ھێرشی روسیا و دیمەنی نوێژی چیچانیەکان!

ليست هناك تعليقات


 موحەمەد حكیم جبار
-
دەسەڵاتی چیچان و سەرۆکەکەی سەر بە ڕوسیان و، ئەم سوپایەی نوێژ دەکات لە ژێر فەرمانی پۆتیندان ، راستە گەلی چیچانی پابەندی پایەکانی ئیسلامن، بەڵام لە رووی عەقیدە "ولاء و براء" وشیاری و تێگەشتنی ململانێ و بەرژوەندیه نێودەوڵەتێەکان، پێدەچێت لاوازبن و دیارە بەربەست و پاساوی خۆشیان ھەیە !

بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمەی سوپای چیچانی مەیل بە ڕوسیا، دوورە لە ھەڵوێستی دروستی موسڵمان لەم شەڕە داگیرکارییەی روسیا، ئەگەر پۆتین پاساوی هەڵایسانیشی ھەبێت !

بۆ مێژوو ئۆکرانیاو جۆرجیا ھاوکاری چیچانێەکان بون کاتێک روسیا پەڵاماری چیچانی دا بەڵام پۆتین زیرەکانە لە شەری جۆرجیا چیچانێەکانی بەکارھێنا لەو شەرە ودەستکارەوەی کردن بۆ فەرھودو تاڵانی تاکو دوژمنایەتی نێوان گەلی جۆرجی وچیچانی ھاوسێ بچەسپێنێ وئێستاش ھەمان بەرنامە پێادا ئەکات .

من داکۆکی لە ئۆکرانیا ناکەم وئەزانم ئەمریکاو ناتۆ بە شویان دا بەڵام دواجار ھێرشی زلھێزانی وەک ئەمریکاو روسیا زۆر جار داگیرکاری وستەم وماڵوێرانیە وموسڵمان ھەرگیز نابێ پشتێوانی ستەمکاربێ.

شەڕەکە ململانێی رۆژئاوا و وڕۆژھەڵات و گەرانەوەیە بۆ سەردەمی شەڕی سارد و ھۆکاری ئابوری وئەمنی ھەیە و، کێشەیەکیشە کە رەگی لە مێژوودا ھەیە و روسیا دەستپێشخەریکرد پێش ئەوەی زیاتر ئابلوقە و گەمارۆ بدرێ و دەوری بگیرێت بە ئەمریکا و ناتۆ و ، ئەمانە جگەلە رەھەندە ئابورییەکەی !

داگیرکردنی ئۆکرانیا زەنگی دوو جەمسەری و بێ ماھیەتی نەتەوەیەکگرتوەکان و بێ دەسەڵاتی و فشۆلی ناتۆیە لە گەڵ لاوازی ئەمریکا و کاریگەری بۆ سەر ناوچەی خۆشمان ئەبێت و سەرکەوتنیشە بۆ میحوەری "روسیا - چین - ئێران".

لێرە ھەڵوێستی دەسەڵاتی چیچانیەکان ناچاری کردم ھەندێ زانیاری مێژووی لە سەر ستەمی دەسەڵاتدارانی روسیا و یەکێتی سۆڤێەتی جاران لە ئۆکرانیا ئاماژە پێبدەم :

- ساڵی ١٨٣٣ سوپای ڕوسیا چی کتێبخانەی ئیسلامی بوو لە ئۆکرانیا، لە کتێب ودەستنوسی مێژووی و قورئان سوتاندی .

- روخاندنی ٩٠٠ مزگەوت و بەکارھێنانیان بۆ گەوڕی ئاژەڵ، تا ئێستا لە کریمیا «قرم » شوێنەواریان ماوە .

- ساڵی ١٨٧٦ ڕوسیا مەراسیمی حەجیان لە موسڵمانان قەدەغە کرد .

- ساڵی ١٨٩٠ ڕوسیا ھەستا بە داخستن و رێگرتن لە قوتابخانە پەروەردەییە ئیسلامیەکان و لە ١٥٥٠ قوتابخانە تەنھا ٢٧٥ مایەوە .

- تێکدان و دەستکاری قەبرسانی موسلمانان و بردنی بەردی سەر قەبرەکان بۆ دروستکردنی خانوو .

- پاش شۆرشی ١٩١٧ ستەم وزۆرداریان بە ناوی مارکسی و بێ باوەری زیاتری کرد و سەدان بانگخواز خرانە زیندان و ھەزارەھا موسلمان ناچارکران زێدی باوباپیرانیان بە جێبھێلن بە تایبەت لە قەرەم "کریمیا" .

- ساڵی ١٩٢١ ڕوسەکان مزگەوتی گەورەی شاری سيمفيروبلیان کردە کارگەی زەیت و رۆن .

مزگەوتی بەردیان کردە ئەرشیف و مۆزەخانەی هێزی دەریایی . مزگەوتی تينيستافیان کردە ئەمباری بەروبومی کشتوکاڵی، مزگەتی گەورەی شاری بخشيسرايان کردە مۆزەخانە و تا ئێستاش مۆزەخانەیە .

- ساڵی ١٩٣٠ تا ساڵی ١٩٤٠ ھیچ شوێنەوارێکی ئیسلامییان نەھێشت و نوسینی عەرەبی قەدەغە کرا و کتێبە ئیسلامییەکان کۆکرانەوە و سوتێنران و دەستکرا بەشێواندنی مێژوو و کلتوری ئیسلامیی .

- ساڵی ١٩٤٤ ستالين ٢٠٠ ھەزار موسوڵمانی قەرەمی دەرکرد و ناردنی بۆ کازخستان .

- ساڵی١٩٨٠ بەشێکی کەم لە موسلمانانی ئۆکرانیا توانیان خۆیان رێکبخەنەوە و کەمێک ئازادتربن لە جاران .

- ساڵی ١٩٩١ كه ئۆكرانيا سەربەخۆیی ڕاگەیاند، موسوڵمانان نەفەسی ئازادیان زیاتر ھەڵمژی و داوای مافی خۆیان کرد و توانیان بە ئازادی مەراسیم و دروشمە ئیسلامییەکان بە ئاشکرا جێبەجێ کەن .

ئەمە کورتەیەکە و دەزانم ئێستا ڕوسیاش گۆراوە و دەیان مزگەوت ھەیە، بەڵام ئەمەش مێژویەکە و ھەیە .
بۆیە پشتێوانی موسلمانی چیچانی مەگەر نەزانینیان شەفاعەتیان بۆ بکات ئەگەرنا ڕەوانیە بچنە شەرێکی لەمجۆرە کە داگیرکارییە .

وَلاَ تَرْكَنُواْ إِلَى الَّذِينَ ظَلَمُواْ فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق