کریستیانۆ رۆناڵدۆ نیگەران و بێهیوایە

ليست هناك تعليقات


کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالیی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، سەبارەت بە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ خۆرخێ میندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی کردووە.

هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە میندێز گەشتی بەریتانیای کردووە بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی دڵەڕاوکێ و ترسی رۆناڵدۆ لەوەی خەونەکەی بە گەڕانەوە بۆ ئۆلترافۆرد بە کارەساتێک تەواوببێت.

بەگوێرەی ئەوە سەرچاوانە، کریستیانۆ لە کۆی 29 گۆڵی مانچێستەر یونایتد لە هەموو خول و پاڵەوانێتییەکانی ئەم وەرزەدا 14 گۆڵی کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەهۆی ئاست و ئەنجامەکانی یانەکەی تووشی بێئومێدی و رەشبینی بووە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، رۆناڵدۆ بێزار و بێئومێدە لەو پلان و شێوازی یاریکردنەی رالف رانگنینکی راهێنەری نوێی یانەکەی پەیڕەوی دەکات و دەڵێن "کریستیانۆ پێیوایە شێوازی یاریکردنی رالف گونجاو نییە و ناتوانن بەو راهێنەرەوە ململانێ لەسەر هیچ نازناوێک بکەن".

سەرچاوەیەکی نزیک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئاشکرایکردووە کە کریستیانۆ زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی لە مانچێستەر یونایتد روودەدات، چونکە یانەکە رەخنەیەکی زۆری ئاراستە دەکرێت و کریسیش دەزانێت کە ئەو یەکێکە لە سەرکردەکانی تیپەکە، بۆیە رەخنەکان ئەویش دەگرنەوە، بەچاوپۆشین لەوەی چەند گۆڵی بۆ مان یونایتد تۆمارکردووە.

ئەو سەرچاوەیە، زیاتر دەڵێت "لەو یانەیەدا زۆر کێشە هەن و رۆناڵدۆ هەست بە گوشارێکی زۆر دەکات، ئەو بەهۆی ئەو دۆخەوە زۆر نیگەرانە و لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردا دەژیت".

هەروەها دەشڵێت "کریس زۆر حەزدەکات گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئیدی هەستی بەوە کردووە کە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بردنەوەی نازناوەکان زۆر زەحمەت دەبێت".

سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە رۆناڵدۆ و میندێز ماوەیەک پێکەوە گفتوگۆیان لەسەر دۆخی ئێستای مانچێستەر یونایتد کردووە و باسیان لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان کردووە و دەڵێن "کریستیانۆ و میندێز هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو دەگرن و دەکرێت هەر شتێک رووبدات".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif