جەنگی ئۆکراین پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیای بەھێز کردووە

ليست هناك تعليقات


 
ھێرشی سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکراین، کاریگەری قوڵی کردووەتە سەر پەیوەندیی نێوان وڵاتانی جیھان، بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا، سەرکۆنەکردنی ئاشکرای ھێرشی روسیا و داخستنی گەرووەکان بە رووی کەشتییەکانی روسیا و ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەردۆغان لەلایەن ئەمریکاوە پێشوازی گەرمی لێکراوە و ئەمەش دۆستایەتی بۆ ئەمریکا و تورکیا گەڕاندووەتەوە.

بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بڕیارە ھەفتەی داھاتوو جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ دەربارەی جەنگی ئۆکراین کۆببنەوە، چاوەڕوانیش دەکرێت باشبوونی رێژەیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا کاریگەری لەسەر کێشەی فڕۆکەی ئێف ١٦ و سیستمی بەرگریی ئێس ٤٠٠ ھەبێت کە چەند ساڵێکە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی ئاڵۆز کردووە.

پێگەی جیۆسیاسیی تورکیا و پەیوەندییە بەھێزەکانی لەگەڵ روسیا، دوو ھۆکاری سەرەکین بۆ بەھێزی ئەو رۆڵەی کە ئێستا تورکیا وەک دەوڵەتێکی ناتۆ لەم جەنگەدا دەیبینێت و ئەمەش بۆ ناتۆ کە پەیوەندییەکانی لە خراپترین ئاستدایە لەگەڵ مۆسکۆ پێویست و گرنگە.

لە سێ ھەفتەی رابردوودا لەناو وڵاتانی ناتۆ و ئەمریکاش بە چوار جۆر باس لە رۆڵی تورکیا لە جەنگی ئۆکراین کراوە.

یەکەم؛ لەگەڵ ئەوەی تورکیا پەیوەندی ئابووری و بازرگانی زۆر قوڵی لەگەڵ روسیا ھەیە، بەڵام بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی روسیای کرد و بە بەڵێش دەنگی بە پڕۆژە بڕیاری سەرکۆنەکردنی روسیا لە ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دا.

دووەم؛ پشتیوانیکردنی تورکیا لە یەکێتی ئۆکراین و رەتکردنەوەی داگیرکردنی کریما و پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار بە ئۆکراین، لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە پێشوازیی گەرمی لێکراوە.
سێیەم؛ داخستنی گەروەکانی ئیستەنبوڵ و چاناکالە بە رووی کەشتییەکانی روسیا تاکو نەتوانن لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بگەنە دەریای رەش، بەشێک لەو گرێکوێرانەی شل کردەوە لە چەند ساڵی رابردوو لەنێوان تورکیا و ھاوپەیمانە ناتۆییەکانیدا دروستببوو.

ھەوڵە دیپلۆماسییەکانی تورکیا بۆ چارەسەری قەیرانەکە چوارەم ھۆکارە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری ناتۆ و ئەمریکا لە تورکیا و کردنەوەی دەرگا بە رووی ئەنقەرەدا.

ئەگەر پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینن، چاوەڕوان دەکرێت فرۆشتنی ئێف ١٦ بە تورکیا و نوێکردنەوەی ئەوانەی ئێستا ھەیەتی کە چەند ساڵێکە لەلایەن ئەمریکاوە رەتدەکرێتەوە پەسەند بکرێت.

باشبوونەوەی پەیوەندییەکان دەرگاش بە رووی چارەسەری قەیرانی سیستمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی روسیدا دەکەنەوە، بەڵام چاوەڕوان ناکرێت بتوانن بە ئاسانی چارەسەری بکەن، تەنانەت بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێن، پێویستە بە مەرجی وازھێنان لە ئێس ٤٠٠ ئێف ١٦ی نوێ بە تورکیا بدرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif