نێچیرڤان بارزانی: بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق قابیلی جێبەجێکردن نابێت

ليست هناك تعليقات



سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە "قابیلی جێبەجێکردن نابێت"، ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق "پشتی بە یاسایەکی سەردەمی رژێمی پێشوو بەستووە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری دادەنێت، "هەرێمی کوردستانی تووشی نیگەرانییەکی گەورە کرد".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیارەکە کێشەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و گاز "ئاڵۆزتر دەکات" کە لە ساڵانی رابردوودا هەنگاویان بەرەو چارەسەرکردن هەڵێناوە.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كه‌يدا بكات و "بنه‌ماكانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى ره‌چاو بكات، بۆئه‌وه‌ى مافه‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێن و نه‌بنه‌ هۆى ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخى سياسى كه‌ زيان به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراق به‌گشتى ده‌گه‌يێنێت".

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

له‌ كاتێكدا عێراق به‌ دۆخێكى ئاڵۆزى سياسيدا تێده‌په‌ڕێت، به‌داخه‌وه‌ بڕيارێكى دادگەى باڵاى فيدراڵيى عێراق كه‌ ياساى نه‌وت و گازى هه‌رێمى كوردستان به‌ ناده‌ستوورى داده‌نێت، هه‌رێمى كوردستانى تووشى نيگه‌رانييه‌كى گه‌وره‌ كرد.

پێمانوايه‌ ئه‌م بڕياره‌ى دادگاى باڵاى فيدراڵى كه‌ پشتى به‌ ياسايه‌كى سه‌رده‌مى رژێمى پێشوو به‌ستووه‌، بنه‌ماكانى فيدراڵى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى پشتگوێخستووه‌ و له‌گه‌ڵ گيانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵيدا نايه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌رزى واقعيش قابيلى جێبه‌جێكردن نابێت.

ئه‌م بڕياره‌ هه‌روه‌ها كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فيدراڵیى عێراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر دۆسيه‌ى نه‌وت و گاز ئاڵۆزتر ده‌كات كه‌ به‌ درێژایی ساڵانى رابردوو هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنيان دراوه‌ و له‌ چه‌ند قۆناخێكدا هه‌نگاوى به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردن هه‌ڵێناوه‌.

پێمانوايه‌ دادگەى باڵاى فيدراڵى له‌جياتى ئه‌م بڕياره‌، ده‌بوايه‌ بڕيار بدات كه‌ حكومه‌تى فيدراڵیى عێراق له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ده‌ستوور له‌سه‌ر كێشه‌كان و پرسى نه‌وت و گاز بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراقدا بێت.

چاوه‌ڕوانيمان له‌ دادگەى باڵاى فيدراڵيى عێراق هه‌يه و داوا ده‌كه‌ين پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕياره‌كه‌يدا بكات و بنه‌ماكانى ده‌ستوور و سيستمى فيدراڵى ره‌چاو بكات بۆئه‌وه‌ى مافه‌ ياسايى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێشێل نه‌كرێن و نه‌بنه‌ هۆى ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخى سياسى كه‌ زيان به‌ به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراق به‌گشتى ده‌گه‌يێنێت.

نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2022/2/15

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق