زیاتر لە 3 ملیۆن و 270 هەزار کەس ئۆکراینایان جێهێشتووە

ليست هناك تعليقات



رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، لە دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرایناوە 3 ملیۆن و 270 هەزار و 662 کەس ئۆکراینایان جێهێشتووە و چوونەتە وڵاتانی دیکە.

رۆژی هەینی 18-3-2022 ئاژانسی تایبەت بە پەنابەرانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، نزیکەی 90٪ـی ئاوارەکان ژن و منداڵن، چونکە گەنج و پیاوانی تەمەن 18 ساڵ تاوەکو 60 ساڵ ناتوانن ئۆکراینا جێبهێڵن و داوایان لێدەکرێت چەک هەڵبگرن و رووبەڕووی سوپای رووسیا ببنەوە.

رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیش دەڵێت، 162 هەزار کەس لەوان خەڵکی وڵاتی دیکە بوون و ئۆکراینایان جێهێشتووە. ئەوەی کە پەیوەندی بە ژمارەی ئاوارەکانەوە هەیە، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی دەڵێت، نزیکەی 6.5 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئۆکراینا ئاوارە بوون.

ئامارە بڵاوکراوەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەکات کە خەریکە شەڕی سێ هەفتەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا قەیرانێکی ئاوارەبوون و کۆچبەربوون بخوڵقێنێت کە نزیکە لەوەی سووریا کە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و بووە هۆی ئاوارە و کۆچبەربوونی نزیکەی 13 ملیۆن کەس.

ئامارەکەی کۆچی نێودەوڵەتی ئەوەش دەردەخات کە زیاتر لە 12 ملیۆن کەس لەو ناوچانە گیریان خواردووە شەڕیان تێدایە و ناتوانن ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکان بۆسەر ژیانیان، وێرانبوونی پرد و رێگەکان و نەبوونی زانیاری لەبارەی ئەوەی كوێ سەلامەتە تاوەکو رووی تێبکەن.

ئاژانسی تایبەت بە پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کاریگەرییەکی هێندە گەورەی مرۆیی هەبووە کە لە جەنگی دووەمی جیهانییەوە لە بواری کۆچبەرییەوە وێنەی نەبووە.

چوونی ئۆکراینییەکان بۆ وڵاتانی دەرەوە بەم جۆرە دابەشبووە؛

پۆڵەندا
1,975,449 کەس

رۆمانیا
508,692 کەس

مۆڵدۆڤا
355,426 کەس

هەنگاریا
291,230 کەس

سلۆڤاکیا
234,738 کەس

رووسیا
184,563 کەس

بێلاڕووس
2,127 کەس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق