جۆ بایدن: کێشە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەم دروست دەکەن

ليست هناك تعليقات

 

سەرۆکی ئەمریکا پەسنی کارەکانی ئیدارەکەی دەدات و دەڵێت، لە ماوەی یەک ساڵی دەسەڵاتی ئەودا لە کۆشکی سپی بەرەوپێشچوونێکی "گەورە" روویداوە، بەڵام دەڵێت نەیتوانیوە قەناعەت بە کۆمارییەکان بهێنێت پشتگیری ئەجێنداکەی بکەن.

رۆژی چوارشەممە 19-1-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی رێکخستبوو، رایگەیاند بەشێکی زۆری ئەجێندای یەک ساڵەی ئیدارەکەی جێبەجێ کردووە، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت لەلایەن پارتی کۆمارییەکانەوە بەربەست و رێگریی هێندراوەتە پێش جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی. دەشڵێت کە تاکە کارێک تێیدا سەرکەوتوو نەبووە ئەوە بووە ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان لە جێبەجێکردنی ئەجێنداکەیدا تێوەبگلێنێت.

جۆ بایدن جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای ئەو رێگرییانەی کە بۆی هاتوونەتە پێش، ئیدارەکەی توانیویەتی دوو بەشی "زۆر گەورە"ی ئەجێنداکەی جێبەجێ بکات، کە ئەوانیش یاسای تایبەتمەند بە کۆرۆنا و یاسای وەبەرهێنان لە ژێرخان و هەلی کار، کە وەکو خۆی دەڵێت، تێپەڕاندنی ئەو دوو یاسایە " گەورەترە لەوەی هەر سەرۆکێک توانیبێتی لە ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتییدا بیکات." بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان لە ژێرخان و هەلی کار، لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، ساڵانە 1.5 ملیۆن هەلی کار دابیندەکرێت.

بایدن ئاماژەی بە پلانی "خەرجی نێوخۆیی بۆ بوونیاتنانەوەی باشتر" کرد و گوتی کە دەستی لەو پلانە هەڵنەگرتووە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی چەند مانگێکە لە کۆنگرێس راگیراوە و دەشڵێت کە باوەڕی وایە دەتوانێت چەند بەشێکی لێ تێپەڕێنێت.

ئەم گوتارەی سەرۆکی یەک ساڵەی ئەمریکاش لەکاتێکدایە کە کۆرۆنا بووەتە ئاڵنگارییەکی سەرەکی لە بەردەم ئیدارەکەیدا و هەڵئاوسانی ئابووریش بەجۆرێکە کە بۆ ماوەی چەند دەیەیە ئەمریکای هەڵئاوسانی لەوشێوەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif