بە کۆمپانیاکردنی ئاین

ليست هناك تعليقات



عوسمان گوڵپی
-
بەدرێژایی مێژوو ئاینە ئاسمانیەکان جێگای ڕێزی شوێنکەوتوان و باوەڕ پێهێنەرانیان بوون، بەوانەشەوە کە مرۆڤ بەویستی خۆی دەستکاری کردوون، بەو جۆرەش هێشتا پیرۆزیان لەدەست نەداوە لای شوێنکەوتوانیان و بەردەوام شوێنکەوتویان هەیە جا لە گەشەدان یان پاشەکشە ئەوە قسەیەکیترە.

لێرەدا من نامەوێ وەك ئایندارێك لەسەر خودی ئاین بنوسم چونکە نە قاڵ بوی ئەو بوارەم و نە دەشتوانم حەقی پێ بدەم، ئەوەی مەبەستی منە خودی ئاین نیە بەڵکو بەکار هێنانی ئایینە بۆ مەبەستێك کە ڕەدکراوە و قبوڵ نەکراوە، بەتایبەت لە ئاینی ئیسلامدا، ئەویش بەکار هێنانی ئاین و کەرەستە ئاینیەکانە بۆ خۆ دەوڵەمەند کردن و مشە خۆری.

کاتێك کە بەشێك لە هەڵگرانی ئاین، ئاین دەبەنە نێو مامەڵەی بەدەستهێنانەوە و دەیکەنە هۆکارێك بۆ ئەوەی داهاتیانی پێ زیاد بکەن، یان متمانەی ساختەی پێ بەدەست بهێنن یان بەرامبەرەکانیانی پێ لە خشتە بەرن جا بەهەر ڕێگایەکبێ، خۆ ئەگەر ئەم تایپە لەوانەبن کە نوخبەی ئاینین، ئەوا کارەساتەکە زۆر گەورەترە دەبێت.

لە ئێستادا ئەم دیاردەیە زۆر بڵاوە و لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردە، بە جۆرێك کە بەکار هێنانی دین و گەوجاندنی شوێنکەواتوانی دین بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی زۆر بە ڕوونی لە زۆر جێگادا بەدی دەکرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە هەیە، کاریگەری زۆری لەسەر ئەوانەش هەیە کە سەرڕاستانە بوونەتە پێشڕە و ئاڵا هەڵگری ئاین و هەمیشە لە هەوڵی باشکردنی کۆمەڵگەدان بەو شێوازەی کە دین دەیخوازێت، هەرچەند ئەمانیش لە نێو ئەو شەپۆلی فراوانی بە کۆمپانیاکردنی ئایندا خەریکە ون دەبن،

ئاخر کاتێك ئاین لە پەیامەکەی خۆی دادەماڵڕیت و لای ژمارەیەك دەبێتە هۆکاری خۆژێنی و کۆکردنەوەی سەرمایە و تەواوی بەها ئاینیەکان وەلا دەنرێن لە پێناو بەرژەوەندیەکانیاندا، ئەمە داماڵینی ئاینە لەو وەزیفەی کە بۆی هاتوە و لەبەرکردنی بەرگی کۆمپانیایە.

لێرەدا مەبەستەکە تاکێكی ئاسایی نیە وەك شوێنکەوتە، بەڵکو ئەوانەیە کە بوونەتە نوخبەی ئاین، جا بەهەر پێشگرێك و پاشگرێکەوە بێت، لە ئاینی ئیسلامدا چەندین پێشگر و بۆ ئاینەکانیتریش ناونیشانی تریان هەیە، کاتێك بەشێك لەمانە پەیامی خودایی بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە یەکێك لە ڕووەکانەوە بەهێز بکەن و لەوێشەوە بیخەنە خزمەتی خۆشگوزەرانی خۆیان و نزیکەکانیان، ئەوا لەوێدا خودی دین دەبێتە قوربانی و کۆمەڵگەش دەبێتە کۆمەڵگەیەکی ئاین شێواو.

کەم نین ئەوانەی بەناوی دینەوە بەرگی پیرۆزی لەبەری خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکەن، یان لە بەری خۆیان و ڕەوت و حیزب و گروپەکانیان دەکەن و سادەیی و نەشارەزایی کۆمەڵگە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانیان بگەن، لە کاتێکدا لە هەر گۆشە نیگایەکەوە(سیاسی، ئاینی، کۆمەڵایەتی)یەوە لێی بڕوانی دژ دەوەستێتەوە لەگەڵ ئەو ئاینەی کە بۆ خۆی بانگەشەی بۆ دەکات، چونکە ئاین لێرەداو لای بەشێك لەم تایپانە تەنها وەسیلەیە بۆ گەشتن بە ژمارەیەك ئامانجی تایبەت.

لێردەدا بە سودوەرگرتن لە کۆمەڵگەی دواکەوتوو تاکێکی نەشارەزا لە خودی ئاین، دەتوانرێت بە ڕێگایەکی ئاسان کە تەنها پێویستی بە تەنسیقی زمان و ڕووخسارە لەگەڵ دەربڕینی هەندێك دەستەواژەی ئاینی، ئیدی سەدان و هەزاران کەس دەبنە بەشێك لەو بەسەرمایەداربوونە یان خۆش ژیانەی کە لەدەرەوەی ڕێپێدراوەکانەوە دەست دەکەوێت بۆ بابای نمایشکار، لە کاتێكدا کاتێك کە بزانن هەر هەوڵێك هەیە کە ئەمە ڕاست بکاتەوە جا ڕێگەی تاکێکی تێگەیشتووبێت یان کەسانێکیتری هەڵگری ئاین بە شێوازە دروستەکە، ئەوا هەر لە ڕێی ئەو شوێنکەوتە خەڵە تێنراوەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە و بەمەش ڕاستکردنەوە و هوشیارکردنەوە نزیك بەماحاڵ دەکەنەوە، چونکە ئەوانەی ئاینیان لە پەیامە مرۆیی و ئاسمانیەکەوە کردۆتە کۆمپانیا، لە هوشیاری و زانینەوە کردوویانە نەك نەزانین، بۆیە ڕاستکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمە زۆر قورسەو ئەوانەشی ركابەری ئاینەکەن لەدەرەوەی ئاینەکە دەبنە پشتیوانی ئەم بەکارهێنەرانەی ئاین.

بۆیە لە ئێستادا ئەرکی ئەوانەی کە بە کرداری بوونەتە نوخبەی ئاینی زۆر قورسە، دەبێت لە پاڵ ئەوەی کە لە خەمی پەروەردەی تاك و ڕاستکردنەوەی کۆمەڵگەدان، جەنگی ئەوانە بکەن کە ئاینیان کردۆتە کەرەستەی بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگە و لە تەواوی کایەکاندا تەنها لە خەمی خۆیاندان، دەبێت لە پاڵ جەنگی هوشیاری تاکدا ڕوو بەڕووی ئەوانە ببنەوە کە بوونەتە ئەکتەر و نمایشی ئاینیانە دەکەن.

من باش دەزانم کە هەمیشە ژمارەیەك هەن کە تەواوی کات و زانایی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ تەرجومەکردنێکی دروستی ئاینەکەیان و دەیانەوێت ببنە گەیەنەری ئاین وەك خۆی و سڵیش ناکەنەوە لەوەی تا کوێ قوربانی دەدەن، ئەگەرچی لێردا ئاستی هوشیاری تاكی باوەڕدار زۆرگرنگە کە دەبێتە پشتیوانی کام تایپەیان، ئەوانەی ئاین بەڕێگا سلبیەکە دەخەنە خزمەت خۆیان یان پێچەوانەکەی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif