دواین دیداری دكتۆر یوسف محمد

ليست هناك تعليقات



یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چ ئه‌نجامدانه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد، یاخود دواخستنی هەڵبژاردنەکان، یا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەم کۆمسیۆنەی ئێستاوە له‌ هه‌رێمی كوردستان دەتوانرێت لەبەردەم دادگای فیدراڵی تانە لە کۆی سیستمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان بدرێت".


یوسف محەمەد، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگەیاند: "ده‌توانم بڵێم سێ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی هه‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، یه‌كه‌م، كه‌ سه‌ره‌كیترینیانه‌، نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێزه‌ بۆئه‌وه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بچه‌سپێنرێت و حوكم له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌شێوه‌ی دیموكراسی بێت و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت،‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندایه‌ بڕوای به‌ هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد به ‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا نییه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ ساڵی 1992 وه‌ كه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدراوه‌ تا ئێستا هیچ هه‌ڵبژاردنێكی هه‌رێمی كوردستان چ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بێت یان چ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بێت، هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هیچ هه‌ڵبژاردنێكیان له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام نه‌دراوه،‌ ئه‌مه‌ به‌رستی یه‌كه‌می نه‌بوونی دیموكراسی راسته‌قینه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هەروەها‌ نه‌بوونی ئیراده‌یه‌كه‌ بۆ سه‌رخستنی دیموكراسی راسته‌قینه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان".

وتیشی: "به‌ربه‌ستی دووه‌م بریتیه‌ له‌ بوونی یاسایه‌كی خراپ بۆ هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ یاساكه‌ بۆ سه‌رده‌می 1992 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ندێك هه‌مواكردنه‌وه‌ی كه‌م له‌ڕووی سیسته‌می هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی تیادا كراوه‌ واته‌ بۆنموونه‌ پێشتر لیسته‌كه‌ داخراو بووه‌ و كراوه‌ به‌ لیستی نیمچه‌ كراوه‌ ئه‌گه‌رنا هیچ گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی تیادا نه‌كراوه‌ به‌ڵكو (تعقیدات) ی زیاتر كراوه‌ واته‌ به‌ئاراسته‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد و نوێنه‌رایه‌تی كردنی ده‌نگی خه‌ڵكدا نه‌ڕۆیشتووه،‌ ئه‌م یاسایه‌ش دیسانه‌وه‌ خۆی بۆخۆی له‌مپه‌ره‌ بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت، له‌مپه‌ری سێیه‌میش، بریتیه ‌له‌وه‌ی ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ماوه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی هاتووه‌، ئێستا ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمیسیاران ویلایه‌تیان كۆتایی پێهاتووه‌ و هیچ سیفه‌تێكی فه‌رمیان نییه‌ واته‌ نه‌په‌رله‌مان جارێكی تر دایناونه‌ته‌وه‌ نه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌نێكی كۆمیسیارانی تازه‌ بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن دروست بكرێت".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەم به‌ربه‌سته‌ یاساییه‌ كه‌ هیچ سیفه‌تێكی یاساییان نییه‌ وه‌كو ئاماژه‌ت پێكرد ویلایه‌تیان كۆتایی پێهاتووه‌ كه‌واته‌ ناتوانن له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن ئایا ده‌بێته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ پوچه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ و ئه‌نجامه‌كانی؟

یوسف محەمەد وتی: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا ویلایه‌ته‌كه‌ی كۆتایی پێ هاتووه‌، ویلایه‌تی كۆمسیۆن بۆماوه‌ی پێنج ساڵه‌و ئێستا كۆتایی پێ هاتووه‌، له‌ یاساكه‌دا سه‌قفی دانه‌ناوه‌ بۆئه‌وه‌ی چه‌ندجار ئه‌ندامانی كۆمسیۆن بتوانن به‌رده‌وام بن، به‌ڵام هه‌رجاره‌ی كه‌ به‌رده‌وامی به‌ ئیشوكاریان بدرێت پێویست ده‌كات له‌ په‌رله‌مانی كوردستان جارێكی تر بڕیاریان بۆ ده‌ربچێت ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ تا ئێستا، بۆیه‌ ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌م پێكهاته‌ی ئێستا ناتوانێت هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات له‌ڕووی یاساییه‌وه‌".


وه‌كو مامۆستایه‌كی زانكۆ پسپۆڕ لە بواری یاسایی لێت بپرسم له‌ رووی یاساییه‌وه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پوچه‌ڵ ده‌بێت؟

وەڵامەکەی یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو: "به‌ڵی ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌بێ بوونی بڕیارێك له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ دابنرێنه‌وه‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ده‌رنه‌چێت، به‌ڵێ ئه‌م كۆمسیۆنه‌ هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ڕێوه‌به‌رێت به‌م پێكهاته‌یه‌ی ئێستای هه‌ڵبژاردنێكی باتڵ-بوچه‌ڵ ده‌بێت.

سه‌باره‌ت به‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر به‌م یاسایه‌ و به‌بێ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت ئایا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چۆن ده‌رده‌چێت به‌ڕای ئێوه‌؟

وەڵامەکی یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو: "له‌ راستیدا یاساكه‌ ئێستا به‌ركاره،‌ به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ یاسایه‌كی زۆر دواكه‌وتووه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ زۆر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چووه‌، هەروەها به‌ڕاستیش خه‌ڵك متمانه‌ی نه‌ماوه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن به‌وشێوه‌ی كه‌ له‌و یاسایه‌ هاتووه،‌ بۆیه‌ پێویست ده‌كات گرەنتی پاک و بێگەردی هه‌ڵبژاردن ده‌سته‌به‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر كه‌ پێویست ده‌كات هاوته‌ریب به‌مانه‌ بڕوات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان ئێستا به‌ تەنگه‌ژه‌یه‌كی قوڵی حوكمڕانیدا تێده‌په‌ڕێت،‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ لای هاوڵاتیان شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌، ده‌بینین زوو زوو ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر شه‌قام دێته‌ كایه‌وه‌ چونكه‌ شكستیخواردووه‌، بۆیه‌ له‌ عێراق هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجامدرا بۆئه‌وه‌ی شه‌رعیه‌تی سیسته‌می حوكمڕانی تازه‌ بكرێته‌وه‌، ناكرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردن دوابخرێت به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ به‌هه‌مان ئه‌و ئالیه‌تانه‌ی ڕابردووه‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت".

یوسف محەمەد وتیشی: "به‌ڕاستی كه‌مته‌رخه‌میه‌كی گه‌وره‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش هه‌یه‌، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئاستی عیراق له‌ماوه‌ی رابردوو فشاری جددیان كرد بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ عیراقدا به‌یاسایه‌كی تازه‌ ده‌ربچێت و سه‌ركه‌وتووش بوون له‌وه‌دا كه‌ یاسایه‌كی تازه‌ش ده‌رچوو،‌ سیسته‌مێكی تازه‌ی هه‌ڵبژاردن هاته‌ كایه‌وه‌ هه‌ندێك زه‌ماناتیش هه‌بوو بۆ نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا كۆمیسیۆنێكی تازه‌ش هاته‌كایه‌وه‌،‌ هه‌ڵبژادنی پێشوه‌ختیش ئه‌نجامدرا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ به‌رده‌وامی له‌سه‌رخه‌ت بوون، بێده‌نگی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نه‌گۆڕینی ئه‌و یاسایه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و زۆر دواكه‌وتووه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان چ له‌ڕووی عه‌داله‌تی ده‌نگی هاوڵاتی چ له‌ڕووی پاراستنی نه‌زاهاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان جێی گومانێكی گه‌وره‌یه‌، هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانی تووشی ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ گومانیان هه‌بێت كه‌ بۆچی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئاستی عێراق زۆر پێداگربوون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ و له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد، به‌ڵام له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستان بێده‌نگیان هه‌ڵبژاردووه".‌

سەبارەت بە شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردنەکان، کە لایه‌نه‌كان هه‌ندێكیان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌‌ هه‌ڵبژادن به‌شێوازی یه‌ك بازنه‌یی به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌ندێكیشیان جه‌خت له‌سه‌ر فره‌ بازنه‌یی ده‌كه‌نه‌وه‌ رای تۆ وه‌ك كه‌سێكی یاسایی و وه‌ك چاودێرێكیش له‌ هه‌رێمی كوردستان چیە؟ كام سیسته‌مه‌یان زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌گونجێت؟

یوسف محەمەد وتی: "پێش هه‌موو شتێك گرەنتی پاک و بێگەردی هه‌ڵبژاردن گرنگه‌ ئێستا ره‌نگه‌ رێكاره‌كان ئاسانتر بووبن به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا تۆماری بایۆمه‌تری له‌ عیراقدا هه‌یه‌،‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و تۆماره‌ بایۆمه‌تریه‌ سوودی لێ ببینرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و تۆماره‌ بایۆمه‌تریه‌ بكرێت به‌ بنه‌ما بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان هیچ شتێكی تر بنه‌ما نه‌بێت، هەروەها ‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ش بدرێت له‌ رێگه‌ی چاودێری نێوده‌وڵه‌تی و چاودێری نێوخۆیی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش له‌ڕاستیدا سیسته‌می فره‌بازنه‌یی مامناوه‌ند به‌ سیسته‌می رێژه‌یی هه‌ڵبژاردن تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌توانێت دادپه‌روه‌ری بهێنێته‌كایه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، دادپه‌روه‌ری له‌ نوێنه‌رایه‌تی كردنی خه‌ڵك بهێنێته‌كایه‌وه‌ و وابكات كه‌ ناوچه‌جیاوازه‌كان نوێنه‌ری راسته‌قیه‌نی خۆیان هه‌بێت له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان بۆیه‌ دابه‌شكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌شت بازنه‌ یان لانی كه‌م چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن ئێستا بوه‌ته‌ پێویستیه‌كی حه‌تمی، به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشووی عیراق قه‌زا بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بوو تا ئاستی قه‌زا بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن وردكرایه‌وه‌، مه‌عقول نییه‌ ئێستا هه‌موو هه‌رێمی كوردستان یه‌ك بازنه‌ی هه‌ڵبژاردن بێت، له‌بری ئه‌وه‌ی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێش به‌غدا بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پێش ناوچه‌كانی تری عیراق رزگاری بووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری به‌عس به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ زۆر زۆر له‌دوای عیراقه‌وه‌ین، من ده‌زانم ئه‌وه‌ی عیراقیش ته‌واو عه‌یار نییه‌ ئێمه‌ خۆمان ره‌خنه‌مان لێی هه‌بووه‌، به‌ڵام وه‌ك باسمكرد له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌شت بازنه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌سته‌به‌ر نه‌بوو لانی كه‌م چوار بازنه‌ بێت، به‌ سیسته‌می رێژه‌یی هه‌ڵبژاردن ده‌توانرێت هه‌ڵبژاردنێك ئه‌نجام بدرێت كه‌ دادپه‌روه‌ری بۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگی خه‌ڵك بێنێته‌كایه‌وه‌".

دوێنێ یەکشەممە د. رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: كۆمسیۆن ئه‌گه‌ر دروست بكرێته‌وه‌ به‌ته‌نها ره‌هه‌نده‌ یاساییه‌كه‌ی نییه‌ به‌ڵكو ره‌هه‌ندێكی سیاسیشی هه‌یه‌ پێویسته‌ دووباره‌ دروستبكرێته‌وه‌"
به‌ڕای تۆ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ ده‌توانێت ئه‌و كۆمسیۆنه‌ دروستبكاته‌وه‌ و به‌بێ سازانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان؟

لە وەڵامدا یوسف محەمەد وتی: "یاسای كۆمسۆنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ پێویست ده‌كات لانی كه‌م سازان هه‌بێت له‌دانانه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمسیۆن، ئه‌وه‌ش رێگه‌ خۆش ده‌كات بۆئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كان متمانه‌یان به‌ كۆمسیۆن هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له‌ راستیدا هه‌ڵبژاردن ته‌نها رێككه‌وتنی سیاسی نییه،‌ به‌ڵكو ته‌وقیقاتی ده‌ستووری و یاسایی و ده‌سته‌به‌ركردنی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌، واته‌ هه‌ڵبژاردن به‌ رێكه‌وتنی سیاسی نییه‌، ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌چنه‌ به‌رده‌م خه‌ڵك به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن بۆماوه‌ی چوار ساڵ متمانه‌یان وه‌رگرتووه‌، له‌دوای چوار ساڵه‌كه‌ ناتوانرێت نوێنه‌رایه‌تی راسته‌قینه‌ی ده‌نگی خه‌ڵك بكه‌ن بۆیه‌ جیا له‌ رێككه‌وتن من پێموایه‌ و ئه‌مه‌ش باوه‌ڕی نه‌گۆڕم بووه‌ كه‌ پاراستنی ته‌وقیقاتی هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆیدا یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كان كه‌ پێویسته‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرێت و نه‌به‌سرێته‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنی سیاسی، به‌ڵكو هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردن و نوێكردنه‌وه‌ی كاری ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان یان په‌نا بردن بۆ كۆمسیۆنی عیراق بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدات، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ ده‌سته‌به‌ری نه‌زاهه‌تی هه‌ڵبژاردنیش بكرێت له‌گه‌ڵیدا له‌كاتی خۆی و له‌ واده‌ی خۆی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت چونكه‌ من به‌ڕاشكاوی دەڵێم ئه‌م حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێواری ڕووخانه‌، له‌ شكستی گه‌وره‌دایه‌ و شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌ و خه‌ڵك بڕوای پێی نییه‌، وه‌ باشترین ڕێگا بۆئه‌وه‌ی هه‌م له‌ ناوخۆ له‌ داروخان پارێزراو بێت و له‌گه‌ڵ به‌غدایش شێوه‌یه‌كی تر له‌ په‌یوه‌ندی بێته‌كایه‌وه‌ بریتیه ‌له‌ گۆڕانكاری ریشه‌یی له‌م شێوازه‌ی حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌ویش به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت، وه‌ زۆر پێویسته‌ به‌زووترین كات هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك گوزارشت له‌ ڕای خۆی بكات شێوازێكی تر له‌ حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان بێته ‌كایه‌وه‌".

"ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێویستی به‌ رێكه‌وتنی لایه‌نی سیاسی نییه‌ به‌ڵكو ته‌وقیتێكی یاسایی و ده‌ستورییه‌، من هۆشداریه‌ك ده‌ده‌م لێره‌وه‌ كه‌ به‌ دووری نابینم هه‌ر دواخستنێكی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان یان ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی نا پاک و بێگەرد و نه‌گونجاو و به‌وشێو‌ازه‌ كۆنه‌ هه‌ردووكیان چ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان چ ئه‌نجامدانه‌دانی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگەرد له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌داهاتوودا كۆی سیسته‌می حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ ژێرپرسیاره‌وه‌ له‌هه‌ر داوایه‌ك كه‌ له‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق تۆمار بكرێت"، یوسف محەمەد وای وت.

واته‌ ده‌توانرێت له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ داوا له‌دژی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت بۆ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردنیش بخرێته‌ گه‌ڕ؟

لە وەڵامدا یوسف محەمەد وتی: "له‌ دواكه‌وتنی هه‌ڵبژاردن و مه‌سه‌له‌ی ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردنی نه‌زیهیش به‌ڵێ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی عیراق داوا له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و شه‌رعیه‌تی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌رێمی كوردستان تۆمار بكرێت".

ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستای هەرێمی کوردستان کە خۆت وتت ویلایەتی یاساییان نەماوە، لەمکاتەدا به‌بێ گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌ برد، ده‌توانێت له‌به‌رده‌م دادگای فیدڕاڵی بێت، وه‌كێ ده‌توانێت ئه‌م سكاڵایانه‌ تۆمار بكات؟

وەڵامەکەی یوسف محەمەد بەمجۆرە بوو: "هه‌ركه‌سێك زیانمه‌ند بێت له‌و سیسته‌مه‌ حوكمڕانیه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت بڕوات له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵا تۆمار بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌وقیقاتی یاسایی و ده‌ستووری له‌ مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ره‌چاونه‌كراوه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م كۆمسیۆنه‌ی ئێستا به‌ڕێوه‌ی برد ده‌توانرێت بڕیاری ئه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ربچێت كه‌ كۆمسیۆن نوێ بكرێته‌وه‌ و به‌بێ ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات شه‌رعیه‌تی نییه‌ به‌ڵێ ده‌توانرێت له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدڕاڵی سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار بكرێت".




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif