ئێران: هیچ بڕە پارەیەکی بلۆککراومان لای عێراق ئازاد نەکراوە

ليست هناك تعليقات




ئەندامێکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق رەتیدەکاتەوە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراق ئازادکرابن و دەڵێت، سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران تەنیا خۆراک و دەرمان ناگرنەوە.

سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق رایگەیاند؛ بانکی بازرگانیی عێراق-TBI پێشتر رێگەی پێداین بە بڕیکی پارەی بلۆککراوی ئێران لای عێراق دەرمان بکڕین، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی بلۆککراومان لای عێراق، کە قەرزی هەناردەکردنی گازی سرووشتی و تەزووی کارەبایە لەلایەن ئێرانەوە بۆ عێراق، ئازاد نەکراوە.

رۆژی شەممە 29-1-2022، میدیای عێراقی هەوالێکیان سەبارەت بە ئازادکردنی پارەی بلۆککراوی ئێران لای عێراق بڵاوکردەوە. بڵاوبووەتەوە، سەید حەمید حوسێنی بە ئاژانسێکی هەواڵیی ئێرانی راگەیاندووە: "بابەتی نووسراوی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بۆ کۆمەڵەکانی هاوردەکردنی دەرمان و خۆراک لە ئێران سەبارەت بە کڕینی پێداویستیی لەپێشینە لە رێگەی بڕیکی ئەو پارەی لای بانکی بازرگانیی عێراق بلۆککراوە نوێ نییە، تەنانەت دەمێکە ئەو رێککەوتنە کراوە، چونکە سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران خۆراک و دەرمان ناگرنەوە".

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی کارگێڕیی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و عێراق راشیگەیاند: "ئەو هەواڵەی کە لە راگەیاندنەکان بڵاوبووەتەوە راست نییە، چونکە دۆخی پارەی بلۆککراوی ئێران لای بانکی بازرگانیی عێراق کە بە دۆلارە نەگۆڕاوە، بەڵام بەپێی رێککەوتنە کۆنەکە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران ناچارە بە ریاڵی ئێرانی خۆراک و دەرمان لە بازرگانە عێراقییەکان بکرێت، دواتر دەبێ ئەو بازرگانانە پارەی ئەو خۆراک و دەرمانە بە ریاڵ لە بانکی بازرگانیی عێراق وەربگرن، بۆیە پرۆسەکە ئاڵۆزە و ئاسان نییە، تەنانەت ئێستا وەستاوە".

ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، پێشتر،بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو: بابەتی دانەوەی قەرزەکانی ئێران لەسەر عێراق پەیوەندیی بە وەزارەتی کارەباوە نییە، بەڵام بێگومان هەوڵی زۆر دەدرێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی ئێران، کە ئێستا نزیکەی 4 ملیار دۆلارن، 2 ملیار و 600 ملیۆنیان پارەی گازی هەناردەکراوی ئێرانن بۆ عێراق، یەک ملیار و 400 ملیۆنەکەی دیکەش پارەی ئەو کارەبایەیە، کە ئێران بۆ عێراقی هەناردە کردووە.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif