بەزۆرینەکردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق

ليست هناك تعليقات


 د.یوسف محمد
-
لەم رۆژانە زیاتر لە ھەر کاتێک ھەوڵ بۆ شکاندنی نەریتی باوی شێوازی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراق دەدرێ، بەتایبەت کە موقتەدا سەدری سەرکردەی رەوتی سەدر لە تویتەکانی ھەمیشە جەخت لە «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» دەکاتەوە. ھەڵبەتە کە دەچیتە ناوەڕۆکی بەرنامەکەی سەدر بۆ دروست کردنی حکومەتی داھاتوی عێراق، بۆت رون دەبێتەوە کە تەنھا ئامانجی بریتییە لە رێگری کردنە لە بەشداریی نوری مالیکیی سەرکردەی حیزبی دەعوە لە دامەزراوەکانی حوکمڕانیی عێراق، وەگەرنا وەک لە وتارێکی تۆمارکراویشدا خۆی ئاماژەی پێد، ھیچ کێشەی نییە لە بەشداریی لایەنە شیعەکانی تر و سەرجەم لایەنە کوردی و سوننییەکانی تر. لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوش زۆر جار هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەم پێکهاتە یان ئەویان لە حکومەتی ئیتیحادی بەشدار نەبون، بەڵام قەت ناوی لێنەنراوە حکومەتی زۆرینە.

ھاوکات لەگەڵ ئەمە بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێ کە بۆ یەکەمجار ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بە ئامادەبونی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێ ئەگەر نیسانی دوسێیەکی ئەندامان دەستەبەر نەبو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستور (مادەی ٧٠/ یەکەم) داوای دەنگدانی دوسێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ پاڵێوراوی سەرکەوتو بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا. ئاشکرایە کە بەپێی مادەی (٧٠/ دوەم)ی دەستور تا گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە بەڕێوە نەچێ ناتوانرێ گەڕی دوەمی ئەنجام بدرێ.

دروستە کە بەپێی مادەی (٥٩/ یەکەم) نیسابی ھەر دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی رەھایە، بەڵام بەڕێوەچونی ھەر بڕگەیەکی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران کە پێویستی بە دەنگدانی دوسێیەک ھەبێ پێویستی بە ئامادەبونی دوسێیەکی ئەندامان ھەیە بۆ ئەوەی بڕگەکە بەڕێوەبچێت، وەگەرنا چۆن ئەتوانرێ دەنگی دوسێیەک دەستەبەر بکرێ کە هەر لە بنچینەوە دوسێیەکی ئەندامان ئامادە نین. خۆ مادەکە داوای دەنگی دوسێیەکی ئەندامانی ئامادەبوی نەکردوە، بەڵکو داوای دەنگی دوسێیەکی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە. رەوتی کار کردن لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش ھەر بەو شێوەیە بوە، ئەو بڕگانەی پێویستی بە زۆرینەی دوسێیەکی ئەندامانی ئەنجومەن هەبوبێ، ئەگەر نیسابی دوسێیەک نەبوبێ بڕگەکە دواخراوە. وەک تانەدان لە دروستیی ئەبدامێتیی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران یان دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی.

لە ھەمان کاتدا بە تێڕوانین لە ئاڕاستەی گفتوگۆکانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕونی ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە ئاڕاستەی زاڵ بریتی بوە لە پێدانی دەسەڵاتی تەشریفاتی بۆ سەرۆکێک کە جێی ئیجماعی ھەموان بێ، ھەربۆیەش زۆرینەی دوسێیەک بۆ ھەڵبژاردنی دانراوە. تەنانەت هومام حەمودیی سەرۆکی لیژنەکە پشنیاری کردوە کە ئەگەر هیچ یەکێک لە پاڵێوراوانی سەرۆککۆمار زۆرینەی دوسێیەکی دەنگی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، ماوەی ١٥ رۆژ چاوەڕێ بکرێت تا رێکەوتن لەسەر کەسایەتییەک دەکرێ. (بڕوانە: محاضر إجتماعات لجنة کتابة الدستور العراقي ٢٠٠٥، المجلد الأول، ٢٠١٨، ص ص ٥٢٤- ٥٢٧).

لە لایەکی ترەوە بونی نیسابی دوسێیەک بۆ ھەرڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەنھا دەستەبەری مانەوەی ھاوسەنگیی پێکھاتەکانە لە حوکمڕانیی عێراق، چونکە ھەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کلیلی راسپاردنی کاندیدی زۆرینەیە بۆ پێکھێنانی حکومەت. ئەگەر ئەم ھەنگاوە وەک خۆی نەمێنێ ئەوا ئیتر بۆ لەمەودوا زۆرینە ئەتوانێ ھەمو سەرۆکایەتییەکان بە راستەوخۆ و/ یان ناراستەوخۆ لەڕێی خەڵکی کارتۆنی کۆنترۆڵ بکات. ئەم هەنگاوە پاش دەسکاری کردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گۆڕینی هاوسەنگیی کورسیی پێکهاتەکان لە پارێزگا جیاوازەکان لە ساڵی ٢٠٠٩، هەنگاوکی مەترسیداری تر ئەبێ بۆ زاڵکردنی پێکهاتەی زۆرینە (بێ بونی سەرژمێریی باوەڕپێکراو) لە حوکمڕانیی عێراق.

بیانوی ئاڕاستەی (حکومەتی زۆرینە)، شکستی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراقە کە بوەتە ھۆی ھێنانەکایەی بەشبەشێنەی حیزبی و گەندەڵی. ئەمە لە کاتێکدایە کە بانگەشەکارانی روکەشی «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» خۆیان لە رابردو کارەکتەری سەرەکیی ئەم بەشبەشێنەیە بون و بۆ داھاتوش ھەروا ئەمێننەوە. ھەروەک چۆن گرفتی حوکمڕانیی عێراق سیستمی فیدراڵی یان پەرلەمانی و حوکمی ناناوەندی نییە وەک هەندێک ئەیانەوێ وا وێنای بکەن، بە ھەمان شێوە گرفت لە عێراقدا حوکمی تەوافوقیش نییە، بۆ نمونە سویسرا لەڕێی حکومەتی تەوافوقییەوە بەڕێوە دەبرێ و گرفتیشی نییە، بەڵکو کێشەکە لە نەبونی چاودێریی کارای پەرلەمانی و دادوەری و دەزگاکانی تری چاودێرییە. 

لە غیابی نەبونی ئەنجومەنی فیدراڵ، کورد و سوننە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە بەزۆرینە کردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق ئەگەرچی هەر بۆ پڕوپاگەندەش بێت. هەرچەندە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لە رابردو و ئێستاش نەیانتوانیوە سود لە دەرفەتەکانی بەغدا وەربگرن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بەڵکو زیاتر کاریان بۆ دەستکەوتی شەخسی و حیزبی و بەشەخسی کردنی کێشەکان کردوە، بەڵام دەستگرتن بە دەستکەوتە دەستورییەکان، گرەنتیی لاوازنەبونی زیاتری کوردە لەناو سیستمی حوکمڕانیی عێراق.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif