لە هەرەسی یەکێتیی سۆڤێتەوە بۆ گەڕانەوەی قەیسەر

ليست هناك تعليقات


کاژێر19 و 32 خولەکی ئێوارەی 25 دێسەمبەری 1991 بوو، بۆ دواجار ئاڵا سوورەکەی یەکێتی سۆڤێت، بە چەکوچ و داسەکەوە، لە مەیدانە سوورەکەی مۆسکۆ هێنرایە خوارەوە. چ چرکەساتێکی گەورەی مێژوویی بوو! لە هەمانکاتدا میکایل گۆرباتشۆڤ، دوا سەرۆکی یەکێتی سۆڤێت، دوا وتاری ماڵئاوایی لە دوانزە خولەکدا پێشکێشکرد و لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەیدا، سەرلەبەری یەکێتی سۆڤێتیش هەڵوەشایەوە.

لەو دوانزە خولەکەدا گۆرباتشۆڤ تەواوی ئەو هۆکارانەی بە کورتی باسکرد کە ئەم ئیمپراتۆریەتە مەزنەی گەیاندە دۆخی هەڵوەشانەوە و هەرەس. ئەو ئێوارەیە چاوەکانی هەموو دنیا لەسەر مۆسکۆبوون و هەر دوای وتارەکەی، تەواوی سەرکردەکانی دنیای ئازاد زۆر بەگەرمی پیرۆزباییان لە راشکاوی و ئازایەتی گۆرباتشۆڤ کرد و وەک پاڵەوانێکی گەورەی مێژوویی پێناسەیان کرد.

رووسیای پاش یەکێتی سۆڤێت

ئەو ئێوارەیەی کە کۆی پایتەختەکانی وڵاتانی رۆژئاوا ئاهەنگیان بە بۆنەی هەرەسی یەکێتی سۆڤێتەوە دەگێڕا، مۆسکۆ وەک خەمگینترین شاری دنیا دەرکەوت و هیچ جۆرە دەربڕینێکی بەختەوەری تێدا بەدینەدەکرا، وەک ئەوەی کە رووسەکان نە تووشی شۆک بوون و نە بەختەوەری.

لەڕاستیدا ئەوەی لە 25 دێسەمبەری 1991 روویدا، دەرەنجامی پرۆسێسێک بوو کە چەندین ساڵ پێشتر دەستیپێکردبوو. هەر لە رووخانی دیواری بەرلینەوە تاوەکو دەگاتە واژۆکردنی پەیماننامەی ڤارسۆڤی، زنجیرەیەک رووداوی گرنگ و باڵا هەلومەرجی بابەتیان ئامادەکرد کە رووسەکان بەخێرایی تێبگەن لەوەی کە خۆری یەکێتی سۆڤێت لە ئاوابوونێکی حەتمیدایە و ئیتر کاتی ئەوە هاتووە مۆسکۆ، لەجیاتی گەڕان بەدوای سکرتێرێکی نوێ بۆ پارتی کۆمۆنیست، بەدوای قەیسەرێکی نوێدا بۆ جیهانێکی نوێ کە لە دروستبووندایە بگەڕێت.

لەنێو ئەو هەمەلومەرجە بابەتییەدا، سوپای سوور ناچار دەکرێت بەوەی کە یەک بە یەک ئەو وڵاتە ئەوروپییانە بەجێبێڵێت کە کرابوونە بەشێک لە یەکێتی سۆڤێت. بەوشێوەیە نیو ملیۆن سەربازی سوپای سوور ناچار دەکرێن بەوەی کە بەزووترین کات چیکسلۆڤاکیا، هەنگاریا و پۆلۆنیا بەجێبێڵن و ئەمەش وایکرد کە سەرەتاکانی هەڵوەشانەوەی یەکێتی ئەو پانزە کۆمارەی کە سۆڤێیتیان لێ دروستکرابوو دەستپێبکات و یەکەم هەنگاویش لیتوانیا دەینێت و سەربەخۆیی خۆی رادەگەیێنێت.

هەر لەنێو ئەو هەلومەرجە بابەتییەشدایە کە قەیرانێکی کوشندە رووسیا دادەپۆشێت: رێژەی بەرهەمهێنان بەڕادەیەکی دراماتیکی دادەبەزێت، هەڵاوسانی ئابووری دەگاتە لووتکە، گرانی دەبێتە دیاردە، نرخی شتەکان سنوورەکانی بەرزبوونەوە تێدەپەڕێنن و دەسەڵات توانای دابەشکردنی مووچەی لەکاتی خۆیدا نامێنێت و بەشێکی زۆری فڕۆکەخانەکانیش دادەخرێن، بەبێ ئەوەی پڕۆژەی پرۆسترۆیکای گۆرباتشۆڤیش بتوانێت هیچ کاراییەکی ئەوتۆ بەسەر ریفۆرمکردنیانەوە دابنێت.

لە دۆخێکی ئاوا کارەساتاویدایە کە ڤلادیمێر پووتین وەک پاڵەوانی رزگارکردنی رووسیا لە قەیرانەکان و بەهێزکردنەوەی مۆسکۆ و گەڕانەوەی کەرامەت بۆ پێگە جیهانییەکەی خۆی بە وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال بەگشتی و رووسەکان بەتایبەتی دەناسێنێت.

قەیسەر و گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەستتێوەردان

لە 25 دێسەمبەری 2021 دا، واتە سی ساڵ دواتر، قەیسەرە نوێیەکەی مۆسکۆ چیتر هەمان ئەو کێشانەی نییە و چیتر بەهەمان ئیشکالی و جیهانبینی و خەون و بەرژەوەندی و گرەوی دنیایەکی ئیوتۆپی کۆمۆنیستیی نییە. ئەوێک کە بیست و یەک ساڵە لە دەسەڵاتدایە، سەرەتا بە لەنێوبردنی تەواوی رکابەرە ناوخۆییەکانی دەستیپێکرد و ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەی لە لاوازترین دۆخدا کورتکردەوە، ڤلادیمێر چیتر ئەو قەیسەرە (وەحیدەیە) کە نابێ هیچ جۆرە (شەریکێکی) هەبێ! و هەرکەسێک بۆنی مەترسی لێبێت راستەوخۆ تۆمەتی سیخوڕی بۆ بێگانەی دەخرێتە پاڵ و رەوانەی زیندانە تاریکەکان دەکرێت.

بێ شەریک و بێ رکابەر، قەیسەری نوێ دەستی کراوەیە و هیچ بەربەستێک لە رێگەی خۆیدا نابینێ بۆ بەدیهێنانی ستراتیژی بەهێزکردنەوەی رووسیا و تۆڵەسەندنەوە لە هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە پێیوایە بەشداربوون لە زەلیلکردنی رووسیادا. لێرەوە سەردەمی ڤلادیمێر پووتین دەبێتە سەردەمی گەڕانەوەی ستراتیژی دەستتێوەردانی مۆسکۆ لە کاروباری دنیادا و سەرەتاش بە جەنگی جۆرجیا لە 2008 دا دەستپێدەکات و دواتر لە 2014 دا دەگاتە ئۆکرانیا.

راستە ئابووری رووسیا لە هەلومەرجێکی بەهێز و سەقامگیر و سەربەخۆ و سەروەری تەواودا نییە و چەندین هەڕەشەی بوونیەوی لەسەرە، بەڵام ئەمە رێگە لەوەناگرێت کە ڤلادیمێر پووتین وەک جەندرمەیەکی نوێی سیستمی جیهانی مامەڵە بکات و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەورپا ناچاربکات بەوەی کە ملبدەنە داواکاری و خواست و بەرژەوەندییەکانی، چ لە بەلقان، چ لە ئەوروپای رۆژهەڵات و چ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیشدا. کاتێک لە 2014 دا هێزە تایبەتەکانی رووسیا پەلاماری (کریمێ کە نیمچە دوورگەیەکە لە باشووری وڵاتی ئوکراینا) دەدەن و تائێستاش داگیری دەکەن، نە ئەمریکا و نە ئەوروپا ناتوانن پووتین ناچاری کشانەوە بکەن.

پەروەردەی نێو مێژوویەک لە دەزگای هەواڵگری، ڤلادیمێر پووتین وشیارە بەوەی کە لەکۆتاییدا بەشێکی زۆری ململانێ دیپلۆماتییە جیهانییەکان بە زەبری هێز یەکلاییدەکرێنەوە نەک لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر ئەم لۆژیکی بیرکردنەوەیەشە کە، سەرەڕای قەیرانە ئابووریەکانی رووسیا، بودجەی سوپا بە رێژەی 175 % بەرزبکاتەوە و بڕی 61,7 ملیار دۆلاری ساڵانەی بۆ تەرخان بکات.

لە رێگەی دەستتێوەردانە بەردەوامەکانی لە جۆرجیا، ئۆکرانیا، سووریا، لیبیا، بیلاڕووسیا،...، ڤلادیمێر پووتین دەخوازێت بە وڵاتانی سیستمی ئینتەرناسیۆنال بڵێت کە چیتر پەراوێزخستنی رووسیا نەک هەر قبووڵ نییە، بەڵکو گرفتی گەورەش دروست دەکات و ناکرێ بەبێ مۆسکۆ ئێوە بتوانن لەگەڵ قەیرانە گەورەکاندا مامەڵە بکەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە.

ئەژنۆکانی قەیسەر لەسەر سنگی ئۆکرانیا

زیاتر لە مانگێکە دەیان هەزار سەربازی رووسی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا مانۆڕی سەربازی دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکاوە زۆر بە جیدی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. سەرۆککۆماری فەرەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن و سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆ بادین راستەوخۆ هاتنە سەر هێل و دانوستاندنیان لەگەڵ سەرۆک پووتیندا کرد.

ناچارکردنی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دانوستاندن لەگەڵ رووسیادا، خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی دیپلۆماسییە بۆ قەیسەرە بێ شەریکەکەی مۆسکۆ. هەروەها ناڕەزایی مۆسکۆ لەبەرامبەر وەرگرتنی ئۆکرانیا وەک ئەندام لەنێو (ناتۆ)دا بەهەند وەرگیرا و پاریس و واشنتۆن ئامادەییان دەربڕیوە بۆئەوەی لەم بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ مۆسکۆ بکەن. ئەمەش دیسان سەرکەوتنێکی دیکەی ڤلادیمێر پۆتینە لەبەرامبەر رکابەرەکانیدا.

ئەم دوو سەرکەوتنە هۆکاری سەرەکی ئەوەن کە لە25 دێسەمبەری 2021 دا، ڤلادیمێر پووتین بە فەرمی هێزەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و بەشێوەیەکی کاتی چڕی مەترسی پەلاماردانی ئۆکراینا خاوبکاتەوە، بەبێ ئەوەی کۆتایی پێبێنێت.

پووتین کە ناسراوە بەوەی یاریزانێکی بەهێزی شەترەنجە، زۆر بەوری و بە زیرەکی و بەوپەڕی عەقڵانیەتی دوور لە سۆزەوە، لەسەر تەختەی شەترەنجەکە یاری دەکات و دەزانێت کەی گوشار لەسەر پاشا دروست دەکات و کەی دەکشێتەوە و لە چ کاتێکی گونجاویشدا پاشاکانی وەک بەشار ئەسەد و ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ دەپارێزت و لە چ کاتێکیشدا کش مەلیکیان لێدەکات.

راستە مۆسکۆ تەواو وشیارە بەوەی کە لەسەر ئاستی ئابووری و سەربازی و سیاسی واشنتۆن نییە، بەڵام ئەوەش راستە کە چیتر واشنتۆن ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ مۆسکۆی 2022 ی ڤلادیمێر پۆتیندا بکات وەک ئەوەی کە هێشتا هەر لە ساتەوەختی هەرەسی یەکێتی سۆڤێتی 1991دا بێت.

* د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندی فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر عێراق

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif