بایدن: هێشتا ئەگەری هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا زۆرە

ليست هناك تعليقات


 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێشتا ئەگەری زۆرە رووسیا هێرشبکاتە سەر ئۆکراینا، بەڵام پێی وایە دەبێت چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکە بدۆزرێتەوە و بەدەستبهێندرێت.

رۆژی سێشەممە 15-2-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا واشنتن بەڵگەی دەستنەکەوتووە کە بیسەلمێنێت رووسیا هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکراینا کشاندووەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی تووندی دایە حکومەتی رووسیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکراینا و گوتی، واشنتن ئامادەیە سزای تووند بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت، بەڵام گوتیشی، "دەبێت دەرفەتی تەواو بدەینە دیپلۆماسییەت بۆئەوەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت".

بایدن رووی دەمیشی کردە خەڵکی رووسیا و پێی گوتن، "ئێوە دووژمنی ئێمە نین. باوەڕم وا نییە کە ئێوەش شەڕێکی وێرانکەری خوێناویتان بەرامبەر ئۆکراینا بووێت، چونکە ئۆکراینا وڵاتێکە کە ئێوە پەیوەندیی قووڵی مێژوویی و کولتووریتان لەگەڵی هەیە".

لەلایەکی دیکەوە ڤلادیمیر پووتین دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا رایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ رۆژئاواییەکان کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەشی لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئامادەین کاری زیاتری پێکەوەیی بکەین. ئەمادەین بەردەوامی بە گفتوگۆکانمان بدەین".

وێڕای ئەوەی کە رووسیا بە فەرمی رایگەیاندووە دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی کردووە، سکرتێری گشتیی ناتۆ دەڵێت، هەستیان بە ئارامبوونەوەی دۆخەکە نەکردووە، بەڵام پێشوازیش لە خواستی مۆسکۆ بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ دەکات.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ دەڵێت، "هیچ ئاماژەیەکی کەمکردنەوەی هێزەکانی رووسیامان لەسەر سنووری ئۆکراینا نەبینیوە. بەڵام بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بزانین رووسیا چی دەکات، بەڵام ئەو ئاماژانەی لە مۆسکۆوە دێن لەبارەی هەبوونی خواست بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هۆکارێکمان پێدەدات بۆ ئەوەی بە هەستیارییەوە گەشبین بین."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif