لێکۆڵینەوەیەک: پاپای پێشووی ڤاتیکان چاوپۆشی لە دەستدرێژیی سێکسی کردووە

ليست هناك تعليقات



بێنێدیکتی شازدەیەم، پاپای پێشووی ڤاتیکان تۆمەتبارکرا بەوەی لە بەرامبەر دەستدرێژیی سێکسیی ژمارەیەک لە قەشەکان بۆسەر منداڵان، بێ هەڵوێست بووە.

ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک لە دەستدرێژیی سێکسیی قەشەکانی کەنیسەی کاسۆلیک لە ئەڵمانیا دەریدەخات، پاپای پێشووی ڤاتیکان ئاگاداربووە لەوەی چەند قەشەیەکی شاری میونشن دەستدرێژیی سێکسییان کردووەتە سەر منداڵان، بەڵام بێ هەڵوێست بووە و هیچی نەکردووە.

لێکۆڵینەوەکە لەلایەن کۆمپانیای یاسایی "وێستفاهل سپیڵکەر واتزل"ی ئەڵمانییەوە کراوە؛ لە دوو لەو کەیسانەی دژی کەنیسەی کاسۆلیک لە شاری میونشن جوڵێندراون، تێوەگلانی ژمارەیەک قەشە و پیاوانی کەنیسەیە لە دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان؛ بەڵام ئاماژە بەوەش دەکرێت، پاپای پێشوو رێگەی بەو کەسانە داوە لە کارەکانیان بەردەوام بن.

لە یەکێک لە دۆسیەکاندا، قەشەیەک بەناوی پیتەر هوڵەرمان کە ئێستا لە رۆژئاوا بە "منداڵباز" ناوبانگی دەرکردووە، دوای تۆمەتبارکردنی بە دەستدرێژیکردنە سەر کوڕێکی تەمەن 11 ساڵ، لە کارەکەی دوورنەخرایەوە، بەڵکو گوێزرایەوە بۆ شاری ئێسن لە رۆژئاوای ئەڵمانیا.

لە ساڵی 1986، کە ئەو کاتە بێنێدیکت گوێزرایەوە بۆ ڤاتیکان، قەشە بەدناوەکە تاوانبار بوو بە دەستدرێژیکردنە سەر ژمارەیەک منداڵ و سزای بەندکردنیشی بۆ دەرچووبوو، بەڵام سزاکە هەڵپەسێردرا.

وێڕای ناوبانگە خراپەکەی، هوڵەرمان وەکو قەشە خانەنشینکرا. هوڵەرمان تەنانەت دوای روونبوونەوەی تاوانباربوونەکەی لە دادگە، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بوو لە کارکردن لەگەڵ منداڵان، هەربۆیە دۆسیەکەی بە نموونەیەک لە شکستەکانی کەنیسە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانی دەستدرێژیکردنەسەر منداڵان دادەنرێت.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، کاردیناڵ رەینارد مارکس، سەرپەرشتیاری ئێستای کەنیسەکانی میونشن و فرایزینگ، بە هەمان شێوە، دەرکەوتووە چاوپۆشی لە دوو دۆسیەی دەستدرێژیی سێکسی قەشەکان بۆسەر منداڵان کردووە.

پاپا بێنێدیکتی شازدەیەم لە ساڵی 1977 تاوەکو 1982 سەرپەرشتیی هەموو کەنیسەکانی شارەکانی میونشن و فرایزینگی دەکرد و لە ساڵی 2005 تاوەکو 2013یش پاپای ڤاتیکان بوو.

پارێزەری کەنیسەی کاسۆلیک کە بەرگری لە کەیسی پاپای پێشوو دەکات، دەڵێت، بێنێدیکت "هەموو بەرپرسیارێتییەک"ی پەیوەندیدار بەو کەیسانەی رەتکردووەتەوە.

بەڵام شارەزایانی یاسایی ئەو تیمەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکەیان کردووە، دەڵێن، ئەوەی پاپا بانگەشەی بۆ کردووە، سەلمێندراو نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممەش ڤاتیکان "شەرمەزاری و دڵگرانیی" خۆی لە بەرامبەر دەستدرێژیی سێکسی پیاوانی ئایینی کەنیسە بۆسەر منداڵان دەربڕی.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif