وەزارەتی داد: هەر فەرمانبەرێک ڤاکسينی وەرنەگرتبێت ناهێڵین دەوام بکات

ليست هناك تعليقات

 

لەگشتاندنێکدا وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هەر فەرمانبەرێکی دیوانی وەزارەت و دامەزراوەکانی تاوەکو 1-1-2022 ڤاکسین وەرنەگرێت ناتوانێت لەکارەکەی بەردەوام ببێت، ئەمە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی وەزارەتی داد و دامەزراوەکانی دەکەن. بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: "ئەوە بڕیاری لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە و هەموو وەزارەتەکان پێوەی پابەنددەبن".

وەزارەتی دادی حكومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 15ی کانوونی یەکەمی 2021، گشتاندنێکی بە ئیمزای وەزیری داد دەرکردووە، لە دوو خاڵدا فەرمانبەرانی و ئەوانەشی کە سەردانی دەکەن بۆ راییکردنی مامەڵەکانیان بە وەرگرتنی ڤاکسینەوە پەیوەست و پابەندکردووە.

لەگشتاندنەکەدا هاتووە: "هەر فەرمانبەرێک لەهەر پلە و پۆستێکدا بێت، تاوەکو رۆژی 1-1-2022 ڤاکسین وەربگرێت، ئەگەر نا، ناتوانێت پابەندێت بەدەوامی فەرمی".

هەر بەپێی گشتاندنەکە: "لەدوای 1-1-2021 هیچ هاووڵاتییەک ناتوانێت سەردانی فەرمانگەکان بکات بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین".

لە نووسراوەکەی وەزارەتی داد، کە ژمارە 2/1/3978 ی هەیە و ئاڕاستەی هەریەک لە ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی دەستەی سەرپەرشتیاری دادی، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، بەڕەێوەبەرایەتی گشتیی پەیمانگەی دادوەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی خانووبەرە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگەکانی داد، کراوە، هەروەها ئەوەش هاتووە: "لەکاتی جێبەجێنەکردنی ناوەڕۆکی ئەم گشتاندنە، سەرۆک و بەرپرسی فەرمانگە رووبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە".


رۆژی 3ی ئابی 2021 لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان کۆبووەوە و بڕیاری دا: "گشت فەرمانبەرانی حکومەت بە هەردوو راژەی شارستانی و سەربازی پابەندبن بەبەستنی ماسک و پێویستە تاوەکو 1-1-2021 ڤاکسین وەربگرن، بەپێچەوانەوە بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت، مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت".

هەروەها بڕیاردرا: "ئەو فەرمانبەر و کرێکارانەی کە لەکەرتی تایبەت کاردەکەن رێگایان پێنادرێت بچنە سەر کارەکانییان ئەگەر ڤاکسینیان وەرنەگرتبێت و پێویستە لەسەر لێژنەکانی قایمقامیەت بەدواداچوون بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 379 هەزار و 655 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و 369 هەزار و 939 کەس چاکبوونەتەوە، هەروەها 7 هەزار و 60 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق