مایک پۆمپەیۆ زیاتر لە 40 کیلۆ لە کێشی دادەبەزێنێت

ليست هناك تعليقات


وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەند - CIA لە ئەرکەکەیدا رووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەوە، بەڵام بە گومانەوە باس لە دابەزینی کێشی دەکات، چونکە دەترسێت کە ئەو کێشەی جەستەی کە دایبەزاندووە، جارێکی دیکە وەکو پێشووی لێبێتەوە.

بیرکردنەوە لە دابەزاندنی کێشی لە 14-06-2021 دەستیپێکرد کە ئەو رۆژە پۆمپەیۆ چووەتە سەر قەپانێک و خۆی کێشاوە و بۆی دەرکەوتووە کە کێشی بۆ یەکەمجار گەیشتووەتە نزیکەی 136 کیلۆگرام (نزیکەی 300 پاوەند)، رۆژی دواتر کە لە خەو هەستاوە بە هاوژینەکەی گوتووە، سوزان "ئەمڕۆ رۆژی بڕیاردانە".

مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست گوتوویەتی، "دەستم بە راهێنان کرد، بەنزیکەیی هەموو رۆژێک، شێوازی خواردنمم رێکخست و کێشم دەستی بە دابەزین کرد".

پۆمپەیۆ تەمەنی 58 ساڵە، باس لەوە دەکات، لە هۆڵێکی لەشجوانی کە چەند قورساییەک و ئامێرێکی یاریکردنی تێدابووە و لە ژێرزەمینێکدا بووە دەستی بە راهێنان کردووە، دەشڵێت، "هەفتانە پێنج بۆ شەش جار دەچوومە ئەو شوێنە و بۆ ماوەی نیو کاژێر یان کەمێک زیاتر تێیدا دەمامەوە و راهێنانم دەکرد. ئەوە شتێکی زانستی نەبوو؛ راهێنەرم نەبوو، رژێمی خۆراکیشم نەبوو. تەنیا خۆم بووم".

پۆمپەیۆ دەڵێت، ساڵی 2010 کاتێک وەکو نوێنەری ویلایەتی کەنساس بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا هەڵبژێردرا، کێشی دەستی بە زیادبوون کرد.

دوای بیرکردنەوە لە دابەزاندنی کێشی، پۆمپەیۆ بەڵێنی بە خۆی داوە کە ببێتەوە خاوەنی جەستەیەکی تەندروست. گۆڕانی رژێمی خۆراکی نەیتوانی کێشی لەشی پۆمپەیۆ دابەزێنێت، وەکو خۆی دەڵێت، هێشتا هەر لەگەڵ خێزانەکەی دەچنە ئەو رێستۆرانتەی کە هیوایەتیەتی، لەوبارەیەوە باس لەوە دەکات، "گرنگە کە کولتوور وەلانەنێین. ئێستاش هێلکە و گۆشتی قەل دەخۆین".

ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینەکەیدا ئەوەی خستووەتەڕوو، لەگەڵ خێزانەکەی لەکاتی نانخواردندا کۆدەبنەوە، "ئێمە ئیتاڵین و حەزدەکەین لە دەوری خوانێکی باشی پاستا، نان و پەنیر و شیرینی کۆببینەوە. ئێمە هێشتا چێژ لەم خوانە گەورانە دەبینین لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانمان".

بە گوتەی پۆمپەیۆ، بەو راهێنانەی رۆژانە بۆ ماوەی نیو کاژێر کردوویەتی، لە شەش مانگدا توانیویەتی 90 پاوەند [زیاتر لە 40 کیلۆگرام] لە کێشی لەشی دابەزێنێت. وەکو خۆیشێ دەڵێت، پێشتر بیانووی دانەبەزاندنی کێشی تەنیا نەخۆشییەکی ئاسایی بووە لە قاچیدا.

لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکی دابەزاندنی کێشیدا پۆمپەیۆ باسی لەوە کرد، لە ماوەی 10 بۆ 11 ساڵدا نزیکەی 100 پاوەند [زیاتر لە 45 کیلۆگرام] لە کێشی زیادیکردووە، بە خۆیی گوتووە کە برینێکی ئاسایی لە قاچیدا هۆکاری زیادبوونی کێشیەتی، دەشڵێت "هیچ شتێکی تایبەت بەسەر قاچیدا رووینەدابوو".

بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی پێیوایە کە هیچ کەسێک نایەوێت دان بەوەدا بنێت کە کێشی زیادیکردووە، "تەنانەت ئەگەر هەموو بەڵگەکان ئاماژە بە زیادبوونی کێشی بکەن". دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانیشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گوتەی پۆمپەیۆ، بە نزیکەیی هیچکام لەو قسانەی خەڵک لەسەری کردوون ئەرێنی نەبوون و خەڵک پێشبینیی ئەوەیان کردووە کە نەخۆشم یاخود تووشی شێرپەنجە بووم، "هیچ کەسێک پەیوەندیی پێوە نەکردم و پرسیاری لێ نەکردم بڵێت، چیت بەسەر هاتووە؟"

پۆمپەیۆ دەڵێت، هاوڕێیەکی بەناوی دەیڤد ئوربان کە پێشتر هاوپۆلی بووە وەکو خەڵکی دیکە نەبووە و کاتێک چاوی پێی کەوتووە پێی گوتووە، "چەند جوان دەردەکەویت".

ئەو باسی ئەو کاتانە دەکات کە گەشتی کردووە و دەڵێت، وەزیرانی پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا کاتێک گەشتیان کردووە ئەگەر کۆبوونەوەکانیان لە کاژێر 07:30 بۆ 08:00 تەواوببوایە، نانی باشیان لە رێستۆرانتە باشەکان خواردووە، بەڵام ئەو وای نەکردووە، لەوبارەوە دەڵێت، "دەتوانن لە هەر کەسێکی تیمەکەم بپرسن، ئەوان دەزانن چیم دەکرد: چیسبەرگرێکم لە خزمەتکاری شوێنەکە وەردەگرت و دەگەڕامەوە بۆ ژوورەکەم و بەردەوام دەبووم لەسەر کارکردن و خواردنی چیسبەرگرەکە. ئەوە شێوازی ژیانم بوو".

وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، "کاتێک کار دەکەیت و خواردن دەخۆیت، بەردەوام دەبیت لەوە". ئەو هیوا دەخوازێت کە گەشتی ئەو لە کەمکردنەوەی کێشی هاندەربێت بۆ ئەوانەی کە کێشیان زیادە، بۆئەوەی کێشیان کەمکەنەوە، دەشڵێت، "ئەوە قورسە و هەمیشەیی نییە. گەرەنتیی ئەوەش نییە کە کێشم هەر بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر تێگەیشتیت کە شتانێکی باش روودەدەن و بەردەوام ئەو تێگەیشتنەت هەبێت، تۆش دەتوانیت ئەو کارە بکەیت".

بە گوتەی پۆمپەیۆ، هاوژینەکەی و کوڕەکەی و رەیچڵ-ی بووکی یارمەتیدەری بوون لە دابەزاندنی کێشی. لەبارەی ئەو قسە و باسانەش کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێن و دەڵێن، پۆمپەیۆ بۆیە کێشی خۆی دابەزاندووە، چونکە ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی 2024ی ئەمریکا بەربژێر بکات، بەڵام ئەو لەبارەی ئەو قسە و باسانە پێکەنیوە و گوتوویەتی، "من ئامادەم بۆ ساڵی 2044 و هیوادارم بگەمە 2054یش"، لەبارەی ئەوەی کە بۆچی ئەو دوو ساڵە بە دیاریکراوی باس دەکات، گوتوویەتی کە کوڕەکەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت و دەیەوێت نەوەکانی ببینێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif