هه‌ستنه‌كردن به‌ به‌رپرسیارێتی

ليست هناك تعليقات


 عارف قوربانی
له‌ رۆژانی رابردوو دوو دیمه‌نی زۆر سه‌رنجڕاكێش له‌ میدیا و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرانه‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك جێی سه‌رنج بوون كه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگەی كوردی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو بووایا و ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتیش ده‌سه‌ڵاتێكی به‌رپرسیار بووایا، ده‌بوو بخرانایه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیار. به‌ڵام ئه‌و دوو دیمه‌نه‌ش وه‌ك زۆر پرس و بابه‌تی دیكه‌ی گرنگ تێپه‌ڕین و نه‌ كۆمه‌ڵگە و نه‌ ده‌سه‌ڵاتی رانه‌چڵه‌كاند.

دیمه‌نی یه‌كه‌م ئاپۆرای ریزی هاووڵاتییان بوو له‌ كه‌شێكی ساردی سێ‌ بۆ چوار پله‌ی ژێر سفری سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌كی شاری سلێمانی بۆ وه‌رگرتنی غازی ماڵان. له‌ راپۆرتی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له‌گه‌ڵ پێشاندانی ئه‌م دیمه‌نانه‌دا ئه‌و زانیارییانه‌شیان ده‌خسته‌ڕوو ئه‌و به‌شه‌ غازه‌ی له‌ كۆمپانیای داناگازه‌وه‌ بۆ سلێمانی ته‌رخانكراوه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ به‌شی رۆژانه‌ی ماڵه‌كان بكات، به‌ڵام به‌شی خه‌ڵك ناخرێته‌ بازاڕه‌وه ‌و به‌ نرخی گرانتر ده‌برێت بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر.

دیمه‌نی دووه‌م، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ڵكی گوندی ئاشورانی سه‌ر به‌ ناحییه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر بوو له‌ شه‌وێكی تاریك و نوته‌كی سه‌رما و به‌سته‌ڵه‌كی ئه‌م وه‌رزه‌ توشه‌دا، له‌ ناو گونده‌كه‌ی خۆیان و له‌ ده‌وری هه‌ندێ‌ ئاگر كه‌ به ‌دار كردبوویانه‌وه‌ كۆبووبوونه‌وه ‌و ناڕه‌زایه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌رده‌بڕی كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناڕازی بوونه‌ له‌ به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با، له‌ كاتی ئه‌م شه‌پۆله‌ سارد و سڕه‌دا حكومه‌ت كاره‌بای له‌ حه‌وت گوندی سنووره‌كه‌ بڕیوه‌.

ئه‌م دوو دیمه‌نه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كی زیندوودا رووی بدایا، هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ری ده‌هاتنه‌ ده‌نگ. چۆن ده‌بێت له‌ كاتی هاتنی شه‌پۆلێكی سارد و سه‌ختی وادا كه‌ حكومه‌ت ده‌رگەی قوتابخانه ‌و فه‌رمانگه‌كانیشی داخستووه ‌و كردوویه‌تیه‌ پشوو، به‌ڵام هاوڵاتییه‌كانی ناچاربن له‌و كه‌شه‌ سارد و سه‌خته‌دا چوار بۆ پێنج كاژێری رۆژێك ته‌رخان بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی بوتڵێكی غاز به‌ نرخی چه‌ند به‌رانبه‌ر گرانتر له‌ نرخه‌كه‌یشی. له‌ كاتێكدا ئه‌و به‌شه‌ی بۆ خه‌ڵك ته‌رخانكراوه‌ له‌وه‌ زیاتربێت پێویستی به‌ نۆره‌گرتن بێت، زانیاریی پشتڕاستكراوه‌ش هه‌بن كه‌ به‌شی هاووڵاتییان ده‌دزرێت و ده‌برێته‌ ده‌ره‌وه‌. كه‌چی نه‌ك خه‌ڵك نیگه‌ران و ناڕازی بوون له‌و سته‌مه‌ی لێیان ده‌كرێت، به‌ڵكو له‌ تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كردبوویان به‌ به‌زمی كات به‌سه‌ربردن. نه‌ په‌رله‌مان و نه‌ هیچ دام و ده‌زگایه‌كی حكومی و ده‌زگایه‌كی چاودێری، نه‌هاتنه‌ قسه‌.

له‌ كام سه‌رده‌م و له‌ كوێی دونیادا حكومه‌ت به‌و جۆره‌ ره‌فتار له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌كانی ده‌كات وه‌ك ئه‌و ره‌فتاره‌ی به‌رانبه‌ر به‌ حه‌وت گونده‌كه‌ی ناحیه‌ی سه‌نگه‌سه‌ر كراوه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نایانه‌وێ‌ پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با ببه‌ستن، له‌ كاتی هاتنی ئه‌و شه‌پۆله‌ سارد و سه‌خته‌دا، كاره‌با له‌ هاووڵاتییه‌كانی بكوژێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان تێگه‌یشتنیان به‌ جۆرێكه‌ به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با خراپه‌، ئه‌ركی حكومه‌ته‌ به‌ پێدانی زانیاری و روونكردنه‌وه‌ی دروست تێگه‌یشتنی خه‌ڵكه‌كه‌ بگۆڕێت، نه‌ك كاره‌باكه‌یان ببڕێت. كه‌چی كه‌س له‌سه‌ر ئه‌م سته‌مه‌ش نه‌هاته‌ ده‌نگ.

له‌ كورده‌واریدا زۆرێك له‌و په‌نده‌ كۆنانه‌ی گوتراون، ئه‌گه‌رچی قسه‌ی نه‌سته‌قی هه‌لومه‌رج و سه‌رده‌مانێكی زۆر پێش ئێستان و ده‌بوو پێشكه‌وتنه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆ شوێنی زۆرێك له‌و په‌نده‌ کۆنانه‌ی تیا نه‌بووایه‌ته‌وه‌، ده‌بوو ببوونایاتە قسه‌ی به‌سه‌رچوو، به‌ڵام ده‌ست بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و په‌ندانه‌ی ده‌به‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری پێشنه‌كه‌وتووه ‌و هه‌ر له‌ناو بازنه‌یه‌كدا ده‌خولێته‌وه‌، وا هه‌ست ده‌كه‌یت ئه‌و په‌نده‌ كۆنانه‌، تازه‌ و بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌مڕۆ گوتراون. ره‌نگه‌ گونجاوترین هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ پێناسه‌ی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگە و ده‌سه‌ڵاتی كوردی ئه‌و په‌نده‌ بێت كه‌ گوتوویانه‌ (مه‌نجه‌ڵ و سه‌رقه‌باخی یه‌كترن). ئاخر ئه‌گه‌ر شانی كۆمه‌ڵگە هه‌ڵینه‌گرتایا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ستی به‌رپرسیارێتی لای ده‌سه‌ڵاتدارنیش وه‌ك ئێستا نه‌ده‌بوو، به‌ڵام كه‌ كۆمه‌ڵگەیه‌ك خۆی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی نه‌بێت، چۆن حكومه‌تی به‌رپرسیاری تیا دروست ده‌بێت.

هه‌ستنه‌كردن به‌ به‌رپرسیارێتی و هه‌ستی خۆبه‌خاوه‌ن نه‌زانین، دوو په‌تای كوشنده‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌وارین. تا ئه‌م دوو ده‌رده‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، هیچ هه‌لومه‌رجێك ناتوانێت كوردستان به‌رێته‌ قۆناخێكی باشتره‌وه‌. بگره‌ به‌رده‌وام و ساڵ له‌ دوای ساڵیش خراپتر ده‌بێت، له‌ خۆڕا نه‌گوتراوه‌ ساڵ به‌ ساڵ خۆزگه‌م به‌ پار. چونكه‌ ده‌ستنه‌بردن بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌ی كێشه‌كان، به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ به‌رهه‌مهێنانی مرۆڤگه‌لێك كه‌ نه‌ هه‌ستی به‌رپرسیارێتی بۆ دروست بووه‌، نه‌ ئه‌و هه‌سته‌ی خۆی به‌ خاوه‌ن شته‌كان بزانێت. تا جۆرێك له‌ مرۆڤی له‌و جۆره‌ش له‌ناو كۆمه‌ڵگە به‌رهه‌م نه‌یێت، ناتوانرێت ئومێد به‌ داهاتوویه‌كی باشتر بخوازرێت.

كوردستان پێویستی به‌ شۆڕشه‌، شۆڕشی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وه‌یه‌كی هۆشیار، نه‌وه‌یه‌ك هه‌ستی به‌رپرسیارێتی له‌ ناخیدا روێندرابێت و خۆی به‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێكی نیشتمان بزانێت. ئه‌وه‌ ته‌نیا رێگه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ی كوردستان به‌ پێوه‌ له‌ناو ئه‌و ژینگه ‌و زه‌لكاوه‌ جوگرافیه‌ی ده‌وره‌ی داوه‌. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگە نه‌توانێت نه‌وه‌یه‌كی وا به‌رهه‌م بهێنێت، چوارده‌وری نه‌ك زه‌لكاو، ئه‌گه‌ر گوڵڕێژیش بێت، خۆی ده‌بێتە‌ زه‌لكاو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق