حیکمەتی مام جەلال بۆ کەرکوک

ليست هناك تعليقات


حیکمەتی مام جەلال بۆ کەرکوک و 32 بە 32
-
بڵێسە جەبار فەرمان
-
چەندەھا پێناسە بۆ سیاسەت و کەسانی سیاسەتمەدار هەیە.
پێناسەیەک سیاسەت بە ھونەر دەشوبھێنێت. ھونەری قەناعەتپێکردن و پێشەواییکردن و موخاتەبەکردن و ئاراستەکردن.

ئاشکراشە کە سیاسەت بە توندڕەوی و زمانی زبر تاسەر سەرکەوتوو نابێت.
سەرکردە دەبێت ئامانجێکی لەبەرچاو بێت و بە ھونەری سیاسەتکردن هەوڵی گەشتن بەو ئامانجە بدات.
هەوڵەکان و رێگەی گەیشتن بەو ئامانجە گرنگ نین، ئەوەی گرنگە بەدیھێنانی ئامانجەکەیە.

ئەو سیاسەتمەدارە دەبێتە سەرکردە و پێشڕەوی وڵاتێک کە بتوانێت ئاراستە بکات و واقیعی پێشھاتەکان بخوێنێتەوە و ئامانجەکەی لە یاد نەکات.

کێشەی کەرکوک مێژوویەکی کۆنی هەیە

لە سەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، کێشە لەسەر کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی گەرمەسێر هەبووە.

ئەم ناوچانە لە دێر زەمانەوە بەھۆی جوگرافیا و سامانە سروشتییەکەیانەوە بوونەتە نیشتمان بۆ چەندەھا پێکهاتەی جیاواز.

گەر بێت و بە مێژوودا بگەڕێینەوە بۆ سەدەکانی رابردوو، ئەوا دەبینین ئەم ناوچانە هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و مەزهەب و ئایینە جیاوازەکان بووە.

ئەم پێکهاتانە سەردەمانێک لە پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە پێکەوە گوزەرانیان کردووە و سەردەمانێک لە شەڕ و دژایەتیدا بوون، مام جەلال هەمیشە کەرکوکی بە کلیلی چارەسەی کێشەکان و وەکو عیراقێکی بچوککراوە بینیوە و چارەسەری کێشەکانی بە چارەسەری کێشەی تێکڕای عیراق بینیوە.

ئازادکردنی کەکرکوک ئامانجی یەکێتی بووە

ئازادکردنی کەرکوک یەکێک بووە لە ئامانجەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ساڵانێکی زۆر بە خەباتی چەکداری هەوڵی ئازادکردنی کەرکوک دراوە، بەڵام تا ئەمڕۆش ئەو ئامانجەی لەپێناویدا خەباتی بۆ کراوە نەھاتۆتە دی.

لێرەدا سەرنجی چەند نموونەیەکی وڵاتانی تر بدەین بۆ باشتر پێناسەکردنی خاک و ھاووڵاتیبوون و شێوازی پێکەوە ژیانیان و بەراوردکردنی کێشەی کەرکوک بە کێشەی وڵاتانی ھاوشێوە.

خاک بەو بەشە جوگرافیایە دەوترێت کە لە چوارچێوە و نەخشەی وڵاتێکدا بێت، نیشتمان ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ ئینتیمای بۆی هەبێت، ھاووڵاتیبوون بە واتای دانیشتووی شوێنێکی جوگرافی دێت.

ئەفریقای باشوور هاوشێوەی کەرکوک

چەندین وڵات لە جیھان دا هەن کە خاکەکەیان ھی وڵاتێکە و ھاووڵاتیانی نیشتەجێبووی تیایدا بە رەچەڵەک خەڵکی رەسەنی نین، بەڵام مافی ھاونیشتمانیبوونیان هەیە.

ئەگەر ئێمە ئەفریقای باشوور وەک نموونەیەک تەماشا بکەین ئەوا دەبینین وڵاتێکە دانیشتوانە رەسەنەکەی لە چەندەھا ھۆزی ئەفریقی پێکدێن. ئەم خاکە لەلایەن چەند وڵاتێکی ئەوروپییەوە داگیرکرا و سپی پێستەکان بەرەو ئەو وڵاتە کۆچیان کرد و نیشتەجێی ئەوێ بوون، لەوێ بە 11 زمانی جیاواز قسە دەکرێت.

ساڵانێکی زۆر ھاووڵاتییە رەسەنەکانی ئەو وڵاتە دژی سپی پێستەکان جەنگان. سەرکردەی مەزنی وەکو نێڵسۆن ماندێلا دەستی بە خەباتی چەکداری دژی رژێمی ئەپارتایت کرد و ساڵانێکی زۆر دژی سپی پێستەکان جەنگا. بەو ھۆیەشەوە بۆ ماوەی 27 ساڵ زیندانی کرا.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەسەر هەردوو بەرەی سپی پێستەکان و ئەفریقییە رەسەنەکاندا دابەش ببوون.

سپی پێستەکان خۆیان بە ھاووڵاتی ئەفریقای باشوور دەزانی و رەشپێستەکانیان دەچەوساندەوە، رەشپێستەکانیش داوای دەرکردنی ئەوانیان دەکرد لە خاکەکەیان.

ئەم شەڕەی نێوانیان چەندەھا ساڵی خایاند و رق و کینەیەکی زۆری خستەوە.

سیاسەتی لێبوردن بەڵام لە بیرنەکردن

دوابەدوای ئازادکردنی، ماندێلا بە بۆچوونەکانی خۆیدا چۆوە لەبارەی خەباتی چەکداری و دەرکردنی سپی پێستەکان لە سەر خاکەکەیان و سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کرد.

سیاسەتی «لێبووردن بەڵام لەبیرنەکردن». ماندێلا گەیشتە ئەو باوەڕەی ئەو خاکە خاکی وڵاتی ئەفریقای باشوورە، بەڵام دوو رەگەزی جیاواز و 11 زمانی جیاواز و چەندەھا ئایینی جیاواز ھاونیشتمانی ئەو وڵاتەن و پێویستە فێری پێکەوە ژیان بن.

بەو سیاسەتە توانی بگاتە ئامانج و ئاشتی سەراسەری بەرقەرار بکات و مرۆڤایەتی لە شەڕێکی مێژوویی خۆیناوی و گرێیەکی چەندان ساڵە دەرباز بکات.

بۆچوونی ماندێلا و مام جەلال هاوتا بوون

لێرەدا ھاوتاکردنی مام جەلال و ماندێلا بە جیاوازی شوێن و کاریگەرییە جیۆپۆلەتیک و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی گەلان لە بیرکردنەوە و نەخشە دانان بۆ گەیشتن بەئامانج یەک دەگرێتەوە.

لە کەرکوکی کلیلی چارەسەری دۆزی کورد لە کوردستانی عیراق، مام جەلال خاوەن بیرۆکەی نەخشە رێگای دەستووریی بووە بۆ چارەسەر لە ئاستی عیراقدا.

لەناو کەرکوکیش خاوەنی بیرۆکەی ھاوبەشی و بەشداری پێکردنی ھاوسەنگانەی هەموو نەتەوە و ئایینەکانی شارەکە بووە لە بەڕێوەبردن و خۆ بەخاوەن زانینی ئێدارەدانی شارەکە.

مام جەلال هەوڵی داوە بە دۆکومێنت بیسەلمێنێت کە کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان، لە مورافەعە مێژوییەکەیدا ئەوەی بۆ هەموان خستەڕوو.

مام جەلال و یەکێتیی، ئامادە نەبوون سازش لەسەر بستێکی کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکان بکەن، لەگەل ئەوەشدا واقیعیانە پێکهاتەی ئەو ناوچەیەیان خوێندۆتەوە.

ئێمە لەو بڕوایەداین کە دەبێت لە هەرکوێ بین دیموکراسیانە حوکمرانی بکەین و مافی هەموو پێکهاتەکان بدەین، گونجاوترین و واقعیترین خوێندنەوە بۆ دۆخی کەرکوک بڕیاری 32 بە 32 بوو.

خاک خاکی کوردستانە،بەڵام کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشوور پێکهاتەی ئەم شارەن.

دابەشکاری 32 بە 32 پۆستە ئیدارییەکان لەبەرامبەر رازی بوون بە کوردستانیبوونی راستەقینە و مێژووی کەرکوک، بیرۆکەیەکی ئاشتیخوازانە و دووربینانە بوو.

هەرچەندە هەندێک بەناو سیاسی کورتبین و تێنەگەیشتوو لە قووڵایی سیاسی، ئەم بیرۆکەیان بە کارێکی خراپ و نەگونجاو دەزانی و راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ کەوتنە تانەدان لێی.

ئەوانە لەو کەسانە بوون کە تێگەیشتنیان بۆ هەستیاریی دۆخی کەرکوک نەبوو، کاریگەرییە دوور و نزیکەکانی سەر پرۆسەکەیان نەدەزانی.

مام جەلال لە دۆخێکدا ئەو تێزەی خستەڕوو کە کورد توانای هەبوو ببەخشێ و ئەوانی تر بخاتە ژێر باڵی خۆیەوە و سۆزیان رابکێشێ.

خاکی کەرکوک بەشێکە لە خاکی کوردستان، بەڵام ھاونیشتمانییەکانی هەموو وەک یەک مافی ژیان و بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتیان هەیە.

هەر ئەو تێزە بوو وای کرد هەموو پێکهاتەکانی ناو کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تر، مام جەلال بە پارێزەری خۆیان بزانن و کێشەکانیان دەبردە لای ئەو بۆ چارەسەر.

لە بوارێکی بەرفراوانتردا مام جەلال بیرۆکەی چارەسەری کێشەی کوردی لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو ئەو پڕۆسەیەشی ناو نابوو ( پڕۆسەی ماندێلا).

بەتایبەتیش چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا کە دەیزانی بە چارەسەری کێشەی کوردستانی گەورە لەگەڵ تورکیا کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر زوو چارەسەری کێشەی کوردستانیبوونی کەرکوک بە دەستوور و رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانی.

بە پێویستی دەزانم نامەیەکی دەگمەنی مام جەلال بۆ ماندێلا تێهەڵکێش بکەم. چونکە لە ناوەڕۆکەکەیدا هەڵگری خاڵی ھاوبەش لەخەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی دەخوێنرێتەوە، کە تیایدا دۆخی کوردستان و پێویستیی پشتیوانیی ئازادیخوازانی دونیا و خودی ماندێلا بە گرنگ وەسف دەکات.

لە تێکۆشەرێکەوە بۆ تێکۆشەرێکی تر

لە مام جەلالەوە بۆ نیڵسۆن ماندێلا سەرۆکی ئەفریقای باشوور بەڕێز سەرۆک ماندێلا ،

بەشانازییەوە سوپاسی نامەی پێزانینی گەرمتان دەکەین. بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و خەڵکی کوردەوە سوپاسی پشتگیریی گەورەتان دەکەم بۆ تێکۆشانمان لە پێناو مافی مڕۆڤ و ناسنامەی نەتەوەکەمان.

بۆ دەیان ساڵ خەڵکی کورد ئازاریان چێشتووە لەژێر دەستی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە کە سووربوون لە رێگریکردن لە پێدانی سادەترین ئازادییەکاندا، هەروەھا کۆمەڵێک بەرپرسی نێودەوڵەتی بەشداربوون لە جێگیرکردن سوود و قازانجی خۆیان لە ناوچەکەدا لەسەر حیسابی کورد.

دانیشتوانی ئەفریقای باشووریش مێژوییەکی ھاوبەشیان هەیە لە چەوسانەوە و ترس، بەڵام بەھۆی بەڕێوەبردنی لێزانانە و بەھێزیی جەنابتانەوە لە تاریکی ھاتوونەتە دەڕێ و پڕن لە ھیوای تیشکدار.

من سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی تۆ وەک رێپیشاندان و پێشەنگ دەبینم و دڵنیام کە خەڵکی کوردیش تامی شیرینی ئازادی دەچێژن.

لە کاتێکدا کە بەرەو ئارامییەکی سیاسی شیاو دەڕۆیت لە ژیانتدا، دڵنیابە کە کاریگەریت لەسەر وڵاتەکەت و دنیا پێوانەنەکراوە.

دڵسۆزت جلال تاڵەبانی
سلێمانی 13-04-1999

ماندێلا بیرۆکەکەی گەیشتە ئامانج و تەمەن و بارودۆخ نەیھێشت پرۆژەکەی مام جەلال بگاتە شوێنی خۆی. بەڵام هەم مام جەلال و هەم ماندێلا وەک دوو سەرکردەی مێژوویی سەردەمی خۆیان و ئازادیخوازی مرۆڤایەتی ناویان چوە تۆماری سەروەریەوە.

یەکێتی نیشتمان کوردستانیش دەبێت لەسەر تێز و بیرکردنەوەی مام جەلال بەردەوام بێت چ بۆ دۆسی کەرکوک و چ کوردستانی گەورە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق