زمانی ئێمە، بوونی ئێمەیە

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی

مێژووی ڕۆژی زمانی دایک، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی بەریتانییەکان لە نیمچە دوورگەی هیند بوون و لە ساڵی ۱۹٤۷و ۱۹٤۸ و لەو کاتەدا چوار وڵات سەربەخۆییان وەرگرت. هیندستان، بۆرما، سەیلۆن (سریلانکای ئێستا) پاکستان بە هەر دوو بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی پاکستان بە بەنگالی قسەیان دەکرد، حکومەتی پاکستان بڕیارێکی دەرکرد کە زمانی فەرمی، زمانی (ئۆردووە).

بۆیە لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان ئاڵۆزیی ڕوویدا و ) لە ۲۱ی ۲ی ۱۹٥۲ قوتابییانی زانکۆ لە شاری داکاو خۆپیشاندانیان دژ بەو بڕیارە دەست پێکرد و پۆلیس لە نزیک کۆلیجی پزیشکی پایتەختی ئێستای بەنگلادیش تەقەی لێکردن و کوشتاری لێکەوتەوە. حکومەتی پاکستان ناچاربوو زمانی بەنگالی بردە ئاستی زمانی نەتەوەی پاکستان. دواتریش، ئەو ڕۆژە لە بەنگلادیش بە ڕۆژی بزووتنەوەی زمان ناسرا، بۆیە بەنگلادیش پێشنیازی کرد بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی زمان بناسرێت. لەسەر ئەو پێشنیازە و بە پاڵپشتی ۲۸وڵاتی ئەندام، ۲۱ی ۲ کرا بە ڕۆژی زمانی دایکی.

بۆ گەلی کوردستان ڕۆژی زمانی دایک مانای تایبەتی هەیە، چونکە ئەگەر چیاکان بۆ بەرگری پشت و پەنای کورد بووبن ، ئەوا زمانی کوردیش جێگایەک بووە بۆ بیرکردنەوە لە مانەوەی کورد. گەلی کورد ئەگەرچی لە ڕووی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسییەوە شکستی هێنابێت، ئەوا زمان پاڵپشتێکی ستراتیژی بووە بۆ مانەوەی کورد و بەرگری لە خۆ کردنی، چونکە ئەگەر کورد لە کایەکانی سیاسی و سەربازیدا کەوتبێت، ئەوا زمانی کوردی هۆکار بووە بۆ کۆڵ نەدان و پاڵپشت بووە بۆ هەستانەوە، چونکە جێگایەک بووە بۆ بیرکردنەوە لە خود.

لە مێژووی کورددا چی شاعیرانی کلاسیک و چی هونەرمەندانی گۆرانیبێژ و نووسەران و ڕۆشنبیران بۆ مانەوەی زمانی کوردی، لە جەنگێکی سەختدا بوون لە بەرامبەر ئەو هێرشە فەرهەنگییەی لەسەر کورد بووە و توانیویانە زمانی کوردی لە فەوتان بپارێزن. هایدگەر دەڵێت: (زمان ماڵی بوونە) ئەم گوتەیە دەتوانین لەسەر زمانی کوردی تەوزیفی بکەین بۆ ئەو حاڵەتەی، کە کورد توانیویەتی لەناو زماندا لە جەنگی بووندا بەردەوام بێت. لەم جەنگەشدا توانیویەتی خۆی ڕابگرێت. ئێستا ئەگەر چی جگە لە باشووری کوردستان، کە زمانی کوردی بە ئازادی خۆی بەیان دەکات، لە پارچەکانی دیکە لە جەنگێکی سەختدایەو گەمارۆ دراوە، بەڵام نەتوانراوە بیسڕنەوە و ناوە ناوە لە ڕێگای چالاکی جۆراوجۆرەوە خۆی مانیفێست دەکات.

بۆیە لە ڕۆژی زمانی دایکی، خۆشەویستی و پێزانینم بۆ ئەو کەسانە هەیە شەونخونییان کێشاوە بۆ پاراستی زمانی شیرینی کوردی، سوپاسی هەر سیاسی و فەرمانڕەوایەکی کورد دەکەم لە ئێستاو ئایندەدا کار بکات بۆ زمانێکی ستانداردی یەکگرتووی کوردی، چونکە زمانی ئێمە، بوونی ئێمەیە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif