ئاماژەکان پێشانی دەدەن رووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینا

ليست هناك تعليقات

 

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کیێڤ، داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریکی کرد بە زووترین کات ئۆکراینا جێبێڵن، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت هەموو ئاماژەکان پێشانیدەدەن کە ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە ماوەیەکی نزیکدا هێز دژی ئۆکراینا بەکاردەهێنێت.

ویندی شێرمن، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێمە بێگومان هەموو ئاماژەکان دەبینین کە پێشانیدەدەن ئەو (پووتین) دەیەوێت لە کاتێکی نادیاردا هێزی سەربازی بەکاربێنێت، رەنگە لە نێوان ئێستا تاوەکو ناوەڕاستی شوبات."

ئەمریکا دەڵێت رووسیا نزیکەی 100 هەزار سەربازی لە نزیک سنوورەکانی ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و ئامانجەکەشی داگیرکردنی ئۆکراینایە. بەڵام بە پێچەوانەی هۆشدارییەکەی ئەمریکا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دەڵێت ئەو هێزانە بەشی ئەوە ناکەن رووسیا هێرشێکی گەورە بکاتە سەر ئۆکراینا.

دیمیترۆ کولێبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند: "لەم کاتەی کە ئێمە قسە دەکەین، ژمارەی ئەو سەربازانە بەشی هێرشی بەرفراوان دژی ئۆکراینا بە درێژایی سنوور ناکات. جگە لەوەش، هێشتا ژمارەیەک لە بنەما سەربازیی و سیستەمە گرنگەکانیان نییە بۆ هێرشێکی گەورەی لەو جۆرە."

هاوکات رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا و ناتۆ بە جیا، بە نووسراو وەڵامی پێشنیازەکانی مۆسکۆیان دایەوە کە داوای کردبوو ئۆکراینا هەرگیز نەبێتە ئەندام لە ناتۆ.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکات واشنتن داواکەی رەتکردووەتەوە. ئەنتۆنی بلینکن، گوتی: "ئێمە روونمانکردەوە چەند بنەمایێکی سەرەکی هەن کە ئێمە پێیانەوە پابەندین و بەرگریشیان لێدەکەین. لەنێویشیاندا، سەروەری و یەکگرتوویی خاکی ئۆکراینا و مافی وڵاتان بۆ هەڵبژاردنی شێوازی ئاسایش و هاوپەیمانەکانیان."

سکرتێری گشتی ناتۆش جەختی لەوە کردەوە هاوپەیمانییەکەش بە هەمانشێوە بە رووسیای گوتووە ئەوان دەرگایان کراوە دەبێت بۆ هەر وڵاتێک بیەوێت ببێتە ئەندام.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر وەزیری دەرەوەی رووسیا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردبوو ئەگەر داواکارییەکانیان رەتبکرێتەوە. سێرگی لاڤرۆڤ گوتبووی: "ئەگەر وەڵامێکی ئەرێنیمان پێ نەدرێتەوە و رۆژئاوا بەردەوامبێت لە رێچکە دوژمنکارەکەی، وەکو سەرۆک چەندین جار جەختی لێکردووەتەوە، مۆسکۆ رێکاری پێویست بۆ تۆڵەسەندنەوە دەگرێتەبەر. ئێمە رێگەنادەین پێشنیازەکانمان بخزێنرێنە نێو گفتوگۆی بێکۆتاییەوە."

وڵاتانی رۆژئاوا دەستیان بە ناردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ ئۆکراینا کردووە بۆ ئەوەی دژی رووسیا بەرگری لە خۆی بکات. هەروەها چەندین فڕۆکە و کەشتیی جەنگیان ناردووەتە رۆژهەڵاتی ئەوروپا بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، ئاسایشی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ بپارێزن.

ئەمریکاش دەڵێت، لە وەڵامە نووسراوەکەیاندا، دوو رێگەیان خستووەتە بەردەم رووسیا: دیپلۆماسی و دیالۆگ، یان رێگە سەختەکە... دەشڵێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ هەردوو رێگەکە ئامادەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif