راگەیەنراوی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان

ليست هناك تعليقات


 


لە"34"ھەمین ساڵڕۆژی دەستپێکی قۆناغی یەکەمی شاڵاوەکانی ئەنفال

رۆژی ١٩٨٨/٢/٢١قۆناغی یەکەمی تاوان و ھێرشەکانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد. 

لەچەند قۆڵێکەوە ھێرشی بەرفراوان کرایە سەر دۆڵی جافایەتی. گوندەکانی ئەو دەڤەرەو بارەگاکانی سەرکردایەتی شۆڕش و ھێزی پێشمەرگەی کرانە ئامانج.

لەم شاڵاوەدا رژێمی بەعس تێکڕای توانای سەربازی و ئەمنی و دەوڵەتی بە بەشداری جاش و هێزی سەربازی بەکارھێنا لە پەلامارەکانیدا بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان، وێڕای چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی وچەکی کیمیاوی بۆ لێدان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی گوندنشینەکانی ناوچەکە.

بەھەزاران خەڵکی سڤیل لە ژن و مناڵ و پیر و گەنج بونە قوربانی و ئاوارە بوون. گشت گوندەکانی ئەو سنورە سوتێنران و وێران کران. مزگەت و تەکیەو قوتابخانەکانیش تەختکران. و تەواوی موڵک و ماڵی خەڵکی تاڵان کران. 

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان

لەم رۆژەدا ئەو تاوانە بەبیر دێنێتەوە و یادی قوربانیەکان بەزیندوویی رادەگرێت.

لەم پەیامەدا بەپێویستی دەزانین

داوا لە میدیای کوردی بکەین بایەخ بەو مێژوەو تاوانەکانی شاڵاوی ئەنفال و لێکەوتەکانی بدەن. زیاتر گرنگی بە پرسی جینۆسایدی گەلەکەمان بدرێت و پانتایی زیاتری بۆ تەرخان بکرێت. ئەنفال تەنها لە رۆژی ٤/١٤ی ساڵ کورت نەکرێتەوە. بەڵکو دەکرێت راپۆرت و فیلم و ھەواڵ و بەرنامەی هەفتانەو مانگانەی لەسەر بکەن. لە پلانی میدیاییدا بە بەردەوامی ناوی ئەنفال و قوربانی و جەلاد بخرێتە روو.

نەخشەی شاڵاوەکانی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس داڕێژراوەو لە هەشت قۆناغدا بەرجەستە بووە. بۆ هەر قۆناغێک سەرەتاو کۆتایی و تەنانەت راگەیەنراو و بەیاننامەی تایبەتی دەرکردووە لە راگەیاندنەکانی بەعس بڵاوی کردونەتەوە.

قۆناغی یەکەمی شاڵاوی ئەنفال لە (21 شوبات بۆ 19 ئازاری 1988ی خایاند) کە 

هێرشکردن بوو بۆ سەر گوندەکانی سەرگەڵووبەرگەڵویی لە دۆڵی جافایەتی، لە چەند قۆڵێکەوە بە درێژایی (80)کم لە بنگردەوە بۆ لای ڕۆژھەڵاتی دەریاچەی دوکان و شارۆچکەی دوکان، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچکەی ماوەت و چوارتای گرتەوە.

بە ئامانجی وێرانکردنی (25–30) گوند لە دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنی بارەگاکانی سەرکردایەتی ھێزی پێشمەرگە لە ناوچەکە. ھێرشەکە سنوری شارۆچکەکانی (سورداش، دوکان، سەرچنار، قەڵاچوالان، چوارتا)ی گرتەوە، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان ھاشم).

ھێزە بەشداربووەکانی ئەم شاڵاوە پێکھاتبوون لە (20) لیواو شەست فەوج. وێرانکارییەکی تەواو لەم ناوچانە روویدا، گوندەکانی (قمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) و چەندین گوندی دیکە سوتێنشان و تەختی زەوی کران. مەڕو ماڵات و ماڵ و موڵکی گوندەکان تاڵانکران. چەندین ھاوڵاتی شەھیدبون و چەندانی تریش بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن. زۆرێک لە خەڵکی ناچەکە ئاوارەبوون هەندێک بەرەو ئێران ھەڵاتن، ھەندێکیش بەرەو سلێمانی.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم رۆژەدا پەیامی خۆی ئاراستەی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان دەکات کەبایەخ بە دۆسیەی ئەنفال بدەن و چیتر کەمتەرخەم نەبن. 

یەکەم: بایەخ وگرنگی بە مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال بدەن و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکەن.

دووەم: ئەرکە یاساییەکان رابپەڕێنن بەتایبەتی بەتاوان ھەژمارکردنی گومانکردن لەقەبارەی قوربانیانی ئەنفال و پیاھەڵدان و ستایشکردنی تاوانبارانی ئەنفال.

سێیەم: ھێنانەوەی روفاتی قوربانیانی ئەنفال لە باشوری عیراق و کردنی بە دۆسیەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عیراقی.

چوارەم: گرنگی و بایەخدان بەم تاوانانە لەسەر ئاستی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ھەرێم. لەرێگەی دەرکردنی بەیاننامەو ئەنجامدانی مەراسیم و رێزگرتن لە قوربانیەکان و کەسوکاریان.

پێنجەم: ھەوڵدانی ھەمەلایەنە بۆ ناساندنی ئەنفال لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان.

لەرۆژی ٢/٢١ قۆناغی یەکەمی ئەنفالدا وەک یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان داواکارین یادەکانی ئەمساڵ شایستەترو کاریگەرتربن و ھەموو سەفارەت و کونسوڵخانەو نوسینگەی وڵاتانی بیانی لەعیراق و کوردستان بانگھێشتی مەراسیمەکانی جینۆسایدی کوردستان بکرێن. بەزمانی بیانی و بە شێوازی جیاوازتر پەیامەکان ئاراستەی دەرەوەو ناوەوەی وڵات بکرێت.

نەمری بۆ رۆحی قوربانیانی ئەنفال و ھەمیشە سەربەرزی بۆ کەسوکاریان.

نەفرەت لەئەنجامدەرانی تاوانی ئەنفال.

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢١/ شوباتی ٢٠٢١


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif