دژی سەپاندنی ڤاکسین خۆپێشاندان دەکرێت

ليست هناك تعليقات



لە بەشێکی شارەکانی ئەوروپا دژی سەپاندنی خۆکوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا، خۆپێشاندان دەستیپێکرد. بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپیش بڕیاریانداوە پێدانی ڤاکسین بکەنە ناچاری بۆئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا بگرن.

لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا نزیکەی 5000 خۆپێشاندەر دژی وەرگرتنی ناچاریی ڤاکسین چوونە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی. دواتر گژی کەوتە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان؛ پۆلیس 41 خۆپێشاندەری دەستگیرکرد. لە هەفتەی رابردوودا لە بەلجیکا بەگشتی رۆژانە 17 هەزار و 500 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.

کریستیان دێلوێز، خۆپێشاندەرێکی بەلجیکییە و دەڵێت، "من لەگەڵ ئەو هەموو شتانە هاوڕا نیم، ئەوە شتێکی باش نییە، بەرەو کارەسات دەمانبەن. پێموایە دەبێت بچینە دەرەوە، بچینە سەر شەقام و بڵێین نا، ئێمە هەموومان کارتی ڤاکسینمان ناوێت".

لە شاری هامبێرگی ئەڵمانیاش، هەزاران خۆپێشاندەر دژی وەرگرتنی ناچاریی ڤاکسین وەستانەوە. پۆلیسی ئەو وڵاتەش دەڵێت، ئەوە گەورەترین خۆپێشاندانی سەردەمی کۆرۆنایە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە رۆژی دووشەممەوە، بۆ چوونە رێستۆرانت، کافێ و باڕەکان لە هامبێرگ پێویستە هاووڵاتییان کارتی ڤاکسین لەگەڵ خۆیان ببەن. تاوەکو ئێستا 71.7%ی کۆی دانیشتووانی ئەڵمانیا لانیکەم دوو قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتووە.

دانیێل، خۆپێشاندەرێکی شاری هامبێرگە و باس لەوە دەکات، "ئیدارەدانێکی بێمانای قەیرانەکەیە کە بە شێوەیەکی گەورە کاریگەریی لە ئازادی دەکات. بۆیە دەبێت خەڵکی بێنە پێشەوە. ئەوە لەبارەی وەرگرتن و وەرنەگرتنی ڤاکسینەوە نییە، بەڵکو لەبارەی هەڵبژاردنی خەڵکی و ئازادییەکەیەتی. هەربۆیەش لە ئیدارەدانی قەیرانەکەدا، دەبێت تەندروستی بکرێتە سەنتەر، نەوەک بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی".

لە نەمسا لە 1ـی شوباتەوە وەرگرتنی ڤاکسین دەکرێتە ناچاری. لە یۆنان لە 15ـی مانگی داهاتوو ئەوانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵە و ڤاکسینیان وەرنەگرتووە مانگانە بە 100 یۆرۆ سزا دەدرێن. لە پۆڵەندا لە مانگی ئادار و لە بەریتانیاش لە مانگی نیسانەوە ڤاکسین دەکرێتە ناچاری.

تووندکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە لە سەرانسەری یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو ئێستا 61.73%ی کۆی دانیشتووانەکەی لانیکەم دوو قورچکە ڤاکسینیان وەرگرتووە و 35.28%ـیش یەک قورچکیشیان وەرنەگرتووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif