میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی‌و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا

ليست هناك تعليقات



دانوستانی هێزە سیاسییەکان لەسەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا: میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی‌و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا (لەسەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

مەتين ئەتماكا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

پێشەکی

لەدوای شائیسماعيلی یەکەم (ماوەی حوکمکردنی 1501 - 1524)، کە ڕابەرێکی کاریزمای سۆفی بوو و ئیدیعای ئەوەی دەکرد کەوا ئیمامی دیارنەماوی شیعەی نەریتی لە خودی ئەمدا دەرکەوتووە و ساڵی ١٥٠١ لە شەڕێکدا بنەماڵەی ئاق قۆینلووی تێکشکاند (١٣٧٨ - ١٥٠١) و چووە تەبرێزی پایتەختەکەیانەوە و خۆی وەک شاهی دەوڵەتێکی نوێ ڕاگەیاند و ناوی لێنا سەفەوی و دواتر ئەندامەکانی ئەم بنەماڵەیە زیاد لە ٢٢٠ ساڵ حوکم دەکەن١. لە ساڵی ١٥٠٧دا کەوتە هەوڵدان بۆ فراوان کردنی سنووری حوکمڕانیی بنەماڵەکەی بەرەو ڕۆژاوا تا ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و لەوێ پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکانەوە پەیداکرد. لە ماوەی داگیرکارییەکانی شائیسماعیلدا، کاریگەرترین بەگ (واتە دەسەڵاتدار و حوکمڕان) لە ناو هەموو بەگەکانی کورددا لەوانەیە میر شەرەفی بەگی بەدلیس بووبێت٢. کاتێ کە شا ئیسماعیل لە ١٥٠٧ - ١٥٠٨دا خەرپووتی گرت، شەرەف بە بانگهێشتی خوانێکی زۆر گەورە و گوستاخانە پێشوازیی لێکرد و ئەوجا ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی بۆ شا دەربڕی لە ئەخڵات، کە دەکەوتە لێواری باکووری گۆلی وانەوە. شا زۆر خۆشحاڵ بوو بەم پێشوازییە و دانی بە مافی شەرەف بەگدا نا و سەلماندی (دیارە مەبەست لەم شەرەف بەگە باوک یان باپیری شەرەفخانی مێژوونووس و میری بەدلیس بووە – وەرگێڕ). بەهەرحاڵ، ئەم مانۆڕە خۆی و حوکمڕانییەکەی ڕزگار نەکرد، کاتێ لە هەمان ساڵدا لە خۆی چووە سەردانی و خۆی پێناساند. ئەمجارە، لەگەڵ پانزە دەسەڵاتداری تری کورددا گیرا. لە پاش گرتن و بەندکردنی، فەرماندەیەکی قزڵباش لە جێگەی دانرا بۆ حوکم کردنی بەدلیس. پاشان هێز و دەسەڵاتی بەگەکانی کورد لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بوو تەنانەت پاش ئەوەی کە دواتر زۆربەشیان لە لایەن شاوە بەردران. شا شەرەف بەگ و مەلیک خەلیلی حەسنکێفی بەرنەدا بە هۆی پلە و پایەی دەرکەوتوویانەوە لە کوردستاندا٣.

هەڵبەت هەموو کات ناکۆکی و ململانێیەک هەبوو لە نێوان کورد و تورکماندا لە سەردەمی حوکمڕانیی ئاق قۆینلوودا لە سەر کۆنترۆڵ کردنی ڕۆژهەلاتی ئەنەدۆڵ بە هۆی ئەوەی کە ڕێگەی بازرگانیی پێدا دەڕۆیشت و شوێنێکی بەپیتی لەوەڕ و پاوانێکی زۆریش بوو بۆ ئاژەڵەکانیان (وودس، ١٩٩٩: ٣١ - ٣٣). ئەم بە حوکمڕان دانانەی فەرماندە قزڵباشە تورکمانانە و لەناویشیاندا خان محەممەد ئوستاجالوو بە حوکمڕانی دیاربەکر ئەم ڕکابەری و ناکۆکییەی توندتر کردەوە٤. بەو پێیە، بە ماوەیەکی کەم لەپێش گەیشتنی عوسمانییەکان بۆ کوردستان، بەگ و دەسەڵاتدارە کوردەکانی بەدلیس، ماردین، چەمشگەزەک، ئێگیل، هازۆ (هیزۆ) و مەڵبەندەکانی تر دژ بەم هەژموون و دەسەڵاتەی قزڵباش ڕاپەڕین (وودس، ١٩٩٩: ١٦٦). پاش ئەوەی ئیدریسی بەدلیسی، کە بیرۆکراتێکی کوردی ئەزمووندار بوو و کاری بۆ حوکمڕانەکانی ئاق قۆینلوو و سەفەوی دەکرد، هەڵگەڕایەوە و بڕیاریدا هاوکاریی سوڵتان سەلیمی یەکەم بکات. ئەوجا عوسمانییەکان لەشکرکێشیی خۆیان بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی باشتر ڕێکخست بۆ وەستاندنی هێرشە فراوانخوازییەکەی شائیسماعیل لە ئەنەدۆڵدا. هەر کە عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدیرانی ٢٣ی ئابی ١٥١٤دا شکستیان بە سەفەوییەکان هێنا، سوڵتان سەلیمی یەکەم ئیدریسی ڕاسپارد بە ئەرکی "دڵ ڕاکێشانی پاشا و حوکمڕانانی کوردستان و هاندانیان بۆ ملکەچبوون و دڵسۆزی بۆ تەخت و تاجی پایەبڵند و بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان"٥. ئیدریس دەسبەجێ کەوتە کاری دیبلۆماسی لە ناو کوردەکاندا، کە هێشتا هەر لە ژێر کاریگەریی سەفەوییەکاندا بوون٦. ئەو یەکەمجار چاوی کەوت بە میرە کوردەکانی برادۆست، سۆران، بابان و ساریم و هاوپەیمانییەکی لە نێوانیاندا دروستکرد٧. پاشان ڕۆیشت بۆ ئامێدی و جەزیرە و چاویشی کەوت بە سەرۆکەکانی حەسنکێفا، سیرت، هیزان و بەدلیس. ئامانجیشی لەم سەردانانە دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بوو لە ناو کوردەکاندا" و بەدەستهێنانی ملکەچی و دڵسۆزییان بوو بۆ سوڵتان و یەکخستنیان بوو دژ بە سەفەوییەکان٨. بە هەمان شێوە، لە شوبات و مارتی ١٥١٥شدا دڵسۆزیی دەسەڵاتدارە کوردەکانی ورمێ، ئامێدی، سۆران، بۆتان، نەمران، ڕۆژکان و ئەییوبیی دەستەبەر کرد لە ڕێگەی ڕیککەوتننامەوە لەگەڵیان (ئیدریسی بەدلیسی، ٢٠٠١: ٢٥٣). سیاسەتی سەرکوتکەرانەی شائیسماعیل پاڵی بە میرە کوردەکانەوە نا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی. بە هۆی زیرەکی و بلیمەتیی ئیدریسەوە هاوپەیمانییەک ئەنجامدرا لە نێوان ئەم میرە کوردانەدا دژ بە سەفەوییەکان و بە ماوەیەکی کورتی پێش هاوینی ١٥١٥ ئەم هاوپەیمانییە نوێیە لە ئەرجیشی باکووری دەریاچەی واندا شکستی بەو فەوجە کوردانە هێنا کە دڵسۆزی شائیسماعیل بوون.

ئیدریس وایدانابوو کە دیاربەکر دوا ئامانجی ناوچەکە بێت بۆ عوسمانییەکان و ئەو وای لە قەڵەم دابوو کەوا گرتنی دیاربەکر وەک "تەواوکارێکی گرتنی ئەستەمبووڵە و زەمینە خۆشکەرە بۆ داگیرکردنی خاک و وڵاتانی عەرەب و ئێران"٩. هەر بە هەمان شێوەی کۆششەکانی پێشتری لەگەڵ میرەکانی تری کورددا، ئیدریس زمانی دیبلۆماسیی لەگەڵ کەسایەتی و ناودارەکانی شاردا بەکارهێنا و پشتیوانیی ئەو هەوڵ و کۆششانەی دەکرد بۆ ناچار کردنی سەفەوییەکان و دەرکردنیان لە ئامەد. شا ئیسماعیل هێزی سەربازیی زیاتری نارد و شارەکەی گەمارۆدا و خەڵکەکەش لە ناو شوورە و قەڵاکەدا کەوتنە بەرگری کردن لە شار بە یارمەتیی ئەو هێزە کوردانەی بە دەسپێشخەریی ئیدریس نێردرابوون. هەردوو لا دەستە و تاقمی کوردەکانیان بە لای خۆیاندا ڕادەکێشا لە ڕێگەی بەڵێندان و پرۆپاگەندەی ئاینییەوە و لە دیاربەکردا بەرانبەریان لەیەکتر گرت. لەو شەڕەدا کە لە ئەیلوولی ١٥١٥دا بەرپابوو، عوسمانییەکان بە سەرکەوتوویی لێی دەرچوون (گەنج، ٢٠١٩: ٣١٥ - ٣١٨)١٠. لە ماوەی زستان و بەدوایشیدا بەهار، لەشکری عوسمانی دای بەسەر ماردیندا و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە پاشماوەی هێزەکانی قزڵباشی شکست پێهێنا لە شەڕی کۆچیساردا (قزڵتەپە) لە مایسی ١٥١٦دا (مارکیڤیچ، ٢٠١٩: ١٣٣)١١.

ئیدریس، بێ هیچ پلە و پایەیەکی سەربازی یان ئیداری، لە ئەیلوولی ١٥١٤ تا مایسی ١٥١٦ بوو بە نوێنەری تایبەتی سوڵتان لە کوردستاندا و سیاسەتی سوڵتان سەلیمی یەکەمی جێبەجێ کرد لە ناوچەکەدا. ئەو سیاسەتەش بریتی بوو لە پێکهێنان و دامەزراندنی هاوپەیمانیی سەربازی و ڕێکخستنی هێرش و لەشکرکێشیی سەربازی. بەشەکەی تری سەلیمی یەکەم دامەزراندنی پەیوەندیی درێژخایەن بوو لە نێوان عوسمانییەکان و میرە کوردەکاندا لە پاش سەرکەوتنە سەربازییەکان. بۆ ئەم مەبەستە، سوڵتان سەلیمی یەکەم ناونیشانی بۆش و بەتاڵی پلە و پایە (بەرات) و پەیماننامە (ئیستیمالەتنامە)ی

ڕادەستی ئیدریس کردبوو بە توڕە و مۆری خۆیەوە لەسەریان (مارکیڤیچ، ٢٠١٩: ١٣٣). لەپاڵ دابەشکردنی ئەم ناونیشانانەدا بە سەر دەسەڵاتداران و حوکمڕانانی کوردستاندا، ئیدریس و پیاوەکانی سەودا و مامەڵەیان لەگەڵ تورک و عەرەبدا ساز دەکردبۆ نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکانی نێوان ئامەد و مووسڵ و شارەزووردا. پێدەچێت شکستخواردنی سەفەوییەکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە کاریگەریی سەرەتایی بووبێت لەسەر هاوپەیمانیی نێوان میرە کوردەکان و عوسمانییەکاندا و زۆربەی کارەکەش بە هۆی دیبلۆماسییەتی ئیدریسەوە بووە کە بە وردی و تۆکمەیی دایڕشتووە. لە ماوەی هەژدە مانگی هەوڵ و کۆششیدا ئیدریس توانی بەگەکانی حەسنکێفا، ساسۆن، بەدلیس، بۆتان، ئامێدی (عەمادییە)، زیرکی، مەردیسی، ئێگیل، هیزان، چەمشگەزەک و هەندێکی تریش بە لای عوسمانیدا ڕابکێشێت. هەروەها ئیدریس ڕێککەوتنی لە نێوان میرە کوردەکان خۆشیاندا ئەنجامدا بۆ یەکگرتنیان دژ بە سەفەوییەکان و دواتر ڕێککەوتننامەیەکی ئامادەکرد لە نێوان هەر میرێک و عوسمانییەکانیشدا.

لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا میرە کوردەکان کەیفیان بە هیچ هاوپەیمانییەک نەدەهات لەگەڵ عوسمانییەکاندا١٢. لەجیاتیدا، ئەوان زیاتر مەیلیان بە لای شا ئیسماعیلەوە بوو پاش ئەوەی ئاق قۆینلووی ڕووخاند، چونکە گەلێ لە میرە کوردەکان داد و بێدادیان بوو لەدەست حوکمڕانە ئاق قۆینلووەکان لەبەر ئەوەی لە خاکی نەریتیی خۆیان دەریانکردبوون١٣. بەڵام شائیسماعیل لە سەرەتادا زەوی و ناوچەکانی گێڕابووەوە بۆ هەندێ لە بەگە کوردەکان. بەڵام ئەم ماوەی متمانەیە ماوەیەکی زۆری نەخایاند کاتی کە شائیسماعیل کەوتە گرتنی بەگە کوردەکان و زەویوزارەکانیانی لە نێوان سەرۆکە قزڵباشکاندا دابەشکرد. هەروەها شائیسماعیل هەندێ لە بگە کوردەکان و خێڵەکانیانی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕاگواست بۆ ناوەڕاستی ئێران و هەندێ لە بەگە (کوردەکانی) دڵسۆزی خۆیی لە جێگەیان دانا و لە ڕێگەی ژن و ژنخوازییەوە خزمایەتیی لەگەڵیان دامەزراند (شەرەف، ١٨٦٠: ٤١٠). هەوڵ و کۆششەکانی ئیدریس زۆرێک لەو بەگانەی قەناعەت پێکرد کە لایەنگریی لە سوڵتان سەلیمی یەکەم بکەن، چونکە سەلیمی یەکەمیان بە دەرفەتێکی نوێ دەزانی بۆ گێڕانەوەی خاک و زەویوزاری لەدەستچوویان. هەر لەو سەروبەندەدا، ئیدریس هەوڵیدا سوڵتان ڕابکێشێتە جەنگێکی دووەمەوە دژ بە سەفەوییەکان (گەنج، ٢٠١٩: ٣٢٣ - ٣٢٤). بەڵام پێدەچێت ئەو پەیوەندییەی لە ناو کوردەکاندا دایمەزراندبوو بەتەواوی نەچەسپیبێت و بەس نەبووبێت. چونکە شائیسماعیل هێشتا هەر کاریگەریی خۆی هەبوو لەسەر هەندێ لە میرە کوردەکان. بێجگە لەوەش، سوڵتان سەلیمی یەکەم پابەند نەبوو بەو بەڵێنانەی خۆی کە دابوویە میرە کوردەکان. هەڵبەت دوابەدوای ئەزموون تاقیکردنەوەشیان لەگەڵ شائیسماعیلدا، ئەم میرانە تا دەهات زیاتر بەگومان دەبوو لە عوسمانییەکان.

هەرکە عوسمانییەکان دیاربەکریان گرت و دابەشیان کرد بەسەر بیست و سێ گەڕەک و ناوچەدا (سەنجەق)، بێیکڵی محەمەد پاشای فەرماندەی عوسمانی لە دیاربەکر، بە فەرماندەی باڵا دامەزرا (بەگلەربەگی)١٤. سوڵتان سەلیمی یەکەم چەندین نازناوی پلە و پایەی بۆش و بەتاڵی نارد بۆ ئیدریس بۆ ئەوەی بە سەر میرە کوردەکاندا بیانبەخشێتەوە و ڕایسپارد کە هاوکاریی بێیکلی محەمەد بکات و بەگی کوردی گونجاو بۆ ئەم ناوچە و سەنجەقانە دامەزرێنن. هەروەها سوڵتان حەوت پەیماننامەی بۆ ئەو سەرۆکە کوردانە بۆ جەختکردنەوە لەسەر مافی بوونی پێشوەختیان لە خاک و زەویوزاری باوباپیرانیاندا (مارکیڤیچ، ٢٠١٩: ١٢٨ - ١٢٩). ئەو بەگە کوردانەی چووبوونە پاڵ لەشکرکێشییەکەی ساڵی ١٥١٥ی عوسمانی لە دیاربەکر ئەم حەوت پەیماننامەیەیان وەرگرت و ئیدریس بۆیان تێکەوتبوو لەم پرۆسەیەدا. هەڵبەت ئەوە ئیدریسی نوێنەری تایبەتی سوڵتان بووە کە ئەم دەسەڵاتە بەرفراوانەی دراوەتێ، کە بڕیاری داوە ئاخۆ کام "سەرۆکی کوردە کە شایستەی دانپیانان بێت بەو بارودۆخە فەرمییەی و ئەو ماف و ئیمتیازانە چین کە هەیبن" (مارکیڤیچ، ٢٠١٩: ١٢٩). ئیدریس بەو ئاسانکاری و بەڵگەنامە عوسمانییانەی پێی بەخشرابوون، ویلایەتەکەی دابەشکرد بە سەر دوو جۆر یەکەی کارگێڕیدا. ناوچەکانی ناوەند و ڕۆژاوای دیاربەکر بخرێتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی ئیدارەوە لە ڕێگەی دامەزراندنی فەرماندەی ناوچەکانەوە (سەنجەق بێغی sancak be˘gi)١٥. بێجگە لە کارگێڕیی ناوەندیی ناوچەکان، عوسمانییەکان وایان دانابوو کەوا پێویستە ماف و دۆخی هەندێ لە دەستەبژێرە ناوخۆییەکان بسەلمێنرێت کە پێشتر هەبوون. ئیدریس و بێیکلی محەمەد مافی میراتگری و سەربەخۆیی ئەو سەرۆکە کوردانەیان قبووڵ کرد کەوا کەوتبوونە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکەوە. هیچ تۆمارێک نیە بۆ ئەوەی کەوا بەگە کوردەکان مافی زەویوزاری باوباپیرانیان پێبەخشرابێت. زیاتر پێدەچێت، ئەمە بە هۆی پشگیری کردنیانەوە بێت بۆ عوسمانییەکان لە جەنگدا دژ بە سەفەوییەکان و سوودمەندانی ئەم پەیماننامانە سەرۆکە کوردە زۆر دەسەڵاتدارەکان بوون لە بەدلیس، ئامێدی، حەسنکێفا، جەزیرە، هیزان، هەکاری و ساسۆن بوون (مارکیڤیچ، ٢٠١٩: ١٣٠).

ئەم کۆششە سەرەتاییانەی ئیدریس و عوسمانییەکان کردیان کاریگەریی دوورودرێژیان لەسەر کوردستان مایەوە بۆ سێ سەدەی دواتری یەک لە دوای یەک. ئەزموون و تاقیکردنەوەی بەگە کوردەکان لە دوادوایی سەدەی پانزە و سەرەتای سەدەی شانزەدا وەک بەڵگە لێکدەدرێتەوە بۆ ئیمتیازی سیاسیی تایبەت لە لایەن بەگە کوردەکانەوە. ئەوجا هەر لەبەر ئەوەش بووە کەوا بەگە کوردەکان هەمیشە ویستوویانە پەیوەندیی باشیان هەبێت لەگەڵ حوکمڕانە بەهێزەکاندا و بەم "سیاسەتە ژیرانە کوردستانیان بەدوور گرتووە لە ‌هێرشە بەردەوامەکانی حوکمرانانی ئاق قۆینلوو، سەفەوی و عوسمانییەکان"١٦. سەرۆک و ئاغا کوردەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە سنوورەکانەوە نزیکبوون، دەبوو پەیوەندیی باش و بەهێز بپارێزن لەگەڵ هەردوک عوسمانی و سەفەوییەکاندا. یان هاوپەیمانییان دەکرد لەگەڵ لایەکیاندا دژ بە لاکەی تر ئەگەر بارودۆخەکە وای پێویست بکردایە (شەرەف، ١٨٦٠: ٤٢٥ - ٤٣٠).

شائیسماعیل، بە بەراورد لەگەڵ سوڵتان سەلیمی یەکەمدا، وادیارە کەمتر سەرکەوتوو بووە لە نزیکبوونەوە لەگەڵ عەشیرەتە کوردەکاندا بۆ زەمینە خۆشکردن و لە کاتی جەنگی چاڵدیرانیشدا. لەولاشەوە، سوڵتان سەلیمی یەکەم، بە ئەرکێکی تایبەت ئیدریسی ڕاسپاردبوو بۆ قەناعەت کردن بە سەرۆک و دەمڕاستە کوردەکان و زەمانەتکردنی دزە پێکردنی بەردەوامی لێشاوی زانیاری لە پێش جەنگی چاڵدیران و گەرماوگەرمی دوای شەڕەکەشدا. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کەوا ئەو بە وردی پلانی بۆ سیاسەتە کوردییەکەی داناوە (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٠ - ١١١).

شەڕ و ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان، بەتایبەتی لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی شانزەدا، مەسەلەیەکی بنەڕەتی بوو لە سەروبەرگرتنی ڕووبەری سیاسیی کوردستاندا. سیاسەتی هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە کاریگەریی درێژخایەنی هەبوو لە ناوچەکەدا. ئیدریس خۆی زۆر هاوکار بوو لە بەکارهێنانی جیاوازیی ئاینی لەنیوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا. لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی، ئیدریس فەرمانرەوا کوردەکانی وا نمایش دەکرد کەوا سوننەی دڵسۆزن سەرەڕای بوونی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە بیر و باوەڕ جیاوازەکانی وەک قزڵباش، شیعە، یەزیدی و ئەهلی هەق لە ناو کورددا. ئیدریس فۆکەسی خستبووە سەر جیاوازییە ئاینییەکان وەک ئامرازێکی سیاسی بە هۆی جەختکردنی شائیسماعیلەوە لەسەر شیعەگەرایی. دابەشبوونی تائیفی لەنێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا گرنگترین ڕەگەز بوو بوو لە پێکهێنانی سیاسەتدا بۆ هەدوو لایەنەکە. جەختکردن لە مەسەلەی ئاینپەروەری بۆ کورد و دڵسۆزییان بۆ سوننەگەرایی لە سەردەمی حوکمی عوسمانییەکاندا جێگیر بوو و بەردەوام وەبیردەهێنرایەوە لە زۆرێک لە بۆنەکاندا و لە ماوەی ململانی سیاسییەکاندا لەگەڵ بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا١٧. ئیدریس باوەڕی وابوو کە داننان بە مافی میراتگریی میرە کوردەکان پاڵنەرێکی کەمتری دەبێت لە هەلومەرجی دابینکردنی دڵسۆزییاندا. ئەو وایدەبینی کەوا پەیوەستبوونی ئاینی بناغەیە بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەن. سەرەڕای پرۆپاگەندەی ئاینی، ئیدریس ستەمکارییەکانی گێڕایەوە بۆ شائیسماعیل و بەگە کوردەکانی بە لایەنی عوسمانیدا ڕاکێشا (گەنج، ٢٠١٩، ٣٢٩ - ٣٣٣). بەگە کوردەکان ڕازیبوون لەسەر ئەوەی بەیعەت و دڵسۆزییان بدەنە سوڵتان سەلیمی یەکەم و ناوی سوڵتان لە ڕێوڕەسم و وتاری نوێژی هەینیدا بخوێنرێتەوە لە ناوچەکانی قەڵەمڕەویاندا. بەهەرحاڵ، ڕێبازی ئاینیی فەرمیی عوسمانی سەفەوییەکانی وەک هەڕەشەی کافران لەقەڵەم نەدەدا چەشنی ڕکابەرە ئەوروپییەکانیان و جەنگیان دژ بە دراوسێکەی ڕۆژهەڵاتیان بە غەزا (جەنگی پیرۆز) پیرۆز نەدەزانی. بەو پێیە، لە لایەنی عوسمانییەوە ئاین بایەخی کەمتر بوو لە پەیوەندییەکانی سەردەمی دواتریان لەگەڵ سەفەوییەکاندا. بە هەمان شێوە بارودۆخەکە کاری کردبووە سەر دەسەڵاتدارە کوردەکانیش لە دوای شەڕ و ململانێی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە مافی میراتگری و سەرۆکایەتی بووبوو بە مەسەلەیەک لە ناو سەرۆک و دەمڕاستە کوردەکاندا، بە ڕادەیەک تەنانەت هەندێ لە میرەکان بڕیاریاندا بچنە سەر ڕێبازی شیعەگەرایی بە هۆی سەرهەڵدانی ململانێی بەرژەوەندییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پابەندبوونی ئەوان بە باوەڕی نوێیانەوە هەر بە ڕووکەشی مایەوە (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١٢٠ - ١٢١). بێجگە لەوەش، لە ماوەی سێ سەدەی دواتردا جیاوازیی تائیفی و مەزهەبی لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتدا و ناوبەناو پرۆپاگەندەی ئاینی دەگەڕایەوە وەک ئامرازێکی سیاسیی سوودبەخش بۆ پاساوی جەنگ.



سەدەی شانزەهەم: ئەو سەردەمەی کە دابەشبوونی هەمیشەیی کوردستانی دیاریکرد

پاش ئەوەی عوسمانییەکان دەسەڵاتی خۆیان لە ناو بەگە کوردەکاندا دامەزراند، ئەوان هێڵی ئەبستراکتیان لەنێوان خۆیان و سەفەوییەکاندا نەکێشا. سەدەی شانزەهەم قۆناخێکی ئەو چەمک و تێگەیشتنە سیاسییە نەبوو تا ئەو ئاستەی عوسمانییەکان هەوڵیان بۆ سنوورێک دابێت کە لەم هێڵە جیاکەرانەوە بچێت کەوا ئەمڕۆ لە نێوان هەردوو وڵاتی مۆدێرنی تورکیا و ئێراندایە. ئەوان لەجیاتیدا، بایەخیان بە شارەکان و چواردەوریان داوە بەرەو سنوور. زۆربەی ئەم ڕووبەر و ناوچانەی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە لە لایەن عەشیرەت و کەسایەتییە ناودارەکانی کوردەوە کۆنترۆڵ کرابوون. قارس، پاسین، خنس، عادیلجەواز، مووش، ئەرزڕووم و بەدلیس سنووری باکووری نیوان دوو هێزیان دیاریکردبوو لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی شانزەدا. کۆنترۆڵ کردنی ئەم ڕووبەرە بەرفراوانەی خاک و ناوچەی دوور لە ئەستەمبووڵی پایتەخت، مەسەلەیەکی ئاسان نەبوو. بەو پێیە، دەبوو عوسمانییەکان پشت بە فەرمانڕەوا ناوچەییەکان ببەستن بۆ جێگیر کردن و چەسپاندنی کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان. بێجگە لەوەش، چەسپاندنێکی وردی سنوورەکان بە واتای لەدەستدانی داهاتێکی گەورە دەهات بۆ خێڵە کوردەکانی کەوا سەر بەمان بوون. لەپاڵ ئەمەشدا، ئێرانییەکان دوودڵ بوون کەوا عێراق بەجێبێڵن بۆ عوسمانییە سوننەکان لەکاتێکدا کەوا گرنگترین مەزارە پیرۆزەکانی شیعەی لەخۆگرتووە (بارتهۆڵد، ١٩٨٤: ٢٠٦). بەو ڕەنگە هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە دیاریکردنی سنوورەکانیان بە بڕیار لێنەدراوی بەجێهێشت.

دوابەدوای دانوستانەکانی ئیدریس، میر شەرفی بەدلیس لایەنی عوسمانییەکانی گرت دژ بە سەفەوییەکان. بەڵام لە دوای ئەو حوکمڕانی بەدلیس هەستی بە ئەمان و ئارامی نەکردووە لە سایەی حوکمی عوسمانییەکاندا بە هۆی هەندێ ململانیوە. لەبەرئەوە، ئەو بەردەوام بووە لە داواکردنی پارێزگاری لە سەفەوییەکان (شەرەف، ١٨٦٠: ٤١٨). لە پاش شەڕ و ململانێی نێوان پازوکیی شیعە مەزەب و ڕۆزکیی سوننی مەزەب، کە دەکاتە خێڵەکانی (ڕۆژیکی، ڕەوژەکی، ڕوزاگی، ڕوزبەنی، ڕوزگان)، میر شەمسەدین، کە دواتر بوو بە حوکمداری بەدلیس، شارەکەی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عوسمانی کرد لە سەروبەندی لەشکرکێشیی سولەیمانی یەکەمدا (واتە سولەیمانی قانوونی)، لە هێرشی ئیراکەیندا (١٥٣٤ - ١٥٣٦) و دوابەدوای ئەوە خۆیشی چوو بۆ دەرباری سەفەوی و لە خزمەتی شادا بوو.

لە ئەنجامی ئەمەشدا سنووری عوسمانی بەرەو باشووری کوردستان کشا، بەڵام خێڵەکانی ناوچەکە هەرگیز ملیان نەدا بە بە حوکمی ڕاستەوخۆی عوسمانییەکان. ئەم مەسەلەیە زیاد لە چل ساڵی خایاند تا ئەو کاتەی داواکاریی بنەماڵەی میری بەدلیس لە لایەن ئەستەمبووڵەوە قبووڵکرا، کاتێ کەوا شەرەفخانی بەدلیسیی، کوڕی شەمسەدین و نووسەری کتێبی مێژوویی شەرەفنامە، ساڵی ١٥٧٨ - ١٥٧٩، ڕێگەی گەڕانەوەی پێدرا لەگەڵ عەشیرەتی ڕۆزکیدا١٨.

لە پاش لەشکرکێشیی ئیراکەینی سولەیمانی یەکەم، دابەشبوون لەنێوان"کوردستانی ئێرانی" و "کوردستانی عوسمانیدا" بەتەواوی چەسپا، هەرچەندە بە درێژایی چەندین سەدەی لە دوی یەک، هەندێ لە خاک و ناوچەکانی کورد ئەمدەست و ئەودەستیان دەکرد لە دوای هەر جەنگێکی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە. هەندێ جار سەردارانی کورد دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان دەگۆڕی بۆ حوکمڕانێکی کورد یان لە هەمان کاتدا باج و سەرانەیان بە هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە دەدا١٩. هەڵبەت ملکەچی و دڵسۆزیی میرەکانی ئەردەڵان، هەکاری، بابان، سۆران، بەدلیس و ئاغای خێڵەکانی سەر سنوور بەو پێیە لە گۆرانی بەردەوامدا بوو. بێجگە لەوەش، وەک پۆش بۆیدەچێت کەوا "دابەشبوونی کوردستان" هیچ کاتێ بۆ نموونە لە "دابەشبوونی پۆڵەندای" سەدەی هەژدە نەچووە، چونکە ئەو خاک و زەوییانەی لەلایەن کوردەوە نیشتەجێ بوون هەرگیز لە یەکەیەکی سیاسیدا یەکگرتوو نەبوون کە ناوی "کوردستان" بووبێت (پۆش، ٢٠٠٣: ٢١١).

لە پێش دابەشکردنی کوردستان لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا، سولەیمانی یەکەم (١٥٢٠ - ١٥٦٦) توانی تا رادەیەک هەمووی یەکبخات لە ژێر حوکمی خۆیدا و بەردەوام بوو لە داگیرکاریدا بەرەو ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی لە کوردستان و ئەرمینیا و ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی واندا. ئەمەش بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هۆکاری ڕێگرتن بوو لە ئەگەری هەڵکوتانە سەری قزڵباش لە ئەنەدۆڵدا. هەروەها دەیویست ڕووباری فورات بکاتە سنوورێکی سرووشتیی نێوان خاکی قەڵەمڕەوی خۆی و سەفەوییەکاندا (ئەللوشە، ١٩٨٣: ١٠٣). سولەیمان تا ڕادەیەک ئەم کارەی ئەنجامدا لە ڕێگەی لەشکرکێشیی ئیراکەینەوە. لە ماوەی دووەم لەشکرکێشیدا لە ساڵانی ١٥٤٨ - ١٥٤٩دا، هەردوو شاری قارس و وانی گرت، کە دوو سەنگەر و قەڵای سەربازی بوون لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکاندا. سوڵتان سیاسەتی ئیستیمالەی istimalet پەیڕەوی کرد لە ناو خێڵە کوردەکاندا لە ماوەی جەنگیدا دژ بە سەفەوییەکان (واتە یان لەگەڵم بە یان لەدژم بە). ئیبراهیم پاشا، لە زستانە هەواری خۆیەوە لە حەڵەب، پەیوەندی دەکات و بە دیبلۆماسییەتێکی چالاکەوە پەیامی هاوشێوە دەنێرێت بۆ هەوڵەکانی پێشتری ئیدریس. ئەو ژمارەیەک لە خێڵەکانی سنووری قەناعەت پێکردووە. کاربەدەستە عوسمانییەکان دەسەڵاتدار و خێڵە کوردەکانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە لە ڕێگەی دامەزراندنی هەلومەرجی پەیوەندیی باشترەوە لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتدا ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ هەلومەرجەکانی کە لەگەڵ سەفەوییەکاندا هەبوون. تۆمارەکانی ڕووپێوی و ڕووماڵی ئیمپراتۆرییەت (Tapu ve Tahrir Defteri) ئەوە دەردەخەن کەوا عوسمانییەکان پێشینەی گرنگیدانیان بەوانە بووە کە بە پێلێنانی خۆیان "حوکمڕانی دادپەروەرتر بوون لە حوکمرانە سەفەوییەکانی پێش ئەمان". بەو پێیەی کەوا ئەمان هەندێ پیادەکردنی باج وەرگرتنی پڕ لە ستەمکارییان کۆتایی پێهێناوە، بۆ ئەوەی سیستەمێکی حوکمی درێژخایەن لە عێراقدا دابڕێژن (مورفی، ١٩٩٣: ٢٤٣ - ٢٤٤)٢٠.

لەشکرکێشیی سێهەمی سولەیمانی یەکەم لە ١٥٥٣ - ٥٥٤دا بۆ بە هۆکاری کۆنترۆل کردنی تەواوی کوردستان لە پاش داگیرکردنی شارەزوور و بەڵقاس. ئەوجا بەدوایدا پەیماننامەی ئاشتیی ئەماسیا لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا مۆرکرا. سەفەوییەکان دانیاننا بە دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەسەر عێراق و باکووری ئازەربایجان و کوردستاندا. دوابەدوای پەیماننامەکە سولەیمانی یەکەم "سیاسەتی ئیحتیوای" پیادە کرد لەبەرانبەر سەفەوییەکاندا و دەیویست هەردوو هێزە ئیسلامییەکە دووربن لە جەنگێک کە هەردوو لایان وێران بکات لەکاتێکدا کە پورتوگالییەکان بوون بە هێزیکی زیاتر کارا و چالاک لە کەنداوی فارس و ئۆقیانووسی هندیدا. هەروەها کارێکی پراگماتی بوو بۆ سەفەوییەکان کە ئیمزا لەسەر پەیماننامەیەکی لەو چەشنە بکەن، بە ڕەچاو کردنی دەستباڵایی هێزی سەربازیی عوسمانی (عەللوش، ١٩٨٣: ٤٤).

سوڵتان سەلیمی یەکەم بە سڵ و ئاگاییەکی زیاترەوە لە کورد نزیکدەبووەوە و مافی میراتگریی دا بە ژمارەیەکی دیاریکرا لە سەردارە کوردەکان. بەڵام سوڵتان سولەیمانی یەکەم جیاواز بوو لە باوکی لە مەسەلەی سیاسەتیدا بەرانبەر بە کورد بە پێدانی سەربەخۆیی زیاتر بە بە حوکمڕانە ناوچەییەکان. بێجگە لە پۆلێنکردنەکەی سەلیمی یەکەم کە دیاربەکری دابەشکردبووە سەر ژمارەیەک سەنجەق (واتە ناوچە یان کەرت بە پابەندیی باج و سەربازییەوە) و هەروەها حکوومەتەکانیان (واتە حکوومەتی لۆکاڵی بە پلەیەکی بەرزی سەبەخۆییەوە)، سولەیمانیش هەشت سەنجەقی تری بۆ زیادکرد. ئەوجا ئەودوای میرنشینە کوردییەکانی تری کردە بیست و هەشت یەکەی ئیدارییەوە وەک یورتلوک و ئوجاکلیک (واتە خاوەندارێتیی بنەماڵەیی یان کەرتی فیوداڵیی بە میرات بۆمانەوە)، وەک لە فەرمانێکدا ڕاگەیەندراوە (واتە بڕیاری باڵای ئیمپراتۆری). ئەمە بەخشراوە بە سەرۆک و دەسەڵاتدارە کوردەکان بە سەربەخۆیی یان ئۆتۆنۆمییەکی بەرفراوان و ئیمتیازی میراتگرییەوە لە باوکەوە بۆ کوڕ (بارکان، ١٩٥٣ - ١٩٥٤: ٣٠٦ - ٣٠٧)٢١. لێرە بەدواوە، زۆربەی ناوچە کوردییەکان، بێجگە لە دیاربەکر، سەرلەنوی بە ئەیالەتی (ویلایەتی) نوێی وەک زولقەدر، ئەرزڕووم، مووسڵ، بەغدا، وان و شارەزوور. بێجگە لەوەش، زۆربەی سەرۆکە کوردەکان ئیمتیازی ئەوەیان پێدرا ڕاستەوخۆ بگەنە سوڵتان، بەتایبەتی لە کاتەکانی شەڕ و ململانێ لەگەڵ سەفەوییەکاندا. سولەیمان زۆر پەرۆشی ئەوە بوو کە میرە کوردەکان بەهێز و تواناداربن چونکە وا دەیڕوانییە کوردستان کە "بەربەستێکی بەهێز و قەڵایەکی ئاسنین بێت دژ بە ئاشوب و ئاژاوەگێڕیی شەیتان و دێوی بەدفەڕی ئێران" (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤). سوڵتان دەیویست سەرکردایەتییەکی بەهێز دەستەبەر بکات لە ڕێگەی بەخشینی مافی میراتگری و زەمانەت کردنی ئەم گەورە و سەرۆکانەوە دژ بە دەستێوەردانی ڕکابەرانی تر و ئەمەش هۆکاری بەردەوامبوونی میرنشینە کوردییەکان بوو. هەروەها ئەم سیاسەتەشی وایکردبوو کە سەرۆکە کوردەکان زیاتر پشت بە سوڵتان ببەستن بۆ بەردەوامیدان بە پایە و شوێنیان. ئەوەی کە سولەیمانی یەکەمی جیادەکردەوە لە سوڵتانی پێش خۆی ئەوە بوو کە بەتەنها دەستپێوەگرتنی دڵگەرمیی ئاینیی گۆڕی بە ئاوێتەکردنی بنەماکانی باوەڕە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت بە "ئیتنیکی، زمانەوانی، کولتووری و ئاینییەوە" (مورفی، ١٩٩٣: ٢٤٨).

هەندێ لە خێڵە کوردەکان شوێن و ماوایان دەکەوتە نزیک سنووری هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەوە و هەندی جاریش دەبوو بە دوو بەشەوە لە نێوانیاندا و ئەو خێڵانە زۆر کاریگەر بوون و سەرکردە هەرێمییەکانی عوسمانی و سەفەوی دەبوو ئەو مەسەلەیەیان ڕەچاو بکردیە و بایەخیان پێبدایە. ئەمانە وەک خێڵی مەحموودی لە نزیک خۆی و مەحموودییە، دونبوڵی لە دەوروپشتی خۆی، سوگمێند (سوکمەنئاباد) و شەنبۆ (یان شەنباوی) لە هەکاری لە ناو ئەو خێڵە دیارانەدا بوون. بۆ نموونە، شەنبۆکان نیمچە سەربەخۆ بوون و ناویان نەدەخرایە تۆمارەکانی باج سەندنەوە بەلای کەمەوە تا ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەم سەرەڕای دڵسۆزی و ملکەچییان بۆ عوسمانییەکان (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٦) . خێڵی برادۆست دەستیان بەسەر هەرێمێکدا دەڕۆیشت لە ڕۆژهەلاتی هەکارییەوە بۆ گۆلی ورمێ و ساوجبڵاخ (سابڵاخ). سولتان حوسەینی بادینان، کە لەلایەن خێڵە کوردەکانی تر و سوڵتانە عوسمانییەکانەوە ڕێزی لێدەگیرا، یەکێکی تر بوو لە سەرۆک خێڵە بەهێزەکان کە قەڵەمڕەوی حوکمی لە ڕۆژئاوای موکرییەوە دەیگرتەوە تا بەری ڕۆژئاوای چاکانی زاگرۆس لە ئامێدی (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٦ - ٢٠٧). زیاتر بەرەوخوار بڕۆین بابانەکان و فیدراسیۆنی خێڵەکانیان لە ناوچەی شارەزوور و دەوروبەریدان. دواتر بابانەکان خاک و قەڵەمڕەوی خۆیانیان فراوانتر کرد تا نزیکی دەریاچەی ورمێ. حاجی شێخ بابانی سەرۆکیان هێند جێی هەڕەشە و مەترسی بوو بۆ سەفەوییەکان کەوا شاتەهماسپی ناچار کرد ساڵ ١٥٤٠ هێزیکی سەربازیی بنێڕێتە سەری (شەرەف، ١٨٦٠: ٢٨٦)٢٢.

شەرەفخان هەندێ لە خێڵەکانی کورد پۆلێن دەکات وەک "میرانی کوردی ئێران" (ئومەرای ئەکرادی ئێران)، چەشنی (پازوکی/ پازوگی، شێخ مەنسوور، چیکەنی/ چیگەنی، کەڵهوڕ و زەنگەنە) (شەرەف، ١٨٦٠: ٣٢٠ - ٣٢٨)٢٣. سەفەوییەکان یان قزڵباش بوون یەن سەر بە ڕێبازێکی سۆفیگەریی نزیک بەوان بوون و سەرۆک و ڕابەرەکانیان دەگەیشتنە پلە و پایەی خان یان قورچی. پۆش وایبۆدەچێت کەوا ئەم خێڵانە دەکرێ وەک کوردی قزڵباش (ئەکرادی قزڵباش) ناوزەد بکرێن (پۆش، ٢٠٠٣: ٢١٠). گەلێ لەم خێڵانە نێردران بۆ خوراسان لە سەردەمی حوکمی شاعەباسی یەکەمدا (١٥٨٧ - ١٥٨٧). ئەگەر بەراروردی بکەین، دەبینین کەوا گرووپێکی دووەم لەوانە پێکدەهاتن کە بەزۆری ملکەچی و دڵسۆزیی خۆیان دەگۆڕی لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکاندا. خێلە سونییەکانی ڕۆزکی، ئەردەڵان، سۆران، هەکاری، بابان، موکری، مەحموودی و یەزیدییەکانی دونبولی نیشتەجێ و دەسەڵاتداری سنووری نێوان عوسمانی و سەفەوی بوون. لە هەر شەڕ و پێکدادانێکی نێوان دوو ئیمپراتۆرییەتەکدا ئەوان دەیانتوانی هاوپەیمانیی خۆیان بگۆڕن لەبەر خاتری هێشنەوەی مافی سەربەخۆیی و میراتگرییان٢٤. سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێ لەسەر مەسەلەی سەرکردایەتی لە ناو خێڵێکی دیاریکراو و ئەندامانی بنەماڵەی حوکمڕاندا گەلێ جار ئەوەی لێدەکەوتەوە کە هانا ببەنە بەر عوسمانی یان سەفەوییەکان بۆ پاڵپشتی کردنیان لە ململانێکانیاندا.

لەکاتێکدا کە خێڵە کوردەکان گرنگ بوون بۆ هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە بۆ هێشتنەوەی سنووری هاوبەشی هەردوو لا بە ئارامی، ئەوە شار و شارۆچکەکانی نزیک سنوورەکان بایەخی سەربازی و ستراتیجییان زیاتر بوو. شوێنگەلێکی وەک بەدلیس و وان وەک "کلیل و دەروازە بۆ ئازەربایجان" لەقەڵەم دەدران لە لایەن فەرماندە عوسمانییەکانەوە٢٥. خۆی و ورمێ لە دیوی سەفەوییەوە لە شارە گرنگ و پڕ وزەکان بوون بۆ هێشتنەوەی عوسمانییەکان لەبەر دەرگا. هەر لەو سۆنگەیەوە، بە زۆری خۆی دەبوو بە ئامانجی هاوپەیمانیی عوسمانی و کورد. ئەم شارانە و دەوروپشتیان لە ڕووی ستراتیجییەوە زۆر گرنگ بوون بۆ پەیبردن و هەڵسەنگاندنی هێز و توانای هەر لایەکیان، چ عوسمانی یان سەفەوی بووبێت. هەڵبەت بە بێ هاوکاری و هەماهەنگیی خێڵە کوردەکان و سەردار و سەرۆکانی چواردەوری ئەم شارانە مەحاڵ بوو ئەم شوێنانە بپارێزرین. خێڵە کوردەکانی سەر سنوور دەیانتوانی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لایەنگرییان بگۆڕن لە هاوپەیمانییاندا. بێجگە لەوەش، هەردوو لا عوسمانییەکان و سەفەوییەکان دەیانویست خۆبپارێزن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ، بەڵکوو ئەوان شەڕی بەوەکالەتیان بەلاوە باشتر و پەسەندتر بوو. میرە کوردەکان و کۆنفیدراسیۆنی خێڵەکانیان ناوچە و قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدارێکی تری کوردیان داگیر دەکرد لەژێر سایەی ئیمراتۆتی ڕکابەردا. هەندێ جاریش شەڕ و پێکدادانی نێوان خێڵە کوردەکانیان وەک پاساوی جەنگ بە مەبەستی داگیرکاریی نوێ٢٦.

سەفەوییەکان لە کەناری باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان مابوونەوە تا جەنگەکانی ١٥٤٨ و ١٥٥٠ - ١٥٥٣. پاس ئەوەی عوسمانییەکان وانیان خستە خاک و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆرییەتەکەی خۆیان و کرا بە ویلایەتێک لە ژێر حوکمی بەگلەربەگیدا (سینکلێر، ٢٠٠٩: ٢١٦ - ٢١٧). سەرەڕای حوکمڕانیی عوسمانی لە واندا بەڵام بەگەکانی مەحموودی بە لایەنگر و دڵسۆزی سەفەوییەکان مانەوە تا ساڵی ١٥٥٤، بە چەندین مانگ لە پێش ئەوەی کەوا پەیماننامەی ئەماسیا ئیمزا بکرێت لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا٢٧. پەیماننامەکە هەندێک سەقامگیریی دەستەبەر کرد بۆ ناوچەکە بە هۆی ڕێگرتن لە حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکان کەوا ملکەچی و دڵسۆزیی خۆیان بگۆڕن. ئەمەش بناغەیەکی داڕشت بۆ پەیوەندیی درێژخایەن لەنێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا، کە لەم ماوەیەدا حاڵەتێکی ئەوتۆ نەبوو بۆ گۆڕینی لایەنداری لە ناو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی کورددا. لەگەڵ ئەوەشدا سەفەوییەکان بەشدارییان دەکرد لە دانانی بەگەکانی مەحموودیدا و هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی مەحموودی لە پلە و پۆستی سوپای سەفەویدا دامەزرابوون. (شەرەف، ١٨٦٠: ٣٠٢، ٣٠٤ - ٣٠٦). حاڵەتی مەحموودی ئەوە پیشاندەدات کە دەسەڵاتی عوسمانی تەنها بژاردە نەبووە بۆ سەرۆک و دەمڕاستانی کورد، کە ڕکابەریی نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە وەک هەل و دەرفەتێک دەبینن بۆ چێکردنی ڕووبەرێکی سیاسی بۆ خۆیان. ئەوان هەر بە شێوەیەکی نەرێنی دەسەڵاتیان قبووڵ نەدەکرد بەڵکوو توانای دانوستانیشیان پاراستبوو.

کاتێ شاتەهماسپ (١٥٢٤ - ١٥٧٦) جێگەی شا ئیسماعیلی باوکی گرتەوە، دانینا بە مافی میراتگریی هەموو ئەو حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردانەدا کە پەنایان بردبووە بەر دەرباری ئەو، بەدەگمەنیش ڕوویداوە کە دەسەڵاتدارێکی کورد لەناوببات تا بۆی نەسەلمایە کە لێی هەڵگەڕاوەتەوە و یاخی بووە. ئەو هاوکاریی کردوون بە یارمەتیی دارایی هەر کاتێ هۆکارێک بووبێتە مایەی لەدەستدانی ماڵ و مڵکیان. خاسییەتێکی جیاکەرەوەی سیاسەتی ئەو لەبەرانبەر کورددا ئەوەیە کەوا کوڕ و برای گەنجی میرەکانی لە دەرباری خۆیدا بەزۆری وەک بارمتە دەهێشتەوە بۆ مسۆگەر کردنی دڵسۆزیی خێزان و بنەماڵەکانیان و ڕاهێنان و مەشق پێکردنیان لەگەڵ میر و شازادەکانی بنەماڵەی خۆیدا (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٤ - ١٢١). زۆرێک لەوانە لەسەر بنەمای هەستی خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ شا پەروەردە دەکران و دواتریش وەک حوکمڕانی دڵسۆز لە ناوچەکانی خۆیاندا دادەمەزران. ئەوجا حوکمڕانە دڵسۆزەکان بە ناونیشان و نازناوی وەک قورشی دادەمەزران، کە جۆرێکە لە بۆدیگاردی شاهانە. سەفەوییەکان پلە و پایەیەکیان دروستکردبوو بە ناوی ئەمیرولئومەرا یان میری میران (أمیر الأمراء، فەرماندەی گشتی) بۆ کوردستان و دەیاندا بەو میرە کوردانەی کە فەرماندار یان سەرکردەی سەرۆکەکانی تری کورد بوون٢٨. هاوپەیمانییەکانی ژن و ژنخوازی لەنێوان دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکان و خیزانی شاهانەی سەفەوی و هەروەها سەرکردەکانی قزڵباشیش ڕۆڵی خۆی بینیوە لە تێکەڵکردنی میرە کوردەکان لەگەڵ فیدراسیۆنی قزڵباشدا. وادیارە سیاسەتی شاتەهماسپ سەبارەت بە کورد بۆ ماوەیەکی کورت ئامانجی خۆی پێکابێت چونکە هەندێ لە میرە کوردەکان دڵسۆزیی خۆیان بە لای عوسمانییەکاندا گۆڕی. لە لایەکی تریشەوە، میرە کوردەکان، سەرەڕای پەیوەندییان لەگەڵ شادا، هەرگیز لە پلە و پایەی بەرزدا دانەمەزران لە دەرباری تەهماسپدا کەوا قزڵباشی خێڵە تورکمانەکان کۆنترۆڵیان کردبوو. کەواتە دەبێ چاوەڕێی شاعەباس بکرێت (١٥٧٨ - ١٦٢٩) بۆ چاککردنی سیستەم و وەرگرتنی هەندێک لە دەستەبژێری کورد لە ناوچەرگەی ئیدارەدا٢٩.

لە پاش مردنی شاتەهماسپ، ئێران کەوتە ناو بۆشایی دەسەڵاتەوە و عوسمانییەکان ویستیان ئەم هەلە بقۆزنەوە و لە قۆڵی ڕۆژهەڵاتیانەوە فراوانخوازی بکەن پاش زیاد لە دوو دەیەی ئارامی و سەقامگیری. پاشان بە پاساوی هێرش و هەڵکوتانەسەر شاری وان لە لایەن خێڵە کوردەکانی ئێرانەوە، لە ساڵی ١٥٧٨دا عوسمانییەکان لەشکرکێشییەکی نوێیان کردە سەر ئێران و ئەمەش دوانزە ساڵی خایاند تا جەنگ کۆتایی هات (کوتوکئۆغڵوو، ١٩٩٣: ١٨ - ٢٢)٣٠. هەروەها عوسمانییەکان فەرمانێکیان نارد بۆ میر و ئاغا کوردەکان کە بچنە ناو خاک و وڵاتی سەفەوییەوە و شارەکانیان داگیر بکەن و گشت زەندیق و (مولحیدەکان) بکوژن تێیدا (ئوزونچارشلی، ٣/ ٥٧ - ٥٨). وەک باس دەکرێت، کەوا خوسرەو پاشای حاکمی وان خێلە کوردەکانی چەکدار کردووە و بەڵێنی مافی مڵکایەتیی زەویوزار و میراتگریی داوە بە میری هەکاری، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ناوچەی سەڵماس بگرێت (ماتحی، ٢٠١٤: ١٥). دواتر هێزێکی هاوبەشی عوسمانی و کورد هێرشیان کردە سەر هێزەکانی قزڵباش لە تۆپراک قەڵای ورمێ و تەواوی ناوچەکەیان گرت. جەنگی بەوەکالەت لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتدا لە ڕیگەی هێزە کوردییەکانەوە جێبەجێ دەکران، کەچی عوسمانییەکان بەردەوام نکووڵییان لە بەرپرسیارێتیی ئەو کارانە دەکرد و سەرکۆنەی کوردیان دەکرد بۆ ئاژاوەگێڕی و ئاشوب لە ناوچەی سنووردا. دواجار لە ساڵی ١٥٨٥دا، عوسمانییەکان تەبرێز و ڕووبەرێکی گەورەی بەرهەمهێنترین خاکی ئێرانیان گرت لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئیمپراتۆرییەتدا. ئێرانییەکانیش هێرشێکی پێچەوانەیان ئەنجامدا لە پاش دەیە و نیوێکی دواتر و ئەم خاک و ناوچانەیان گرتەوە. ئەو شەڕ و ململانێیەی چەندین دەیە بەردەوام بوو لە نزیك ناوچە کوردییەکانەوە سەرچاوەکانی داهاتی گشت هەڵلووشی و بوو بە هۆی ناجێگیرییەکی ئابووریی هێجگار گەورە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئۆپەراسیۆنی ڕاگواستنی زۆرەملێی دانیستووان لە ئازەربایجان و شیروان (ماتحی، ٢٠١٤: ١٩)٣١. بە ڕەچاوکردنی لاوازبوونی سەفەوییەکان و باڵادەستیی سەربازیی عوسمانی، وادیارە ئەمی دواییان ستراتیجی سەربازیی خۆی بەچاکی ڕەچاو کردبێت. خێڵە کوردەکان ڕۆڵێکی چالاک و نکووڵی لێنەکراویان گێڕاوە لە نەخشەدانان و هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڕاستەکەیدا. سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیان کە پشتیوانییان لە عوسمانییەکان دەکرد بەرژەوەندییان هەبوو لەوەدا. بە پێی بۆچوونی مورفی بێت سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیش "مانۆڕ و جووڵەی تەواویان بەدەستەوە دەهات بۆ بەرگری کردن لە بەرژەوەندیی خۆیان لە بارودۆخێکی هەڵاواردوودا، بەتایبەتی لە کاتی جەنگدا تەنانەت بۆ بەرفراوانکردنی کار و کاریگەریی سەربەخۆیان لە ناو ئەو دەوڵەتانەدا" لەجیاتیی مانەوەیان وەک "بەشدار و هاوکار ئەو ئەجێندا چەسپاوانەی کە لە لایەن "ئاغا" ئیمپراتۆرییەکانیانەوە داڕێژرابوو" (مورفی، ٢٠٠٣: ١٥١).



سەدەی حەڤدەهەم: لە بریکارەوە بۆ هاوبەشانی ئیمپراتۆرییەت

لە ساڵی 1603دا، بۆ جارێکی تر خاکی ئێران بووەوە بە گۆڕەپانی جەنگ لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا و ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە سەفەوییەکان تەبرێز بگرنەوە. شاعەباس و هاوشێوە عوسمانییەکەی سوڵتان ئەحمەدی یەکەم (١٦٠٣ - ١٦١٧) لەگەڵ ئەوانەی دوای ئەو هاتن جارێکی تر دڵسۆزیی خێڵەکانی سەر سنووریان گێڕایەوە. بەپێچەوانەی سەدەی شانزەهەمەوە، سەرەتا سیاسەتی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی سەبارەت بە کورد "یەکبگرە و حوکم بکە" بە تۆبزیی گۆڕا بۆ "پەرت بکە و حوکم بکە" divide et imprera)) بە هۆی ڕکابەری لەگەڵ سەفەوییەکاندا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئازەربایجان. لە هەمان کاتدا، خێڵەکان ئەم ڕکابەرییەیان وەک دەرفەتێک دەبینی "کە سنووری ئاڵۆز و ناجێگیر، گۆڕینی هاوپەیمانێتییەکان و بایەخی ڕوو لە زیادی ستراتیجی هێنابوونیە ئاراوە کەوا زێد و نیشتمانی ڕەسەن و بە میرات بۆماوەیان وا ئێستا بە دۆخی جەنگ و شەڕوشۆڕدا تێدەپەڕێت بۆ سەرلەنوێ دانوستان کردن لەسەری و جارێکیتر دیاریکردن و پێناسەکردنەوەی هەلومەرجی هەواداری و بریکاری و دڵسۆزی و سەربەخۆیی سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ هەردوو بەناو ئاغا و گەورەکانیان کە شا و سوڵتانن" (مورفی، ٢٠٠٣: ١٥٢).

سەرەڕای دۆخی ئۆتۆنۆمی و بە میرات مانەوەی حکوومەتە کوردییەکان، کاریگەرییان لەسەر سنوور هەر بە لۆکاڵی مایەوە و زۆر جێی ستایش و پێزانین نەبوو لە لایەن ناوەندی عوسمانییەوە بە هۆی پاسەوانی و بەرگری کردنیانەوە لە سنووری ڕۆژهەڵات. نە عوسمانییەکان و نە سەرۆکە کوردەکان و خێڵەکانیان بەدوای تەواوکردنی نێوانیاندا نەدەگەڕان. بەپێی بەڵگەنامە عوسمانییەکانی دامەزراندن و پێدانی پلە و پایە ئەو سەردەمە، میرنشینە کوردەکان (مەفرووزول قەلەم و مەقتووعول قەدەم - مفروض القلم ومقطوع القدم) بوون و ئەمەش دەستەواژەیەکە بە واتای دۆخی سەربەخۆیی و پابەند نەبوون بە باجدانەوە و سەردان نەکردندنی پشکنەران دەگەیەنێت (عەینی عەلی ئەفەندی، ١٢٨٠/ ١٨٦٣ - ١٨٦٤: ٣٠). سەرۆک و دەمڕاستە کوردەکان بە هاوکاری کردنیان لەگەڵ عوسمانییەکان لە کاتی جەنگدا ئەو شکۆ و شانازییەی پێدەبەخشین کە هەوڵیان بۆ دەدا و هاوشانی کردبوون لەگەڵ بەرپرس و کاربەدەستە عوسمانییە ناوچەییە هاوەڵەکانیان. ئەوان چاوەڕوانی هێزی زیاتر و گەورەتر بوون لە ماوەی چالاکیی سەربازیدا لە ناوچەکانیان لەوەی کە هەبوو لە کاتەکانی نەبوونی ململانێدا. ئەوان لە ماوەی جەنگدا وەک چاوساغ و ڕێپیشاندەر خزمەتیان دەکرد. ئەوان کۆکەرەوەی زانیاری و بریکاری هەواڵگری بوون و پەیوەندییان دروستدەکرد لە نێوان عوسمانییەکان و هاوپەیمانە جۆراجۆرەکانی سەفەویدا (2003: 154- 5). لە کاتەکانی قەیران لەگەڵ میرە جۆرجییەکاندا، بۆ نموونە، عوسمانییەکان بەزۆری پشتیان بە میرە کوردەکانی سەر سنووری ئازەربایجان و قەوقاز دەبەست بۆ ئەوەی زانیاریی متمانە پێکراویان بدەنێ. عوسمانییەکان باوەڕی ڕەهای خۆیان دەردەبڕی بە جێگیری و بەردەوامیی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ دەسەڵاتدار و حوکمڕانە کوردەکاندا چونکە ئیمپراتۆرییەت پێویستی بە سەقامگیری و پێشبینی کردن بوو لە سنوورێکدا کەوا خەڵکەکەی بەئاسانی دڵسۆزیی خۆیان دەگۆڕن (فەرەیدوون ئەحمەد بەگ، ١٨٥٨: ٢/٢٢١.

عوسمانییەکان بە ئاستێک پشتیان بە سەرۆکە کوردەکان دەبەست کە وەک نوێنەری خۆیان دەیانناردن بۆ دانوستانی ئاشتی لەگەڵ سەفەوییەکاندا. بۆ نموونە، لە ساڵی ١٦٠٤دا، جاغالئۆغلوو سینان پاشای فەرماندەی عوسمانی سولەیمان بەگی ڕاسپاردووە، کە سەرۆکێکی مەحموودی و حاکمی خۆشاب بوو، بۆ ئەوەی پێشنیازی ئاشتی بخاتە بەردەمی سەفەوییەکان و لەسەر ئەو مەسەلەیە گفتوگۆیان لەگەڵ بکات (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٥٧). سەرۆکەکانی کۆنفیدراسیۆنی خێلەکیی مەحموودی توانای ڕۆڵبینینی ئەمە و کاری تریشیان هەبوو بە هۆی پەیوەندییەکانی هەردوو دیوی سنووریانەوە بە کەسایەتی و دەمڕاستانی هەمان خێڵ یان خێڵەکانی ترەوە. جارێکیان شا ئاگادار کراوەتەوە لە هاوپەیمانییەکی دژ بە سەفەوییەکان لە ناو کوردانی مەحموودیدا و ئەمیش دەسبەجێ هەنگاوی ناوە بۆ ڕاگواستنیان بۆ ئەو ناوچانەی سنوور کە چالاکیی سەربازیی تێدا کەمتر بووە. (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٧٨). حاڵەتی مەحموودییەکان ئەوە دەردەخات کەوا هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکە بەزۆری گرووپە خێڵەکییە نیمچە ملکەچ و دڵسۆزەکانیان کردووەتە ئامانج و هەولیانداوە بیانکەنە دۆست و بریکاری خۆیان. هەروەها هەوڵیانداوە ئەم گرووپانە وا لێبکەن ڕوو لە دوژمن وەرچەرخێنن و بە لای خۆیاندا ڕایانبکێشن. بۆ ئەم مەبەستەش شا عەباسی یەکەم حاڵەتی هەردوو گرووپی کورد و تورکمانە قزڵباشەکانی بە هاوسەنگی ڕاگرتووە و دەسبەرداری هیچ لایەکیان نەبووە بۆ بەرگری کردن لە سنوور (، ٢٠٠٣: ١٥٨ - ١٥٩).

لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا، سەفەوییەکان وایان پێ باشتر بووە کە بە قورسی دەست دابگرن لەسەر ئەو کەسانەی کە سەر خێڵە کوردەکانی ڕۆژاوای ئێرانن و هاوکارییان لەگەل ناکەن. شاعەباسی یەکەم تووشی کێشە و گرفت بووبووەوە لە مەسەلەی هەڵبژاردنی ئەوەی ئاخۆ بەکردەوە هاوسەنگی بکات لەنێوان کورد و تورکمانەکاندا یان گرووپە کوردە نیمچە ملکەچەکان سەرکوت بکات. دواجار شا بژاردەی دووەمی هەڵبژارد لە مەسەلەی ئەمیر خانی سەرۆکی برادۆستدا، کە لە ڕۆخی ڕۆژاوای گۆلی ورمێ قەڵای دمدمی دروستکردبوو و لە شا یاخی بووبوو. لە پاش سێ مانگ گەمارۆدانی ئەو قەڵایە لە لایەن هێزەکانی سەفەوییەوە، لەنێوان نۆڤەمبەری ١٦٠٩ و شوباتی ١٦١٠دا، ئەمیر خان قەڵاکەی ڕادەستکرد. لەکۆتاییدا، ئەوانەی کە خۆیان دا بەدەستەوە بێ هیچ جیاوازییەک و بە گۆترەکاری لەگەڵ ئەو یاخیبووانەدا سەریانبڕین کە تا دوا هەناسە چەکیان دانەنا (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٩٩٨ - ١٠٠٢)٣٢. پانزە سال لە دوای کوشتارەکەی دمدم، شێر بەگی موکری بە هەمان شێوە ڕاپەڕی و بە هێزەکەیەوە دای بە سەر مەراغەدا و خەڵکەکەی تاڵان کرد. شا هێزێکی تۆڵەکردنەوەی ناردە سەر گەڤداڵی پایتەختەکەی، بەڵام شێر بەگ توانی خۆی دەرباز بکات و هەڵهات بۆ چیاکان (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ١٢٥٣).

سەبارەت بەودوای ساڵانی سەدەی حەڤدە، سەفەوییەکان وایاندەبینی کە خاک و ناوچەکانی کورد نامۆ و پڕ لە ناپاکییە. بەڵام بەپێچەوانەی سەفەوییەکانەوە، عوسمانییەکان ستراتیجییەتێکی درێژخایەنیان گرتەبەر بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی و دڵسۆزیی خێڵەکان لە ڕێگەی پێدانی پلە و پایە و ئیمتیازاتەوە. ئامانجی ئەم سیاسەتە دروستکردنی هاوپەیمانیی بەهێز و پتەو و پشت بەخۆبەستوو لە ناوچە سنوورییەکاندا کە بتوانن کوتوپڕ وەڵامی هێرش و پەلامارەکان بدەنەوە کاتێ کە هێزەکانی عوسمانی لەو شوێنە نەبن. میر شەرەفی حوکمڕانی جەزیرە بە میرات، پلە و پێگەیەکی تایبەتی درایە کە دەسەڵاتی بەرفراوانی بە سەر عەشیرەتەکاندا لە ماوەی جەنگەکانی عوسمانی - سەفەویدا لە سەرەتای سەدەی حەڤدەوە. عوسمانییەکان نەیاندەتوانی سەربکەون بە سەر هەڕەشە و مەترسیی سەفەوییەکاندا بەبێ هاوکاریی حوکمڕانە ناوخۆییەکانی وەک میر شەرەف. حوکمڕانە کوردەکان هێز و دەسەڵاتی زیاتریان بەدەستهێنا لە ڕێگەی بەکارهێنانی پلە و پایە نوێکانیانەوە تا ئاستی بەشداربوون لەگەڵ عوسمانییەکاندا بۆ خزمەتی مەبەستەکانیان (نەعیمە مستەفا ئەفەندی، 1281/ 1864 - 1865: 2/17)٣٣. بۆ نموونە، نەسووح پاشای والیی دیاربەکر، کە زاوای میر شەرەف پاشاش بوو ویستی کۆتایی بەو یاخیبوونە بێنێت کە ساڵی ١٦٠٦ لە بەغدا بەرپابووبوو. میر شەرەف سەرنجی نەسووح پاشای گۆڕی کە لە پێش وەرزی لەشکرکێشییەکەیدا قەڵمڕەوی ناوچەکەی فراوان بکات و قەناعەتی پێکردووە کە هێرش بکاتە سەر قەڵا و قایمکارییەکانی کورد عەلی، کە سەرۆک خێڵی ئاشتی بووە. ئەوجا گەمارۆدانێکی درێژخایەنی ماوەی چوار مانگ سەلماندی کە بێئەنجامە و لەشکرکێشییەکەی بەرەی عێراق دواخرا بۆ ساڵی داهاتوو.

هێزە خێڵەکییەکانی کورد بوون بە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ دابینکردنی هەندێ خزمەتگوزاریی بنەڕەتی لە بوارەکانی گواستنەوەی سەربازی و پشتیوانیی لۆجستیکی. هێڵەکانی دابینکردنی پێداویستیی سوپای عوسمانی درێژبوونەوە بۆ پشت مەنزیلخانەی ئیمپراتۆری (واتە وێستگەکانی پۆستە)، کە ئەم تۆڕە تەنها قۆرخ بوو بۆ ناوچەرگەی ویلایەتەکانی ئیمپراتۆرییەت و ئەم بەرفراوانبوونە بەهۆی هاوکاریی هێزە خێڵەکییەکانەوە بووە. بە پێی عەزیز ئەفەندی، هێزە کوردییەکان بریتی بوون لە هێزێکی سەربازی پێکهاتوو لە ٥٠ - ٦٠ هەزار سەرباز لەم ماوەیەدا٣٥. پاش ئەوەی عوسمانییەکان لە ساڵی ١٦٣٨دا بەغدایان گرتەوە، هانی خێڵەکان درا کەوا کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان بەرفراوان بکەن و پەیوەندیی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور دروست بکەن لەگەڵ خێڵە خزمەکانیان لە ناو خاک و قەڵەمڕەوی سەفەویدا (، ٢٠٠٣: ١٦٢ - ١٦٣)٣٥. زیاد لەوەش، لە غیابی فەرماندە یان پاشا عوسمانییەکاندا بۆ سەرکردایەتیی هێزەکانیان، فەرماندە خێڵەکییەکان ئەو ئەرکەیان لەئەستۆگرتووە لە کەرتەکانی خۆیاندا لە بەربڵاوترین سنووردا. لە ساڵی ١٦٢٧دا، کاتێ کە چەندین بەرەی شەڕ لە قۆڵی ڕۆژهەڵات کرایەوە، سەرکردایەتیی شەڕەکە لە باشووری کوردستان سپێردرا بە میرە بەگی سەرۆکی کۆنفیدراڵییەتی موکری (كاتب چەلەبی،1287/1870: 2 / 96 - ٩٧)٣٦. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، یاسا و ڕێسای باڵادەستیی ئاسایی بەشێوەیەکی کاتی پێچەوانە دەبووەوە و جیاکردنەوەی هەرەمی لەنێوان ئاغا و ژێردەستەدا ناڕوون و تەمومژاوی بوو. سەرەڕای ئەوەش، لەو ماوەیەدا عوسمانییەکان نەیاندەتوانی پشت بە خەزێنەی ناوەندی ببەستن وەک چۆن لە سەدەی شانزەدا ئەو کارەیان دەکرد. بەو پێیە، دەبوو خێڵە کوردەکان بەشدار بوونایە لە خەرج و تێچووی جەنگەکاندا بێجگە لە ئیمتیازاتی باج و سەرانەش. ئاوبەشی کردنی بەرپرسیارێتی لەم چەشنە و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی قورسایی لە ماوەی جەنگدا دەرفەتی دا بە سەرۆکە کوردەکان بۆ سەرلەنوێ دیاریکردنەوەی ڕۆڵ و پێگەیان. ئەم میرانە پارێزبەندیی زیاتریان بەدەستهێنا دژ بە زیادەڕۆیی و پێشێلکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە زەویوزاریاندا و دەسەڵاتیکی ناوچەیی بەرفراوانی دەدانێ و سەرلەنوێ جەختکردنەوە و سەربەخۆیی درێژخایەنی ئەو زەوییانەی بە میرات بۆیان مابووەوە و بە هی حکوومەت پۆلێن دەکران (، ٢٠٠٣: ١٦٧).

پاش ئەوەی هەردوو لا ڕێککەوتن لە سەر مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی زەهاو لە ساڵی ١٦٣٩دا (کە لە مێژووی تورکیادا زیاتر بە ڕێککەوتننامەی قەسری شیرین دەناسرێت) و سەرلەنوێ جەختی کردەوە لەسەر ڕەگەزە سەرەکییەکانی پەیماننامەی ئەماسیا کە زیاد لە هەشتا ساڵ لەوەوپێش ئیمزاکرابوو، دەسەڵاتی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا وردە وردە تووشی خۆرکە هاتبوو٣٧. ناوچە کوردییەکانی بەری ئێرانیش بەرەوڕووی هەما چارەنووس بووبووەوە کاتێ کە بنەماڵەی سەفەوی لاواز بوو و چیتر نەیتوانی بە هێز و گوڕی جارانەوە لە سەر پێی خۆی ڕابوەستێ لە ناوچەکەدا لە پش نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەدا و لە کۆتاییشدا، لە سەدەی هەژدەدا، جڵەوی کۆنترۆڵی لەدەستدا و ئێران داڕووخا و نوقمی بێسەروبەری و پاشاگەردانی بوو بە هۆی لاوازیی سیاسییەوە. شەڕ و ململانێی درێژخایەنی عوسمانی – سەفەوی لەکۆتاییدا دواجار ژینگەیەکی لەباری دروستکرد بۆ دۆخی سەربەخۆیی میرە کوردەکان کە بوون بە بەشێک لە ناوچەیەکی تەریک و دابڕاو، کە دواجار تا ڕادەیەک دەستیان لێبەردا وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچکام لە دوو لایەنەکە نەیدەتوانی هەژموونی خۆی بە سەر کوردستاندا بسەپێنێت٣٨. لەئەنجامی ئەوەدا، سەرۆک و دەسەڵاتدارە کوردەکان توانییان ئەم گرفت و قەیرانە لە بەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوە.

عەزیز ئەفەندی وایبۆدەچێت کە ئەم جۆرە پاشەکشە و داڕووخانەی سنووری ڕۆژهەڵات هۆکاری گرنگی هەڵوێستی چاوچنۆکانە و بەردەوام دەستێوەردان بووە لە کاروباری خێزانیی ئیمارەتە کوردییەکاندا. ئەو وای باس دەکات کە دەستێوەردانی بەگلەربەگی لە مەسەلەی سەربەخۆیی بەگە کوردەکاندا بووە بە مایەی ئەم پاشەکشێیە. چونکە بەگلەربەگی بڕە پارەیەکی هێجگار زۆری لە بەگە کوردەکان کۆدەکردەوە سەرباری بەخشینیشیان لە پابەندییە داراییەکان. هەروەها عەزیز ئەفەندی وایبۆدەچێت، کەوا تاقە چارەسەری چاککردنی دۆخی سەربازی دەبوو ئیمتیازەکانی میراتی خاوەندارێتییان بدرایەتێ و بیانپاراستنایە لە داواکارییە داراییە نەبڕاوەکانی حکوومەتەکانی ویلایەتەکان. جا ئەو دەمە "جەنگاوەرە کوردەکان" جارێکی تر دەیانتوانی "شمشێرە تیژەکانیان بەکاربێننەوە و چەندین سەرکەوتنی بەرچاو ئەنجام بدەن لەبریی تەخت و تاجی ئیمپراتۆری" (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤ - ١٧)٣٩.

دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەسەر دیاربەکردا تا دەهات بەرەو کزی دەچوو لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمەوە، چونکە تەنها نۆ سەنجەقی ئاسایی مابووەوە لە کۆی ئەو هەژدە سەنجەقەی کەوا لە سەدەی شانزەهەمدا تۆمار کرابوون. خێڵە کۆچەر و نیمچە کۆچەرەکان لە ویلایەتەکەدا هەروا بە پەراوێز مانەوە لە ناو پێکهاتەی سیاسیی میرنشینە کوردەکاندا. ئەم خێڵانە نەخرابوونە سەر هیچ یەکەیەکی کارگێڕی و پۆلێن کردنیان وەک سەنجەق تەنها بۆ مەبەستی باج و دارایی بوو چونکە بریکارەکانی باج وەرگرتنی عوسمانی دەیانویست باجی خۆیان وەربگرن پێش ئەوەی ئەوان گەشتی خۆیان دەست پێبکەن بەرەوە لەوەڕگە و پاوانەکانی هاوینەهەواریان٤٠. بۆ ناوەڕاستی سەدەی هەژدە دانیشتووانی کۆچەری ویلایەتی دیاربەکر پتر کەمیانکرد. میرەکانی وەک بەدلیس، هەکاری، ئامێدی، بابان و سۆران پشتیان بە ڕەچەڵەکی خێڵەکی دەبەست و سەرچاوەی هێز و دەسەڵاتیان کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکان بوو. هەندێک لە کۆنفێدراسیۆنانە، وەک حەیدەران و بۆز ئوڵووس لەبەریەک هەڵوەشانەوە. عوسمانییەکان پشتگیریی پێکهاتنی نوێی ئەم خێڵانەیان دەکرد بۆ ئەوەی لە هێزی سەربازیدا ناونووسیان بکەن لە ڕێگەی دابەشکردنی پارچە زەوی و لەوەڕگە بە سەریاندا (بەمانە دەگوترا زەویی تیمار و لە ئێستاشدا گەلێ گوند لە کوردستاندا هەن بە ناوی تیمارەوە - وەرگێڕ). ئەم چەشنە دابەشکردنەوەی زەویوزارە بوو بە مایەی ناکۆکی و ململانێی زیاتر لە میرنشینەکانی هەکاری و بەدلیسدا. حوکمڕانە کوردەکانی ئەم میرنشینانە دەسەڵاتێکی سنوورداریان هەبوو بەسەر خێڵەکاندا و هەندێ جار لە لایەن سەرۆکەکانیانەوە تەحەدا دەکران. ئەم بارودۆخە ناچاری کردبوون شەرعییەتی خۆیان دابمەزرێنن و بە پشتیوانیی ئیمپراتۆرییەت داوای دەسەڵات بکەن و بەو پێیە پێویستیان بە سوڵتان بوو پشتگیریی لە حوکمیان بکات (فوكارۆ، 2012: 243).

میرنشین و خێڵەکان بەردەوام لە لایەن گۆڕیندا بوون و هەندێ جاریش سنووری خۆیان فراوان دەکرد. لەدواییدا، سنوور وای لێهات کۆنترۆڵ کردنی یان پەڕینەوە لێی بۆ ناو خاکی عوسمانی یان سەفەوی زەحمەت بێت . ئەم دۆخەش ڕوون و ئاشکرا لە نەخشە جوگرافییەکانی جیهاننومای کاتب چەلەبیدا دەردەکەوێت لە سەدەی حەڤدەدا، کە وردەکاریی ئەنەدۆڵی تێدا شیکردووەتەوە بەڵام شوێنی کوردەستانی بە بەتاڵی جێهێشتووە هەرچەندە نووسەر خۆی زانیاریی هەبووە لەبارەی ناوچەکەوە و وەسفی شار و شارۆچکەکانی کردووە وەک وان، عادیلجەواز، بەدلیس، مووش، هەکاری، سیرت و دیاربەکر. جەزیرەشی وەک ناوەندی کوردستان پێناسە کردووە و جەختی لەسەر سوننەبوونی دانیشتووانی کورد کردووەتەوە (کاتب چەلەبی، ٢٠٠٧: ١/ ٤٤٨ - ٤٥٠)٤١.

ئەولیا چەلەبی، گەڕیدەیەکی عوسماننی بووە و لە نیوەی دووەمی سەدەی حەڤدەهەمدا ماوەیەک بە کوردستاندا گەڕاوە و وردەکاریی زۆری خستووەتەڕوو لەبارەی جوگرافیا و سیاسەت و خەڵک و کولتووری ناوچەکە. کاتێ کە ئەو سەردانی کوردستانی کردووە هەندێ ئیدارەی جێگیری سیاسیی بینیوە و لە ماوەی سەردانەکەیدا تێبینیی کردووە کە نزیکەی هەموو میرنشینە کوردییەکان بنکەیان لە شارەکانی وەک بەدلیس، ئامێدی، جەزیرە، حەسنکێفا و جۆلەمێرگدایە٤٢. ئەولی چەلەبی زۆربەی کاتی خۆی لە بەدلیسدا بەسەربردووە و بەو پێیە وەک بایەخدارترین میرنشین دەیخاتەڕوو لە ناو هەموو ئەوانیتردا. هەروەها هەندێ وردەکاری لەبارەی کوردستانی باشوورەوە باس دەکات، بەتایبەتی ویلایەتی شارەزوور کە ناوەندەکەی کەرکووک بووە و سەرنجی داوە کە ئەم ویلایەتە هەژدە سەنجەقی ئاسایی تێدایە و دوو ناوچەی تەواو سەربەخۆی کورد، کە گازییان و مێهرەڤان بوون. وەک ئەو باسی دەکات کە لە ماوەی جەنگ لەگەڵ ئێراندا، شارەزوور دەتوانێ سوپایەکی 30 هەزار کەسی ئامادە بکات. هەروەها ئیمارەتەکانی هەریر و ئەردەڵان و سۆرانیش دەخاتە سەر ئەو قەوارە کوردییە سەربەخۆیانەی لە لە ژێر ڕکێفی ویلایەتی شارەزووردا بوون، بەڵام هیچ وردەکاری و شیکارییەک لەبارەیانەوە باس ناکات. هەڵبەت وا باس لە بادینان و ئامێدیی پایتەختی دەکات کە سەربەخۆترین و بەهێزترینی تەواوی میرنشینە کوردییەکانە. ئەم ئیمارەتە کراوە بە چەندین بەش و ناوچەوە و ئەو کەسانەی کە دادەنرێن بۆ حوکم کردنی ئەم کەرت ناوچانە لە لایەن ئەمیر سەید خانەوە دادەنرێن، نەک لە لایەن والیی بەغداوە. ئەمیر خۆیشی لە هێرشە سەربازییەکاندا دژ بە سەفەوییەکان بەشدار دەبوو بە لەشکرەکەوەیە کە لە ٤٠ هەزار پیاوی جەنگاوەر پێکدەهات و لەپاڵ سوپای شارەزووردا دەوەستان و هەردوو سوپاکە پاسەوانی پێشەوەیان پێکدەهێنا٤٤.



سەدەکانی هەژدەهەم و نیوەی یەکەمی نۆزدەهەم: لە ئیمپراتۆرییەتەوە بۆ هاوپەیمانیی هەرێمی

لە پەیماننامەی زەهاوی ساڵی ١٦٣٩وە تا ساڵانی ١٧٢٠کان شەڕ و ململانێیەکی گەورە لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ڕووینەداوە. لە میانەی ئەم سەردەمەدا، عوسمانییەکان بەزۆری چاویان خستبووە سەر جەنگی بەڵکان و یاخیبوونەکان لە ناو ئیمپراتۆرییەتدا. ئەستەمبووڵ وەک عادەت داوای یارمەتیی هێزە کوردییەکانی کرد لە ماوەی یاخیبوونێکدا لە قەوقاز و ئازەربایجان یان عێراق. بۆ نموونە، میری بادینان مامی نارد بۆ لای قوباد بەگ، لەگەڵ هێزیکی سەربازی کە پێکهاتبوو لە ١٦ هەزار جەنگاوەر، بۆ چوونە پاڵ لەشکرکێشییەکی عوسمانی بۆ دامرکاندنەوەی ڕاپەڕینێک لە بەسرە لە ساڵی ١٧٠٠دا (سەعدی، ٢٠١٧: ٨٣).

سەفەوییەکان ماوەیەکی داڕووخانی ڕێژەییان بەخۆیانەوە بینی لەم سەردەمەدا. لە سەرەتای سەدەی هەژدەدا، پێش ئەوەی نادرشا (١٧٣٦ - ١٧٤٧) شوێنی شاکانی سەفەوی بگرێتەوە، کە بنەماڵەی ئەفشاریی دامەزراندووە، عوسمانییەکان ویستیان ڕۆژاوای ئێران داگیر بکەن. ئەوان دوڕی ئەحمەد ئەفەندییان ناردە ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سەربازیی سەفەوییەکان و پاش ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ١٧٢١دا گەشتەکەی تەواوکرد، ڕاپۆرتێکی وردی ئامادەکرد لە سەر دەرباری سەفەوی و هێزە سەربازییەکانیان و کۆمەڵگە (دوڕی ئەحمەد ئەفەندی، ١٨٢٠). هەر کە سوڵتان ئەحمەدی سێهەم و سەرۆک وەزیرەکەی (سەدری ئەعزەم - و)، داماد ئیبراهیم، ڕاپۆرتەکەیان خوێندەوە بڕیاریاندا کەوا کەشەکە گەییوە و لەبارە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ دژ بە ئێران. شەڕ لە سێ بەرەوە دەستی پێکرد: قەوقاز و ئازەربایجان و عێراق. سوپای عوسمانی، بە فەرماندەیی ئەحمەد پاشای والی بەغدا، لە بەرەی عێراقەوە پێشڕەویی کرد و کرماشانی داگیر کرد. بۆ فراوانکردنی زیاتری سنووری ڕۆژهەڵات، عوسمانییەکان پشتیان بە هێزە کوردییەکان بەستبوو بە فەرماندەیی خان ئەحمەد پاشای سەرکردەی ئیمارەتی بابان (زەکی، ١٩٣٩: ٥٤ - ٥٥). بەو پێیە، عوسمانییەکان توانییان لە تەمووزی ١٧٣١دا هەمەدان بگرن. پاش ئەوەی نادرشا ئەسفەهانی زەوتکرد و شای گۆڕی بە کوڕە ساوا تەمەن ‌هەشت مانگەکەی لە ئابی ١٧٣٢دا، داوای ئەو خاکەی کرد کە دەست عوسمانییەکان کەوتبوو و جاڕی جەنگی دا و لەشکری کردە سەر بەغدا، بەڵام عوسمانییەکان لەم دووەم جەنگەشدا سەرکەوتن (ڤاکانوڤیس سوبحی محەمەد ئەفەندی، ٢٠٠٧: ١٠٢ - ١٠٣، ١٨٨ - ١٩٢).

لە ساڵی ١٧٣٦دا، نادرشا تەخت و تاجی سەفەوییەکانی گرت و هێز و سیاسەتی خۆی چڕکردەوە بەرەو ڕۆژئاوا و بە هەمان شێوەش بەرەو ڕۆژهەلاتی ئێران. لە سەرەتای حوکمیەوە تا کۆچی دوایی لە حوزێرانی ساڵی ١٧٤٧دا، زنجیرەیەک جەنگی دژ بە عوسمانییەکان بەرپاکرد٤٥. لە ماوەی ئەم جەنگانەدا، هەندێ لەو ناوچانەی کە سەر بە میرە کوردەکان بوون بۆ چەندین جار ئەمدەست و ئەودەستیان کرد. لە ناو ئەو ناوچانەدا، میرنشینی ئەردەڵان لەلایەن عوسمانییەکان و ئەفشارییەکانەوە لەوانیتر زیاتر داگیرکرا. لەپاڵ ئەم دوو دەوڵەتەدا ئیمارەتەکانی موکری و بابان و شارەزووریش ناوچەکانی ئەردەڵانییەکانیان داگیر کردووە (سەواقیب و موزەفەری، ١٩٣٩ / ٢٠١٥: ٩٧ - ١٢٠).

هەڵبەت عوسمانییەکان دەبێت پلانیان هەبووبێت بۆ مانەوە لە کوردستانی ئێراندا بۆ ماوەیەک، چونکە تۆماریان بۆ زەویوزارەکانی ئەردەڵان، کرماشان، ورمێ، مهاباد، خۆی و ماکۆ ئامادەکردبوو لە کۆتایی ١٧٢٠کاندا (ئوێزگودنلی، ٢٠٠٣: ٨٧ - ٩٣؛ ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤/ ١٨٠ - ١٨٢، ١٩٣). عوسمانییەکان ئەردەڵان و کرماشان و هەمەدانیان وەک ئەیالەت ڕێکخستبوو. بەپێی ئەم ڕێکخستنە نوێیە، نەخشە دانرابوو بۆ ئەردەلان کە وەک گەورەترین ویلایەت دابەش بکرێتە سەر حەوت ناوچەدا ( لیوا یان سەنجەق)٤٦. لەگەڵ ئەم پلان و تۆمارکردنەشدا، عوسمانییەکان بڕیاریاندا کە لە شوباتی ١٧٣٢دا ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا ئیمزا بکەن و لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی ئێران کشانەوە، بە ئەردەڵانیشەوە (ئوزونچارشلی، ١٩٩٥: ٤ / ٢٢٢). لە ئەنجامی ئەوەشدا، هەرێمی کوردستان و مووسڵ بەر لێدانی یەک لە دوای یەکی لەشکرکێشییەکانی نادرشا کەوتن. بە ماوەیەکی کەم لەپێش کۆچی دوایی نادرشادا، ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی تەئکیدی لە سنووری ساڵی ١٦٣٩ کردەوە لە نێوان عوسمانییەکان و ئەفشارییەکاندا. بەهەرحاڵ، ماوەکانی ئاشتی، بەگشتی بۆ ماوەی دوور و درێژ بەردەوام نەبوو (فەتاح و کاسۆ، ٢٠٠٩: ١٢٦).

دەسبەجێ لەدوای تێرۆرکردنی نادرشا کەریم خانی زەند هاتە سەر تەخت و تا ئاستێکی بەرچاو ئێرانی ئارام و سەقامگیر کردەوە و پاشان لەشکرکێشییەکی دەستپێکرد و خاک و ناوچەکانی ئەردەڵانی کردە ئامانج لەپێش زستانی ١٧٤٩دا. حەسەن عەلیی میری کورد خۆی بەباشی ئامادە نەکردبوو بۆیە ویستی کێشە و قەیرانەکە بە ڕێگەی دیبلۆماسی چارەسەر بکات، بەڵام نەیتوانی قەناعەت بە کەریم خان بکات و سەنەندەجی پایتەختی لە لایەن سوپای ئێرانەوە تاڵانکرا و سووتێنرا (پێڕی، ٢٠٠٦: ٢٥، ١٠٢ - ١٠٣). دەسەڵاتدار و سەرۆکە کوردەکان هەرگیز پلە و پایەیەکی باڵایان نەدرایە، وەک والی یان حاکمی گشتی، لە دابەشکردنی کارگێڕیی بنەماڵەی زەنددا. پلە و پۆستەکانی میراتگری دەبوو ڕەزامەندیی شاهانەی لەسەر بوایە و کەریم خانیش بە پێویستی نەدەزانی ڕەزامەندیی لەسەر حوکمڕانی ئەوانە دەرببڕێت کە لە ڕێگەی میراتگرییەوە دەسەڵات بداتەوە بەوانەی کە لە چاوەڕوانیدا ڕیزیان بەستبوو لەو ڕێگەیەوە بەریان بکەوێت و مڵکەکانیان بۆ بگوێزرێتەوە.

ڕکابەریی نێوان ئەردەڵان لە سایەی حوکمی زەندییەکاندا و میرنشینی بابان (کە لە ئێستادا سلێمانی و دەوروپشتەکەیەتی لە عێراقدا)، کە بەشێک بوو لە بەغدای عوسمانی، بەهانە و پاساوی دەستێوەردانی نوێی دابووە دەستەوە. هەردوو میرنشینەکە "پەیوەندیی ڕۆژهەڵات - ڕۆژئاوای نەریتیی کولتووری و خزمایەتییان لەنێواندا بوو کە بە سنووری باکوور - باشوور کرابوونە دوو لەتەوە" لە نێوان دوو مەملەکەتدا کە بە فەرمی لە ژێر حوکمی هەردوو زنجیرە بنەماڵەی عوسمانی و ئێرانیدا بوون (پێڕی، ٢٠٠٦: ١٠٣). ناکۆکی و ڕکابەریی ئەردەڵان و بابان باڵ دەکێشێت بەسەر ڕوخساری سیاسیی کوردستاندا تاوەکوو چارەکی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم. بەو پێیە، ناوەندێتیی هێز و دەسەڵاتی کورد کەوتە ئەوەی زیاتر بەرەو باشووری دەریاچەی وان و باکووری عێراق بچێت٤٧. هاوشێوەی کۆتاییەکانی سەدەی شانزەهەم، عوسمانییەکان و ئێرانییەکان لە ڕێگەی ئەم دوو میرنشینەوە هەر ماوە نا ماوەیەک جەنگی بەوەکالەتیان هەڵدەگیرساند. لە سەرەتای شەڕ و ململانێدا، دەبوو حەسەن عەلی خان پاشەکشە بکات بۆ سنە لە بەرانبەر هێرشیکدا کە سەلیم پاشای حاکمی بابان ئەنجامی دابوو. سەرباری هاوکاریی هەردوو ئیمارەتی بابان و ئەردەڵان لەگەڵ ڕکابەری قاجاریدا دژ بە کەریم خان بەڵام سەرکەوتنی ئەم ڕکابەرە قاجارییە دەرفەتێکی بۆ نەهێشتنەوە لە ملکەچییان بەولاوە بۆ زەندییەکان. بابانییەکان تا دەهات زیاتر دەکەوتنە ژێر کاریگەریی میرە کوردە ئەردەلانییەکانی مێمڵ و ڕکابەریان تا ساڵی ١٧٧٤. دواجار، عومەر پاشای والیی بەغدا بڕیاریدا ئەم بارودۆخە پێچەوانە بکاتەوە و عوکمرانی میرنشینەکە بگۆڕێت بە کەسێکی تری هەمان بنەماڵە. هێزیکی هاوبەشی کورد و زەندییەکان هێرشیان کردە سەر بەگدا بۆ سەپاندنەوەی حوکمی ئێران لە میرنشینی باباندا بەڵام شکستیان هێنا و نەیانتوانی ئەم ئەرکە ئەنجام بدەن. بۆ ساڵی دواتر، کەریم خان لە دوو قۆڵەوە هێرشێکی تری دەستپێکرد، لە قۆڵی شەتتولعەرەب و خاکی بابانەوە. هیرشی سوپای زەند لە سێ لاوە بوو بە هۆی شکانی هێزەکانی عوسمانی و بابان. بەم جۆرە میرنشینی بابان گەڕایەوە سەر دۆخی جارانی (پێڕی، 2006: 75 ، 78 - ٧٩).

لە ماوەی ئەم سەردەمەدا، دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە عێراقی عوسمانیدا بووبوون بە نیمچە سەربەخۆ تا ئەو ڕادەیەی کەوا ئەو والییانەی لە ئەستەمبووڵەوە دەنێردران بۆ بەغدا و مووسڵ، هەر وەک سیمبۆڵێک دەمانەوە. لە ساڵانی ١٧٥٠ تا ١٨٣١، زنجیرە بنەماڵەی مەملووکەکان (کە بە عەرەبی واتای کۆیلە یان سەر بە گەورە و ئاغاکان دەگەیەنێت)، کە وەک کۆیلەی مەسیحی لە چۆرجیاوە هێنرابوون و کرابوونە موسڵمان، حوکمی بەغدایان دەکرد و پاشان بەسرە و دواتریش کایەی دەسەڵات و کاریگەرییان مووسڵیشی گرتەوە (ئەمانە زیاتر بە منداڵی لە کەسوکاریان زەوت دەکران لە لایەن حوکمڕانە عوسمانییەکانەوە - و). مەملووکەکان هاوپەیمانییەکی توندوتۆڵیان لەگەل بابانەکان بەستبوو، چونکە میرنشینی بابان پشکێکی بەرچاوی بودجەی بەغدای دابین دەکرد. لە ماوەی دەیەی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، ئیمارەتی بابان لە ژێر حوکمی عەبدولڕەحمان پاشادا (لە ١٧٨٩ تا ١٨١٣ حوکمی کردووە) زۆر بەهێزتر بووە لە حوکمڕانە مەملووکەکانی بەغدا و میرە کوردەکانی تری کوردستانی عوسمانی و تەنانەت نازناوی عەبدولڕەحمان پاشا بە "مەلیک دانەر" ڕۆیشتبوو لەسۆنگەی ڕۆڵیەوە لە دانانی سەرکردەکانی مەملووک بەسەر بەغداوە (لۆنگریگ، ١٩٢٥: ٢٢٦، ٢٣١ - ٢٣٢). هەروەها داواشی لە سوڵتان کردبوو کە ویلایەتی بەغدای پێ بسپێرێت و لەبەرانبەردا ئەمیش یاخیبوونی وەهابییەکانی لە عێراقدا بۆ دادەمرکێنێتەوە و حوکم و دەسەلاتی عوسمانی دەگێڕێتەوە بۆ حەڵەب، دیاربەکر، ڕەقە و هەندێ ویلایەت و ناوچەی تر کە یاخیبووان هێرشیان دەکردەسەر. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی کردبوو کە ساڵانە ٣٠ هەزار قورۆش وەک باج بدات و ئەم بڕە پارەیەش لەوە زیاتر بوو کە مەملووکەکان دەیاندا٤٨. عەبدولڕەحمان پاشا هێرشی کردە سەر بەغدا، کەرکووک، سنە و کۆیسنجەق و لە سەر حیسابی ئیمارەتە کوردەکانی تر سنووری ئیمارەتەکەی خۆی بەرەو باکوور و خۆرهەڵات فراوانکرد (ئەتماکا، ٢٠١٣: ٥٣).

عەبدولڕەحمان پاشا سوودی لەو ڕکابەرییە بینی کە لەنێوان عوسمانییەکان و بنەماڵەی قاجاری تازە دەرکەوتوودا بوو لە ئێران و بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریدەهێنا (١٧٩٤ - ١٩٢٥). لە کاتی ناکۆکی و ململانێی لەگەڵ حوکمڕانە مەملووکەکاندا، داوای یارمەتی و هاوکاریی لە فەتح عەلی شای حاکمی دووەمی قاجاری کرد (١٧٩٧ - ١٨٣٤). چونکە پاش ئەوەی شەڕێکی دژ بە عەلی پاشای والیی بەغدا دۆڕاند پەنای بردە بەر ئێران و فەتح عەلی شا بەگەرمی پێشوازیی لێکرد و دواتر فشاری خستە سەر عەلی پاشا کە جارێکی تر عەبدولڕەحمان دانێتەوە بە حوکمڕانی میرنشینی بابان٤٩. فەتح عەلی شا لەجیاتیی ئەوەی شەڕ هەڵبگیرسێنێت و خاکی عوسمانی داگیر بکات، بڕیاری دا پەیوەندیی باش و توندوتۆڵ لەگەل میر بهێڵێتەوە بە مەبەستی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی بەغدا. لەولاشەوە پاشا ناکۆکیی سیاسیی نێوان هەردوو دەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەقۆستەوە و چەندین جار ملکەچی و دڵسۆزیی خۆی دەگۆڕی لەنێوان هەردوو هێزەکەدا بۆ مسۆگەر کردنی مانەوەی سیاسیی خۆی. عوسمانییەکان خاک و وڵاتی بابانیان (کە لە نامە و نووسراوکاریی فەرمیدا بە "کوردستان" ناویان دەبرد) بە دەروازەی عێراق و ڕووبەری گەورەی زەوی و خاکی ئیمپراتۆرییەت دادەنا٥٠. لێرەوە بابی عالی پێگەی عەبدولڕەحمانی بەوپەڕی هەستەوەر و ناسک دادەنا بۆ سەلامەتیی سنووری ڕۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت. بایەخدانی عوسمانییەکان بە عەبدولڕەحمان بە هۆی پەیوەندیی توندوتۆڵیەوە بووە بە شا و حاکمی ئێرانییەوە لە کرماشان.

هەڵبەت شاکانی قاجار بەردەوام دەستوەردانیان دەکرد لە کاروباری ناوخۆی کوردستانی عوسمانیدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم. ئەم جۆرە دەستێوەردانەش بەردەوام شەڕ و ناکۆکیی لێدەکەوتەوە لە نێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و ئێراندا. دوو لەو شەڕ و ناکۆکییانە، کە یەکێکیان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٢٠کاندا و ئەویتریان لە سەرەتای ساڵانی ١٨٤٠کاندا، مۆرکردنی دوو ڕێککەوتننامەیان لێکەوتەوە لە ئەرزڕووم. یەکەم ڕێککەوتننامە لە ساڵی ١٨٢٣دا ئیمزا کرا و وەک بەشێک لە ڕێککەوتننامەکە، ئێران ڕازیبوو کە دەستوەردان نەکات لە سیاسەتی کوردستانی عوسمانیدا. عوسمانییەکان نەیانویست حاکمی بابان بێتە ناو دانوستانەکانی ئاشتییەوە لەبەرئەوەی بابی عالی وایدادەنا کە بابانەکان "ئەڵقەی پێکەوەبەستنەوەی نێوان دوو دەوڵەتن و پەیوەندییان بە جەنگەوە نیە". بەو پێیە، ڕاپۆرتەکە ئەوەی لەخۆگرتووە کە مەسەلەی ئیمارەتی بابان پێویستە "لە هەلومەرجی ئاشتی دووربخرێتەوە"٥١. ڕێککەوتننامەکە ئێرانی نەوەستاند لەوەی کەوا کاریگەریی خۆی پیادە بکات لە ڕێگەی میرەوە و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ ناکۆکی و ململانێی زیاتر کە دواجار بە پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم کۆتاییهات لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٧دا. یەکێک لە بابەتە هەرە سەرەکییەکانی دانوستانەکە بارودۆخی سلێمانیی پایتەختی ئیمارەتی بابان و چەند ناوچەیەکی کوردیی سەر سنوور بوو. نوێنەری ئێران داوای هەندێ شوێن و ناوچەی دەکرد لە وان و بایەزید و سلێمانی. کاتێ کە عوسمانییەکان ئەم جۆرە داواکارییانەیان قبووڵ نەکرد، ئێران ئەو مەرجەی هێنایە پێشەوە کە پێکەوە کار بکەن بۆ دانانی حوکمڕانەکانی بابان و باج و پووشانە وەربگرن لە خێڵەکانی ئیمارەتەکە لەبری بەکارهێنانی هاوینەهەوارەکان لە بەری ئێراندا بۆ لەوەڕخۆریی ئاژەڵەکانیان. عوسمانییەکان تێکڕا هەموو ئەم داواکارییانەیان ڕەتکردەوە و بەپێچەوانەی ڕێککەوتننامەی پێشترەوە ئەمجارەیان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ دان بەوەدا بنرێت کەوا خاک و وڵاتی بابان بەشێک بێت لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (ئەتەش، ٢٠١٣: ٩٢؛ ئایکون، ١٩٩٥: ٣٩ - ٤١). دوابەدوای پەیماننامەی ١٨٤٧، عوسمانییەکان حاکمی بابانیان گۆڕی بە بەڕێوەبەرێکی نوێ کە هەڵبژاردەی خۆیان بوو. ئەمەش نەخشە و پلانی ئێرانی کۆتایی پێهێنا لە داواکردنی میرنشینەکەدا.



ئەنجام

لەگەڵ مۆرکردنی پەیماننامەی ئەرزڕوومی ساڵی ١٨٤٧دا هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران حوکمڕان و دەسەڵاتدارە کوردەکانیان لە پێگەکانی خۆیان لادا و خاک و ناوچەکانیان تێکەڵ بە ئیدارەی ناوەندی کرد. بۆ ئەم مەبەستەش، عوسمانییەکان جەنگێکی دە ساڵەیان هەڵگیرساند دژ بە سەردار و حوکمڕانە کوردەکان لە میرنشینەکانی بۆتان، سۆران، بابان، بادینان، هەکاری و موکس. لەکۆتاییدا عوسمانییەکان شکستیان پێهێنان و لە ناوەندەوە کەسانی کارگێڕییان بۆ ئەم ئیمارەتانە دامەزراند. دوو دەیە دواتر ئێرانیش شوێنپێی عوسمانییەکانی هەڵگرت و هەمان کاری جێبەجێ کرد و ئەنجام دوا ئەندامی بنەماڵەی ئەردەڵانی لە سنە دەرکرد. بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا کە سنوورەکان دیاری کران و سیستەمیکی سیاسیی جێگرەوە لە کوردستاندا هاتە ئاراوە بەڵام خێڵە کوردەکان بەردەوام پەیوەندیی نزیک و توندوتۆڵیان هەبوو لەگەڵ برا و هاوخوێنەکانیان لەودیوی سنوورەوە٥٢. هەروەها کوردە سونییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بەردەوام لە ژێر کاریگەریی پرۆپاگەندەی پان - ئیسلامیزمی عوسمانییەکاندا بوون لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەدا، لەکاتێکدا کە ئێران پەیوەندیی باشی هێشتەوە لەگەڵ خێڵەکان و ئاغاکانیان، کەوا سنوورە نوێکان دابەشی کردبوون (هەریس، ١٨٩٦: ٢٨٥ - ٢٨٧).

لە پاش ئیمزاکردنی پەیماننامەی دووەمی ئەرزڕووم، هەدوو لای عوسمانی و ئێران خۆیان بەدوور گرت لە هەر شەڕێکی گەورە و لێرە بەدواوە ئێران لە ڕووی سەربازی و ئایدیۆلۆجییەوە مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبوو بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، گرژی و توندوتیژییەکی کەم هەر بەردەوام بوو لە دەیەکانی دواتردا. کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە هەر بە دابەشکراوی مایەوە بە هۆی جوگراگیاکەیەوە و ناوبەناو ناکۆکیی بچڕبچڕ بەرپا دەبوو بە هۆی خێڵە کوردەکان و گۆڕانکاریی بەردەوام لە ڕێکخستنەوەی کارگێڕی و سیاسیی ناوچە کوردییەکانی هەردوو دەوڵەتەکەدا. سنوورەکان لە گەلێ شوێندا هەروا بە گۆترەکاری دروستکرابوون و ناکۆکییە سنوورییەکان تەنها دەسکارییەکی کەم و سووکیان لە کات و سەردەمەکانی دواتردا. خاک و ناوچەکانی کورد هەر بە "ناوچەی دابڕاو" مابوونەوە لەنێوان هەردوو دەوڵەتدا تا ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە کاتێ کە بۆ دواجار هێڵێکی سنوور کێشرایەوە بە یارمەتی و هاوکاریی کۆمیسیۆنێکی نێودەوڵەتی. سەرباری نیاز و مەبەستی عوسمانییەکان لەوەی کە سنووری ڕۆژهەڵات بکەنە ناوچەیەکی سنووری، بەڵام خاک و ناوچە کوردییەکان هەر بە "ناوچەیەکی مۆلەقی پەڕینەوە و شەڕوشۆڕی ئیدارەی ئیمپراتۆری مایەوە و ناوچەیەکی ئاڵوگۆڕی ئابووری و کولتووری لەگەڵ ژینگەیەکی سرووشتیی سەختدا" (فوکارۆ، ٢٠١٢: ٢٣٧).

هەر لە هاتنی عوسمانی و سەفەوییەکانەوە بۆ کوردستان تا لەناوبردنی میرنشینە کوردەکان لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، سەرۆک و سەردارانی کورد بەشێوەیەکی چالاک و کارا تێکەل بە سیاسەتەکانی ناوچەیی و ئەمبەر و ئەوبەری سنوور بووبوون. ئامرازەکانی دەسەڵاتە سیاسییەکان بەپێی کات و سەردەمەکان دەگۆڕان بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە هەمان ناوەرۆک مانەوە. هەندێ جار سەرۆکە کوردەکان کەمترین زەحمەت و سەرچاوەیان بەکاردەهێنا بۆ دەستەبەر کردنی زۆربەی دەسکەوتەکان و لە کات و ساتەکانی تردا، هەموو پیاوەکانی خۆیان و سامانیان تەرخان دەکرد ئەگەر سەرکەوتنی ئاشکرایان بەدی بکردایە لە شەڕ و ململانێدا. پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافیی "سوودبەخشیان" گۆڕا بۆ هەڵکەوتەیەکی "بێسوود" لە نێوان هەردوو ڕێککەوتننامەکەی ئەرزڕوومدا. وەک ئەنجامێکی ئەم ڕێککەوتننامانە، عوسمانییەکان بۆ یەکەمجار دانیان بە ئێراندا نا وەک وڵات و میللەتێکی جیا لەودوای جیهانی ئیسلامی. ئەمەش وادەگەیەنێت کە عوسمانییەکان ئێرانیان یەکسان بەخۆیان دانا لە هەلومەرجی سەربەخۆییدا. ئەم وەرچەرخانە لە سیاسەتی عوسمانیدا جارێکی تر سیاسەتی عوسمانیی داڕشتەوە لە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێراندا. ئەمەش هەندێ دەرەنجامی هەمیشەیی لێکەوتەوە لە سەر قەوارە سیاسییەکانی کورد. لەکۆتاییدا، هەردوو دەوڵەت بڕیاریاندا پێکەوە دژ بە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکانی کورد بکەونە کار. تەنها بەم هەماهەنگییە توانییان لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان بەدیبێنن.



سەرچاوە: کورد .. کتێبی کامبریج بۆ مێژووی کورد

ئامادەکردنی: حەمید بۆزئەرسلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی

چاپی یەکەم: ٢٠٢١، لاپەرە ٤٥ - ٧٢

چاپ و بڵاوکردنەوەی زانکۆی کامبریج – لەندەن

ناوی بابەت: دانوستانی هێزە سیاسییەکان لە سەرەتای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مۆدێرندا: میرنشینە کوردییەکان لەنێوان ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و بنەماڵە حوکمڕانەکانی ئێراندا(لە سەدەی شانزەوە بۆ سەدەی نۆزدە)

نووسینی: مەتين ئەتماكا

Negotiating Political Power in the Early Modern Middle East Kurdish Emirates between the Ottoman Empire and Iranian

Dynasties (Sixteenth to Nineteenth Centuries)

Metin Atmaca

Negotiating Political Power in the Early Modern Middle East

THE CAMBRIDGE HISTORY OF THE KURDS

Edited by:

HAMIT BOZARSLAN

Ecole des Hautes Etudes en Sciences Sociales

CENGIZ GUNES

The Open University

VELI YADIRGI

School of Oriental and African Studies, University of London.



* مەتین ئەتماکا (بەكالۆريۆس، زانکۆی ئەنقەرە، 1999 ؛ ماجستێر، زانکۆی تەكساس لە ئۆستن، 2006؛ دكتۆرا، زانکۆی فرايبورگ، 2013). پرۆفیسۆری هاوکارە لە بەشی مێژووی زانکۆی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنقەرە. زۆرێک لە وتاری مۆنۆگرافی و پێداچوونەوەی کتێبی بڵاوکردووەتەوە لە سەر مێژووی عەرەبی عوسمانی و مایکرۆهیستۆری لەسەر توێژینەوەکانی عوسمانی، میرنشینە کوردییەکان و بە شێوەیەکی سەرەکی وێناکردنی کورد لە مێژووسازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوکردووەتەوە لە گۆڤارە انستی و ئەکادیمییەکانی وەک توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست Middle Eastern Studies و تێڕوانینی تورکیا Insight Turkey و بیبلۆگرافیای ئۆکسفۆردی ئۆنلاین Oxford Bibliographies Online و گۆڤاری مێژووی جیهان Journal of World History و دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا Ab Imperio وتوێژینەوە کوردییەکان. کتێبێکی بە ناونیشانی هاوکاری کردن لە زاگرۆلۆجی و کوردۆلۆجیدا: نامە و نووسراوکاریی ڤی. ئێف. مینۆرسکی و سی. جەی. ئێدمۆندس (١٩٢٨ – ١٩٦٥) (بریڵ) لەگەڵ گینادی کورین لە داهاتوودا بڵاودەبێتەوە.

Contributions to Zagrology and Kurdology: V. F. Minorsky and C. J. Edmonds Correspondence (1928 - 1965) (Brill).



پەراوێز

١ بۆ گەیشتنی سەفەوییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ عوسمانییەکان، بڕوانە: عەللوش (١٩٨٣)، باک - گرامۆنت (١٩٧٥: ٦٨ - ٨٨) و ماکڵاکڵان (٢٠٠٠: ٤٠١ - ٤٠٣).

٢ من بەگ (بە تورکی بەی) و ئەمیر (بە کوردی میر، ئومەرا بۆ کۆی ئەمیر)م بەکارهێناوە.

لێرەدا میر و ئەمیریش وەک ئاماژەیەک هاتووە بۆ سەرۆک یان سەرکردەی بنەماڵە کوردە حوکمڕان و دەسەڵاتدارەکان. ئاغا (بە هەردوک کوردی و تورکی) لە دۆخ و سیاقی سیاسیی کورددا ئیشارەتە بۆ سەرۆکێکی خێڵەکی.

٣ بەپێی کتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی، یەکەمجار تەنها سێ سەرۆکی کورد نەگیرابوون، کە ئەوانیش: عەلی بەگی ساسۆن، ئەمیر شامحەمەدی شیروان (شیرڤی) و غازی قران (یوسف بەگیێ برادۆست (شەرەف، ١٨٦٠: ١٩١ - ١٩٣، ٢٣٢، ٢٩٧). شەرەفخان لە شوێنێکی تری کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات کە تەنها عەلی بەگ ئەمیر شامحەمەد نەگیرابوون (شەرەف، ١٨٦٠: ٤١١).

٤ سەرەڕای لەسەرەتادا گرتنی سەرۆکە کوردەکان لەلایەن شائیسماعیلەوە و سزادانی قورسی هەندێ لە سەرۆکە کوردەکانی تر لەوانەی پاڵپشتیی عوسمانییەکانیان کردبوو، یاماگوچی باس لەوە دەکات کەوا جیاوازیی زۆر نەبووە لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەتەکەدا سەبارەت بە سیاسەتیان لەبەرانبەر کورددا، چونکە هەردوو لایان دانیان بە مافی میراتگریدا ناوە بۆ حوکمران و دەسەڵاتدارە کوردەکان (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٠).

5 TSMA (Topkapı Sarayı Müzesi Ar¸sivi), e.8333 - 1, in Genç (2019: 307).

واتە ئەرشیفی مۆزەخانەی کۆشکی تۆپقاپی

٦ لەکاتێکدا کە ئەو بە کوردستاندا دەگەڕا، هەندێ جەردەی کورد ڕێگەیان پێگرتووە لەوانە هاوکاریی شایان دەکرد. ئەو بەوە ناوزەدی کربوون کە ئەوانە بوون کەوا "کڵاوی قزڵباشیان لەسەرکردبوو". دەبێ ئیدریس زۆر تووڕە و نیگەران بووبێت لەم جەردەیی و ڕووتکردنەوەیە چونکە هیچ دەرفەتێکی بەزایە نەدەدا کە لەم بارەیەوە بنووسێت بۆ سوڵتان و پێدەچێ وەک بەشێک لە پرۆپاگەندە بەکاریهێنابێت لەکاتێکدا کەوا لەدژی سەفەوییەکان کاری دەکرد

.(TSMA, e. 8333/2, in Genç, 2019: 309 - 10)

7 Idris-i Bidlisi’s travel and outreach among the Kurdish emirates and tribes was not easy as he was constantly followed by the shah’s spies.

٧ گەشتی ئیدریسی بەدلیسی و پەیوەندی کردنی بە میرنشین و خێڵە کوردەکانەوە کارێکی ئاسان نەبوو چونکە بەردەوام لە لایەن سیخوڕەکانی شاوە چاودێری دەکرا (ئیدریسی بەدلیسی، الحق المبین فی شرح رسالة الحق الیقین ...

(İdris-i Bidlîsî, Hakku’l-Mubîn fi şerhirisaleti’l-hakki’l-yakîn, vr. 7b, in Genç, 2019: 309)

8 TSMA, e.8333- 1, in Genç (2019: 307).

9 TSMA, e. 1019, in Genç (2019: 313).

10 İdris - i Bidlîsî, Salīmshā hnā ma, 133a, in Markiewicz (2019: 127). In Haydar Çelebi’s Ruznâme the date for the conquest of Amid’s fortress is recorded as 22 October 1515 (Ferîdûn Ahmed Bey, 1858: 1/470).

لە روزنامەی حەیدەر چەلەبیدا مێژووی گرتنی قەڵای ئامەد تۆمار کراوە کە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ١٥١٥یە ...

١١ بەگوێرەی روزنامەکەی حەیدەر چەلەبی، نەجات گۆیونج مەزەندەی ئەوە دەکات کە ماردین لە ڕۆژێکی ئۆکتۆبەری ١٥١٥دا گیراوە (گۆیونج، ١٩٩١: ١٩).

١٢ بێجگە لەمە، هەندێ کەسایەتی و توێژەری ئاینیی کورد کە بەدوای کار و پیشەدا گەڕاون لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا. بۆ نموونە، لە ماوەی یەکەم دەیەی سەدەی شانزەهەمدا، کوردێکی مەقسوود بە یاوەریی مامی/ خاڵی وەک کرێگرتەیەکی عوسمانی چووە بۆ هەنگاریا. لە پاش مردنی مامی بڕیاریداوە لەگەڵ عەلی پاشادا بەشداریی حەملەیەکی سەربازیی تر بکات و دواتر لە سوڵتان داوای علوفەی کردووە (هەقی ئالیک یان کرێی سەربازی). چیرۆکەکەی مەقسوود لە ئەرشیفی مۆزەخانەی کۆشکی تۆپقاپیدا ئەوە دەردەخات کەوا کوردەکان وا تەماشای ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییان کردووە لەو سەردەمەدا کە خاکێک بوو بۆ کار دۆزینەوە و پەیداکردنی بژێوی.

(TSMA, e. 753/42 (6062/1), 7 Safer 918 (26 Nisan 1512)

١٣ ئوزوون حەسەن (١٤٥٧ - ١٤٧٨)، سەرکردەیەکی زۆر دەرکەوتووی ئاق قۆینلوو بووە مەیلی بە لای بولدوقانی خێڵی ئێگیل و زیرکی خێڵی تەرجیلەوە بووە لەکاتێکدا کە هەڵوێستێکی زۆر دوژمنکارانەی بووە لەگەڵ ئەییووبییەکانی حەسنکێفا و مالکیشییەکانی چەمیشگەزەک (وودس، ١٩٩٩: ٩١ - ٩٢).

١٤ بۆ زانیاریی زیاتر لەبارەی یەکەم پێکهاتەی ئیداری کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە دامەزراوە لە دیاربەکر، بڕوانە گۆیونچ (١٩٦٩).

١٥ بەپێی ئەو ڕووپێوییە کادسترۆیەی لە ١٥١٨دا تەواو بووە، ئامەد، ماردین، عەرەبکیر، کیغڵ، خەرپووت، ئەرهانی، سێڤەرک، ڕوها (شانلی ئورفە)، ئاقچەقەڵا، جەرمک، سنجار، چەمشگەزەک، بە ناوچە یان قەزای ئاسایی پۆلێن کراون. لەمانە تەنها چەمشگەزەک وەک پایتەختێکی میراتیی بەگێکی کورد وەرگیراوە چونکە ڕاستەوخۆ یارمەتیی سوپای عوسمانی داوە لە لەشکرکێشییەکەی سەر ئامەددا (TT.d.64, in Markiewicz, 2019: 130).

١٦ هەرچەندە شەرەفخان ئەم قسە و باسەی لەسەر حوکمڕانانی ئامەد کردووە، بەڵام ئەمە یاسا و ڕێسایەک بووە کەوا زۆربەی بەگە کوردەکان پەیڕەوییان کردووە (شەرەف، ١٨٦٠: ١٩٢).

١٧ شەرەفخانی بەدلیسی جەختی لەسەر پابەندبوونی کورد کردووە بە سوننی و شافیعییەوە و بۆ ئەویش بوون بە ڕەعییەتێکی عوسمانی لە نزیکەوە لەگەڵ ئیسلامی سوننیدا پێناسە دەکرێت، بەتایبەتی لە ناو حوکمڕانە کوردەکاندا(شەرەف، ١٨٦٠: ١٤، ٣٦؛ شەرەفەددین بەدلیسی، ٢٠٠٥: ٣٦).

١٨ ئەرشیفی سەرۆکایەتیی دەوڵەت - تۆمارە گرنگەکان ژمارە (٣٢)، مەرسوومەکانی ژمارە ١٦٨، ١٨٥، ٥١٤ و ٥٤٣ (مارت - نۆڤەمبەر ١٥٧٨). پۆش وا باس دەکات کە نزیکەی حەفتا ساڵی خایاندووە بۆ ئەم بنەماڵەیەی بەدلیس بۆ ئەوەی حوکمیان دەستپێبکەنەوە (پۆش، ٢٠٠٣: ٢٠٥ - ٢٠٦).

١٩ ئەسکەندەر بەگ، نووسەر ومێژوونووسێکی دەرباری شای ئێران بووە لە سەردەمی حوکمی شا عەباسی یەکەمدا، کە جەخت لە مەیلی خێڵە کوردەکان دەکاتەوە لە گۆڕینی لایەندا لە کاتی ململانێ لەگەڵ عوسمانییەکاندا (ئەسکەندەر بەگ، ١٩٧٨: ٨٦٥؛ میرزا شوکروڵڵا سەنەندەجی، ١٣٦٦/ ١٩٨٧: ٩٦فف). بە هۆی ئەم لایەن گۆڕینەوە، زۆرێک لە سەرچاوەکان سەرکۆنەیان دەکەن کە بێبارن. ئێرانییەکام لەم سەردەمەدا بەردەوام کوردیان بە "شەیتان تەبیعەت"، "لاسار"، "بەدفەساڵ" و "ناپاک" ناودەبرد (کێمپفەر، ١٩٧٧: ٨٨).

٢٠ بۆ کورتە باسێکی میراتی عوسمانی لە عێراق لە سەرەتای سەردەمی نوێدا، بڕوانە (١٩٨٧: ١٧ - ٢٩).

٢١ ئەم مەرسوومە، کە ستراتیجی حوکمی عوسمانی بۆ کوردستان دادەنێت بۆ سێ سەدەی دواتر، بە هەمان شێوە دەچێتە وردەکاریی یاسا و ڕێسای میراتگری لە باوکەوە بۆ کوڕ و ئیمتیازە ئیدارییەکانیان (TSMA, e.11696) بۆ وەرگێڕانێکی ئینگلیزیی فەرمانەکە بڕوانە (ئوێزئۆغڵوو، ٢٠٠٤: ٥٣ - ٥٤).

٢٢ حاجی شێخ بابان لە مێژووی ڕووداوەکانی ئێران و لە مێژووی ڕووداوەکانی عوسمانیی حەسەن ڕووملوو (١٩٣١: ٣٨٢ - ٣٨٣) و لوتفی پاشا (١٣٤١/ ١٩٢٥: ٣٨٣.

٢٣ یاماگوجی خێڵەکانی بانە و لوڕی بچووک دەتە سەر لیستەکە (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٢).

٢٤ بێجگە لەم دوو تاقمە، یاماگوچی وایبۆدەچێت کە تاقمێکی سێهەمی دەسەڵاتدار و حوکمرانە کوردەکان کە پێکهاتبوون لە حوکمڕان و میرەکانی دەوروبەری دیاربەکر و وردە وردە تێکەڵ بە سیستەمی کارگێڕیی عوسمانی بووبوون لە پاش دروستکردنی ویلایەتەکە لە ساڵی ١٥١٥دا. هەر کە ناوچەکانیان لە دەست سەفەوییەکان دەرهێنرا و مافی میراتگرییان بۆ سەلمێنرا، ئەم حوکمڕانانە دڵسۆزی و ملکەچیی خۆیان بۆ عوسمانییەکان دەربڕی (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١١ - ١١٣).

25 BOA, A.DVN, I/52, in Posch (2003: 208).

٢٦ ئەردەڵانییەکان، کە ناوچەکانی خۆیان لە سنە و شارەزووردا فراوان کردبوو، نموونەی باشن بۆ ئەوەی کە چۆن عوسمانییەکان و سەفەوییەکان جەنگی بەوەکالەتیان بەرپاکردبوو دژ بە یەکتر و هەوڵیاندەدا سنووری ناوچەکانیان فراوان بکەن. ناوچەکانی ئەردەڵانییەکان دوو برا حوکمیان دەکرد کە (بیگە بەگ و سوهراب) بوون، یەکێکیان لە شارەزوور و ئەویتریان لە سنە. لە ڕێگەی هەل وەرگرتن و قۆستنەوەی دۆخی ڕکابەری و ڕق لە نێوان ئەم دوو برایەدا لە نیوەی دووەمی سەدەی شانزەدا، عوسمانییەکان دەستیانگرت بە سەر شارەزووردا و سەفەوییەکانیش داوای ئەردەڵانیان دەکرد. سنووری نێوان هەردوو ئیمپراتۆرییەت بە ئەنجامی ئەو شەڕانە دیاری دەکرا کە لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە یان خێزان لە سالەکانی دواتردا. وردەکاریی زیاتر لە سەر مێژووی ئەردەڵانییەکان لە سەدەی شانزەدا لە یاداشتەکانی مەئمووندایە، کە لە پارماکسزئۆغڵوو بڵاوکراوەتەوە (١٩٧٣: ١٩٢ - ٢٣٠ و ١ ئە - ٤٥ بێ).

٢٧ لەبارەی تێڕوانینی عوسمانییەکانەوە بۆ پەیماننامەکە، بڕوانە شاهین (٢٠١٣: ١٢٧ - ١٣٦).

٢٨ لەو کەسانەی کە بە ئەمیرولئومەرا دانران، خەلیل بەگی پازوکی لە دەورانی شائیسماعیلی یەکەمدا، ئەمیر شەرەف لە سەردەمی تەهماسبدا و شەرەفخانی بەدلیسی، دانەری کتێبی مێژوویی شەرەفنامە، پاش ئەوەی شائیسماعیلی دووەم (١٥٧٦ - ١٥٧٧) هاتە سەر دەسەڵات (یاماگوچی، ٢٠١٢: ١١٨ - ١١٩).

٢٩ عەلی خانی زەنگەنە، کە سەر بە خێڵی بەناوبانگی زەنگەنە بوو، گەیشتە پایەی سەرۆک وەزیر لە ماوەی حوکمی شا سولەیماندا (ماتهی، ١٩٩٤: ٧٧ - ٩٨).
٣٠ هەروەها بڕوانە هەمان سەرچاوە (کوتوکئۆغڵوو، ١٩٩٣: ٥٣ - ٨٢) بۆ باسوخواسێکی ورد لەبارەی جەنگەوە. جیۆڤانی میشێڵ، کونسوڵینیشتەجێی ڤینیسیا لە حەڵەب تا ساڵی ١٥٨٧، ڕوون و ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کەوا عوسمانییەکان کە جەنگیان دژ بە ئێران جەنگیان بەرپا کردووە نەک لە بەر مەسەلەی ئاسایی باوەڕبووبێت بەڵکوو بەسانایی لەبەر فراوانکردنی سنووری خاکەکەیان بوو

(Bibliotecada Ajuda, Lisbon, 46 - 10 - X, ‘Relazione delle successi della Guerra fra il Turco e Persiano all anno 1577 al 1587’, fols. 299v - 300, in Matthee, 2014: 12).

٣١ بۆ گفتوگۆ لەبارەی ڕەگەزەکانی ئاین لە جەنگەکاندا لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا، بڕوانە هێس (٢٠١٣: ١٩٩ - ٢٠٤).

٣٢ ئەدەبی کوردی دەوڵەمەندە لەبارەی شانۆکانی شەڕی دمدمەوە. کوردەکان وا مامەڵە لەگەڵ ئەم ململانێیەدا دەکەن وەک خەباتێک لەدژی دەسەلاتی داگیرکەری بێگانە و گۆرانییە میللییەکانیان وا وێنای خەڵکە کوژراو و سەربڕاوەکە دەکەن وەک شەهید لە جەنگێکی پیرۆزدا (غەزا) (حەسنپوور، ١٩٩٥: ٤٠٤ - ٤٠٥). لەبارەی گۆرانییە میللییەکان و نۆتە مۆسییقییەکانیانەوە لە سەر ئەو شەڕە، بڕوانە جەلیلۆڤ (١٩٦٧: ٥ - ٢٦، ٣٧ - ٣٩، ٢٠٦).

33 Topçular Kâtibi, Tevârîh-i Âl-i Osmân تەواریخی عالیی عوسمانی , fol. 241b -242b, 265a, Vienna: Österreichische Nationalbibliothek Ms, Mxt 130, in Murphey (2003: 162).

٣٤ عەزیز ئەفەندی تێبینیی ئەوە دەکات کە پاش ئەوەی حاکمی ویلایەتەکان دەستیان دایە گەندەڵی و کەوتنە پارە کێشانەوە لە بەگە کوردەکان، هێزەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەوە بۆ تەنها ٦٠٠ یان ٧٠٠ پیاو لە سەرەتای ١٦٣٠دا (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤ - ١٥).

٣٥ پێش ئەوەی بەغدا بە شێوەیەکی هەمیشەیی بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵیانە، عوسمانییەکان ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و ویلایەتی مووسڵیان بەکاردەهێنا وەک مەڵبەندی جووڵەی سەربازی دژ بە سەفەوییەکان.

٣٦ هەروەها عەزیز ئەفەندیش لە ڕاپۆرتەکەیدا ویستوویەتی سەرنجی سوڵتان ڕابکێشێت بۆ ئەو لەشکرکێشییەی بە فەرماندەیی بەگە کوردەکان ئەنجامدرا (عەزیز ئەفەندی، ١٩٨٥: ١٤).

٣٧ بۆ وردەکاریی زیاتری ڕێککەوتننامەکە ، بڕوانە نیعمە مستەفا ئەفەندی (١٢٨١/ ١٨٦٤ - ١٨٦٥: ٣/ ٤٠٦ - ٤١٠).

٣٨ ئەولیا چەلەبی، کە بە ناوچەکەدا گەڕاوە لە ناوەڕاستی سەدەی حەڤدەهەمدا، وەک "قەڵایەکی قایم" (سەددی سەدید) باس لە کوردستان دەکات (ئەولیا چەلەبی، ٢٠٠٥: ٤/ ٢١ئە).

٣٩ عەزیز ئەفەندی ئەوەشی دەخاتەسەر کەوا عوسمانییەکان "قەرزاری" بە کوردەکان بوون بۆ ئەو خزمەتەی کە بە سنوورەکانیان کردووە. بەو پێیە ئەو وایبۆدەچێت کە "پێچەونەی ئەو بڕیارە باڵا دادوەرییە، هیچ کەس بۆی نیە داوای تاقە ئاقچەیەک یان دەنکە دانەوێڵەیەک بکات لە فەرماندە کوردەکان" (عەزیز ئەفەندەی، ١٩٨٥: ١٧). بۆ ڕێکخستنی کارگێڕیی ویلایەتی دیاربەکر لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا، بروانە ڤان بروونەسن (١٩٨٨: ١٣ - ٢٨).

٤٠ توێژینەوەیەکی نوێ لەسەر ئابووریی سیاسیی کوردستان ئەوە دەخاتەڕوو کەوا لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەمدا توانا و دەسەلاتی بەگلەربەگی زیادی کرد و سەربەخۆیی حوکمرانە کوردەکان لە دیاربەکر وردە وردە بەرەو داخوران دوچوو (یادرگی، ٢٠١٧: ٧٥ - ٧٦).

٤١ بۆ گفتوگۆی زیاتر لەسەر تێگەیشتنی کاتب چەلەبی بۆ کوردستان ، بڕوانە ئەتماکا(٢٠١٨: ٨٢ - ٨٤). هەروەها بروانە کاری داهاتووم (ئەتماکا، ٢٠٢١).

٤٢ بۆ ناوەڕاستی سەدەی حەڤدە، نەعیمە وایبۆچووە کە "خاک و وڵاتی کوردستان" (مەمالیکی کوردستان) وەک هەرێم یان ناوچەیەک گەورەترە لەوەی کە ئەولیا چەلەبی وەسفی کردووە، بە خستنەسەری ئەرزڕووم و ڕوحا (ئورفە). هەروەها ئەو دانیشتووانی کوردی سیواسیشی تۆمار کردووە (نەعیمە مستەفا ئەفەندی، ٢٠٠٧: ٢/٥٥٠، ٨٩٩).

٤٣ وادیارە ئەولیا چەلەبی زیادەڕۆیی کردووە لە ژمارەی سەربازاندا، کە بێ بەڵگە جەختی لەسەر کردبووەوە (ئەولیا چەلەبی، ٢٠٠٥: ٤/٣٧٢ بێ).

٤٤ عەمادییە حوکمێکی لەڕادەبەدەری لە مەنلەکەتی کوردستاندا هەیە ... لە ویلایەتەکەیدا مڵکایەتی و دەرەبەگایەتی نیە ئەفسەر و فەرماندە نیە، چاودێر و پاسەوانی قەڵا یان سەرپەرشتیی حوکمڕانان نیە. هەر کەسە و خۆی پاشا و حوکمرانی زەوی و خاکی خۆیەتی) ئەولیا چەلەبی ، ٢٠٠٥: ٤/٣٧٧بێ). وردەکاریی زیاتری ئیمارەتی بادینان دەستدەکەون لە سەعدی (٢٠١٧)، ئەلدەمەلوجی (١٩٥٢)، ئەلعەبباسی (١٩٦٩) و ئەلعەززاوی (١٩٤٩).

٤٥ لەبارەی ڕێککەوتننامەکانی جەنگ و ئاشتی لە نێوان ئەفشاری و عوسمانییەکان، بڕوانە تەکەر (١٩٩٦: ١٦ - ٣٧) و ئۆڵسن (٢٠١٧).

٤٦ سنە (سەنەندەج)، میهرەبان (مەریوان)، ئەڤرومان (ئەورامان)، جەڤانڕود (جوانڕۆ)، بانێ (بانە)، سەکیز (سەقز) و ئەفشار وەک لیوا ڕێکخرانەوە لە ژێر ڕکێفی ویلایەتی ئەردەڵاندا

(Tahrir Defteri (TD), no. 1066 (c. 1726 - 27), in Özgüdenli, 2003: 90 - 2).

٤٧ لەبارەی سەرهەڵدان و ڕکابەریی بابانەکان لە کوردستان لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا، بڕوانە فەسڵی یەکەم لە ئەتماکا (٢٠١٣). لەبارەی بەرزونزمیی دەسەلاتی سیاسییەوە لە ناو میرنشینە کوردییەکاندا، بڕوانە کاری داهاتووم (ئەتماکا، ٢٠٢١).

48 BOA, Hatt-ı Humayun (HAT), 20880-F (17 Rebiülâhir 1225/22 April 1810).

خەتی هومایۆن (خەت) .... بۆ وەرگێڕانی ئینگلیزیی نامەکەی عەبدولڕەحمان پاشا بۆ سەرۆک وەزیران (سەدری ئەعزەم - و) یوسف پاشا، بڕوان ئەتماکا (٢٠١٣: ٥٥).

49 BOA, HAT, 20880 - F.

٥٠ ڕاپۆرتێک لەسەر عەبدولڕەحمان پاشا و خاک و ناوچەکانی بابان، کە لەلایەن عەلی پاشای والیی بەغداوە ئامادە کراوە، باس لەوە دەکات کە "کوردستان (واتە بردنەوەی) عێراق و عێراق واتە بردنەوەی ئەنەدۆڵ.

BOA, HAT, 6671 - B (undated - probably May or June 1806).

٥١ BOA, HAT, 37113 (٢٩ی زیلحەججە ١٢٣٩/٢٥ی ئابی١٨٢٤). بۆ وردەکاریی زیاتر لەبارەی هەردوو ڕێککەوتننامەکەوە، بڕوانە ماستەرس ( ١٩٩١: ٣ - ١٥) و ئاکیون (١٩٩٥).

٥٢ بۆ سێنتراڵیزە کردنی ئیمارەتە کوردییەکان و ئەنجام و لێکەوتەکانی، بڕوانە ئەتماکا (٢٠١٩: ٥١٩ - ٥٣٩).



بیبلۆگرافی Bibliography

Archival Sources سەرچاوە ئەرشیفییەکان

Cumhurba¸skanlıgı Devlet Ar¸sivleri Ba¸skanlıgı/Directorate of Presidential State Archive, Ankara and Istanbul (BOA, formerly Ba¸sbakanlık Osmanlı Ar¸sivi/Prime Ministry Ottoman Archive)

بەڕێوەبەرێتیی ئەرشیفی سەرۆکایەتیی دەوڵەت، ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ (پێشتر ئەرشیفی عوسمانیی سەرۆکایەتیی وەزیران).

Hatt-ı Humayun (HAT) خەتی هومایۆن - خەت

Mühimme Defteri (MD) تۆمارە گرنگەکان

Topkapı Sarayı Müzesi Ar¸sivi, Istanbul (TSMA, Topkapı Palace Museum Archives) مۆزەخانەی ئەرشیفی کۆشکی تۆپقاپی

Primary Sourcesسەرچاوە سەرەتاییەکان

Aynı Ali Efendi (1280/1863 64). Kavânîni Âli Osman der Hülâsai Mezâmini Defter-i Dîvân. Istanbul: Tasvîri Efkâr Matbaası.

قەوانینی عالیی عوسمانی دەر خولاسەی مەزامینی دەفتەری دیوان ...

Aziz Efendi (1985). Kanûnnâmei Sultânî Li ʿAzîz Efendi: Aziz Efendi’s Book of Sultanic Laws and Regulations: An Agenda for Reform by a Seventeenth Century Ottoman Statesman, ed. And trans. R. Murphey. Sources of Oriental Languages and Literatures 9. Cambridge, MA: Harvard University Press.

کتێبی یاسا سوڵتانییەکان و ڕێکخستنیان: ئەجێندایەک بۆ چاکسازی لە لایەن پیاوێکی دەوڵەتی عوسمانیی سەدەی حەڤدەهەمەوە ...

Dürri Ahmed Efendi (1820). Sefâretnâmei Iran (Relation de Dourry Effendi ambassadeur de la Porte Ottomane près la cour de Perse). Paris: C. Motte.

سەفارەتنامەی ئێران (پەیوەندیی دوڕی ئەفەندیی باڵوێزی بابی عالیی عوسمانی بە دەرباری فارسییەوە)....

Eskandar Beg (1978). History of Shah Abbas the Great (Tarıke ʿA lamaraye ʿAbbası). Vol. 2, trans. R. M. Savory. Boulder, CO: Westview.

مێژووی شا عەباسی گەورە (تاریخی عالەم ئارای عەبباسی)...

Evliyâ Çelebi (2005). Evliyâ Çelebi Seyahatnâmesi, Vol. 4., ed. S. A. Kahraman and Y. D. Istanbul: Yapı Kredi Yayınları.

سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی ...

Ferîdûn Ahmed Bey ([1849] 1858). Mün¸seâtü’sSelâtîn. 2 Vols. Istanbul: Takvîmhânei Âmire. مونشەئەتول سەڵاتین...

Harris, W. B. (1896). Batum to Baghdad: Via Tiflis, Tabriz and Persian Kurdistan. London: W. Blackwood.

لە باتوومەوە بۆ بەغدا: بەسەر تەفلیس و تەبرێز و کوردستانی ئێراندا ...

Hasan Rumlu (1931). A Chronicle of the Early Safawıs Being the Ahsanu’tTawarıkh of Hasani Rumlu. Vol. 1, ed. and trans. C. Seddon. Baroda: Oriental Institute of Baroda.

مێژووی ڕووداوەکانی سەرەتای سەفەوییەکان وەک چۆن هاتووە لە ئەحسەنولتەواریخی حەسەنی ڕووملیدا ...

İdrisi Bidlîsî (2001). Selim Şahnâ me, شاهنامەی سەلیمed. H. Kırlangıç. Ankara: Kü ltü r Bakanlığ ı Yayınları.

Kâtib Çelebi (1287/1870). Fezlekei Tevâ rih.فەزلەکەی تاریخ (فذلکة التاریخ) Vol. 2. Istanbul: Ceridei Havadis Matbaası.

Kâtib Çelebi (2007). Cihannüma. جیهاننوماVol. 1., ed. F. Sarıcao˘glu. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.

Lütfi Pa¸sa (1341/1925). Tevarihi Al-i Osman, تارتخی عالیی عوسمان ed. A. Bey and M. Serhan Tay¸si. Istanbul: Matbaai Amire.

Mirza Shukrullah Sanandaji (Fakhr alKuttab) (1366/1987). Tuhfahi nasiri dar tarikh va jugrafiyayi Kurdistan, ed. H. A. Tabibi. Tehran.

توحفەیی ناسری دەر تاریخ و جوغرافیایی کوردستان ...

Naʿîmâ Mustafa Efendi (1281/1864 65). Târihi Naʿîmâ تاریخی نەعیمە . Vols 2 3. Istanbul: Matbaaı Âmire.

Naʿîmâ Mustafa Efendi (2007). Târihi Naʿîmâ. Vol. 2, ed. M. I · p¸sirli. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی مێژوویی تورکی

Parmaksızoglu (1973). Kuzey Irak’ta Osmanlı Hakimiyetinin Kurulu¸su ve Memun Bey’in Hatıraları. Belleten, 37 (146), 192 230 and 1a 45b.

سەپاندنی هەژموونی عوسمانی بەسەر باکووری عێراقدا و یاداشتەکانی مەئموون بەگ ...

Scheref (1860). Scherefnameh ou Histoire des Kourdes. Vol. 1, ed. and trans. V. Véliaminof Zernof. St. Petersburg: Académie Impériale des Sciences. شەرەفنامە یان مێژووی نەتەوەی کورد...

Sharaf alDîn Bitlîsî (2005). The Sharafnâma or the History of the Kurdish Nation. Vol. 1, ed. and trans. M. R. Izady. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers. شەرەفنامە یان مێژووی نەتەوەی کورد...

Vak’anüvis Subhî Mehmed Efendi (2007). Subhî Tarihi, سوبحی تاریخی ed. M. Aydıner. Istanbul: Kitabevi Yayınları.

Secondary Sourcesسەرچاوە لاوەکییەکان

al ʿAbbâsî (1969). Imârat Bahdinan al ʿAbbâsiyya. Mosul.

إمارة بهدینان العباسیة ...

Allouche, A. (1983). The Origins and Development of the Ottoman Safavid Conflict, 906 962/1500 1555. Berlin: Klaus Schwarz Verlag.

ڕەگ و پەرەسە ندنی شەڕ و ململانێی عوسمانی - سەفەوی ....

Ate¸s, S. (2013). Ottoman Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843 1914. New York: Cambridge University Press.

ناوچە سنوورییەکانی عوسمانی و ئێران: داڕشتنی سنوور ١٨٤٣ - ١٩١٤ ...

Atmaca, M. (2013). Politics of alliance and rivalry on the Ottoman Iranian frontier: The Babans (1500 1851). Unpublished PhD thesis, Albert Ludwig University of Freiburg.

سیاسەتی هاوپەیمانی و ڕکابەری لەسەر سنووری عوسمانی - ئێران. بابانەکان (١٥٠٠ - ١٨٥١). تێزێکی دکتۆرای بڵاونەکراوە ...

Atmaca, M. (2018). Change and continuity in the perception of the Kurdish lands in European and Ottoman sources. The Journal of Mesopotamian Studies, 3 (1), 77 93.

گۆڕانکاری و بەردەوامی لە تێگەیشتنی ناوچە کوردییەکان لە سەرچاوە ئەوروپی و عوسمانییەکاندا ...

Atmaca, M. (2019). Resistance to centralization in the Ottoman periphery: The Kurdish Baban and Bohtan emirates. Middle Eastern Studies, 55 (4), 519 39.

بەرهەڵستیی بەناوەندی کردنی ناوچە پەڕ و چێوەکانیدەولەتی عوسمانی: میرنشینە کوردییەکانی بابان و بۆتان ....

Atmaca, M. (2021). ‘Land of the Kurds’ or ‘Land of the Rocks’? Changing perceptions of Kurdistan in European and Ottoman sources. In F. M. Göçek and A. Alemdaroglu (eds), Kurds in Dark Times: New Insights on Race/Ethnicity, Violence, and Resistance (pp. 10 30). Syracuse, NY: Syracuse University Press.

"خاک و وڵاتی کوردەکان" یان "خاک و وڵاتی بەردەڵان"؟ گۆڕانی تێگەیشتن لەبارەی کوردستانەوە لە سەرچاوە ئەوروپی و عوسمانییەکاندا... لە کتێبی .. کورد لە ڕۆژگارە تاریکەکاندا: ڕۆشنایی نوێ لەسەر ڕەگەز/ ئیتنیک، توندوتیژی و بەرگری ...

Aykun, I. (1995). Erzurum Konferansı (1823 1847) ve Osmanlı İran Hudut Antla¸sması. Unpublished PhD thesis, Atatürk University.

کۆنفرانسی ئەرزڕووم (١٨٢٣ - ١٨٤٧) و پەیماننامەی سنووری عوسمانلی – ئێران. تێزێکی دکتۆرای بلاونەکراوە ...

Al ʿAzzâwî (1949). Tarikh al ʿIrâq bayn Ihtilâlayn. Vol. 4. Baghdad: Sharikat al Tijâra wal Tibâʿa al Mahduda.

العزاوی (عباس)، تأتیخ العراق بین إحتلالین...

Bacqué Grammont, J. L. (1975). Etudes turcoSafavides, I. Notes sur le blocus du commere Iranien par Selim 1er. Turcica, 6, 68 88.

توێژینەوەکانی تورکی - سەفەوی، تێبینی لەسەر سەپاندنی ئابڵووقەی سەر ئێران لە سەردەمی سەلیمی یەکەمدا ...

Barkan, Ö. L. (1953 1954). H. 933 934 (M. 1527 1528) Malî Yılına Ait Bir Bütçe Örne˘gi. Istanbul Üniversitesi Iktisat Fakültesi Mecmuası, 14 (5), 251 329. نموونە لەسەر بودجەی ساڵی دارایی (کۆمەڵەی فاکوڵتیی ئابووریی زانکۆی ئەستەمبووڵ)...

Barthold, W. (1984). A Historical Geography of Iran, trans. S. Soucek. Princeton, NJ: Princeton University Press.جوگرافیای مێژوویی ئێران...

al Damalûjî (1952). lmârat Bahdinan al Kurdiyya aw Imârat al ʿImâdiyya. Mosul: al Ittihâd al Jadîda.

إمارة بهدینان الکردیة أو إمارة العمادیة ...

Dzhalilov, O. D. (1967). Kurdskiy geroicheskiy epos ‘Zlatorukiy Khan’. Moscow."خانی لەپ زێڕین" داستانی قارەمانێتیی کورد...

Fattah, H. M. and Caso, F. (2009). A Brief History of Iraq. New York: Infobase Publishing. کورتە مێژوویەکی عێراق...

Fuccaro, N. (2012). The Ottoman frontier in Kurdistan in the sixteenth and seventeenth centuries. In C. Woodhead (ed.), The Ottoman World (pp. 237 250). London: Routledge.

سنووری عوسمانی لە کوردستاندا لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا... لە کتێبی .. جیهانی عوسمانی ....

Genç, V. (2019). Acem’den Rum’a Bir Bürokrat ve Tarihçi: Idris i Bidlîsî (1457 1520). Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları.

بیرۆکرات و مێژوونووسی فارس و ڕۆم (عوسمانی - و): ئیدریسی بەدلیسی (١٤٥٧ - ١٥٢٠) ... لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی مێژوویی تورکی ...

Göyünç, N. (1969). Diyarbekir Beylerbeyiligi’nin Ilk Idari Taksimatı. IÜ Edebiyat Fakültesi Tarih Dergisi, 13, 23 34.

بەگلەربەگیی دیاربەکر و دابەشکردنی کارگێڕیی یەکەم (گۆڤاری کۆڵێجی ئادابی زانکۆی IU بۆ مێژوو).

Göyünç, N. (1991). XVI. Yüzyılda Mardin Sancağı. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları. سەنجەقی ماردین لە سەدەی نۆزدەدا... (گۆڤاری کۆمەڵەی مێژووی تورکی) ...

Hassanpour, A. (1995). Dimdim. Encyclopaedia Iranica, 7, Fasc. 4, 404 5.

Hess, M. R. (2013). Schreiben des Antagonismus: Dimensionen des osmanischsafavidischen Konfliktes in Staatskorrespondenz um 1600. Aachen: Shaker.

Kaempfer, E. (1977). Am Hofe des persischen Grosskönigs 1684 1685, ed. and trans. W. Hinz. Tübingen: H. Erdmann.

Kütüko˘glu, B. (1993). Osmanlı Iran Siyasi Münasebetleri (1578 1612). Istanbul: Istanbul Fetih Cemiyeti. بۆنە سیاسییەکانی عوسمانلی ئێران...

Longrigg, S. (1925). Four Centuries of Modern Iraq. Oxford: Oxford University Press.چوار سەدە لە مێژووی نوێی عێراق...

Markiewicz, C. (2019). The Crisis of Kingship in Late Medieval Islam: Persian Emigres and the Making of Ottoman Sovereignty. Cambridge: Cambridge University Press.

قەیرانی مەلەکییەت لە دوادوایی سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامدا: پەنابەرەکانی ئێران و دروستبوونی دەسەلاتی ئیسلامی...

Masters, B. (1991). The treaties of Erzurum (1823 and 1847) and the changing status of Iranians in the Ottoman Empire. Iranian Studies, 24 (1), 3 15.

پەیماننامەکانی ئەرزڕووم (١٨٢٣ و ١٨٤٧) و گۆڕانی بارودۆخی ئێرانییەکان لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا...

Matthee, R. (1994). Administrative stability and change in late 17th century Iran: The case of Shaykh ʿAli Khan Zanganah (1669 1689). International Journal of Middle East Studies, 26 (1), 77 98.

سەقامگیری و گۆڕانی ئیداری لە کۆتاییەکانی سەدەی حەڤدەی ئێراندا: مەسەلەی شێخ عەلی خانی زەنگەنە (١٦٦٩ - ١٦٨٩).

Matthee, R. (2014). The Ottoman Safavid War of 986 998/1578 1590: Motive and Causes.International Journal of Turkish Studies, 20 (1 2), 1 20.

جەنگی عوسمانی - سەفەوی (١٥٧٨ - ١٥٩٠): پاڵنەر و هۆکارەکان ...

McLachlan, K. (2000). Boundaries with the Ottoman Empire. Encyclopaedia Iranica, 4, Fasc. 4, 401 403.

سنوورەکان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ...

Murphey, R. (1987). The Ottoman centuries in Iraq: Legacy or aftermath? A survey study of Mesopotamian hydrology and Ottoman irrigation projects. Journal of Turkish Studies, 11, 17 29.

سەدەکانی عوسمانی لە عێراقدا: میراتی یان پاش کارەسات؟ لێکۆڵینەوەیەکی ڕووپێویی هایردرۆلۆجی لە میسۆپۆتامیادا و پرۆژەکانی ئاودێریی عوسمانی ...

Murphey, R. (1993). Süleyman’s eastern policy. In H. Inalcık and C. Kafadar (eds), Süleymân the Second and His Time (pp. 229 48). Istanbul: ISIS.

سیاسەتی سولەیمان لە ڕۆژهەڵاتدا.. لە کتێبی .. سولەیمانی دووەم و سەردەمەکەی..

Murphey, R. (2003). The resumption of Ottoman Safavid border conflict,

1603 - 1638: Effects of border destabilization on the evolution of state - tribe

relations. In I. Schneider (ed.), Mitteilungen des SFB ‘Differenz und

Integration’ 5: Militär und Staatlichkeit (pp. 151 – 70). Halle/Saale:

Orientwissenschaftliches Zentrum der Martin- Luther - Universtät Halle -

Wittenberg.

دەستپێکردنەوەی شەڕ و ململانێی سنووری عوسمانی - سەفەوی، ١٦٠٣ - ١٦٣٨: کاریگەرییەکانی ناسەقامگیریی سنوور لە سەر پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی دەوڵەت و خێڵ .. لە کتێبی .. نامەکانی جیاوازی و تەواوکاریی سوپا و دەوڵەت (سەنتەری مارتن لووسەر بۆ توێژینەوەکانی ڕۆژهەلات - زانکۆی هالی - ساڵ، ویتنبێرگ ...

Olson, R. W. (2017). The Siege of Mosul and Ottoman – Persian Relations, 1718 1743. London: Routledge.

گەمارۆدانی مووسڵ و پەیوەندیەکانی عوسمانی و وڵاتی فارس ...

Özgüdenli, O. (2003). Osmanlı Iranı I: BatıIran ve Azerbaycan Tarihi Hakkında Osmanlı Tahrîr Kayıtları: Co˘grafî ve Idarî Taksimat. A.Ü. Dil ve Tarih Co˘grafya Fakültesi Tarih Ara¸stırmaları Dergisi, 22 (34), 83 106.

عوسمانلی و ئێران: لەبارەی ڕۆژئاوای ئێران و ئازەربایجانەوە، مافی مێژوویی عوسمانی لە کۆنووسەکاندا....

Özoğlu, H. (2004). Kurdish Notables and the Ottoman State. Albany, NY: State University of New York Press.

کەسایەتی و ناودارانی کورد لە دەوڵەتی عوسمانیدا ...

Perry, J. (2006). Karim Khan Zand. Oxford: Oneworld Publications.

Posch, W. (2003). What is a frontier? Mapping Kurdistan between Ottoman and Safavids. In E. M. Jeremias (ed.), Irano Turkic Cultural Contacts in the 11th 17th Centuries (pp. 203 15). Piliscsaba: The Avicenna Institute of Middle Eastern Studies.

سنوور چیە؟ نەخشەکێسانی کوردستان لە نێوان عوسمانی و سەفەویدا.. لە کتێبی .. پەیوەندییە کولتوورییەکانی ئێران و تورکیا لە سەدەی یانزەوە بۆ سەدەی حەڤدە...

Saadi, S. A. (2017). Behdinan Kürt Emrili˘gi. Unpublished PhD thesis, Dicle University.میرنشینی بەهدینانی کوردی.. نامەی دکتۆرای بڵاونەکراوە...

Sawaqeb, J. and Muzaffari, P. (1393/2015). Ouwza e Siyasi - ye Kordestan az morg - e Nader ta awakher e Zandiya (Salhay - e 1160 1200 q.). Falsafa e Ilmi, 114 (24), 97 120.

بارودۆخی سیاسیی کوردستان لە مەرگی نادرەوە تا کۆتایی سەردەمی زەندی ...

Sinclair, T. (2009). Administration and fortification in the Van region under Ottoman rule in the sixteenth century. In A. C. S. Peacock (ed.), The Frontiers of the Ottoman World (pp. 211 25). Oxford: Oxford University Press.

بەڕێوەبردن و قایمکاری لە ناوچەی واندا لە ژێر سایەی حوکمی عوسمانی لە سەدەی شانزەدا.. لە کتێبی .. سوورەکانی جیهانی عوسمانی ...

¸Sahin, K. (2013). Empire and Power in the Reign of Süleyman: Narrating the Sixteenth Century Ottoman World. Cambridge: Cambridge University Press.

ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵات لە سەردەمی حوکمی سولەیماندا: گێڕانەوە و بەسەرهاتی سەەی شانزەی جیهانی عوسمانی ...

Tucker, E. (1996). The peace negotiations of 1736: A conceptual turning point in Ottoman Persian relations. Turkish Studies Association Bulletin, 20 (1), 16 37.

دانوستانی ئاشتیی ساڵی ١٧٣٦: خاڵێکی وەرچەرخانی چەمک و تێگەیشتن لە پەیوەندییەکانی عوسمانی و ئێراندا ....

Uzunçarsılı, I. H. (1995). Osmanlı Tarihi. مێژووی عوسمانی 4 Vols. Ankara: Türk Tarih Kurumu Yayınları. van Bruinessen, M. (1988). The Ottoman conquest of Diyarbekir and the administrative organisation of the province into the 16th and 17th centuries. داگیرکردن دیاربەکر لەلایەن عوسمانییەکانەوە و ڕێکخستنی کارگێڕی لە ویلایەتەکەدا لە سەدەکانی ١٦ و ١٧دا. In M. van Bruinessen and H. Boeschoten (eds), Evliya Çelebi in Diyarbekir (pp. 13 28). Leiden: Brill.لە کتێبی .. ئەولیا چەلەبی لە دیاربەکر

Woods, J. E. (1999). The Aqquyunlu: Clan, Confederation, Empire. Salt Lake City, UT: University of Utah Press.

ئاق قۆینلوو: عەشیرەت، کۆنفیدراسیۆن، ئیمپراتۆرییەت ...

Yadirgi, V. (2017). Political Economy of the Kurds in Turkey: From the Ottoman Empire to the Turkish Republic. Cambridge: Cambridge University Press.

ئابووریی سیاسیی کوردەکان لە تورکیادا: لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە بۆ کۆماری تورکیا ...

Yamaguchi, A. (2012). Shāh Tahmāsp’s Kurdish policy. Studia Iranica, 41 (1), 101 32.

سیاسەتی شاتەهماسپ سەبارەت بە کورد ....

Zeki, M. E. (1939). Tarixi Silêmanî û welatê le devreyê zor Kadimewe ta Evvelê ihtilal (1918 m.). Baghdad: al Najâh.

زەکی، محەمەد ئەمین، تاریخی سلێمانی و وڵاتی لە دەورەی زۆر قەدیمەوە تا ئەووەڵی ئیحتیلال...

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق