پۆگبا مەرجێکی بۆ مانەوە لە مانچێستەر یونایتد هەیە

ليست هناك تعليقات


پۆل پۆگبا، بۆ یەکەمجار هەڵوێستێکی نەرمی نواند بۆ مانەوە لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، بەڵام مەرجێکی بۆ مانەوەکەی هەیە.

ئەستێرەی فەرەنسی چەندین دەستەوارەی مانچێستەر یونایتدی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رەتکردووەتەوە و تاوەکو ئێستا سووربوو لەسەر نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی و رۆیشتن لە یانەکە، بەڵام وادیارە ئەمجارە نەرمییەکی نواندووە و ئەگەر بەرپرسانی یانەکە تاکە مەرجەکەی جێبەجێبکەن، ئامادە دەبێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.

چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە بەریتانیا، باس لەوە دەکەن کە پۆگبا ئامادەیە گۆڕانێک لە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە رۆیشتن لە مانچێستەر یونایتد بکات، بەڵام مەرجێکی هەیە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، تاکە مەرجی پۆگبا پەیوەندی بە ناسنامەی راهێنەری یانەکەوە هەیە و دەڵێن "پۆگبا بە مەرجی مانەوەی رالف رانگنیکی راهێنەری ئەڵمانی لە پۆستی راهێنەری مان یونایتد، بڕیاری بەردەوام بوون لەگەڵ شەیتانە سوورەکان دەدات".

مانچێستەر یونایتد دوای بەڕێکردنی ئولێ سۆلشایەری راهێنەری نەرویجی، بۆ ماوەی شەش مانگ و بەشێوەیەکی کاتی رالف رانگنیکی کردووەتە راهێنەر، تاوەکو لە وەرزی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی دیکە بکات.

ماوەی گرێبەستی پۆل پۆگبا لەگەڵ مانچێستەر یونایتد لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت، کە تاوەکو ئێستا یاریزانەکە سوورە لەسەر رۆیشتن، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بەرپرسانی یانەکە لە هەوڵەکانیاندا بەردەوامن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی براوەی نازناوی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا.

رۆژنامەکانی بەریتانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر بەرپرسانی مان یو، رالف رانگنیک لە پۆستی راهێنەری یانەکەیان بهێڵنەوە، پۆگبا ئامادە دەبێت لەگەڵیاندا دەست بە دانوستاندن بکات، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.

ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە تاوەکو ئیستا پۆگبا چەندجارێک گفتوگۆی لەگەڵ راهێنەرە ئەڵمانییەکەی کردووە و پێدەچێت رانگنیک بڕوای بە پۆگبا هێنابێت، کە دەتوانێت تیپێکی بەهێز لە دەوری ئەودا دروستبکات.

پێشتر رالف رانگنیک چەندجارێک رایگەیاندووە، کە بە پەرۆشە بۆ گەڕانەوەی پۆگبا بۆ ریزەکانی پێکاتەکەی و گوتوویەتی "بێگومان پۆگبا دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لەگەڵ تیپەکەمان ببینێت".

پۆل پۆگبا، تووشی پێکان بووە و لەوەتەی رانگنیک بووەتە راهێنەری مانچێستەر یونایتد، هیچ یارییەکی نەکردووە، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی 2 بگەڕێتەوە و بە دیاریکراویش بەرامبەر بێرنلی دەست بە یاریکردن بکاتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif