هادی حمەڕەشید
-
ئێمەومانان شارەزای یاسایی و دەستوور و بڕگە و ماددەکانی نین، هەرچەندە بەناشگوری نەبێت (خەبیرە یاسایی)ـەکانمان هەڵەی وائەکەن حوشتر بەبارەوە قوت ئەدەن، کە دڵنیام لە نەشارەزاییان نییە، بەڵکو نان بەقەرز بە دەسەڵات ئەدەن، لەکاتێکدا کە ئەوان چۆغە و کەوایان دەرهێنراوە، ئەمان دێن ماکیاجیان بۆ ئەکەن بۆ ڕۆژگاری خۆیان و نەوەکانیان ڕەنگە بێتەوە بەردەمیان!
بەهەرحاڵ ئێمە باس لە لێکەوتە سیاسیی و پێشتریش هۆکارەکانی گەیشتن بەم دۆخە ئەکەین.
پارتیی نەك لەسەردەمی نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانییدا، بەڵکو لەسەردەمی خودی #مەلا_مستەفا ـشدا هەمیشە بەرخوردی ئێستایان لەگەڵ پرسی نەوت و سەرمایەی سرووشتیی کوردستان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوەنددا کردووە.
هەمیشە لە خەیاڵی لۆبییکردنن بۆ بنەماڵەکەیان، بە ڕەشوە و بەرتیل لەگەڵ ئەم کۆنگرێسمان و ئەو ئەندام پەرلەمانی ئەوروپی، یان وەزیری خانەنشینکراو وایانزانیوە کە ئیتر هەموو شتێك لەبارە بۆ یاساشکێنییان!
لە ڕێکەوتننامەی ساڵی حەفتا و جێبەجێ کردنی بەیاننامەی یانزەی ئازاردا، وەك ئەوترێت پرسی کەرکوك و ناوچە جێناکۆکەکان و هەندێ بابەتیتر هۆکاری تێکچوونی لایەنی کوردیی و ناوەند نەبووە، بەڵکو وەك ئێستا پرسی پەیوەندیی ژێربەژێری هەرێمایەتیی و بیرکردنەوە لە تاڵانکردنی سامانی ژێر زەوی بووە(بە تایبەت کە عێراق لەسەروبەندی خۆماڵییکردنی نەوتدا بووە!)
#کریس_کۆچێرا لە زنجیرەی ڕووداوەکانی ئەو چەند ساڵەی ڕێککەوتننامەکەدا لە کتێبی #کورد_لە_سەدەی_نۆزدە_و_بیستەمدا ئەڵێ: ((بارزانیی کوێرانە متمانەی بە ئەمریکا هەبوو..... زۆر ستایشی وەزیری دەرەوەی ئایندەی ئەمریکا ئەکرد، تەنانەت جارێك سێ ئۆرتە«فەرش»ی بە دیاریی بۆ بردبوو، کە ژنیشی هێنا گەردانەیەکی زێڕ و مرواریی بە دیاریی دایە هاوسەرەکەی!
لەحاڵێکدا کە هیچ پێویستییەك بەپێشکەشکردنی ئەو جۆرە دیارییانە بە ئەو یان سەرۆك نیکسۆن نەبوو!
ئاخر ئەگەر کورتبینی نەبێت سێ تاك فەرش بە وەزیری دەرەوەی داهاتووی ئەو وڵاتە یان گەردانەیەك ئەبێت بە لۆبییکردن، کە بابەتێکی زۆر شەخسیی و دوور لە کاریگەریی دروستکردن بووە لەسەر دامەزراوەی فەرمیی وڵاتان!
وەك ئێستا کە لە عێراقدا بەهۆی سەرەڕۆیی لە بەکارهێنانی نەوت و غازی هەرێم و سەودا ئاشکراکانیان لەگەڵ تورکیا و قەتەر تووشی تەنگژە بوون، جووت ئامۆزا لە هۆتێلێکی میونیخی ئەڵمانیا و لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونیخدا دیدار لەگەڵ کۆنگرێسمان و پەرلەمانتارانی ئەوروپا ئەکەن و پێیان وایە ئیتر وڵاخی خۆیان بەستووەتەوە و ئەتوانن لێیبخەون!
ڕژێمی بەعس لە سەرەتای حەفتاکاندا مەیلی خۆماڵییکردنی نەوتیان ئەکرد(کە خواستێکی گەورەی عێراقییەکان بوو) گومانیان لە سێبەری خۆیان ئەکرد، دروست لەو کاتەدا لەبری گونجان و هاوئاهەنگیی سەرانی پارتیی لەو هەلە مێژووییەدا، تا نەك تەنیا کورد بەڵکو هەموو عێراق لەسایەی سەرمایەی خەیاڵیی نەوتدا گەشە بکات(لە دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی عێراقدا، نرخی نەوت بووبوو بە چوار بەرامبەری جاران) کەچی بارزانیی پەیوەندیی ژێربەژێری لەگەڵ ئەمریکا و ئێراندا ئەبەست، بە نهێنیی چەندین دیاریان لە تاران ئەنجامدا.
بەڵام سەرباری ئەوەش سەرانی بەعس هەر زوو بۆنی پەیوەندیی نامۆیان کرد، بۆیە لەکۆتایی تەمووزی ١٩٧٢دا ڕۆژنامەی ئەلسەورەی ئۆرگانی بەعس بڵاوی کردەوە کە بارزانیی چەکی قورس و ڕادیۆیەکی تازەی لە ئێران وەرگرتووە و چەندین ئۆردوگای بۆ مەشقدانی هێزەکانی لە ئێران کردووەتەوە!
چەند ساویلکەییە کە لەم کۆدە تێنەگەیت کە تۆ بتوانیت بە بەرتیلدان(بە زمانی دیپلۆماسیی لۆبییکردن) دڵی زلهێزان ڕاگریت، هێزی سەردەست لە عێراقدا بۆچی ناتوانێت زیاتر بدات و یارییەکەت بشێوێنێت؟!
پرسی نەوت و سامانی نیشتمانیی پرسێکی چەندە گرنگە، بەڵام دواجار چەکێکی دوو سەرە، دەروازەی پێشکەوتنی وڵاتی ئێمەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەشێت ببێتە هۆکاری نەگبەتیی و ماڵوێرانیی بۆمان، بە داخەوە پارتیی و ماڵی بارزانیی(بۆیە تەنیا باسی ئەوان ئەکەین، چونکە ساڵی حەفتا تاکە نوێنەری کورد بوون و لە گەمەی ناوخۆیی پارتییدا باڵی جەلالی ئەو چەند ساڵە ستۆك و شوێنبزر کرابوون، وەك ئێستاش مەلەفەکە لە بازنەی تەسکی ماڵی بارزانیی«نەك پارتییش» دەرنەچووە و ئەوەشی هاوبەشیانە تەنیا و تەنیا هەندێ شاگردانەیان پێئەدەن!) زۆر بەهەڵەدا چوون لەبەرخورد لەگەڵ ئەم کەیسەدا!
چونکە ئەگەر بڕیاربێت ئێمە لەگەڵ لایەنێك لەسەر نەوتی عێراق(بە ناوچە کوردییەکانیشەوە) ڕێکبکەوین، ئەوە عێراق خۆیەتی، نەك عێراق سەدان داواکارییمان بۆ جێبەجێ بکات(کە مافی هەموو تاکێکی عێراقییە نەك منەت) کەچی بچین بیگۆڕینەوە بە بۆرە بەڵێنێکی ئەستەمی زلهێزانەوە!
کریس کۆچێرا ئەڵێ: ((بارزانیی لەناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی١٩٧٣دا هەڤپەیڤینێك لەگەڵ پەیامنێری واشنتۆن پۆست ئەنجام ئەدات، داوا لە ئەمریکا ئەکات ئەگەر لە دەستی ئەم گورگانە بمانپارێزێت و پشتیوانییمان بکات، ئەوا لەم دەڤەرە ئامادەین بە گوێرەی سیاسەتی ئەو کاربکەین، ئەگەر ئەوەی کرد ئەتوانین ناوچە نەوتییەکانی کەرکوك بخەینە ژێر دەستی خۆمان و ئیمتیازی نەوتەکە بدەین بە کۆمپانیاکانی ئەمریکا!)) ئینجا بە دەستەواژەی ڕوون ئەڵێ:((ئەم خۆماڵییکردنە«خۆماڵییکردنی نەوتی عێراق کە لە١ی حوزەیرانی١٩٧٢دا کرا» کارێك بوو لە دژی ئێمەی کورد کرا؟!
جا بەراوردی ڕووداوەکانی ١٩٧٠-١٩٧٥ لەگەڵ ئێستا بکە، زۆر لەیەك ئەچن، ئێستا نرخی نەوت زۆر باشە، خواستێکی گەورە لە شەقامی عێراقییدا بە هەرێمیشەوە هەیە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵیی و بەهەدەردان و زۆرکردنی خزمەتگوزاریی، وەك چۆن لە حەفتادا پارتیی ڕێککەوتنی لەگەڵ(بەرەی نیشتیمانیی)دا هەبوو، هەر بۆ خۆیشیان بە پەیوەندیی ناشەرعیی لەگەڵ دەرەوەی ئەو بەرەیە و عێراقیش، هەموو شتێکیان تێکدا و عێراقیان سەد ساڵ دواخست.
(بە جیاوازی عێراقی ئێستا و توانای سەربازیی و یەك دەستی ڕژێمی ئەوسا) ئێستاش پارتیی ڕێککەوتنی پڕ لە خۆشەویستییان لەگەڵ(سەدر، حەلبووسی، خەنجەر)دا لەقۆناغی مانگی هەنگوینیدایە، سەیرە دادگایەك کە لە نۆ ئەندام پێکدێت، بەگوێرەی قسەی خۆیان حەوت دادوەریان لەخۆیان و هاوپەیمانانیانن( چواریان سەدرین، یەکێکیان خودی پارتیی، یەکێك لە حەلبووسی، ئەویتر لە خەنجەر) ئێ ئەم دادگایە بڕیاری لەسەر نەوت و غاز داوە، کەواتە تەنانەت نزیکەکانیشتان ناتوانن هەڵە و زیادەڕۆییەکاننتان پینە بکەن!
لێتان تێك نەچێت؛ لە سەردەمی ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازاری حەفتا و لە جەبەروتی بەعس و هەڕەتی لاوێتی سەددام و سەرچڵییەکانییدا کە بەحساب کەسی دووەمی عێراق بووە، بەڵام بۆ خۆی هەموو بڕیارێکی داوە، بە شەش مانگ پەیوەندی ناوەند و ناوچەی ئۆتۆنۆمی خراپ بووە و پێکدادانی چەکداریی هەبووە و لە بازگەکانی یەکتردا گێچەڵ هەبووە، کەواتە ئەو کاتەش جۆرێك له دیفاکتۆی بوون لەچوارچێوەی عێراقدا هەبوو, کەچی بەداخەوە پەیوەندیی نامۆ و کەیسی نەوت خستنیەوە چوارگۆشەی یەکەمی هاوکێشەکە، هاوکێشەیەک کە نوخبەی کورد و حیزبەکانیش(بە
سیاسەتی نەشیش بسوتێت نە کەباب) لێی تێناگەن، یان وا باشە خۆیان نەبان بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق