لە هەژاری و گوڵفرۆشتنەوە بۆ باشترینی هەموو جیهان

ليست هناك تعليقات


پێچەوانەی زۆربەی یاریزانە بەنێوبانگەکانی تۆپی پێ، ماوەیەکی زۆری لە بەتاڵی و بێهیوا بەڕێکردووە، بەڵام لە پڕێکدا دەرکەوت و بووە کەسێکی دیاری نێو جیهانی تۆپی پێ و ئێستا باشترینی جیهانە.


ئیدوارد مێندی، گۆڵپارێزی سەنیگالی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی، بە کاروانێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێپەڕی و ئێستا باشترین گۆڵپارێزی جیهانە، جگە لەوەش ئەو گۆڵپارێزە گرانترین گۆڵپارێزی ئێستای کیشوەری ئەفریقایە کە نرخەکەی دەگاتە 25 ملیۆن یۆرۆ.

گۆڵپارێزەکەی یانەی چێڵسی 8 ساڵ لەمەوبەر، بەهۆی بێکارییەوە لە فەرەنسا بەدوای کارێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی دابینبکات و خۆی بەڕێوەببات، بۆیەش بەناچاری دەستدەکات بە گوڵ فرۆشتن.

ئەمە رێک ئەو کاتە روویدا کاتێک لە هاوینی 2014 مێندی یانەی شیربۆرگی فەرەنسی کە لە خولی پلە سێی ئەو وڵاتە یارییدەکرد بەجێهێشت، دوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵ لەو یانەیە یارییکرد، دوای ئەوە مێندی یەک وەرز بەبێ یانە مایەوە و هیچ یانەیەک نەبوو بیباتە ریزەکانی.

ئیدوارد مێندی پێشتر رایگەیاندووە، ئەو وەرزە کە هیچ یانەیەک نەبوو پەیوەندیی پێوەبکات، لە ماڵەوە و بەتەنیا بۆ ئەوەی پارێزگاری لە توانای جەستەیی بکات بەردەوام راهێنانی کردووە و هەندێجار لەنێو هۆڵ و هەندێجاریش لەگەڵ خوشکەکەی لە دەرەوەی مەشقی کردووە، بۆ ئەوەی توانای بەرزبکاتەوە و دانەبەزێت.

گۆڵپارێزەکەی سەنیگال ئەو کاتە بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕی، بەهۆی ئەوەی خۆی بێ یانە مابووەوە و هاوژینەکەشی دووگیان بوو، بەهۆی نەدارییەوە نەیدەتوانی خێزانەکەی بەڕێوەببات، بۆیە لە دەرەوەی تۆپی پێ بەدوای کارێکدا دەگەڕا.

دوای وەرزێک لە بێهیوای و ماندووبوون، هەلێک بۆ مێندی دەرەخسێت و بەهاوکاریی هاوڕێیەکی ئەزموونێکی نوێ لە تیپی دووەمی یانەی مارسیلیای فەرەنسی تاقیدەکاتەوە، دوای ئەوەی کە هاوڕێکەی توانیی متمانە بۆ بەرپرسانی یانەکە دروستبکات کە ئەو گۆڵپارێزە دەتوانێت هاوکاری یانەکە بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە تیپەکە لە خولی پلە چواری فەرەنسا یارییدەکرد، مێندی گۆڵپارێزی دووەمی یانەکە بوو.

ئیدوارد مێندی لە وەرزی 2017-2016 پەیوەندی بە یانەی ستاد رێمسی فەرەنسی دەکات لە خولی پلە دوو، وردە وردە دەرگای بەختی گۆڵپارێزەکە دەبێتەوە، یەکەم دەرکەوتنیشی وەک گۆڵپارێزی یانەکە ئەو کاتەبوو کاتێک گۆڵپارێزی یەکەمی رێمس لە یارییەکدا دەکرێتە دەرەوە و بەو هۆیەوە مێندی بەشداری لە یارییەکەدا دەکات، بەڵام چوونە ناوەوەی ئەو گۆڵپارێزە و ئاستەکەی لەو یارییەکەدا هەمووان سەرسامدەکات و دەبێتە جێگەی سەرنجی زۆر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر وەک گۆڵپارێزی دووەمی یانەکە دەمێنێتەوە.

دەرکەوتنی راستەقینەی ئیدوارد مێندی لە وەرزی دوای ئەوە بوو، بەتایبەت کە متمانەیەکی زۆر لای راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەکە دروستدەکات و رۆڵێکی گەورە دەبینێت لە گەڕانەوەی یانەکە بۆ خولی پلە یەکی فەرەنسا، لە وەرزی 2019-2018 یانەکەی پلەی هەشتەم بەدەستدەهێنێت، پاشان گۆڵپارێزەکە باشتر دەردەکەوێت و پەیوەندی بە یانەی رێنی فەرەنسییەوە دەکات.

پەیوەندیکردنی مێندی بە یانەی رێنەوە دەبێتە یەکەم گرێبەستی دارایی گەورە کە بەرامبەر 7.6 ملیۆن یۆرۆ چووە ئەو یانەیە.

ئیدوارد دوای چوار وەرز یارییکردن لە یانەی رێنی فەرەنسی و پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرز لە یانەکەدا، بەرامبەر 24 ملیۆن یۆرۆ بە گرێبەستێکی گەورە پەیوەندی بە یانەی چێڵسی ئینگلیزییەوە دەکات و هەر زوو جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە دەکاتەوە و رۆژ لە دوای رۆژیش ئاستی بەرەو پێشتر دەچێت، بەتایبەتیش کە پیتەر چیک، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی چێڵسی راهێنەرایەتی یانەکە دەکات و هاوئاهەنگییەکی زۆریان بەیەکەوە هەیە.

مێندی لەو کاتەوەی پەیوەندی تاوەکو ئێستا 51 یاریی لە پرێمەرلیگدا بەدرێسی یانەی چێڵسییەوە ئەنجامداوە، 24 کلین شیتی هەیە، کە ریکۆردێکی گەورەیە بۆ گۆڵپارێزەکە لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی ئەو هەموو یارییە گۆڵەکەی بە پاکی رابگرێت، جگە لەوەش 112 گەڕاندنەوەی هەبووە.

ئەو گۆڵپارێزەی رۆژێک لە رۆژان بەهۆی هەژارییەوە بەدوای کارێکدا دەگەڕا بۆ ئەوەی خێزانەکەی بەڕێوەببات، وەرزی رابردووی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای لەگەڵ یانەی چێڵسی بردەوە، دوای ئەوەش نازناوی جامی سوپەری ئەوروپای بەدەستهێنا.

بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکێشیکرد و رۆڵی گەورەی لە بردنەوەی ئەو دوو نازناوەدا لەگەڵ یانەی چێڵسی، ئیدوارد مێندی، خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بۆ ساڵی 2021 بردەوە و بەسەر هەریەکە لە جیانلویجی دۆنارووما و مانوێل نۆیەردا سەرکەوت.

مێندی لە ساڵی 2021 بەشێوەیەکی گشتی بەشداریی لە 50 یارییدا کرد، 29 یاری گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرت، 27 گۆڵی لێکرا، جگە لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ و جامی سوپەری ئەوروپا، وەک باشترین گۆڵپارێزی چامپیۆنزلیگیش دەستنیشانکرا.

ئیدوارد ئۆسۆکی مێندی، لە 1ـی ئاداری 1992 لە شاری مۆنتیڤیلێرسی فەرەنسا لە دایکبووە، ئەو پاڵپشتییەکی زۆری خانەوادەکەی هەبووە بۆ ئەوەی ببێتە ئەم کەسایەتییە بەنێوبانگەی ئێستای تۆپی پێی جیهان و باشترین گۆڵپارێز، لەکاتێکدا لە بنەماڵەیەکی وەرزشییە و لەگەڵ فێرلان مێندی، بەرگریکاری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامۆزای یەکدین.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif