکرانیا هیچکات بۆ ڕوسیا نابێتە وڵاتێکی بێگانە، مێژوی ڕوسیا لەوەو دەستپێدەکات کە پێی دەڵێن کیڤان_ ڕوس، ئیمان‌و ئاینی ڕوسی هەر لەوێوەوە بڵاوبۆتەوە، ئۆکرانیا چەندین سەدەیە بەشێک بوە لەڕوسیاو مێژویان لەگەڵ یەکتر بەچروپڕی تێکەڵاو بوە، بەشێک لەشەڕە گرنگەکانی بۆ ئازادی ڕوسیا، کە بەشەڕی پۆڵتاڤا لەساڵی 1709 دەستیان پێکرد، لەسەر خاکی ئۆکرانیا ڕویانداوە.

کەشتیگەلی سەربازیی دەریای ڕەش – ئامرازێکی ڕوسیە بۆ هێزو نفوزی لەدەریای سپی ناوەڕاست، لەبەندەری سێڤاستۆپۆلو سەر نیمچە دورگەی قرم جێگیر بوە، تەنانەت یاخیبوە ناودارەکانی وەک Aleksandr Solzhenitsyn و Joseph Brodsky پێداگریان دەکرد لەوەی ئۆکرانیا بەشێکی ڕەسەنی مێژوی ڕوسیا بوە.

یەکێتی ئەوروپا دەبێت دان بەوەدابنێت کە خاوخلیچکی بیرۆکراسی‌و بەکارهێنانی پرسە ستراتیجیەکان بۆ مەرامە سیاسیە ناوخۆییەکانیان لەدانوستاندنەکاندا دەربارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئۆکرانیا بۆتە هۆکارێک کە دانوستاندنەکان بەقەیران بکات، چونکە سیاسەتی دەرەوە هونەری دروستکردنی ئەوەلیەتەکانە.

ئۆکرانیەکان خۆیان یەکلاکەرەوەی چارەنوسیانن، لەوڵاتێکدا دەژین کە مێژویەکی ئاڵۆزو فرە پێکهاتەی هەیە، بەشی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا لەساڵی 1939 کاتێک ستالین‌و هیتلەر زەویەکانیان دابەشکرد خرایەسەر یەکێتی سۆڤیەت.

نیمچە دورگەی قرم کە لە60% دانیشتوانەکەی ڕوسن، لەساڵی 1954 بوە بەشێکی ئۆکرانیا، نیکیتا خرۆشۆڤ، لەدایکبوی ئۆکرانیا، وەک بەشێک لەیادکردنەوەی 300 ساڵەی ڕێکەوتنی ڕوسیا لەگەڵ قەوقاز پاداشتیدایەوە. بەشی زۆری ڕۆژئاوایی ئۆکرانیا کاپۆلیکن ئۆکرانی قسەدەکەن، بەشی زۆری ڕۆژهەڵات ئۆرپۆدۆکسی ڕوسین‌و ڕوسیش قسەدەکەنی.

هەر هەوڵێک لەلایەن یەک لایەنی ئۆکرانیا بۆ باڵادەستی بەسەر لایەنەکەی تردا
(کە بۆتە نەریتێک) دەبێتە هۆکاری شەڕی ناوخۆو پارچەپارچەبونی ئۆکرانیا، مامەڵەکردنی ئۆکرانیا وەک بەشێک لەململانێی (ڕۆژئاوا - ڕۆژهەڵات) بۆ دەیان ساڵ ڕێگردەبێت لەبەردەم ئەوەی ڕوسیاو ڕۆژئاوا – تایبەت ڕوسیاو ئەوروپا – سیستەمێکی هاوکاری نێودەوڵەتی پێکەوەیی پێكبهێنن.

ئۆکرانیا بۆ 23 ساڵە سەربەخۆیە، پێشتر لەسەدەی 14وە لەژێر جۆرێک لەدەسەڵاتی دەرەکیدا بوە، جێگەی سەرسوڕمان نییە کە سەرکردەکانی فێری هونەری کۆمپرۆمی (سازش) نەبون‌و کەمتریش لەمێژوو فێری ئەگەرە سیاسیەکان بون. سیاسەتەکانی دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا ڕاشکاوانە پیشانیدەدەن کە هەوڵەکانی سیاسەتمەدارەکانی ئۆکرانیا بۆ سەپاندنی خواستیان بەسەر بەشە یاخیبوەکانی وڵاتەکە ڕەگی کێشه‌کەیە، جارێک لەم لایەن‌و جارێکی تر لەلاکەی ترەوە.

ئەمە کرۆکی سەرەکی ململانێی نێوان Viktor Yanukovych وYulia Tymoshenko کە ڕکابەری سیاسی سەرەکی یەکتر بون، ئەم دوو زاتە نوێنەرایەتی دو باڵەکەی ئۆکرانیا دەکەن‌و نەیان ویستوە دەسەڵات لەنێوان خۆیان دابەشبکەن، سیاسەتی ئەقڵانی ئەمریکا بەرامبەر بەئۆکرانیا، گەڕانە بەدوای ڕێگەیەکدا تا دوو بەشەکەی ئۆکرانیا هاریکاری یەکتربن. دەبێت ئێمە بەدوای تەباییاندا بگەڕێین نەک دەسەڵاتی ڕەهای لایەنێکیان بەسر ئەوی تردا.

ڕوسیاو ڕۆژئاوا، لای کەمی هێزە جیاوازەکانی ئۆکرانیاش، ئیشیان لەسەر ئەم پرەنسیپە نەکردوە، هەر یەکێکیان دۆخەکەیان خراپتر کردوە. ڕوسیا بێئەوەی خۆی ڕوبەڕوی دابڕان نەکات ناتوانێت چارەسەری سەربازیی بسەپێنێت لەکاتێکدا زۆربەی سنورەکانی ڕوسیا ئارام نین. بۆ ڕۆژئاواش بەشەیتانکردنی ڤلادیمیر پوتین سیاسەتکردن نییە، ئەم بەشەیتانکردنەش پاساوێکە بۆ غیابی سیاسەتێکی ڕون‌و ئاشکرا.

دەبێت پوتین لەوە تێبگات، هەرچەندە تورەش بێت، کە سیاسەتی سەپاندنی سەربازی شەڕێکی ساردی تڕ دروستدەکات. دەربارەی پشکی ئەمریکاش پێویستە وەک لادەرێک مامەڵەی ڕوسیا نەکات کە هێدی هێدی پوتین فێری ئەو ڕێسا قورسانە بکات کە واشنتۆن خۆی دایڕشتون.

پوتین ستراتژیستێکی جدیە، تێگەیشتنی بۆ نەفسیەت‌و بەهاکانی ئەمریکا بەهێزنییە، هەروەها داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکاش تێگەیشتنیان بۆ مێژوو نەفسیەتی ڕوسیا بەهەمانشێوە بەهیز نییە.

سەرکردەکانی هەردولا دەبێت بگەڕێنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکان نەک ڕکابەری بکەن بۆ هەڵوێست وەرگرتن. لێرەدا تیبینیەکانم دەربارەی ئاکامەکانی کێیبڕکێ لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی‌و بەهاکانی هەمولایەنەکان ئەخەمەڕوو:

* ئۆکرانیا مافی هەیە بەئازادی پەیوەندیە ئابوری‌و سیاسیەکانی بەئەوروپاشەوە هەڵبژێریت.
* نابێت ئۆکرانیا ببێت بەئەندامی ناتۆ، حەوت ساڵ پێشتر کە پرسەکە باسکرا هەمان هەڵوێستم هەبوو.
* ئۆکرانیا ئازادە بۆ دیاریکردنی ئەو حکومەتەی کە خەڵکەکەی بڕیاری لێئەدات.
سەرکردە ئاقڵەکانی ئۆکرانیا کار بۆ ئاشتبونەوەو بەیەکەوە ژیانی بەشە جیاکانی وڵاتەکەیان بکەن، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پێگەیەک هەڵبژێرن لەوەی فنلاند بچێت، نابێت ئۆکرانیا دەربارەی سەربەخۆیی‌و کاری هاوبەش لەزۆر بواردا لەگەڵ ڕۆژئاوا هیچ گومانی هەبێت، خۆشی لەدوژمنایەتیکردنی سیاستەماتیکی ڕوسیا بەدوربگرێت.
* لکاندنی نیمچە دورگەی قرم بەڕوسیاوە لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئێستای دۆخی دونیا نەگونجاوە، دەکرێت پەیوەندی قرم لەگەڵ ئۆکرانیا لەسەر زەمینەیەکی توندو ڕەق نەبێت. بۆ ئەو مەبەستە دەبێت ڕوسیا دان بەسەروەری ئۆکرانیا بەسەر نیمچە دورگەی قرمدا بنێت، دەبێت ئۆکرانیاش لەهەڵبژاردنێکدا بەئامادەبونی چاودێرە نێودەوڵەتیەکان ئۆتۆنۆمی ئەو نیمچە دورگەیە بەهێزتر بکات.

ئەم پرۆسەیە نابێت پێگەی پێگەی کەشتیگەلی سەربازی دەریای ڕەش لەسێڤاستۆپۆڵ لەخۆبگرێت‌و نابێت دو پێوانەیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

ئەمانە پرەنسیپن نەک ڕەچەتە:
ئەوکەسانەی شارەزای ناوچەکەن دەزانن کە بەشێک لەلایەنەکان ئەم خاڵانەیان بەدڵ نییە، تاقیکردنەوەکە بۆ ڕازیکردنی ڕەها نییە، بەڵکو بۆ ناڕازیەکی هاوسەنگە، ئەگەر بەشێک لەچارەسەرەکان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانە یا هاوشێوەی نەگاتە ئامانج، هەڵچون بەرەو پێکدادانەکان خێراترو زوتر دێت‌و ڕوئەدەن.

نوسینی: هێنری کیسنجەر
وەرگێڕانی بۆ کوردی: چیا عەباس
سەرچاوە: واشنتۆن پۆست

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق